ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

پلەی گەرما -8ی سەدییە
حكومەتی هەرێم خۆی لە دابەشكردنی نەوت بێدەنگ كرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی نزیكەی 5 مانگ تێدەپەڕێ بەسەر بەڵێنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا پێش هاتنی وەرزی زستان، بەڵام تائێستا جێبەجێ‌ نەكراوە و تەنها ڕۆژانە چەند بڕێكی كەم لە عیراقەوە دەگاتەوە شارەكانی هەرێم و بە پارە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.

لە 4-9-2019دا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و بڕیاریدا “پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت”، بەڵام نزیكەی 5 مانگ بەسەر ئەو كۆبوونەوەیە و بەڵێنەی حكومەت تێپەڕیوە و لە ناوچەكانی هەرێم بەفرێكی زۆر باریوە و پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر پلەی سەدی دابەزیون، تا ئێستا هاووڵاتیانی هەرێم هەر چاوەڕێی وەرگرتنی نەوت دەكەن.

(خەڵك) بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە چەند جارێك پەیوەندی بە د.جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

لە بەدواداچوونێكی (خەڵك)دا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی “حكومەتی هەرێم هەر بەڵێن دەدات و جێبەجێی ناكات” و وەك بەشێكی دیكەی هاووڵاتیان دەڵێن: “لەوانەیە نەوتەكەی حكومەت بۆ زستان بچێتە هاوینەوە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان خۆی خاوەنی دوو پاڵێوگەی گەورەی نەوتە، كە تەنانەت نەوت بە عیراقیش دەفرۆشێت”.

دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا سەرەڕای ئەوەی كێشەی گەورەی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە لە نەبوونی سەرچاوەی گەرم كردنەوە لە وەرزی سەرمادا، كە بەفربارین لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم دەستی پێكردووە، هاوكات كێشەی بۆ كارەبا و ژینگەش دروست كردووە، چونكە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، كە پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان كەمبۆتەوە بەهۆی خواستی زۆر لەسەر كارەبا، كە هاووڵاتیان بۆ گەرم كردنەوە بەكاری دەهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی كەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران پلەی گەرما -8 پلە بووە و لە كانی ماسی -6 پلە و لە بەشێكی شار و شارۆچكەكان سفر پلەی سەدی بووە.

عێراق

هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی: دەنگ بە حكومەتەكەی عەللاوی نادەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی ڕایدەگەیەنێت، دەنگ بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و حكومەتەكەی نادەن لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو.

یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە”هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان، دەنگ بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و حكومەتەكەی نادات لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممەی داهاتووی پەرلەمان، چونكە ئەو ڕەتیكردۆتەوە گرەنتی بدات سەبارەت بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەر لەوەی متمانە وەربگرێت”.

بە وتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان”تائێستا هیچ گرەنتییەك نییە كە حكومەتەكەی عەللاوی ڕاگوزەر دەبێت، چونكە دەستەواژەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە حكومەتێك دەبێت ماوەی خۆی تەواو دەكات، بۆیە دەنگی پێنادەین، بە تایبەتیش كە عەللاوی ڕەتیكردۆتەوە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، ماف بداتە پێكهاتەكان”.

محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، دوێنێ‌ چوار شەممە 19ی شوباتی 2020، داوای لە پەرلەمان كردبوو، لە دوو شەممەی داهاتوودا دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان و متمانە بەخشین بە حكومەتی ڕاگوزەر، سازبكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرچووە
عیراق پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ ئێرانییەكان ڕادەگرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بڕیاردەدات پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی ڕابگرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بڕیاریدا پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی ڕابگرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر شانەی قەیران لە وەزارەتی تەندروستی چەند پێشنیارێكی سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێشكەش كرد.

پێشینارەكانی وەزارەتی تەندرستی عیراق، ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی ئێرانییەكان و ڕێگرتن لە گەشتی عیراقییەكان بۆ ئێران لەخۆدەگرێت.

دوێنێ‌ چوار شەممە، وەزارەتی تەندروستی ئێران، تۆماركردنی 3 حاڵەتی توشبوونی نوێی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە باشووی خۆرئاوای تارانی پایتەخت ڕاگەیاند، بەوشێوەیە ژمارەی توشبوان بەو ڤایرۆسە لە ئێراندا بۆ 5 كەس بەرزبۆوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

هۆكارەكەی كۆرۆنایە
عیراق گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ئێران ڕادەگرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراقی بۆ ئێران ڕادەگرێت، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچە ئێرانییەكان.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە”گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق، بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لە لەمڕۆ 20ی شوباتی 2020 ڕاگیرا تا وادەیەكی نادیار، دوای ڕاگەیاندنی بوونی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند ناوچەیەك لە ئێران”.

هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی گواستنەوەدا هاتووە”بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێیانگەیشتووە، بۆ گرتنەبەری ڕیوشوێنی پێویست لەپێناو بەرگرتن لە هاتنەناوەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆنێو خاكی عیراق، ئەو بڕیارەیان دەركردووە كە فڕۆكەخانەكانی بەغدا و نەجەف دەگرێتەوە، جگە لە شاندە دیپلۆماسییەكان و ئەو عیراقیانەی ئێستا لە ئێرانن كە دەبێت لەكاتی گەڕانەوەدا پشكنینی پزیشكیان بۆ بكرێت لەلایەن تیمەكانی وەزارەتی تەندروستی”.

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق دەڵێت”ئامادەن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، ئەو عیراقیانەی لە ئێرانن بگوازنەوە بۆ عیراق، دوای ئەوەی پكشنینی پێویستییان بۆ دەكرێت و تەئكید لە سەلامەتییان دەكرێتەوە لەلایەن تیمە تەندروستییە پسپۆڕەكان”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان