ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پارێزگای هەولێر؛لە بارەی دابەشكردنی نەوتی سپی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان

خەڵك –بەشی هەواڵ
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە پرۆسەی دابەشكردنی بەشە نەوت دەكرێت ، هاووڵاتیانیش دڵنیادەكاتەوە هەر بڕە نەوتێك بگاتە دەستیان ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت و دواناخرێت.

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە سنوری شارۆچكەی كۆیە دەست بە پرۆسەی دابەشكردنی بەشە نەوت دەكرێت، هاووڵاتیانیش دڵنیادەكەنەوە هەر بڕە نەوتێك بگاتە دەستیان ڕاستەوخۆ دابەش دەكرێت و دواناخرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو بڕە نەوتەی كە لە لایەن حكومەتی عیراق دەنێرێت زۆر كەمە، پارێزگاری هەولێریش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەردەوام لەسەر هێڵە و هەوڵەكان بۆ زیادكردنی بڕەكەی بەردەوامە.

کوردستان

هاتوچۆ لە ڕێگەی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕاگیرا

خەڵک ـ بەشی هەواڵ

بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناو بڵاوبونەوەی لە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ، بەبڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاتوچۆی گەشتیاریی لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ڕاگیرا.

دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانیەوە بنکەی نشینگەی پەروێزخان ئاگادار کرایەوە، کەلە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو ٢١/٢٠ی٢٠٢٠/٢ ەوە هاتوچۆی گەشتیاران لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە ڕابگیرێت.

ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی کە لە وڵاتی ئێرانن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پاش پشکنینیان لەلایەن بنکەی تەندروستی پەروێزخانەوە بەنوسراوی فەرمیی پزیشکیی بنکەی نشینگەی پەروێزخان لەجێگیریی دۆخی تەندروستییان ئاگادار دەکرێتەوەو ئەوکات ڕێگەی ئەوەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

جگە لە گەشتکردن، ئەو هاوڵاتیانەش کە دەیانەوێت بۆ چارەسەری پزیشکی و خوێندن و هەر کارێکی دیکە ڕوو لە وڵاتی ئێران بکەن، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنادرێت و هەموو جۆرە هاتن و چونێک ڕاگیراوە.

سەبارەت بە بەردەوامی یان ڕاگرتنی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی، پێویستی بەبڕیاری حکومەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستانە.

ڕاگەیاندنی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گومركی هەرێم لەبارەی كۆرۆناوە ئاگادارییەك ئاڕاستەی سەرجەم خاڵە سنوورییەكان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومركی هەرێم ئاگادارییەك ئاڕاستەی سەرجەم خاڵە سنوورییەكان دەكات و تێیدا ڕایگەیاندووە، هیچ بابەتێك بێ پشكنین نابێت بهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستان.

لە ڕاگەیەنراوەكەی گومركی هەرێم ئەوەش هاتووە، “بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لە ئاگاداركردنەوەیەكدا داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ڕێگە بە هاوردەكردنی هیچ كاڵا و خۆراك و دەرمانێك و ئەو بابەتانە نەدرێت، كە ڕاستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێن تا ئەنجامی پشكنینەكانیان بەدەستدەگات”.

ئەم ڕاگەیەندراوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم دوای ئەوە دێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران بڵاوبووەتەوە، پێشتریش حكومەتی عیراق بڕیاریدا ڕێگری لە هاتنی گەشتیاری ئێرانی بكرێت و ئەو هاووڵاتیانیش لەو وڵاتەن دوای هاتنەوەیان 14 ڕۆژ چاودێری بكرێن.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بزووتنەوەی ئیسلامی: هەر سەرۆك وەزیرانێك لە عیراق بە تەوافوقی سیاسی كارنەكات شكست دەهێنێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، كەمتەرخەمییەكی زۆر لەلایەن لایەنە كوردییەكانەوە بەدیدەكرێت كە لە ماوەی ئەو مانگەدا نەیانتوانیوە گفتوگۆیەكی سەركەوتووانە لەگەڵ سەرۆكی ڕاسپێردراوی كابینەی تازەدا بكەن.

عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێكدا سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی و گفتوگۆكانی شاندی كوردی لە بەغدا ڕایگەیاند: هەنگاوەكانی سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراق، ئاماژەن كە لە داهاتوو تەوافوقاتی سیاسیی بكەوێتە ژێر مەترسییەوە لە نێوان لایەن و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.

 

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی وتیشی: “كەمتەرخەمییەكی زۆریش لە لایەن لایەنە كوردییەكانەوە بەدیدەكرێت كە لە ماوەی ئەو مانگەدا نەیانتوانیوە گفتوگۆیەكی سەركەوتووانە لەگەڵ سەرۆكی ڕاسپێردراوی كابینەی تازەدا بكەن كە دواجار لە كۆتایی پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەكەی محمد تۆفیق عەلاوی كورد كەوتووەتەخۆ و شاندیان ڕەوانەی بەغدا كرد كە پێناچێت تازە بتوانن هیچ شتێك لەبەرژەوەندی كورد یەكلایی بكەنەوە و ئەنجامەكەش ئەوەبوو كە بینیمان كورد لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا لەبارەی پێكهێنانی حكومەت كشایەوە.

لەبارەی دانەنانی وەزیرە حزبییەكانیشەوە وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشكرد: بووەتە كلتور كە وەزیرە حزبییەكان زیاتر كار بۆ حزبەكانیان دەكەن نەك خەڵك كە ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر حزبەكان هەم لە عیراق و هەم لە هەرێمی كوردستان، كۆتاجاریش خەڵك كەسانێكی دەوێت كە شارەزاو شیاو بن بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكانیان و پیاوی دەوڵەت بن و لە ژێر هەیمەنەی حزبدا كارنەكەن.

عەبدوڵا وەرتی ئەوەشی خستەڕوو: پێمان وایە هەر سەرۆك وەزیرانێك لە عیراق گەر كارنەكات بە تەوافوقی سیاسی و لێكتێگەیشتن لەگەڵ پێكهاتە سەرەكییە نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبییكان لەكارەكەیا سەركەوتوونابێت و لە ماوەیەكی كەمدا شكست دەهێنێت.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان