ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

عەسائیبی ئەهلی حەق بۆ (خەڵك): بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان دەبێت جێبەجێ‌ بكرێت

خەڵك- ئیدریس جەبار
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سادیقونی سەر بە بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق كە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بەپێویستی دەزانێت بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق جێبەجێ‌ بكرێت، هیواش دەخوازێت پەیوەندی دۆستانەی عیراق لەگەل هەموو وڵاتانی جیهاندا بەبێ‌ جیاوازیی بەردەوام بێت.

فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقوق، لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند:”دەبێت هێزە بیانییەكان لە هەموو خاكی عیراق بچنە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیواخوازیین پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكانمان لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهاندا بەردەوام بێت”.

بە وتەی فەتلاوی:”بڕیارەكە بڕیاری پەرلەمانی عیراقە كە خاوەنی سەروەریی تەواوە، ئێمەش وەك فراكسیۆنی سادیقون بەشێكین لەو بڕیارە كە گوزارشت لە بەبەهێزیی دەكات”.

سەبارەت بە ڕەوشی ئەمنی و مانەوەی هەڕەشەی گروپە توندڕەوەكان لە هەندێك ناوچەی عیراق و پێویستی وڵات بە مانەوەی ئەو هێزانە، پەرلەمانتارەكەی سادیقون وتی:”دوای تێكشكاندنی گروپە تیرۆریستییەكانی داعش لە وڵاتدا، ئەركی ئەو هێزانە لە عیراقدا تەوابوو، بۆیە داوا دەكرێت تەواوی ئەو هێزە بیانیانە لە عیراق بچنە دەرەوە، چونكە لەئێستادا هێزە چەكدارەكانی وڵات بۆخۆیان دەتوانن خاك و ئاسمان و ئاوی عیراق بپارێزن و بەرگری لە سەروەریی وڵات بكەن”.

فازڵ فەتلاوی دەڵێت:”ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوری لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا ببەسترێت، بەڵام لەو بڕوایەشدام هیچ وڵاتێك نەبێت كە بوونی داگیركاریی و هێزی بێگانە لەسەر خاكەكەی قبوڵ بكات”.

لە5 ی ئەم مانگەدا پەرلەمانی عیراق بڕیارێكی پەسەند كرد كە لێوەی حكومەتی پابەندكرد بەدەركردنی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عیراقیش دوای دوو ڕۆژ بوو لە كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عیراق هێرشێكی فڕۆكەیەكی بێفڕكەوانی ئەمریكالە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە 9ی ئەم مانگە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێگەی عیراق، داوای مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردبوو، شاندێكی ئەمریكایی بۆ ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق، بۆ بەغدا ڕەوانە بكات، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دوای دوو ڕۆ داواكەی بەغدای ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، هەر شاندێك بۆ بەغدا ڕەوانە بكات، بۆ وتوێژ دەبێا لەسەر پابەندبوونی هەردوو وڵات بە هاوبەشی ستراتیژی، نەك بۆ گفتووگۆ لەسەر پاشەكشەكردنی هێزەكان.

بەر لەوەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوری كردبوو بەسەر عیراقدا گەر بەغدا بڕیاری دەركردنی هێزەكانیان كە نزیكەی 5 هەزار سەربازدەبن، جێبەجێ‌ بكات.

عێراق

هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی: دەنگ بە حكومەتەكەی عەللاوی نادەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی ڕایدەگەیەنێت، دەنگ بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و حكومەتەكەی نادەن لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو.

یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە”هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان، دەنگ بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و حكومەتەكەی نادات لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممەی داهاتووی پەرلەمان، چونكە ئەو ڕەتیكردۆتەوە گرەنتی بدات سەبارەت بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەر لەوەی متمانە وەربگرێت”.

بە وتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان”تائێستا هیچ گرەنتییەك نییە كە حكومەتەكەی عەللاوی ڕاگوزەر دەبێت، چونكە دەستەواژەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە حكومەتێك دەبێت ماوەی خۆی تەواو دەكات، بۆیە دەنگی پێنادەین، بە تایبەتیش كە عەللاوی ڕەتیكردۆتەوە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، ماف بداتە پێكهاتەكان”.

محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، دوێنێ‌ چوار شەممە 19ی شوباتی 2020، داوای لە پەرلەمان كردبوو، لە دوو شەممەی داهاتوودا دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان و متمانە بەخشین بە حكومەتی ڕاگوزەر، سازبكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرچووە
عیراق پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ ئێرانییەكان ڕادەگرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بڕیاردەدات پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی ڕابگرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بڕیاریدا پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی ڕابگرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر شانەی قەیران لە وەزارەتی تەندروستی چەند پێشنیارێكی سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێشكەش كرد.

پێشینارەكانی وەزارەتی تەندرستی عیراق، ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی ئێرانییەكان و ڕێگرتن لە گەشتی عیراقییەكان بۆ ئێران لەخۆدەگرێت.

دوێنێ‌ چوار شەممە، وەزارەتی تەندروستی ئێران، تۆماركردنی 3 حاڵەتی توشبوونی نوێی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە باشووی خۆرئاوای تارانی پایتەخت ڕاگەیاند، بەوشێوەیە ژمارەی توشبوان بەو ڤایرۆسە لە ئێراندا بۆ 5 كەس بەرزبۆوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

هۆكارەكەی كۆرۆنایە
عیراق گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ئێران ڕادەگرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراقی بۆ ئێران ڕادەگرێت، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچە ئێرانییەكان.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە”گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق، بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لە لەمڕۆ 20ی شوباتی 2020 ڕاگیرا تا وادەیەكی نادیار، دوای ڕاگەیاندنی بوونی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند ناوچەیەك لە ئێران”.

هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی گواستنەوەدا هاتووە”بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێیانگەیشتووە، بۆ گرتنەبەری ڕیوشوێنی پێویست لەپێناو بەرگرتن لە هاتنەناوەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆنێو خاكی عیراق، ئەو بڕیارەیان دەركردووە كە فڕۆكەخانەكانی بەغدا و نەجەف دەگرێتەوە، جگە لە شاندە دیپلۆماسییەكان و ئەو عیراقیانەی ئێستا لە ئێرانن كە دەبێت لەكاتی گەڕانەوەدا پشكنینی پزیشكیان بۆ بكرێت لەلایەن تیمەكانی وەزارەتی تەندروستی”.

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق دەڵێت”ئامادەن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، ئەو عیراقیانەی لە ئێرانن بگوازنەوە بۆ عیراق، دوای ئەوەی پكشنینی پێویستییان بۆ دەكرێت و تەئكید لە سەلامەتییان دەكرێتەوە لەلایەن تیمە تەندروستییە پسپۆڕەكان”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان