ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهان

به‌فر باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مریكا و خۆرهه‌ڵاتی كه‌نه‌دا داده‌پۆشێت

خەڵک – لوقمان غه‌فوور

له‌ سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی هه‌ینی 17 جێنیوه‌ری تا ئێواره‌ی شه‌ممه‌ 18ی جێنیوه‌ری زریانێكی به‌ هێزی به‌فر ڕوویكرده‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مریكا و خۆرهه‌ڵاتی دووری كه‌نەدا.

به‌پێی ڕاپۆرتی كه‌شناسی ئه‌و شه‌پۆلی به‌فره‌ی ڕۆژی 17ی جێنوه‌ری ناوچه‌كه‌ی گرتووەته‌وه‌ له‌ مێژووی ئه‌و دوو وڵاته‌ دوو جاری تر تووشی ئه‌و دۆخه‌ بووه‌.

واشنتۆن پۆست نوسیویه‌تی، ویلایه‌ته‌كانی نۆرس داكۆتا، ساوس داكۆتا، مینیسۆتا له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مریكا و له‌كه‌نه‌داش له‌ كه‌رتی نیوفۆلاند زۆرترین به‌فری لێباریوه‌، بە جۆرێک له‌ هه‌ندێك شوێن 12 پێ كه‌ (3مه‌تر و نیو) بووه‌.

له‌ هه‌ندێك شاری ویلایه‌تی مینیسۆتا یه‌ك مه‌تر و 20 سانتیمه‌تر به‌فر باریوه‌، له‌ویلایه‌تی نۆرس داكۆتا 2 مه‌تر و 20 سانتیمه‌تر تۆماركراوه‌، هه‌رچی كه‌رتی نیوفۆلاند-ی كه‌نه‌دا 3 مه‌تر و نیو به‌فر باریوه‌.

به‌پێ ڕاپۆرتێكی فۆكس نیوز، ته‌نیا له‌ماوه‌ی 24 کاتژمێردا له‌ ویلایه‌تی نۆرس داكۆتا 87 سانتیمه‌تر باریوه‌، به‌پێ كه‌شناسی ویلایه‌تی نۆرس داكۆتا و ساوس داكۆتا و مینیسۆتا هیچ زیانێكی گیانی ڕووینه‌داوه‌ و نه‌شبووەته‌ هۆی په‌كخستنی خزمه‌ته‌گوزارییه‌كان و توانراویشه‌ كۆنترۆڵی ڕێگاوبانه‌كان بكرێت، ته‌نیا هێڵێ خێرای ئای 29 به‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی 300 كیلۆمه‌تر داخراوه‌ بۆ ماوه‌ی 10 کاتژمێر له‌نێوان گراند فۆكس و سویكس فۆلز له‌ ویلایه‌تی ساوس داكۆتا، هه‌ر به‌پێی فۆكس نیوز 690 گه‌شتی ئاسمانی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.

هه‌رچی كه‌رتی نیوفۆڵاند له‌ كه‌نه‌دایه‌ بووەته‌ هۆی بچڕانی ته‌زووی كاره‌با و ته‌واوی شوێنه‌ بازرگانییه‌كان داخراوه‌، ته‌نیا ڕێگه‌ دراوه‌ به‌ پۆلیس و تیمی خزمه‌تگوزاریی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
ئاشلی براویلر پسپۆری كه‌شناسی به‌ ئاژانسه‌كانی كه‌نه‌دای ڕاگه‌یاندووه‌ هه‌ندێك له‌ماڵه‌كان به‌فر ده‌رگاكانیانی داپۆشیوه‌ و به‌ زه‌حمه‌ت توانیویانه‌ كۆنتڕۆڵی ڕێگا بكه‌ن.

له‌ویلایه‌تی مینیسۆتا-ش، له‌به‌رنامه‌ی كه‌شناسی ته‌له‌فیزیۆنی لۆكاڵی كه‌ی ڤی ئار ئار، له‌ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌ داپۆشینی به‌شێك له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ كرد كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاگیراون و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كاری تیمه‌كانی پاككردنه‌وه‌ قورس بێت و به‌ وریاییه‌وه‌ ڕێگاكان پاك بكه‌نه‌وه‌.

به‌پێی ڕادیۆی ئێن پی ئار، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی ویلایه‌تی ساوس داكۆتا-ی ئه‌مریكا خێرای “با” به‌ به‌فره‌وه‌ 160 كیلۆمه‌تر بووه‌ له‌ کاتژمێرێكدا كه‌ هیچ كه‌س نه‌یتوانیوه‌ بوه‌ستێت به‌ پێوه‌، ڕادیۆكه‌ له‌سه‌ر زاری كه‌شناسی ئه‌مریكاوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، كه‌ ته‌نیا له‌ساڵی 1942 و 1999 ناوچه‌كه‌ زریانی له‌و شێوه‌ی به‌خۆوه‌ دیوه‌.

جیهان

ئەمریكا: بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی سعودیە دەكەین

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی سعودیە دەكات.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە دوای گەیشتنی بۆ وڵاتی سعودیە و پێشوازی لێی كردنی لەلایەن لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتەوە، لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی سعودیە دەكات.

پۆمپیۆ ئەوەشیخستووەتەڕوو، سەردانەكەی بۆ سعودیە لە پێناو جەختكردنەوەیە لەسەر هاوكاری و پەیوەندی بەهێزی نێوان واشنتۆن و ڕیاز و لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕوونیكردووتەوە، لەو سەردانەیدا كۆمەڵێك چاوپێكەوتن لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای سعودیە ئەنجام دەدات بە مەبەستی تاووتوێكردنی دواین پێشهاتەكانی ناوچەی كەنداو و پرسی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و كاریگەرییەكانی ئەو ئاڵۆزییانەش لەسەر سەقامگیری ناوچەكە بە گشتی.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

توركیا هێرشی دەستپێكرد
رەوشی سوریا زیاتر ئاڵۆ دەبێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوەیەكی سەربازی سوریا بۆ ئاژانسی (RT)ی ڕوسی، ئاماژە بە تێكشكاندنی ژمارەیەك زریپۆشی سوپای توركیا دەكات لەلایەن سوپای سوریا لەكاتی پێشڕەویاندا بەرەو گوندی نیرەب لە باكووری خۆرئاوای سوریا.

ئاژانسی دەنگوباسی سوریا (سانا)، بڵاویكردەوە”هێزەكانی سوپای سوریا، لە میحوەری نەیرەب لە ڕیفی ئیدلیب، بەرپەرچی ئەو گروپە تیرۆریستانەیان داوەتەوە كە هێرشیان كردووە”.

پێشتر كەناڵی (سی ئێن ئێن تورك) ڕایگەیاندبوو”تۆپخانەكانی توركیا پێگەكانی سوپای سوریا بۆردومان دەكەن، وەك ئامادەكارییەك بۆ پێشڕەوی تانكەكانی توركیا بەرەو ئیدلیب”.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی سەربازی بە ئاژانسی (RT)ی ڕوسی ڕاگەیاندووە”لە سەراقب و نەیرەب، بە پاڵپشتی سوپای توركیا، گروپە چەكدارەكان هێرشێكی توندوییان بۆسەر پێگەكانی سوپای سوریا دەستپێكردووە”.

ئەم پەرەسەندنانە لەكاتێكدان كە پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، ئاماژەی بە نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا كردبوو لە ناوچە سنورەییەكان لەگەڵ پارێزگەی ئیدلیبی سوریا كە بەپێی ئاژانسەكەی ڕوسیا، ڕێگە بە ڕۆژنامەوانان و مەدەنییەكان نادرێت بچنە ناوچەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

قوتابخانە و زانكۆكانی قوم كرانە پشوو
ئێران، تیمێكی بۆ ڕووڕووبوونەوەی كۆرۆنا پێكهێنا

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

وتەبێژی حكومەتی ئێران ڕایدەگەینەێت، بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەت بە هەموو توانایەوە هەوڵ بۆ بنەبڕكردنی دەدات.
ئاژانسی فەڕمی ئێران بڵاویكردەوە، عەلی ڕەبیعی وتەبێژی حكومەتی ئێران لە تویتێكدا كە لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و بۆ پێشگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی و چەندین وەزارەتی پەیوەندیدار و هێزە ئەمنییەكان لیژنەیەكیان پێكهێنا.
وتیشی”لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین، حكومەتی ئێران لە چەندین كۆبوونەوە بابەتەكەی تاوتوێ كردووە و بڕیاری پێویستی لە خاڵە سنوورییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و هاوكات داواشی لە وەزارەتی تەندروستی كردووە سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ ئەو مەبەستە دابین بكات و ئێستاش داوای هاوكاری لە هاوڵاتیانی ئێران دەكەین كە پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بن.
ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشكرایكرد، دوو هاوڵاتی لە پارێزگای قوم بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و بەو هۆیەشەوە سەرجەم قوتابخانە و زانكۆكانی قوم بۆ ئەمڕۆ پێنج شەممە كرانە پشوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان