ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

كوژرانی موهەندیس ماڵی شیعە یەكدەخات
پەڕلەمانتارێك: شیعەكان بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران ڕێككەوتوون

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق لە هاوپەیمانی نەسر، كە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ئاشكرای دەكات، كە لایەنە شیعەكان لەسەر كەسێك بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران ڕێككەوتوون.

نەدا شاكر جەودەت، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، هێوربوونەوەی دۆخی سیاسی دەربارەی هەڵبژاردن و دیاری كردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆك وەزیران بەهۆی گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكانەوەیە بەتایبەتیش دوای كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و پێشێل كردنی سەروەری عیراق.

ڕاشیگەیاند، كوشتنی موهەندیس بووە هۆی یەكخستنی ناوماڵی شیعە لەناو پەڕلەمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەیەكتری دیاری كردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران بەخێرایی ئەنجام دەدرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دیاری دەكرێت.

دەربارەی كاندید كردنی عەبدولمەهدی بۆ سەرۆك وەزیران، نەدا شاكر جەودەت وتی، “ئەوە كارێكی نەگونجاوە و شتی لەوجۆرە ڕوونادات، چونكە خۆپیشاندەران حكومەتی ئێستایان ڕەتكردەوە”.

عێراق

بە فەرمانی كازمی بەڕێوەبەری ژمارەیەك بانك دەستگیر كران

خەڵك- بەشی هەواڵ
بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڕێوەبەری ژمارەیەك بانك بەهۆی تێوەگلانیان لە “گەندەڵی” دەستگیر كران.

كەناڵی (الشرقیە) بڵاویكردەوە، كە هێزێكی تایبەتی بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵمەتێكیان دەستپێكردووە بۆ دەستگیركردنی بەڕێوەبەری ئەو بانكانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی.

ئاشكراشی كردووە، كە هەر ئەمڕۆ لەلایەن ئەو هێزەوە بەڕێوەبەری لقی بانكی كشتوكاڵی لە فەلوجە و ڕومادی و سەڵاحەدین و ئەبوغرێب دەستگیر كراون ئەوەش بەهۆی ئەوەی عادل عەتیە، بەڕێوەبەری بانكی كشتوكاڵی دوای دەستگیركردنی چەند نهێنیەكی ئاشكراكردووە و ناوی ئەوانیشی هێناوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژی پێنج شەممە بە فەرمانی مستەفا كازمی، دژە تیرۆری عیراق بەڕێوبەری كۆمپانیای (كی كارد)ی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركرد و دوێنێ‌ ھەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی و دەستیان بەسەر بڕی 30 ملیار دیناردا گرت، كە بەھۆی گەندەڵییەوە بەدەستی ھێنابوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

كازمی و بلاسخارت باس لە هەڵبژاردن دەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆك وەزیرانی عیراق و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەماهەنگی لەو بوارەدا دەكەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە مستەفا كازمی لە بەغدا پێشوازی كردووە لە جنین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و گفتوگۆیان كردووە كردووە لەسەر كاری هاوبەش لەبواری هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

بەپێی بڕیاری حكومەتی عیراق لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا هەڵبژارددنی پێشوەختە لە عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ پەڕلەمانی عیراق ئەنجام دەدرێت.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، جەخت لە ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوەتەوە بۆ چاودێری كردنی هەڵبژاردنەكان تاوەكو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، كە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵی خۆی ببینێت لە دۆسیەی ئاوارەكان و گفتوگۆ لەسەر هەوڵەكانی حكومەت كرا بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە بەزووترین كات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق؛ لە24 سەعاتی ڕابردوودا زۆرترین چاكبوونەوە تۆماركراوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاشكرای دەكات ، 3907 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە و 4234 كەسیش چاكبوونەتەوە و 83 حاڵەتی مردنیش هەبووە.

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 17 هەزار و 438 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجام دراوە و دەركەوتووە 3907 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون.

ئاشكراشی كردووە ، كە زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا بوون، هەروەها لە سلێمانی 122 و هەولێر 72 و كەركوك 75 و دهۆك 418 حاڵەت تۆماركراوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە ، كە 4234 تووشبوو بە پەتاكە چاكبوونەتەوە، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون و هەروەها لە سلێمانی 64 و هەولێر 220 و كەركوك 185 كەس چاكبوونەوە.

ڕاشیگەیاندووە، 83 كەس بە پەتاكە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی مردووان گەیشتۆتە 8491 كەس.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان