ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

داوای یاسای خانەنشینی كەرتی تایبەت دەكرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، پەڕلەمان لە یاسای چاكسازیدا خانەنشینی كارمەندانی كەرتی تایبەتی لەبیر كرد.
ئەمڕۆ پەڕلەمان دەنگ بە پڕۆژە یاسای چاكسازی دەدات و جگە لە ڕەخنەی هاوڵاتیانیش، پەڕلەمانتاران خانەنشینی كەرتی تایبەتیان لە یاسای خانەنشینیدا لەبیر كرد، ئەمەش نیگەرانیەكی دیكەی لای هاوڵاتیان دروست كرد.

ئاسۆ عەبدوللەتیف چاودێری سیاسی لە نووسینێكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەو دوو دانیشتنەدا نە سەرۆكایەتی پەڕلەمان و نە هیچ فراكسیۆن و پەڕلەمانتارێك بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، ئاماژەیان بە یاسایەك نەكرد بۆ كەرتی تایبەت.

دەشنووسێت”هیچ نەبێت دەبوو، بە مۆبایلەكەی دەستیان و ئۆتۆمبیلەكەی ژێریان و بلیتی فڕۆكەكانیان و تیڤیەكان و سیتی و شوقەو فەیسبووك و ئاڵوگۆڕی گەرمی نامە ناردنەكانیان، ئاگاداری ئەوە بوونایە خەڵكانێك هەن لەم وڵاتە ئێشكگرن و بەدیارتانەوە دانیشتوون لە ئۆفیس و ماڵەكانیان و دەنگیان بە ئێوە بەخشیوەو بیست ساڵە لەژێر چەتری یاسا قورسەكانی كەرتی تایبەت كاردەكەن و گەنجێتی خۆیان گوشیوە و یاسایەك نییە پارێزگاریان لێبكات و ماف و ئیمتیازات و ماندووبونەكانیان بپارێزێت، ئەمە كەمتەرخەمی و جەهلێكی كوشندەیە میللەتێك چاوەڕوانی ئەو جۆرە پەڕلەمانتارانە بێت تاكو پڕۆژە یاسایەكی عەقلانی و دادپەروەرو یەكسانیان بۆ پێشنیار بكات”.

ناوبراو ئاشكراشیدەكات، كارمەندانی ئەم كۆمپانیا ئەهلیانە مانگانە ڕسومات و زەمان دەبەخشن بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە ڕێژەی %17ی موچەكانیان و دیاریش نییە ئەم پارەیە بە چ شێوەو میكانیزمێك دەدرێتەوە بە كارمەندان بۆ ئێستاو ئایندە، ئەمە پێویستی بە كۆنتڕۆڵكردن و میكانیزمی گونجاو هەیە لە نێوان پەڕلەمان و كۆمپانیاو وەزارەتی ناوبراو بۆ ئەوەی ئایندەی ئەم كەرتەش بە تاریكی نەمێنێتەوە.

لە بەشێكی دیكە نووسینەكەدا ئاسۆ عەبدوللەتیف ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حكومەت تیمی تایبەت پێكبهێنێت بۆ ووردبینی كەرتی تایبەت و لە ڕووی خزمەتی شارستانی و یاساكانەوە پاڵپشتیان بێت، بە پڕۆژە یاسایەك ماف و ئیمتیازاتی كۆتایی ڕاژە ببەخشێت بە فەرمانبەران و كرێكارانی كۆمپانیا ئەهلیەكان و هیچ نەبێت پاش 15 ساڵ ئەركی وەزیفی (فعلی) خانەنشین بكرێن.

ئابوری

پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنە ئیسلامییەكان خانەنشینی پەرلەمانتاریان ڕەتنەكردووەتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

تائێستا چەند پەرلەمانتارێك فۆرمیان بۆ ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاری پڕكردووەتەوە و ئەوەی تێبینی دەكرێت هیچ پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنە ئیسلامییەكانی تێدا نییە و دوو ئەندامی ئەو فراكسیۆنانەش دەڵێن”تائێستا پڕۆژەكە نەبووە بە یاسا”.

بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تائێستا پڕۆژەكە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە پەسەندنەكراوە، بۆیە ئەوان بڕیاری كۆتاییان لەسەر ڕەتكردنەوە یان پشتگیریكردنی خانەنشینی پەرلەمانتاران نەداوە.

وتیشی”خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەباڵاكان كەمكراوەتەوە، پڕۆژەكە نەچووەتە سەرۆكایەتی هەرێم و واژۆی لەسەر نەكراوە، كاتی ئەوە نەهاتووە بڕیاری لەسەر بدەین، ئەو فۆڕمەی پڕكراوەتەوە لە پەرلەماندا نییە و قسەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی كردووە و ئەوانیش تێبینییان هەیە، بڕیاری تاكلایەنەنادەین و لەسەر پێشنیازی كۆمەڵی ئیسلامیش خانەنشینی پلەباڵاكان كەمكراوەتەوە بۆ 15%”.

بەپێی پڕۆژەیاسای چاكسازییەكە هەموو پەرلەمانتاران و پلەباڵاكان دەتوانن خانەنشین ببن و لە 15%ەوە دەستپێدەكات و تا 50% بەردەوام دەبێت.
سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پڕكردنەوەی فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی “یاسایی نییە”، تائێستاش دیارنییە كە سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵی دەكات یان ڕەتیدەكاتەوە و لەوانەیە ماددەكە بگۆڕدرێت یان نەمێنێت.

وتیشی”قەناعەتم بە پڕكردنەوەی فۆڕم نییە، یاسایی نییە و ئەگەر پڕۆژەكە بوو بە یاسا و ڕێكارەكانی بڕی دەتوانرێت قسەی تێدا بكرێت، لەبەرئەوەی تێكستی یاسای هەیە و تێكستەكە بڕیاردەدات، ئەگەر لە خزمەتدا بیت، چۆن بڕیار لەسەر حەقی خۆت بدەیت، دەبێت خولەكە تەواو ببێت و دواتر بڕیاربدرێت، ئەوەش خانەنشینی هەڵبژێردرێت یان ڕەتبكرێتەوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزیری دارایی، واژووی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی فەرمانبەرانی كرد

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست، گرێبەستەكەیان نوێ كرایەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا، واژۆی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست كرد.

ئەمەش لەكاتێكدایە، فەرمانبەرانی گرێبەست لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان كرد هاوشێوەی مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

 

س.ع

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمڕۆ زۆرترین شوێن مووچەی مانگی 10 وەردەگرن

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خشتەیەكدا بڕیاریداوە ئەمڕۆ مووچەی چەند شوێنێكی وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكانی حكومەت دابەش بكات.

بەپێی خشتەكە، كە وەزارەتی دارایی بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ‌ مووچەی هەریەك وەزارەتەكانی (شارەوانی، گواستنەوە، كارەبا، پلاندانان، كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە، ڕۆشنبیری، بازرگانی) لەگەڵ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و خانەنشینانی سەربازی دابەش دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە هەر ئەمڕۆ‌ مووچەی دەستەكانی (مافی مرۆڤ، دەستپاكی، وەبەرهێنان، ژینگە) لەگەڵ دەزگای مین و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چاودێری دارایی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان خەرج دەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 لەكاتێكدایە، كە چارەنووسی مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردوو نادیارە و تائێستا هیچ زانیارییەك لەسەر مووچەی ئەمساڵ ئاشكرانەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان