ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكە قسە بۆ (خەڵك) دەكات
خراپی رەوشی ئاو و كارەبا دانیشتوانی بەسرە دێنێتە سەر شەقام

خەڵك- بەسرە
بەهۆی خراپی رەوشی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی تر لە پارێزگای بەسرە، هاوڵاتیان دەڕژێنە سەر شەقامەكان و فشار لەسەر دەسەڵاتداران دروست دەكەن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئەنوار ئەجودی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی پارێزگای بەسرە بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی راگەیاند”لەچەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی خراپی رەوشی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی تر، خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای بەسرە، خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دەستپێكرد، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ئەو خۆپیشاندانانە گەیشتنە ترۆپك و لەوەدابوو دۆخەكە بگاتە ئاستێكی نەخوازراو”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی پارێزگای بەسرە:”شاری بەسرە و ناوچەكانی سەر بە پارێزگاكە، بە درێژایی مێژووی عیراق و لە دوای ساڵی 2003شەوە، وێڕای ئەوەی بەرچنەی خۆراك بوون بۆ هەموو عیراق، بەڵام لە زۆربەی مافەكانيان بێبەش كراون، خراپی رەوشی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی تریش، وایان كرد خەڵكى پارێزگاكە بڕژێنە سەر شەقامەكان و داوای مافی ئاسایی خۆیان بكەن”.

لەبارەی مەترسییەكانیش لەسەر دۆخی ئەمنی پارێزگای بەسرە، ئەنوار ئەجودی رایگەیاند:”لەئێستادا دۆخە هێوربۆتەوە و ئەوەی ماوە، تەنیا مانگرتوانن كە بەشێوەیەكی ئاشتیخوازانە و هێمنانە گوزارشت لە مافە رەواكانیان دەكەن”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، رەتیكردەوە خۆپیشاندانەكانی بەسرە، پەل بۆ توندوتیژی باهاوێژن و ئاماژەی بەو هەوڵانەش كرد كە لەلایەن هۆزەكانی پارێزگاكەوە بۆ ئەو مەبەستە خراونەتەگەڕ.

لەدوای خۆپیشاندانی فراوانی بەسرییەكان، دەسەڵاتدارانی حكومەت هاتنە سەر خەت و لەگەڵ بەڵێندان بە چارەسەكردنی كێشەی سوێری ئاوى خواردنەوەى پارێزگاكە و باشكردنی رەوشی كارەبا، بەڵێنیاندا 10 هەزار هەلی كار بۆ خەڵكی پارێزگە دابین بكەن.

ئابوری

ئێران 50%ی قەرزی كارەبا لە عیراق وەردەگرێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران ڕایدەگەیەنێت: ڕێژەی 50%ی ئەو قەرزانەیان وەرگرتووەتەوە كە لە بری كارەبا بۆ عیراقیان هەناردەكردووە.

هەمایۆن حائری یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی هەناردەكردنی كارەبا بۆ عیراق بەردەوامە و لە دواین سەردانی وەزیری وەزەی ئێرانیش بۆ عیراق گرێبەستی هەناردەكردنی كارەبا بۆ ئەو وڵاتە بۆ 2 ساڵی تر درێژ كراوەتەوە.

یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، 50% شایستە دارایییەكانی هەناردەكردنی كارەبایان لە عیراق وەرگرتووەتەوە ‌و بڕیارە بە میكانیزمێكی نوێ‌ لە ڕێگەی مامەڵەی بانكییەوە، ئەو بەشەی تری ماوە وەریبگرنەوە.

یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، هەناردەكردنی بڕی كارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێ‌ بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا دێت ‌و بەپێی وەرزەكانی هاوین‌ و زستان جیاوازی هەیە.

پێشتریش حكومەتی ئێران ڕایگەیاندبوو، عیراق لە پێشەنگی وڵاتانەدایە كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكەن‌ و لە كاتژمێرێكدا 6 ملیار و 652 ملیۆن كیلۆ وات كارەبای ئێرانی بۆ هەناردەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

كازمی:‌ بەردەوام دەبین لەكاركردن بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵكاران لە دەروازە سنوورییەكاندا

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق ڕایدەگەیەنێت: حكومەت بەردەوام دەبێت لەكاركردن بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵكاران لە دەروازە سنوورییەكاندا و دانانی‌ پلانی‌ پێویست بۆ پەرەپێدانیان.

نووسینگەی‌ ڕاگەیاندنی‌ مستەفا كازمی‌ سەرۆك وەزیران و فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی‌ بەوەدا، ئەمڕۆ ناوبراو سەرۆكایەتی‌ كۆبوونەوەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزاری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ كرد و تیایدا تاووتوێی‌ چەند پرسێك كران.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا كازمی‌ ئەنجامی‌ سەردانەكەی‌ بۆ دەروازەی‌ سنووریی‌ مەندەلی‌ و ئەو ڕێوشوێنانەی‌ بۆ پەرەپێدانی‌ ئەو دەروازەیە و ڕێگرتن لە گەندەڵی‌ تیایاندا گیراونەتەبەر، خستەڕوو.

لە كۆبوونەوەكەدا كازمی‌ ئەوەیخستووەتەڕوو: “حكومەت بەردەوام دەبێت لەكاركردن بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵكاران تا دەروازە سنوورییەكان بۆ بەرژەوەندی‌ خۆیان بەكارنەهێنن و پلانی‌ پێویست دادەنێت بۆ پەرەپێدانی‌ دەروازەكان”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی‌ وەزاری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ تاووتوێی‌ پێشێلكارییەكانی‌ توركیای‌ بۆسەر خاك و ئاسمانی‌ عیراق كرد و جەختی‌ لە بەردەوامبوونی‌ وتووێژی‌ دیپلۆماتی‌ لەگەڵ‌ توركیا كردەوە بۆ ڕاگرتنی‌ پێشێلكارییەكان كە دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری‌ عیراق و بۆ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەردوو وڵات خراپە، سەرەڕای‌ زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان و موڵك و ماڵیان”.

لە بەشێكی‌ تری‌ كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنەكە گفتوگۆی‌ لەبارەی‌ خۆپیشاندانەكان و پێویستی‌ مانەوەی‌ بە ئاشتییانە كرد بەجۆرێك پارێزگاری‌ لە ئازادی‌ دەربڕین و سەروەری‌ یاسا و هەیبەتی‌ دەوڵەت بكات.

هاوكات ئەنجومەنی‌ وەزاری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ دۆسێی‌ تیرۆركردنی‌ كەسایەتییەكانی‌ تاووتوێ كرد و جەختی‌ كردەوە لەوەی‌ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەركەكانیان ئەنجام بدەن و پەلە بكەن لە ئاشكراكردنی‌ ئەنجامی‌ لێكۆڵینەوەكان و ئاشكراكردنی‌ ناسنامەی‌ تاوانكاران و بەسزا گەیاندنیان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

پەروەردەى عيراق بڕیاری دەرچوونی گشتی بۆ خوێندكارانی ئامادەیی دەركرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق بڕیاریدا خوێندنی ئەمساڵ بە دەرچوونی گشتی ئارەزوومەندانە هەژمار بكات بۆ خوێندكارانی سەرجەم بەشەكانی ئامادەیی.

وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بڕیاریانداوە ئەمساڵی خوێندنی (2019- 2020 بە ساڵی دەرچوونی گشتی ئارەزوومەندانە بۆ ئەو خوێندكارانەی ئامادەیی هەژمار بكات، كە ئارەزوویان لە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی خوولی یەكەم و دووەم نییە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڕێكارە لەچوارچێوەی ڕاسپاردەی عەلی حەمید، وەزیری پەروەردەیە بۆ سەلامەتی خوێندكاران لەو دۆخە تەندروستییەی وڵاتی تێكەوتووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەی هەمیشەیی تاقیكردنەوە گشتییەكان ڕێنماییان داوە بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە لە پارێزگاكان بە وەرگرتنی داواكاری ئەو خوێندكارانەی نایانەوێت تاقیكردنەوە لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی لە خوولی یەكەم و دووەم بكەن.

جەختیشی كردۆتەوە، كە دەبێت داواكاری خوێندكارەكە واژۆی بەخێوكەرەكەی پێوەبێت و دواین كات بۆ ناردنی داواكارییەكان 26ی تەمموزە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان