ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لە هەولێر نزیكەی 24 هەزار شەهید تۆماركراوە
زەوی بەسەر بەشێكی كەسوكاری شەهیدان دابەش دەكرێت


خەڵك-ئارام سەردار
ئەمڕۆ سێ شەممە ۱٤ی كانوونی دووەمی ۲۰۲۰ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبۆوە تایبەت بە خستنەڕووی پلان و بەرنامەی بەرێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەولێر بۆ ساڵی ۲٠۲٠.

داماو محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەك بەڕێوەبەرایەتیەكەیان كێشە و گرفت و كەموكوڕی زۆریان هەیە، بەپێی توانا هەوڵ دەدەن كاربكەن بۆ كەسوكاری شەهیدان و كەموكوڕیەكان چارەسەر بكەن، هەرچەندە جێبەجێكردنی داواكاریەكانی كەسوكاری شەهیدان لە ۹۰٪ی بەپارە دەكرێت، وەك پێشینەكان و تەندروستی و خوێندن، بەڵام ئەمەش پەیوەستە بەدۆخی دارایی حكومەت.

دەشڵێت: “لای ئێمە ۱٥ هەزار و ۷۰۰ شەهیدی سەنگەر و ۸ هەزار و ۲۰۰ شەهیدی هاووڵاتی و ۲ هەزار و ۳۰۰ جینۆساید تۆماركراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێشتر كۆمەڵێك زەوی دابەشكراوە، كێشەمان هەیە لەزەویەكانی باغەمرەی شەهاب، كەوا كارتەكانیان پێدراوە بەڵام تاپۆ ناكراوە، كۆبوونەوە كراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، لەهەمان كاتدا وەجبەكانی ۸و ۹و ۱۰ ڕەزامەندیان هەیە چاوەڕوانی گەیشتنی فەرمانەكە دەكرێت بۆ شارەوانی بەمەبەستی جێبەجێكردن.

کوردستان

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی زەنگی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لێدەدات


خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی كوردستان لەسەر دووبارە دەستكاری كردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران پەیامێك بە “دەسەڵاتدارانی هەرێم” دەدات و ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەینە مەیدانی خەبات.

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی چاوەڕوانی گێڕانەوەی پاشەكەوت و دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بووین، بەڵام بەداخەوە چەند ڕۆژێكە دەنگۆی بڕینی دەرماڵە و كەمكردنەوەی مووچەكانمان، یان دابەشكردنی مووچە لە سیی ڕۆژ زیاتر دەبیستین .

ڕاشیگەیاندووە، لێرەوە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەكەینەوە، كە ئەو هەنگاوانە بەلای ئێمەی مامۆستایانەوە هێڵی سورەو قبوڵكراو نییە.

دەشڵێت: “لە ئەگەری وەها بڕیارێكی ستەمكارانەدا، بەدڵنییاییەوە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەینە مەیدانی خەبات دژ بەوانەی چارەسەری هەموو گرفتە كەڵەكەبووەكانی هەرێم لەبڕین و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایاندا دەبیننەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیاردەرانی ئەم ستەمكارییە نوێیەش بەرپرسیار دەكەین لەهەر پێشهات و ڕووداوێكی نەخوازراو و پەككەوتنی پڕۆسەی خوێندن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنا لە گەرمیان ڕاگەیەنرا


خەڵك- بەشی هەواڵ
نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە كفری ئەنجامی پشكنینەكانی كۆرۆنای تایبەت بە خێزانێك ئاشكرادەكات و دەڵێت: “كۆرۆنایان نەبووە”.

نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە كفری لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ٢٦ /٣ /٢٠٢٠ خێزانێكی شاری كفری داخڵی یەكەی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا كران لە نەخۆشخانەكەمان بە مەبەستی پشكنین.

ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوەی پشكنین بۆ ھەموویان كرا و سامپڵیان لێوەرگیرا، پاش ئەوەی سامپڵەكەیان ڕەوانەی سلێمانی كرا بەمەبەستی پشكنینی تاقیگەیی ئەمڕۆ بەرواری ٣٠ /٣ /٢٠٢٠ ئەنجامی تاقیكردنەوەكەیان دەرچوو، كە ھەمووی (نەرێنی) بوو واتا ھەڵگری ڤایرۆسەكە نین و پاك و سەلامەتن.

نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە كفری ھاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە، كە “لەناو شاری كفری تاكو ئەم ساتە ھیچ حاڵەتێكی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمارنەكراوە، بۆیە ھیوای ساغ و سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازین و پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

“8 پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی كۆرۆنا بوون”
تەندروستی هەرێم تۆماركردنی 11 حاڵەتی نوێى كۆرۆنای ڕاگەیاند


خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە 11 كەسی دیكە  تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، كە  شەش تووشبوویان لە هەڵەبجەن، چواریان لە سلێمانین و یەکێکیشیان لە دەربەندیخانە.

وەزیری تەندروستیی حکومەتى هەرێم لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا چەند پڕۆژەیەکی نوێ و ڕێنمایی نوێی تەندروستی و دوایین پێشهاتەکانی ڕەوشی کۆڕۆنای لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتى هەرێم لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو داتاکان ئەوە پیشاندەدات باشترین چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا، مانەوەیە لەماڵەوە و دوورکەوتنەوەیە لەکەسی بەرامبەر.

ئاماژەى بەئەوەشدا، پڕۆژەیەکی داتابەیسەیان ئامادەکردووە، کە کاری لەسەردەکەن و داتاکانی لەڕێگەى جیاوازەوە بۆ کۆدەکەنەوە، کە بەرچاوڕوونی زیاتریان پێدەدات و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سوودی لێوەردەگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، هێڵی گەرمی ١٢٢ سوودێکی زۆری هەبوو و خەڵکانێکی زۆر سوودمەندبوون و لەئێستادا کاردەکات.

باسی لەئەوەشکرد، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا پۆڕتاڵێک بۆ پێدانى زانیاری بەهاوڵاتییان چالاکدەکەن، کە هاووڵاتییان دەتوانن لەڕێگەى مۆبایلەکانیانەوە سەردانی ئەو پۆڕتاڵە بکەن و زانیاری لەبارەى تەندروستیی و ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن.

ئاماژەى بەئەوەشدا، هەرچەندە هاووڵاتییان تووشی قەیرانی ئابووری بوونەوە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، بەڵام تەنها ویستوویانە سەلامەتى هاووڵاتییان بپارێزن.

وتیشی:” لەچەند ڕۆژی ئایندەدا بەرنامەیەک دادەنێن بۆ کوتانی منداڵە تازە لەدایکبووەکان، دڵنیاییش دەدەینە دایک و باوکەکان کە منداڵەکانیان بێبەشنابن لەکوتانە پێویستەکان”.

دەشڵێت: “پڕۆژەیەکی ڕادەگەیەنن، کە کۆمەڵێک تیمی تەندروستی گەڕۆکن و دەچنە بەردەم ماڵەکان و هەر پێویستییەکی پزیشکی هەبێت بۆ هاووڵاتییانی دابین دەکەن”.

لەبارەی توشبوونی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیشەوە، وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، تا ئێستا هەشت پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە هەرێم توشی ڤایرۆسەکە بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان