ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

پەڕلەمانتارێكی كورد زانیاری نوێ‌ ئاشكرادەكات
عامری و مالكی دەیانەوێت عەبدولمەهدی بكەنەوە بە سەرۆك وەزیران

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەریەك لە فراكسیۆنەكانی فەتح و دەوڵەتی یاسا، پشتیوانی لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر دەكەن بۆ بوونەوە بە سەرۆكی حكومەتی ڕاگوزەر، پەڕلەمانتارێكی كوردیش بەدووری دەزانێت ئەو خواستەی دەوڵەتی یاسا و فەتح لەم قۆناغەدا سەربگرێت.

موختار موسەوی، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “مانەوە عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا فاكتەری سەقامگیرییە لەئێستادا، كە وڵات ڕووبەڕووی تەنگژەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆەتەوە لەسەر خاكی عیراق”، پێشبینیشی كردووە لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا، عەبدولمەهدی جارێكی تر بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێ‌ ڕابسپێردرێت.

لای خۆیەوە، عەلی غانمی، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “كاروبارەكان ڕوو لەوەن جارێكی تر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی حكومەت كاندید بكرێتەوە، دوای ئەوەی فراكسیۆنە سیاسییەكان لەماوەی ڕابردوودا دەستەوستان بوون لە دۆزینەوەی جێگرەوەیەك”.

غانمی ئاماژەی بە هەڵوێستی عەبدولمەهدیش كردبوو لەبارەی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا كە بە وتەی ئەو، “هێندەی تر چانسی زیاتر كردووە بۆ بوونەوە بە سەرۆك وەزیران”.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە، (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە عەلی غانمی و موختار موسەوی و چەند پەڕلەمانتارێكی تری دەوڵەتی یاسا و فەتح-ەوە، بەڵام تێكڕای پەیوەندییەكان بێ‌ وەڵام بوون.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری كورد لە پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، لەوەدەچێت هاوپەیمانی فەتح بیەوێت جارێكی تر عەبدولمەهدی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران كاندید بكاتەوە، بەڵام سائیرون هاوڕای نییە، لەسەروو فەتح و سائیرون و هەموو فراكسیۆن و حزبەكانیشەوە، خۆپیشاندەران هەن ئاخۆ ئەوان ڕازی دەبن بەوەی جارێكی تر عەبدولمەهدی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران؟”.

بە وتەی بەهار مەحمود، “ئەوان هیچ ڕێگرییەك نابینن، تا جارێكی تر عادل عەبدولمەهدی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران و بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێردرێتەوە، لەكاتی خۆشی باسمان كردووە عەبدولمەهدی باجی 16 ساڵی شكستی حكومەتەكانی تر دەدات، بەڵام لەئێستادا بوونەوەی ئەوان بە سەرۆك وەزیران، لەڕووی لۆجیكییەوە قورسە”.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران لە 29ی تشرینی دووەمی 2019، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ پەڕلەمانی عیراقی پێشكەش كرد، دواتر نامەكەی لەلایەن پەڕلەمانەوە پەسەندكرا، بەڵام تائێستا فراكسیۆنە سیاسییەكان نەیانتوایوە ناوێكی جێگرەوە بۆ عەبدولمەهدی پێشنیار بكەن و هەموو ئەو ناوانەش، كە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە خراونەتەڕوو، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتكراونەتەوە و لە گەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی بەرزكردنەوەی تەوژمەكانی ناڕەزای دەكەن، گەر كەسێتییەك بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی نوێ‌ كاندید بكرێت و لەگەڵ مەرجەكانی خۆپیشاندەراندا نەگونجێت.

عێراق

چەكی زۆری بەدەستەوەیە
عیراق باس لە وەڵامدانەوەی توركیا دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی چەكی زۆری بەدەستەوەیە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عیراق.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (العراقیە)ی نیمچە فەرمی ڕایگەیاند:”عیراق چەكی زۆری بەدەستەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا، لەوانە بودجەی بازرگانی كە زیاترە لە 16 ملیار دۆلاری ساڵانە، دەیان كۆمپانیای توركی لە عیراقدان، وێڕای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی و قوڵایی عەرەبی كە عیراق هەیەتی”.

بە وتەی سەحاف”ئۆپەراسیۆنێكی وەك ئەو ئۆپەراسیۆنە، دەبێتە مایەی لەقكردنی سەقامگیریی لە ناوچەكە، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك عیراق بەشێوازێكی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو دوژمنكاریی و دەستدرێژیانەدا مامەڵە دەكات، مانای ئەوە نییە كە توانای چارەسەری نییە”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دەرەوە و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەش كرد، سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی توركیا.

سەحاف دەڵێت”ئێمە جەخت لەسەر بنەما دەستورییەكان دەكەین كە نابێت خاكی عیراق بكرێتە ڕێڕەو بۆ دەستدرێژكردنە سەر وڵاتانی دراوسی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیدەكەینەوە خاكی عیراق بكرێتە شانۆ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان “.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا هێرشێكیان لەسەر سنوری عیراق ئەنجامدا و لە ئاكامدا پێنج كەس شەهیدبوون كە چەند فەرماندەیەكی پاسەوانی سنوری عیراق لەنێوانیاندا بوو.

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، ئیدانەی هێرشەكەی توركیای كرد بۆسەر ناوچەی سیدەكان لە هەرێمی كوردستان و بە پێشێلكارییەكی مەترسیدار بۆسەر سەروەریی خاكی عیراق ناوی برد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ملیۆنێك كرێكاری بیانی لە عیراقدا هەیە

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بە بوونی ملیۆنێك كرێكاری بیانی دەكات لە عیراق، جەختیش لەسەر چاوخشاندنەوە بە ژمارەی كرێكارانی بیانی و سودوەرگرتن لە دەستی كاریی ناوخۆ دەكاتەوە.

فازڵ فەتلاوی ئەندامی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”خۆپیشاندان مافێكی شیاوی هەموو عیراقییەكانە بۆ دەستخستنی هەلی كار و دامەزراندن لە فەرمانگە و دامەزراوەكانی دەوڵەت و كەرتی تایبەت”، داواشی لە حكومەت كرد، گوێ‌ بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران بگرێت و بەدەم داخوازییەكانیانیەوە بچێت.

بە وتەی فەتلاوی”ملیۆنێك كرێكاری بیانی هەن لەو كۆمپانیایانەدا كاردەكەن لە عیراق، بە كۆمپانیا نەوتییەكانيشەوە”، ئاماژەی بە 90%ی كرێكارانی بیانيش كرد كە لە كۆمپانیا نەوتییەكاندا لە عیراق كاردەكەن و فرە نەژادن.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت”ئەوان كاردەكەن بۆ داڕشتنی یاسایەك كە خزمەت بە هاووڵاتی بكات، لەڕێی بەگەڕخستنی كەرتی تایبەت و زامنكردنی مافی كارمەندان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچوان و بێكاران، وێڕای چاوخشاندنەوە بە ژمارەی كرێكارە بیانییەكان لە وڵاتدا”.

بڵاوبوونەوەی بێكاریی لەنێوان عیراقییەكاندا، هەزاران كەسی لە تشرینی یەكەمی 2019وە ناچاركردووە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەرببڕێت سازبكەن و داوای هەلی كار و خزمەتگوزاریی و چاكسازیی بكەن لە وڵاتدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

كۆمكاریی عەرەبیش لەسەر بۆردومانەكەی سیدەكان هاتەدەنگ

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی كۆمكاریی عەرەبی، پشتیوانی خۆی بۆ هەر جموجۆڵێك دەردەبڕێت كە لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی”دەستدرێژییەكانی توركیا”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی كۆمكاریی عەرەبییەوە بڵاوكرایەوە”بە توندی ئیدانەی بۆردومانەكانی توركیا دەكەین كە لە 11ی ئەم مانگە كرانە سەر ناوچەی سیدەكان لەسەر سنورەكانی توركیا عیراق و بونە مایەی شەهیدبوونی دوو ئەفسەر و سەربازێكی هێزە چەكدارەكانی عیراق و برینداربوونی ژمارەیەك مەدەنی بێتاوان”.

بە وتەی ئەبو غەیت”ئەو كارەی توركیا پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی عیراق و بنەما و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێتییە”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ڕێكخراوی كۆمكاریی عەرەبی ڕایگەیاند، پشتیوانی لە هەر جموجۆڵێكی حكومەتی عیراق دەكەن لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییە سەربازییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عیراق و لەپێناو پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیریی عیراق.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان