ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهان

“لە ئێرانەوە 22 مووشەك تەقێنراوە، بەڵام شوێنی 11 مووشەك دیارە”

لوقمان غەفوور

ئەمڕۆ 8ی جێنیوەری، ئەمریكا ئەو وێنانەی بنكەی سەربازیی (عەین ئەسەد)ی بڵاوكردەوە كە لەڕێگەی مانگی دەستكردەوە گیراون زیانی ماددی بەركەوتووە.

شەوی ڕابردوو ئێران 10 مووشەكی شەهاب 2ی ئاڕاستەی بنكەی سەربازی عەین ئەسەد كرد كە 100 مایل لە بەغداوە دووەرە. مووشەكی شەهاب 2 دەتوانێت لەدووری 500 كیلۆمەتر ئامانجەكانی بپێكێت.

هەروەها بەپێی سەرچاوەیەكی پنتاگۆن كە بۆ ڕۆژنامەی ستریتس سترەیپس دواوە، ئێران پێنج مووشەكی فاتح 110 ی ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی پایتەختی هەرێمی كوردستان كردووە كە بنكەیەكی سەربازی ئەمریكی لێیە، بەڵام بەهۆی پێشكەوتوویی سیستمی بەرگری لەوێ تەنیا یەك مووشەك كەوتووەتەوە و تێكڕای مووشەكەكانی تر لە ئاسمانی عیراقدا پووچەڵكراونەتەوە.

وێڕای ئەوەی لەهەردوو ڕووداوەكە هیچ كەس بریندار نەبووە، بەڵام لە عەین ئەسەد زیانی ماددی بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازەكان گەیاندووە.

لەدوای هێرشەكە تاڕادەیەك دیموكراتییەكانیش باوەڕییان بەوە هێناوە كە ئێران بووەتە ترس بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، جۆن گرامێندی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە دیموكراتەكان لە لێدوانێكیدا بۆ سی ئێن ئێن وتی: “ئێستا لە دۆخێكداین، كە پێویستە لە گەڵ سەرۆك گفتوگۆ بكەین، ئەگەر وابێت گرژییەكان ڕوو لەهەڵكشان دەكات، پێویستە سەرۆك بێتە كۆنگرێس و ئەمریكا بەفەڕمی جەنگ ڕابگەیەنێت”.

هەروەها سیناتۆر كریس مۆرفی لەبەرنامەیەكی سی ئێن ئێن جەختی لەوەكردەوە:”كەپێویستە لەوەبگەین كە كوشتنی قاسم سولەیمانی چەند پێویست بووە و بۆ ئەوەش پێویستە سەرۆك بێتە كۆنگرێس بۆ ئەندامانی ڕوونبكاتەوە كە ئەو ڕێگرییە خراپە لەبەردەركی ئەمریكا كۆتایی هات و پێویستە ئیتر شەڕ لەگەڵ ئێران كۆتایی پێ بهێنین”.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 8ی جێنیوەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لەئێران كرد لێرەدا بوەستێت لەبەرئەوەی تا ئێستا ئێران ڕووبەڕووی سزای ئابووری بووەتەوە لەسەر ڕەفتارەكانی، با سزای سەربازیشی نەچێتەسەر لەسەر كردەوە دوژمنكارانەكانی.

سەرۆك ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە كۆشكی سپی جەختی لەوەكردەوە ئاشتی و ئارامی بەردەوامی نابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەو سەركێشیانە. وتیشی:”پێویستە لەسەر دنیا بزانێت كە پەیامێكی ئاشكرامان هەیە بۆ ئێران كە رێگەی پێنادرێت لە هەڵمەتی تیرۆر و كوشتن و فەوزا”.

عادل عەبدولمەهدی نەیشاردەوە كە پێشتر لەیەن ئێرانەوە ئاگاداركراونەتەوە لە هێرشەكە، بۆیە پێدەچێت وەزارەتی بەرگری عیراق بە هێرشەكەی ئێرانی زانیبێت و هەواڵەكەی گەیاندبێتە سەربازانی ناو بنكەكە چونكە نەك تەنیا سەربازی ئەمریكی بەڵكو سەربازی عیراقی و فنلەندا و لیتوانیا-شی تێدایە.

سەرچاوەیەك لەبنكەی سەربازيی عەین ئەسەد بە لۆس ئەنجلس تایم-ی راگەیاندووە كە چەند كاتژمێرێك پێشتر ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام دڵنایی نەدا لەوەی كە سەربازە فینلەندی و لیتوانی-یەكانیش ئاگاداركراونەتەوە یان نا. وتوشیەتی: “سەربازە ئەمركییەكان كاتژمێرێك پێشتر زەنگی ئاگاداركردنەوەیان لێدا كە هێرش دەكرێت، بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمان بوو”.

پەیامنێری ئەی بی سی لە تارانەوە چەند كاتژمێرێك پاش هێرشەكە ئەوەی ڕاگەیاند كە بەرپرسە ئێرانییەكان ڕایانگەیاندووە كە 22 مووشەكیان دەقاندووە ڕووەو عیراق، پەیامنێرەكە وتیشی: “ئەوەی دیارە تەنیا شوێنی 11 مووشەك ئاشكرایە و چواریش لەئاسمانی كوردستان -باكووری عیراق پووچەڵكراوەتەوە و 7 مووشەكیان لەئاسمانی ئێراندا رێرەوەكەی گۆڕدراوە و نەگەیشتۆتە ناو خاكی عیراق”.

هەروەها ئیلان گۆلدنبێرگ، بەڕێوەبەری بەرنامەی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری ئاسایشی ئەمریكی پێیوایە ئێران ئومێدی خواستووە كە زیانی گیانی نەبێت جا ئیتر هەواڵگری ئەمریكی كارەكەی بۆ ئاسان كردبێت یان هەواڵگری عیراقی كارێكی باشیان كردووە ئێرانیان لەشەڕێكی قورس دوور خستەوە.

بیكاسۆ فاستەر شیكاری سیاسی دەركەوتوو لە Rand Corporation بە تایم-ی ڕاگەیاندووە، ئیران گەیشتە هێلێ سوور، بەڵام نەهێڵرا زیانی گیانی ببێت. وتیشی:”نكۆڵی لەسەركەوتوویی سیستمی بەرگری ئەمریكی ناكرێت و دەبێت ئەوەش بزانین پێكانی هیچ ئامانجێك لە مووشەكباراندا 100% نییە، بەڵام هەواڵگری ڕۆڵی سەرەكی بینیوە لەم پڕۆسەیە”.

سەرەڕای ئەوەی لە پەیامەكەیدا دۆناڵد ترەمپ كە هاوڕی هەریەك لە جێگری سەرۆكی ئەمریكا و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای لەگەڵ بوو، وایدەرخست بەهۆی نەبوونی زیانی گیانی، ئەمریكا وەڵامی نابێت، بەڵام داوای لە وڵاتانی ناتۆ كرد كە هێزەكانیان زیاتر بڵاوكەنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەشێك لە شیكەرەوانی سیاسی لە میدیاكانی ئەمریكا وایدەبینن ئێران بێتە ناو گفتوگۆوە و دەست لە هەندێك كاری لەناو عیراق و لوبنان و یەمەن هەڵگرێت لە پێناو مانەوەی ڕژێمەكە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەكردەوە كە ئێران نابێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی.

ئەم پەرچەكردارەی ئێران لەئاكامی كوشتنی قاسم سولەیمانی دێت. نیوەشەوی هەینی 3ی جێنیوەرەی سێ مووشەك فڕۆكەخانەی بەغدای هەژاند، كە بووە هۆی كوژرانی 7 بەرپرسی عیراقی و ئێرانی لەنێو كوژراوەكاندا، قاسم سولەیمانی بەرپرسی سوپای قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندس جێگری فەرماندەی گشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی تێدابوو.

ك.ج

جیهان

چین ژمارەیەكی نوێی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕادەگەیەنێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی چین، ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگەیەنن و ئاماژە بە بەرزبوونەوەی قوربانیانی نەخۆشییەكە دەكەن بۆ 2236 كەس، وێڕای تۆماركردنی 75465 حاڵەتی توشبوون لە وڵاتەكەدا.

ئەمڕۆ هەینی لیژنەی تەندروستی نیشتمانی لە چین لە بەیاننامەیەكیدا ڕایگەیاند”بەپێی لیژنەی كاروباری تەندروستی لە 31 ناوچەی جیاجیا، ئاماژە بە توشبوونی 75 هەزار و 465 كەس دەكرێت، لەكاتێكدا 54 هەزار و 965 نەخۆشیان هەیە كە لەنێوانیاندا (11 هەزار و 633 كەسیان لە بارێكی خراپدان)، 2236 كەسی تریش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا 18 هەزار و 264 كەسی تر لەپاش چاكبوونەوە، نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە”.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە كە لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا تۆماركراون، 889 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ لە تێكڕای ناوچەكانی چین دۆزراونەتەوە، 2109 كەسیش لە نەخۆشخانەكان چونەتەدەرەوە، 118 كەسیش گیانیان لەدەستداوە (115 كەسیان دانیشتوونی هەرێمی هۆبین).

لای خۆیەوە تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە كۆنفرانفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە جنێڤ ڕایگەیاند”كەمبوونەوەیەكی بەردەوام هەیە لە حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین كە بە هاندەر دادەنرێت، بەڵام هێشتا زووە بزانرێت ئەم كەمبوونەوەیە بەردەوام دەبێت یان نا”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

ڤایرۆسی كۆرۆنا چی له‌ ئێران ده‌كات؟! كه‌سێك له‌ سنه‌، به‌گومانی تووشبوون گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌

خەڵک ـ لوقمان غه‌فوور

له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا ئێران ده‌یان لێدوانی دژ به‌یه‌كی داوه‌ له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا covid-19 ، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ناڕه‌زایی زیاتری خه‌ڵك دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمی ئێران.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌ نهێنییه‌ی دكتۆر قاسم جان بابایی بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستی و خوێندنی پزیشكی، كه‌ 8 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێرانی ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌ بوونی 35 حاڵه‌تی كۆرۆنا له‌ ئێران و مردنی 4 كه‌س. هه‌رچه‌نده‌ میدیاكانی ئێران ئه‌م نامه‌یه‌ به‌ ساخته‌ ده‌زانن به‌ڵام ئاماره‌كانی ئه‌م دوو رۆژه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن.

به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌پێی رۆژنامه‌ی زه‌ واشنگتۆن پۆست، وڵاتی كوه‌یت سه‌رجه‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران راگرتووه‌ و نوسینگه‌ی هه‌رێمایه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی سه‌ر به‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی توندیان كردووه‌ به‌ به‌رپرسانی ئێرانه‌وه‌ و ئه‌و گازه‌نده‌یه‌شیان گه‌یاندووه‌ كه‌ حاڵه‌ته‌كانیان چه‌ند رۆژێكه‌ شاردۆته‌وه‌.

زه‌ واشنگتۆن پۆست باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌م لێدوانه‌ی به‌رپرسانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێران به‌ره‌سمی رۆژی 20 فێبریوه‌ری، سێ حاڵه‌تی تووشبووی راگه‌یاند كه‌ دوانیان له‌ شاری قوم و ئه‌وه‌ی تریان له‌ شار عراق –ه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئێران.

به‌ڵام میدیای ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ده‌یگه‌یننه‌ میدیا نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان زۆر جیاوازه‌. رۆژنامه‌ی هێڵ ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ژن و پیاوێك له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ شاری قوم رۆژی 19ی فێبریوه‌ری له‌شاری بابۆل له‌ كه‌رتی مازانده‌ران دوای ئه‌وه‌ی گومانی تووشبوونیان لێكراوه‌ گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها هێل نوسیویه‌تی دكتۆر ره‌زا كوتشكینیا و جافید غولام زاده‌ كه‌ دوو كه‌سایه‌تی دیاری ئێرانین گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ره‌سمی ئێرانیش ئه‌وه‌ی پشتراستكردۆته‌وه‌.

به‌پێی میدیای ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی له‌ ئه‌مریكا ئه‌مانه‌ رویداوه‌: (دوو نه‌خۆش گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ به‌شی فریاگوزاری تاران، كه‌سێك له‌هه‌مه‌دان له‌ خۆرئاوای ئێران تووشبووه‌، له‌ شاری ئیلان له‌ خۆرئاوای ئێران كه‌سێك و له‌ شاری رشت له‌ باكوری ئێران دوو كه‌س و هه‌شت كه‌سیش له‌ شاری له‌هیجان له‌ باكوری ئێران به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا مردوون).

هه‌روه‌ها به‌پێی ئێران وایه‌رلاین سێ كه‌س به‌ گومانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی یاسوگ له‌ باشوری ئێران و كه‌سێكیش له‌شاری سنه‌ له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان به‌ گومانی هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی سنه‌.

هه‌روه‌ها رێكخراوی ئێران ئینته‌رناشنال راگه‌یاندووه‌ كه‌ تا ئێستا 8 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كامكار – ئارابینا له‌شاری قوم گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌هه‌مان نه‌خۆشخانه‌ دوو كارمه‌ندی ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌كه‌ش له‌ به‌شی چاودێری ورد له‌ژێر پشكنیندان به‌هۆی تووشبوونه‌وه‌. ئێران ئینته‌رناشناڵ نوسیویه‌تی:” رۆژی 20ی فێبریوه‌ری-ش ژنێك له‌ قوم گیانی له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌”.

له‌شاری ماسالا له‌ كه‌رتی گیلان هاووڵاتیان رێگرییان كردووه‌ له‌ گه‌یاندنی دوو كه‌سی تووشبوو بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ریساله‌ له‌ شاره‌كه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ داوای كردووه‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دابینبكه‌ن. دواتر پۆلیس و كه‌سانی سه‌ر به‌ ئیتلاعات به‌ربه‌سته‌كه‌یان شكاندووه‌.

ئاژانسی رۆیته‌ر نوسیویەتی، ئێران، فرۆكه‌یه‌كی ئاماده‌كراویی به‌ تیمێكی پزیشكییه‌وه‌ ئاراسته‌ی چین كردووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 70 خوێندكاره‌ی كه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ له‌سنوورێكی داخراوی كه‌رتی هێبی ماونه‌ته‌وه‌ و توانای ده‌رچوونیان نه‌بووه‌.

عه‌باس موسه‌وی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئامانجه‌كه‌ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و 70 خوێندكاره‌یه‌ كه‌ له‌ چین ئه‌خوێنن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گله‌یی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌، تائێستا گه‌شتی ئاسمانی نێوان چین و ئێران به‌رده‌وامه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ زیاتر ئه‌كات له‌ناو خاكی ئێراندا.

به‌پێی دواهه‌مین ئاماری ئه‌مڕۆ 21ی فێبریوه‌ری، ژماره‌ی مردن له‌ جیهاندا گه‌یشتۆته‌ 2 هه‌زار 247 كه‌س و تووشبوانیش گه‌یشتۆته‌ 76 هه‌زار و 716 كه‌س.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

ئەمریكا: بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی سعودیە دەكەین

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی سعودیە دەكات.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە دوای گەیشتنی بۆ وڵاتی سعودیە و پێشوازی لێی كردنی لەلایەن لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتەوە، لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی سعودیە دەكات.

پۆمپیۆ ئەوەشیخستووەتەڕوو، سەردانەكەی بۆ سعودیە لە پێناو جەختكردنەوەیە لەسەر هاوكاری و پەیوەندی بەهێزی نێوان واشنتۆن و ڕیاز و لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕوونیكردووتەوە، لەو سەردانەیدا كۆمەڵێك چاوپێكەوتن لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای سعودیە ئەنجام دەدات بە مەبەستی تاووتوێكردنی دواین پێشهاتەكانی ناوچەی كەنداو و پرسی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و كاریگەرییەكانی ئەو ئاڵۆزییانەش لەسەر سەقامگیری ناوچەكە بە گشتی.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان