ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لە ساڵێكدا ٢٠ بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی ئێران گیانیان لە دەستداوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٢٠ بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە، كە ٢٥٪ی ئەو ڕێژەیە لە ژێر ئەشكەنجەدا كوژراون.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ئامارێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ڕابردوودا 20 بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە، كە چوار كەس لەوانە لەو كەسانە بوون، كە لە خۆپێشاندانەكانی پاییزی ئەمساڵ دەستبەسەركران و دواتر لەژێر ئەشكەنجە گیانیان لەدەستداوە.

جیاكردنەوە بە پێی تۆمەتەكان:
چالاكانی سیاسی و مەدەنی: ٤ كەس
ماددە سڕكەرەكان و قاچاخ: ٨ كەس
كوشتنی ئەنقەست: ٣ كەس
بەندكراوی ئاسایی: ٤ كەس
نادیار: ١ كەس

هۆكاری گیان لەدەستدان:
ئەشكەنجە: ٦ حاڵەت
پێڕانەگیشتنی پزیشكی و درەنگ گەیاندن بە ناوەندە دەرمانییەكان: ٩ حاڵەت
خۆكوشتن: ٢ حاڵەت
تەقەكردن لەكاتی دەستبەسەركردن: ١ حاڵەت
مردنی گوماناوی: ١ حاڵەت
كەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە: ١ حاڵەت

جیا كردنەوە بە پێی پارێزگاكان:
زیاترین بەندكراوەكان لە بەندیخانەكانی پارێزگای ورمێ و بەتایبەت بەندیخانەی ناوەندیی شارەكە گیانیان لە دەست داوە.
پارێزگای ورمێ : ١٢ حاڵەت
پارێزگای سنە: ٥ حاڵەت
پارێزگای كرماشان: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ١ حاڵەت

کوردستان

پەڕلەمانی كوردستان؛ هۆشداری سەڕهەڵدانەوەی داعش دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، جموجۆڵەكانی چەكدارانی داعش لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیادی كردووە و دەزگا ئەمنییەكانیش وەك پێویست نەیانتوانیوە بەكاری خۆیان هەڵسن لەپێناوپاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییاندا.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كەوێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە پێویستە هەرچی زووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، دەزگا ئەمنییەكانی ئەو ناوچانەش لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بكەن و تاوانبارانیش بەسزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەیەنن.

ڕاگەیەندراوی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەڕلەمانی كوردستان:

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو جموجۆڵەكانی چەكدارانی داعش لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا زیادی كردووەو دەزگا ئەمنییەكانیش وەك پێویست نەیانتوانیوە بەكاری خۆیان هەڵسن لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییاندا. ئێمە وەكو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان بەنیگەرانییەكی قووڵەوە لەو ڕووداوانە دەڕوانین و پرسەو سەرەخۆشیی خۆشمان ئاراستەی كەس و كاری ئەو شەهیدانە دەكەین كە بوونە قوربانیی دەستی ئەم گرووپە تیرۆریستانە.
لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە پێویستە هەرچی زووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، دەزگا ئەمنییەكانی ئەو ناوچانەش لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بكەن و تاوانبارانیش بەسزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەیەنن.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەرلەمان
١٩ی شوباتی ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا دوو شۆفێر بریندار بوون

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی كۆیە ڕایدەگەیەنێت، كە بەهۆی ڕووداوێكی هاتووچۆوە لەسەر ڕێگەی كۆیە- هەولێر دوو شۆفێر بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆ لەڕێگای كۆیە- ھەولێر ڕووداوێكــی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلــی ئۆپل تەكسی و ئۆتۆمبێل تۆیۆتا یارس ڕوویدا.

ڕاشیگەیاند، كە لەئەنجامی ڕووداوەكە ھەردوو شوفێرەكە بریندار بوون.

ئاشكراشی كردووە، هۆكاری ڕووداوەكە تێپەڕاندنی هەڵە بووە لە شوێنێكی نەدیو، ئەوەش ئەو كارەساتەی ناوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاوسەرۆكانی یەكێتی جێگریان دەبێت؟
سكرتاریەتێك بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دیاری دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سێ كۆبوونەوەی دیكەمان ماوە بۆ كۆتایی هێنان بە پڕۆگرامی یەكێتی، دەشڵێت: “سكرتاریەتێك بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێت، كە لە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر پێكدێت”.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كاری كۆبوونەوەكان نزیكە لە كۆتایی و پەیڕەو پەسەند كرا و ئێستا سەرقاڵی پڕۆگرامین بۆ یەكێتی و دەستمان كردووە بە هەڵبژاردنی لێپرسراویەتیەكان، كە لە سەرەوە دەستمان پێكردووە.

وتیشی، “جگە لە هاوسەرۆك بۆ یەكێتی، كە دوێنێ‌ هەڵبژێردران، پێنج كارگێڕیان دەبێت و ئەوانیش هەڵبدەبژێردرێن و دواتر پۆستەكانی دیكە هەڵدەبژێردرێن، كە بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی سكرتاریەتێك دیاری دەكرێت، كە لە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر پێكدێت”.

ڕاشیگەیاند، هەموو كارەكانی كۆبوونەوەكان بە باشی بەڕێوەدەچن و هیچ كێشەیەك نیە و پڕۆگرامەكانی حزب خەریكە لە كۆتایی نزیك دەبنەوە و پێم وایە دوو بۆ سێ كۆبوونەوەی دیكە كارەكانی تەواو دەبێت.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە زۆرینەی ڕەهای دەنگەكانی هەریەك لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژارد، كە جێگریان نابێت، بەڵكو 5 كارگێڕ هەڵدەبژێردرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان