ئەردۆغان: كلچدار ئۆغلۆ لەقەندیلەوە سڵاوی بۆ دێت



ئەردۆغان: “كاك كەمال لە قەندیلەوە سڵاوی بۆ دێت، پێی دەڵێن ‘پێكەوە هەنگاو دەنێین’ ”

سەرۆك كۆماری توركیا و بەربژێری هاوپەیمانی كۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لەچوارچێوەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا لەهێرشەكانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و كورد بەردەوامە، دەڵێت”كاك كەمال لە قەندیلەوە سڵاوی بۆ دێت، پێی دەڵێن ‘پێكەوە هەنگاو دەنێین’ ”

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: “بوومەلەرزەكانی ٦ی شوبات لە تیرەیەكی ٥٠٠ كیلۆمەتریدا، كاریگەریی كردە سەر ١٤ ملیۆن كەس، ٨٩٥ هەزار یەكەی سەربەخۆی لە ٣١٣ هەزار بینادا بەشێوەیەك لێكرد كە كەڵكیان نەمێنێت بۆ ئەوەی ژیانی تێیاندا بەسەر ببرێت”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان بە هاوەڵی هەریەك لە سەرۆكی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی و سەرۆكی گشتیی بەبەپە، مستەفا دەستیجی بەشداریی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی یەكەكانی نیشتەجێبوونی كارەسات و رادەستكردنی كلیلی یەكەكانی نیشتەجێبوونی كۆمەڵایەتی، كرد و گوتارێكی پێشكەشكرد.

ئەردۆغان دەڵێت: “بوومەلەرزە دەتوانێت بیناكانمان بڕوخێنێت، گیان لەدەستدانی لێبكەوێتەوە، بەڵام هیچ شتێك ناتوانێت باوەڕمان لێ بستێنێت، رێگریی بنیاتنانی توركیای سەدەمان لێبكات”.

راشیگەیاند: “زیانبەركەوتووانی بوومەلەرزە چاوەڕوانن ئەو گرفتانەی كارەساتەكە درووستیكردووە چارەسەر بكرێت. وەك هاوپەیمانیی جمهور سوورین لەسەر ئەوەی بێئومێد نەبن”.

هەروەها سەبارەت بە پرۆژەی درووستكردنی نۆكەندی ئیستانبوڵ، سەرۆك كۆماری توركیا، رەخنەی لە سەرۆكی گشتیی جەهەپە، كەمال كلچدارئۆغڵو گرت “ئێستا دەیانەوێت رێگریی لە (نۆكەندی) ئیستانبوڵ بكەن. كاك كەمال ناتوانیت ئەوە بكەیت”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوام بوو لە رەخنەكانی لە سەرۆكی گشتیی جەهەپە و رایگەیاند: “كاك كەمال لە قەندیلەوە سڵاوی بۆ دێت، پێی دەڵێن ‘پێكەوە هەنگاو دەنێین’. هەنگاو بنێن، با بزانین تا كوێ دەچن”.

راشیگەیاند “ئەوانەی كە تاكە دەستكەوتیان لە ئیدارەدانی وڵات، توركیای بێچارەی سەردەمی هاوپەیمانییە، ناتوانن لەوە تێبگەن كە بە چەند مانگێك نەخۆشخانەیەك دروستدەكەین”.

بەپێی نوێترین ڕاپرسی بۆ هەڵبژاردنەکانی چواردەی ئایاری 2023 لە توركیا بەربژێری ئۆپۆزسیۆن کەمال کلچدار ئۆغلۆ لەپێش بەربژێری دەسەڵات ڕەجەب تەیب‌‌ ئۆردۆغانەوەیە.

بەپێی ئەو راپرسییە كەمال كلچدار ئۆغلۆ 51٪ی دەنگەكان و رەجەب تەیب ئۆردۆغان 42٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.

پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
پێشت پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
ئەو منداڵەی لە كۆبانێ‌ كەوتە ناو بیرەوە گیانی لەدەستدا
دواتر ئەو منداڵەی لە كۆبانێ‌ كەوتە ناو بیرەوە گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار