ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

سیناتۆرەكان بەشدارینەكردنی كورد و سوننەیان پێ باش بووە
دوور نییە ئەنجومەنی پیران “ڕیفراندۆمی كوردستان” زیندووبكاتەوە

لوقمان غەفوور

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕۆژی 5ی جێنیوەری 2020 پاڵپشتی ئەو بڕیارەی كرد كە دەڵێت:”حكومەت پابەندە بە ڕەتكردنەوەی هاوكارییە لۆجستییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی داعش، بەهۆی كۆتایی هێنانی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی و ڕاگەیاندنی سەركەوتن. هەروەها لەسەر حكومەتی عیراق پێویستە كۆتایی بهێنێت بە هەموو هێزێكی بیانی لەسەر خاكی عیراق و ڕێگری بكات لەبەكارهێنانی زەوی و ئاسمانی و ئاوەكەی بە هەر هۆیەك بێت”.

بەڵام، نیویۆرك تایمز لە ڕاپۆرتێكدا باس لەوە دەكات ئەم بڕیارە حكومەت پابەند ناكات، چونكە بڕیاری پەرلەمان جیاوازە لە یاسا. لەهەمانكاتدا هێزەكانی ناتۆ دوێنێ 4 جینیوەری كارەكانی خۆی بۆ وەزارەتی بەرگری و سوپای عیراق ڕاگرت، بەھۆی ئاڵۆزی دۆخی عیراقەوە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی كاربەڕێكەری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كرد كە هێزە بیانییەكان لە وڵاتەكەی بچنە دەرەوە “بەخێرایی” بەوپێیەی ئەوە باشترین بژاردەیانە بۆ چاككردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا.

عەبدولمەهدی لە وتەكەیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانانی دژی چەكدارانی داعش و ڕاهێنانی هێزە عیراقییەكانی ڕاگرت.
كۆوبونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی 170 ئەندام بوو، بە ئامادەنەبوونی كوتلەی كوردستانی و سوننەكان.

هەر لەم ڕووەوە ماركۆ ڕۆبیو ئەندامی ئەنجومەنی پیران لەسەر ویلایەتی فلۆریدا لە سێ تویتی جودادا باسی لەوەكرد كە شتێكی گرنگە كوتلەی كوردستانی و سوننە بەشدارییان نەكردووە لە كۆبوونەوەكە، دەشڵێت: “ئەگەر ئەمە ڕاست بێت كەواتە ئەمە تەنیا ئەوە پیشانی ئەمریكا نادات كە لەبوونی ئەمریكادا دابەشكاری مەزهەبی و نەتەوەیی هەیە بەڵكو نیشانەی تەواونەكردنی ڕێژەی یاساییە”.

دوابەدوای ئەوە لە تویتێكی تردا باسی لەوەكردووە و دەڵێت: “ئەوەی ئێمە لێرە بیستمانەوە و باس دەكرێت كە سوننە و كوردەكان بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكردووە كە رێژەی یاسایی دەنگ گرنگە بۆ شیعەكان. بەڵام لای ئێمە ئاشكرا نییە كە ئایا ئەمە بەڕێككەوتنی هەردوولا بووە یان ڕێكەوتە”.

ئەو تویتەی بووەتە جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە نووسیویەتی:”ڕەنگە ئێستا كاتی تەواوی سەربەخۆیی كوردستان بێت، ئەوەی كە ئێستا لە باكووری عیراقە”.
سیناتۆر مایك بڕاون ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتی ئیندیانە لە لێدوانێكیدا بۆ سان فرانسیسكۆ كرۆنیكل دەڵێت: “بەشدارینەكردنی كورد و سوننە هەڵوێستیان لە عیراق بەهێز دەكات و ئەوان عیراق لەژێر دەستی ئێران دەردەهێنن”.

ئەم ڕووداوە كە بۆ عیراقییەكان خراپە وای لە سەركردە و دیپلۆتە ئەمریكییەكان كردووە كە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر شیعەی عیراق بەتەواوی بگۆڕن دیڤد پێترایۆس كە یەكێكە لەو سەركردە سەربازییانەی ساڵانێكی زۆر لەعیراق سەركردایەتی سوپای ئەمریكای كردووە و پێشتریش بەرپرسی سی ئای ئەی بووە بۆ ئێن پی ئاڕ دەڵێت:”زیادەڕۆیی تیا نییە گەورەترین دەستكەوتە بۆ ئەمریكا، كوشتنی قاسم سولەیمانی، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئێران چی لەدەست دێت، تاكە شت هەرئەوەیە هەندێك چالاكی بچووك بە بریكارەكانی بكات”.

دەشڵێت:”هەڵوێستی ئیران بەهێز نییە بەهۆی ئەو ئابڵوقەیەی كە لەسەریەتی و دۆخێكی خراپی ئابووری هەیە بۆیە ئەوەشی پێشتر لەناوچەكە كردوویەتی بە هەوڵی قاسم سولەیمانی بووە، بۆیە لە غیابی ئەودا دەزانێت بووونی لاوازتر دەبێت”.
نایشارێتەوە كە “گرژی و ئاڵۆزییەكان لەوە زیاتر ناكەن و هەر زیاد بوونێكیش بەخۆیەوە ببینێت ئەوە زیانی ئێرانە”.

ڕۆژنامەی ستارتربیون-یش لەڕاپۆرتێكدا باس لەوەدەكات هەموو تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە ناو ئەنجومەنی عیراقەوە كردی كە دوای كۆتایی هێنانی بەكارەكانی ئەمریكا هێنا لەعیراق. سەرچاوەیەك لە كۆشكی سپی بە ڕۆژنامەكەی وتووە: ئەمریكا لەسەر داوای ئێران نەچووەتە عیراق تا لەسەر داوای ئێران بچێتە دەرەوە.

مایكل دۆران كە پێشتر كارمەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و كاری بۆ وەزارەتی دەرەوە و بەرگری كردووە لە وتارێكدا لە واشتنتۆن پۆست نووسیویەتی، دۆناڵد ترەمپ دەوێت نەخشەی عیراق بگۆڕێت و نایەوێت وەك ئێستا بمێنێتەوە. كوشتنی سولەیمانی كۆتاییهێنانە بە شوێنپێی سیاسەتی پێشووی ئۆباما و گێڕانەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عیراق.

كۆی ڕووداوەكانیش لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی دێت، سولەیمانی بەرپرسی فەیلەقی قودس-ی پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری بەرپرسی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەوی 2ی جێنیوەری بەكاتی ئەمریكا و 3ی جێنیوەری بەكاتی بەغدا لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە، لەبەردەم فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بەبڕیاری سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كوژرا.

عێراق

كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ دەستپێدەكاتەوە؟

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی‌ عیراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان، كە ئەگەر پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی نەبن بڕیاری كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ ڕادەگەیەنن.

ڕیاز حەلفی،‌ بەڕێوەبەری‌ تەندروستی‌ گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، بەهۆی‌ پێشێلكردنی‌ مەرجەكانی‌ خۆپارێزی‌ لەلایەن هاووڵاتیانەوە، ژمارەی‌ توشبووانی‌ ڕۆژانە چوار هەزار حاڵەتی‌ تێپەڕاندووە.

دەشڵێت: “تەنها 20%ی‌ هاووڵاتیان دەمامك بەكاردەهێنن و پابەندن بە ڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو ڕێكارانەی وەزارەت دەیانگرێتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە فراوان دەكرێن لەڕێگەی زیادكردنی بێدی نەخۆشخانەكان و بنیاتنانی باڵەخانەی نەخۆشخانە لە بەغدا و پارێزگاكان.

ڕاشیگەیاندووە، لە ڕۆژانی‌ داهاتوودا وەزارەت لە نزیكەوە چاودێری‌ كۆبوونەوەی‌ هاووڵاتیان و ئاستی‌ پابەندبوونیان بە ڕێنماییەكانەوە دەكات.

جەختیشی كردەوە، لەحاڵەتێكدا ژمارەی‌ توشبووان بە ڤایرۆسەكە بەرزبووەوە وەزارەت بەرەو كەرەنتینە و قەدەغەكردنی‌ هاتووچۆ هەنگاو دەنێت.

ئاشكراشی كرد، ئەگەر ژمارەی‌ توشبووان وەك ئێستا مایەوە، ئەوە مانای‌ وایە كۆمەڵگە بەرگرییەكی‌ بەهێزی‌ هەیە و ئەوەش خواستی‌ ئەوانە و دەخوازن بەو شێوەیە بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق، ڕێژەی چاكبوونەوە لە پەتای كۆرۆنا 80%یە

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق، سێ‌ پەرەسەندنی ئەرێنی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە عیراقدا ڕادەگەیەنێت.

ئەحمەد موللا تەڵاڵ وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”وەزیری تەندروستی پێی ڕاگەیاندوون كە ڕێژەی چاكبوونەوە لە پەتای كۆرۆنا گەیشتۆتە نزیكەی 80%”.

بە وتەی موللا تەڵاڵ”ڕێژەی مردن بە كۆرۆنا بۆ 2.7%دا دابەزیوە، وەزارەتی تەندروستیش ڕێكەوتنی كردووە بۆ وەرگرتنی 20%ی پێداویستی عیراق لە ڤاكسینی كۆرۆنا لە حاڵەتی پەسەندكردنی لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی”.

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق، پێشبینی كرد ژمارەی تووشبوان بە كۆرۆنا لەگەڵ هاتنەبەری وەرزی پایز، ڕوو لە زیادبوون بكات، داواشی لە هاووڵاتیان كرد، هەموو ڕێكارەكانی خۆپارێزی بگرنەبەر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق و هەرێم، زیاتر لە 4700 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عیراق 4724 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەعیراقدا ڕادەگەیەنێت و ئاماژە چاكبوونەوەی 3682 كەسیش دەكات كە نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 4724 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ لە تێكڕای پارێزگەكانی عیراقدا تۆماركران، لەگەڵ ئەمەشدا 3682 حاڵەتی چاكبوونەوەش لە هەمان ماوەدا تۆماركراوە.

بەپێی ئامارەكان، بەغدا زۆرترین ژمارەی مردن و تووشبوانی تۆماركردووە، و پاشان پارێزگەی واست لە پلەی دووەمدایە كە 430 كەس تووشی كۆرۆنا بوون.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقدا هاتووە،” تۆماركردنی حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا بەسەر زۆرێك لە پارێزگەكاندا دابەشبوون كە بەمشێوەیەن: بەغدا ڕەسافە: 440 حاڵەت، مەدینە توب: 87 حاڵەت، بەغدا كەرخ: 938 حاڵەت، بەسرە: 389 حاڵەت، نەجەف: 175 حاڵەت، سلێمانی: 173 حاڵەت، هەولێر: 110 حاڵەت، كەركوك: 161 حاڵەت، دهۆك: 353 حاڵەت، كەربەلا: 120 حاڵەت، واست: 430 حاڵەت، دیالە: 89 حاڵەت، میسان: 170 حاڵەت، زیقار: 289 حاڵەت، ئەنبار: 26 حاڵەت، بابل: 131 حاڵەت، سەڵاحەدین: 211 حاڵەت، نەینەوا: 127 حاڵەت، دیوانیە: 199 حاڵەت، موسەننا: 107 حاڵەت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئاماژەی بە تۆماركردنی 57 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش كردووە لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو لە تێكڕای پارێزگەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو بە ژمارەیەكی كەمتر دادەنرێت.

وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵێت”كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا گەیشتۆتە 327580 كەس و لەو ژمارەیەش 8682 كەس گیانیانلەدەستداوە و 261757 كەس نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، ئەوانەش كە تائێستا لە نەخۆشخانەن و چارەسەرییان بۆ دەكرێت 57141 كەسن كە 546 حاڵەتیان باری تەندروستییان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان