كۆمسیۆن ناتوانێت ئامادەكاریی هەڵبژاردن بكات



كۆمسیۆنی هەرێم: تا متمانە بە كۆمسیاران نەدرێت ناتوانین ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەین

ڕۆژی هەڵبژاردن لە هەرێم دیاریكراوە و وتەبێژی كۆمسیۆنیش دەڵێت، هەتا گرفتەكان چارەسەر نەكرێن، ناتوانن ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەن.

ڕۆژی 26ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 18\11\2023ی وەكو ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دیاریكرد، بەڵام هێشتا ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران هەڵنەبژێردراون و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكراوەتەوە.

لەو بارەیەوە شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە مەڕسوم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرچووە، بەڵام گرفت هەیە، دەبێت متمانەدان بە ئەنجوومەنی كۆمسیاران لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یەكلایی بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین دەسەڵاتی تەواومان هەبێت تاوەكو هەڵبژاردن بەڕێوە ببەین.

دەشڵێت: ئێستا یاسای هەڵبژاردن بەمەبەستی هەمواركردنەوەی لە پەرلەمانی كوردستانە بۆ ئەوەی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بكرێت بە فرە بازنەیی، پرسی پێكهاتەكان یەكلایی بكرێتەوە، تۆماری بایۆمەتری عێراق بەكاربهێنرێت، هەموو ئەوانە دەبێت یەكلایی بكرێنەوە بۆ ئەوەی كۆمسیۆن بەرچاوی ڕوون بێت و بزانێت بە كام سیستم هەڵبژاردن دەكات.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، هەتا ئەو گرفتانە چارەسەر نەكرێن، ناتوانین ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەین.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە لایەن پەڕلەمانەوە سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو لیژنەیەی تایبەت كراوە بە هەڵسەنگاندنی ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە لەكارەكانی خۆی بەردەوامە و لە ڕۆژی 5\4 هەتاكو 12\4 ی 2023 دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پێشكەشكردنی سی ڤی كراوە دەبێت.

سەبارەت بە ئەو بودجەیەی پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەڵێت: هەر كاتێك گرفتەكان چارەسەر كران كاری ئێمە بۆ ئەو بابەتە ئاسان دەبێت و دەتوانین لە ماوەی یەك هەفتەدا ئۆفیسی پارێزگاكان ڕابسپێرین و خەمڵاندن بكەین.

هەدەپە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەكات
پێشت هەدەپە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەكات
ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدە
دواتر ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدە
ەیوەندیدار