ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

کلینزمان تەنها دراکسلەری ناوێت، داوای گەوهەرێکی یانەی بەرشلۆنەشی کردووە


خەڵک سپۆرت

یۆرگن کلینزمانی ئەڵمانی ڕاهێنەری نوێی یانەی هێرتا بەرلین، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی یانەکەیدا دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای گواستنەوەی چەند یاریزانێکی کردووە.

لەماوەی رابردوودا کلینزمان پۆستی ڕاهێنەری یانەی هێرتا بەرلینی پێسپێردرا و ئیدارەی یانە زەبەلاحەکەی ئەڵمانیا بەڵێنیان پێدا تەواوی داواکاری و مەرجەکانی جێبەجێ بکەن، لەئێستادا یانەکە لەلێواری گۆڕانکاری و نوێکاری پێکهاتەی سەرەکیدایە و ڕاهێنەری نوێ داوای گواستنەوەی چەند لاوێکی بەهرەمەندی کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “بێلد سپۆرت”ی ئەڵمانی، کلینزمان چاوی بڕیوەتە تواناکانی جولیان دراکسلەری ئەڵمانی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمان، کە لەم وەرزەدا تەنها لە هەشت ڕووبەڕوبونەوەی خولی فەرەنسا بەشداری کردووە.

یانەی پاریس سانت جێرمان بە ئاسانی دەستبەرداری جولیانی ئەڵمانی نابێت، بەڵام ئیدارەی هێرتا بەرلین هیوایان بەوەیە کە بۆندی یاریزانەکە لەهاوینی ٢٠٢١ کۆتایی دێت و تائێستا ئیمزای لەسەر بۆندی نوێ نەکردووە، بەم هۆیەوە ناسڕ خلێفی و هاوەڵە قەتەریەکانی ناچار دەبن بیفرۆشن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بێبەرامبەر ماڵئاوایی نەکات.

سەرچاوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کلینزمانی ٥٥ ساڵ چەندین یاریزانی وەک سالۆمۆن کالو و دودای لەپلانەکانی دەرکردووە، لەبەرامبەردا داوای گەوهەرێکی ١٨ ساڵی پێکهاتەی (بەرشلۆنە بی) کردووە بەناوی کۆنڕاد دی لا فوێنتا.

کۆنڕاد لاوێکی ١٨ ساڵی ئەمریکیە و لەڕیزەکانی پێکهاتەی لاوانی بارسا لە پێگەی باڵەکانی هێرشبەری یاریی دەکات، یەکێکە لە گەوهەرەکانی کەتەلۆنیا و یانەی بەرشلۆنە هیوایان بە دەرکەوتنیەتی لە ساڵانی داهاتوودا، کلینزمان ئەم ئەستێرەیە باشتر دەناسێت بەوپێیەی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکا بووە و چاودێری گەوهەرەکانی ئەو وڵاتەی کردووە و ئاشنای توانا هونەرییەکانیانە.

جیهانی

چێڵسی پێش ڕکابەرانی کەوتووە و گرەوەی کۆتینیۆ لە بەرشلۆنە و بایرن میونشن دەباتەوە


خەڵک سپۆرت

ئیدارەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی هەنگاو بە هەنگاو لە گواستنەوەی فیلیپی کۆتینیۆی بەرازیلی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی نزیکدەبنەوە.

ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی کەتەلۆنی ئاشکرای کردووە، تا ئێستا بەرپرسانی یانەی بایرن میونشن بڕیاریان لەکڕینی فیلیپی کۆتینیۆی بەرازیلی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە نەداوە، بەڵکو لەماوەی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو، کە هەرگیز بەبڕی (١٢٠) ملیۆن یورۆ بۆندی هەمیشەیی لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکە ئیمزا ناکەن.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی کەتەلۆنی نوسیویەتی، یانەی بایرن میونشن هیواخوازن بە نرخێکی کەمتر تایبەت بە گواستنەوەی کۆتینیۆ بگەن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە، یانەی بەرشلۆنەش نرخی یاریزانەکەیان لە ١٢٠ ملیۆن یورۆوە بۆ ٨٠ ملیۆن کەمکردۆتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی کردووە، بایرن هێشتا لەگەڵ ئەو نرخەشدا کێشەیان هەیە، لەم نێوەندەدا یانەی چێڵسی هاتووەتە نێو هاوکێشەکە و لەڕێگەی کیا جۆرباشیانی لێپرسراوی کاروباری یاریزانەکەوە دەرگای گفتوگۆیان واڵاکردووە.

یانەی چێڵسی لەسەر ڕاسپاردەی فرانک لامپارد ئامادەیە بڕی (٦٠ بۆ ٨٠) ملیۆن بە یاریزانە بەرازیلییەکە بدات و ناوەندی هێرشبەری یانەکەیان بەهێزتر بکەن، ئەوەش ئەو نرخەیە کە تائێستا یانەی بایرن میونشن پێشکەشی نەکردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

پاریس سانت جێرمان لە بارودۆخێکی دیاریکراودا ناچار دەبێت مباپێ بفرۆشیت


خەڵک سپۆرت

ڕۆژنامەی “ئاس”ی ئیسپانی بڵاویکردۆتەوە، ئیدارەی یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی لە یەک حاڵەتدا ناچار دەبن کیلیان مباپێی فەرەنسی بە یەکێک لە یانە داواکارەکانی بفرۆشن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامە مەدریدییەکە، کۆمەڵە کۆمپانیاکانی ئاکور کە سپۆنسەری یانەی پاریس سانت جێرمانە ئامادەنین لە حاڵی دووبارە دەستپێنەکردنەوەی خولی ناوخۆی فەرەنسا گوژمەی دووەمی بۆندی نێوانیان پێشکەشی یانە زەبەلاحەکە بکەن.

ئەو بڕەش کە پێویستە پێشکەشبکرێت لەنێوان (٥٠ بۆ ٨٠) ملیۆن یورۆدایە، ئەگەر بێتو لەگەڵ زیانە بەرکەوتووەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەژماربکرێت ڕێژەی ئەو پارەیە زۆر زیاتر دەکات.

لەم بارەیەوە سباستیان پازین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە :” ئەگەر تا ١ی تەموزی ٢٠٢٠ ناوی کۆمپانیاکەمان لەنێو یاریگاکانی پاریسدا بوونی نەبێت، بێگومان ئێمەش گوژمەی دووەمی بۆندی نێوانمان پێشکەش ناکەین”.

ڕۆژنامەی ئاس تەئکیدی کردووەتەوە، ئەگەر ئەم بارودۆخە ڕووبدات یانە فەرەنسییەکە زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت و بەلایەنی کەمەوە ناچار دەبێت یەکێک لە نایمار یان مباپێ، یاخود هەردووکیان بفرۆشێت و بۆ وەرزی داهاتوو بیر لە چارەسەری تر بکەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

پاستۆری: لە منداڵییەوە بۆ تۆپی پێ ژیاوم، بەڵام ئێستا ژیانی خۆم ناخەمە مەترسییەوە


خەڵک سپۆرت

لەدوای ڕاگرتنی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەمووان حەز بە گەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی چالاکی خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا دەکەن و یاریزانان بەشێوازێکی جیاواز بیردەکەنەوە.

ڕۆژنامەی “کۆرێری دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی لێدوانەکانی خاڤێر پاستۆری ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ڕۆمای بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ئاماژە دەکات کە یاریزانان ناتوانن لەپێناو یاریکردندا ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.

هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە ڕایگەیاندووە :” تا ئەم ساتەش بڕیاری یەکلاکەرەوە دەربارەی دەستپێکردنەوەی خولی ئیتاڵیا نەدراوە، ئاشکرایە تا ماوەی دوو هەفتەی تریش چاوەڕوان دەکەین و پاشان ڕەنگە بڕیاری کۆتایی بدرێت”.

هەروەها ڕایگەیاندووە :” تۆپی پێ بەنسبەت منەوە لەمنداڵییەوە بابەتێکی سەرەکییە، بەڵام لەئێستادا هەرگیز ئامادەنیم بۆ یاریکردن ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە”.

پاستۆری باس لە ژیانی دوای کۆرۆنا دەکات و دەڵێت :” لەدوای ئەوەی کەشی جیهان هێوردەبێتەوە و ڕێگەمان پێدەدرێت بچینە دەرەوە، لەو باوەڕەدام چیتر ئەوانەمان بۆ نەکرێت کە لەپێشوودا کردومانە، بێگومان یارییەکان بەبێ هاندەران ئەنجام دەدرێن و ئەگەر خوداش ڕێگەبدات دووبارەبوونەوەی خولەکان لەمانگی حوزەیران ڕوودەدات، ئەوەتا لە چین دوای سێ مانگ تائێستا خولە ناوخۆییەکان نەگەڕاونەتەوە”.

لەکۆتاییشدا جەخت دەکاتەوە، کە ئاساییە ئەگەر یانەکان لەماوەی داهاتوودا موچەکانیان کەمبکەنەوە ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یاریزانان لەم ساتانەدا ناتوانن پارەیان بۆ دابین بکەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان