ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

بۆچی زیدان براوە بوو؟

بڕیار تەها

ڕیاڵ مەدرید زۆر باش دەرکەوت، ڕیاڵ مەدرید هاوسەنگی لە نێوان بەرگری و هێرشبردندا ڕاگرت بوو، ڕیاڵ مەدرید بە پلان فشاری دەکرد و بە پلان ڕیتمی یارییەکەی بە ویستی خۆی خاو دەکردەوە، ڕیاڵ مەدرید بە تاکتیکی سەرکەوتوو تۆپەکانی دەهاویشتە نیوە یاریگای بەرشەلۆنە و بە تاکتیكی ورد پارێزگاری لە تۆپەکانی قاچی دەکرد، ڕیاڵ بە تاکتیک هێرشەکانی بۆسەر هێڵی سزای بەرشەلۆنە چڕ دەکردەوە، کۆی هەموو ئەوانە وایانکرد ڕیاڵ مەدرید بەهێزتر و تۆقێنەرتر دەربکەوێت، تەواوی ئەم کارانەش دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتووی زەینەدین زیدانی ڕاهێنەر دەرئەنجامی ئەوەش ڕیاڵ مەدرید متمانە و هەیبەتی بۆ گەڕایەوە.

زیدان سەرەتا کاری لەسەر هێرشەکانی بەرشەلۆنە کرد بوو، بەڵام بە ترسنۆکی نا، لە هەمانکاتیشدا بە پەلاماردان و توند و تیژی نایاسایی نا، بەڵکو بە ڕۆحیەتێکی بەرز و بە تاکتیکێکی ورد، کاتێک تۆپ لای بەرشەلۆنە بوو ڕیاڵ مەدرید یاری مان تو مانی نەدەکرد بەو شێوەیەی کە هەموو یاریزانەکانی بجوڵێن و توانایەکی زۆر بەهەدەر بدەن و بۆ تایمی دووەم تەسلیم ببن، بەڵکو تەنیا چەند یاریزانێکی ڕیاڵ نزیک لە هێرشەکانی بەرشەلۆنە دەجوڵان، کاتێک تۆپ لە باڵی ڕاستی بەرشەلۆنە بوو، چوار یاریزان لە ڕیاڵ مەدرید ( مێند، ئیسکۆ، کرووس، کاسمێرۆ) چاودێرییەکی وردیان دەکرد و ڕووبەریان بچوک دەکردەوە و فشاریان دەخستە سەر هەڵگری تۆپ کاتێك هێرشەکەش دەچووە باڵی چەپی بەرشەلۆنە، هەریەکە لە ( کارڤاخاڵ، گاریس بەیڵ، ڤاڵڤێردی، کاسمێرۆ ) هەمان کاریان دووبارە دەکردەوە، بەڵام ڕۆڵی کاسمێرۆ زیاتر بوو لە یاریزانێک، هەر لەبەر ئەوەش کاسمێرۆ بە پاشایی یارییەکە ( king of the match ) هەڵبژێردرا و شایستەش بوو، چونکە جگە لە هاوکاری پلانی بەرگری دەکرد لە هەمانکاتیشدا پاڵپشتی هێرشەکانیشی دەکرد و لە شوێنەکەی خۆشیدا وەک ئیرتیکاز بۆشایی نەدەدا بەدەستەوە، واتا ڕیاڵ مەدرید بە تەواوی یاریزانەکانی بەرگرییەکی هەرەوەزی زۆر باشیان کرد، ئەمەش بەرشەلۆنەی تەواو نائومێد کرد بوو.

خاڵێکی دیکەی بەهێزی ڕیاڵ مەدرید لەم شەودا هێرشبردنێکی ڕێکخراو بوو، کەمن ئەو یانانەی لە ناو یاریگای کامپ نو بتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە نیوە یاریگای بەرشەلۆنەدا پاسات بکەن و کۆنترۆڵی یاریگا و تۆپ بکەن، ئەمشەو زیدان ئەم پلانەی زۆر بە باشی جێبەجێکرد، بە جۆرێک ئەگەر ئەنجامی یارییەکە لەسەر شاشەکە نەبوایە هەستت دەکرد بەرشەلۆنە بە چەند گۆڵێک لە پێشە بۆیە پاشەکشەی کردووە.

لە هێرشەکاندا یاریزانانی ڕیاڵ مەدرید دوو ئامانجیان هەبوو، یەکەم – خاوکردنەوەی ڕیتمی یارییەکە تا ئەوەی یاریزانانی بەرشەلۆنە نەچنە نێو کەش و هەوای یاریگای کامپ نۆوە، دووەم- کارکردن بوو لەسەر ئەو بۆشاییانەی لە ناوی هێڵی بەرگری و ناوەندی بەرشەلۆنەدا دروست دەبوو، لە مەشدا ڤاڵڤێردی لە ناوەند و کەریم بێنزیمە ڕۆڵێکی تاکتیکی باشیان دەگێڕا و سەرپەرشتی پلانەکانی زیدان – یان دەکرد، هەڵبەت یاری نەکردنی مۆدریچ و یاریپێکردنی ڤاڵڤێردی لە شوێنی یەکێک بوو لە بڕیارە دروستەکانی زیدان، چونکە مۆدریچ ئەو توانا بەرزە جەستەییەی چەند وەرزی ڕابڕدووی نەماوە، تا ئەوەی بتوانێت بۆکس تو بۆکس یاری بکات و لە هەردوو پلانی بەرگری و هێرشبەریدا هاوکاری یانەکەی بکات، جگە لەوەش ئەزموونی کرووس و کاسمێرۆ گرفتی غیابی ئەزموونی مۆدریج – یان داپۆشی بوو.

ریکلام

وتار

گاڵتەکردن بە وەرزشی سلێمانی وەک نەخۆشیەکی دەروونی

هەرێز جەمال

ئەو قەوانە سواوەی کە چەندین ساڵە لە نێو کایە بەتالەکەی وەرزشی کوردستان و عێراق و دواتر بە تایبەت شاری سلێمانی و دەوروبەری پارێزگاکانی تری کوردستان هەیە توانج دانە لە وەرزشی سلێمانی کە جارێک پیێ دەگوترێت بێ ساحێب چارێک پێی دەوترێت شاری بێ ئەنجام لە یارییەکان بە تایبەت فتبۆڵ یان شاری بێ بەرهەم..

جارێ من دەپرسم کێ لە شارەکانی ترەوە دەیان ساڵە ئینتاجی هەبووەو وەرزشکاری ناردبێتە هەلبژاردەی عێراق،کام یاریزانی تۆپی پێی شارەکانی تر ئێستە لە هەلبژاردەکانی فتبۆلی عێراقن و یاریزانن؟

توانجەکە هەر لە دەرەوەی سلێمانی نییە بەڵکو لە ناو شاری سلێمانیە، جار نا جارێ کۆمەلێک قیت دەبنەوە سلێمانی کوا بە زمانی خۆیان (ریازە(ی تیایە سلێمانی کوا چی تیا ماوە.

بەڕاستی زۆر بە ڕەوانی دەمەوێت بلێم لەم بابەتە شارچێتیەک زەق دەکەمەوە بۆ ئەوانەی کە تەنیا تۆپ دەبین و وەرزش لە تۆپی پێ دەبینینەوە،؟ من نازانم ئەو جەریدەچی و ناقدو فەردەسوفانە وەرزش بە چی تێگەیشتوون.

ئەگەر چەند سالێک لەمەوبەر قەیرانی دارایی هەبوبێت و چالاکیەکان وەستابن ئەوە بە تەحەداوە دەلێم لە دوای ئەو کاتە نەک کوردستان بەلکو عێراقیش بەقەد سلێمانی چالاکی وەرزشی نەبووە، ئاخر تۆیەک کە تەنیا رێگەی یاریگای مەلعەبەکە دەزانیت و ناوی چوار یانەو شەش یاریزانی یارییەکانی تر نازانی ئیتر چۆن ئەو مافە بە خۆت دەدەی خۆت دەکەی بە پرۆفیسۆر و چاودێری بابەتەکان.

من نازانم بۆ کەس ئەنجامی یارییە تاکیەکان هەزم ناکات، دەیان یاریزانی درەوشاوەی گۆرەپان ومەیدان و پایسکیلسواری و یارییە هونەرە بەرگرییەکان تۆپى سه‌رمێزو و باسكه‌و باله‌مان هه‌یه‌ له‌ ته‌واوى یانه‌كانى شارى سلێمانى نوێنەرایەتی هەلبژاردەی عێراق دەکەن ئیتر بۆ ئەم شارە ریازەی تیا نەماوە؟ بە تەحەداوە یەک شاری کوردی نییە هێندەی سلێمانی لەسەر ئاستی تاک پالەوانی هەبووبێت کە ئەمە بە سەدەکانی رابردوو وابووە و دلنیام بۆ سالانی داهاتوش هەر درێژە دەکێشێت..

با کوێرانە شتەکان نەبینین، کەم پالەوانێتی یانەکانی عێراق هەیە نەهاتبێتە سلێمانی هەر لە بالە باسکە بۆکسین یارییە ئاوییەکان پالەوانێتی تۆپی دەست کە ئێستا رکابەرییەکانی زۆر بە بەهێزی لە دوو هۆلی شارەکە بەڕێوەدەچێت، کەم یاری تۆپی پێ هەیە هەندێک لە یاریگاکانی و یانەکانی جمەیان لە هاندەر نەیە قسەم لەسەر هەندێ یانەی نییە کە مارکێتینگیان بۆ ڕاکێشانی هاندەر زۆر کەمە.

خۆ سلێمانی هیچ نەبێت ئەو ژێر خانە باشەی هەیە یاریگاکانی وەک پایتەختەکەی بلێ و بارزان نابێتە قوڕو چلپاو، خۆ وە نەبێت لێرەش شامی شەریف بێت لە نەبوونی کۆمەڵگایەکی وەرزشی مۆدێرن و تراکێکی باشی گۆرەپان و مەیدان و چەند هۆلێکی پێوێست کە بۆ هەموان بێت و کەس قەرزارباری یانەکان و ئەم و ئەو نەبێت.

راستە شارە حەیاتەکە سواوە بە کۆمەلێک کەسی ناوەرزشی کۆمەلێک دەموچاوی بێزراو کە دواجار ئەمە کاری کارگێڕییەوە دەبێت مەرجەعێکی دلسۆز تەسفیە حسابی ئەمانە بکات بەلام دواجار تانەو تەشەر دان لە وەرزشی سلێمانی و چالاکیی بەردەوامی لە نەخۆشییەکی دەروونی زیاتر هیچی تر نییەو گومانم هەیە ئەوانەی دلسۆزی سلێمانین و وەرزش دۆستی هەقیقین دان بەو ڕاستیە دەسلمێنن کە کەم رۆژ هەیە زرمەی تۆپ و تەقە تەقی سپایکسەکان لە یاریگە نەبیت

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی زۆربه‌ی شرۆڤه‌كاره‌كانی جیهان تێیكه‌وتن

ئەحمەد هێرۆیی

لە تۆپی پێ دا شیکەرەوەکانی ئەم یارییە زۆربەی کات بۆ شیکردنەوەی ئاست و بارودۆخی تیپەکان، گرنگیەکی زۆر بە مێژوو ئەزموون و کەسایەتی کارەکتەرەکانی نێو ئەو تیپە و بەرنامە ڕێژی (ستراتیجیەت) ئەو تیپە دەدەن کە دەیانەوێت شیکاری بۆ بکەن، هەمیشە لە ڕێگەی ئەم پێوەرانەوە دەتوانن وردتر و دروست تر سەرنجەکانیان لەسەر تیپەکان بخەنە ڕوو، ئەمە جگە لە چەند لایەنێکی تر، بەڵام ئەوەی کە من لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم خاڵی جیاوازی هەندێ تیپە بەراورد بە هەندێ تیپی تر.

بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بمانەوێت شیکاری بۆ ئاستی یانەی لیڤەرپوڵ بکەین، زۆر جیاوازە لەوەی کە شیکاری بۆ ئاستی یانەی چێڵسی بکەین، لەبەر ئەوەی کاتێک دەتەوێت شیکاری بۆ ئاستی یانەی لیڤەرپوڵ بکەیت، لێرەدا تیپێکی خاوەن مێژوو هەیە، ڕاهێنەرێکی بە ئەزموون هەیە، کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورە هەیە، کە هەموویان خاوەنی مێژووییەکن و بەرچاو ڕوونی زیاتر دەدەن بە کەسی شیکەرەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ هەموو لایەنەکانی ئەو تیپە بکات، بەو هۆیەوە شڕۆڤەکار بە ڕێژەیەکی زۆر دەتوانێ خوێندنەوەی خۆی بۆ ئاستی ئەو تیپە بکات.

بەڵام کاتێک کەسی شیکەرەوە دەیەوێت خوێندنەوە بۆ ئاستی تیپێکی وەک چێڵسی بکات، لێرەدا شتەکان زۆر جیاوازن ترن بەراورد بە یانەیەکی وەک لیڤەرپوڵ، ئەگەر سەیری پێکهاتەکانی ئێستای یانەی چێڵسی بکەین، دەبینین ئەو یانەیە لە کۆمەڵێک یاریزانی لاو و کەم ئەزموون و ڕاهێنەرێکی لاو و کەم ئەزموون پێک دێت، کە ئەوانە هیچ ڕابردووییەکی ئەوتۆیان نییە، هەتاوەکو بەرچاوڕوونی زیاتر بدەن بە شڕۆڤەکار بۆ پێشبینی کردنی داهاتووی یانەکە و هەڵسەنگاندنی ئاستی یانەکە، وە هەروەها زۆر قورسە بتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئاخۆ لاوەکان دەتوانن چی پێشکەش بکەن.

ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی یانەی چێڵسی بکەین لە وەرزی ئەمساڵ دا ئەم یانەیە بە سەرەتایەکی خراپ دەستی پێکرد، کاتێک بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام بە یانەی مانچستەر یونایتد دۆڕا، لێرەدا زۆرێک لە چاودێران و شارەزایانی تۆپی پێ پێیان وابوو کە تەمەنی فڕانک لامپارد لەم یانەیەدا وەک ڕاهێنەر کورت دەبێت و هەر زوو دوور دەخرێتەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئەم ڕاهێنەرە هیچ مێژووییەکی ئەوتۆی کاری ڕاهێنەرایەتی نییە، بۆیە زۆربەی شیکەرەوەکان تەنیا لەسەر بنەمای یەک دوو یاری هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم ڕاهێنەرە کردوو پێیان وابوو ناتوانێت خۆی لە نێوان ئەم ڕاهێنەرە گەورانەی ئینگلتەرا دا ببینێتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە یانەکەی بەجێهێشت و یانەکە چەند یاریزانێکی لاوی هێنایە پێشەوە، بۆیە زۆرێک یان پێیان وابوو ئیتر چێڵسی کەوتە قەیرانە گەورەکەوە و داهاتووی نادیارە، بەڵام ئێستا وەکو دەبینین قسەی زۆرێک لەو شڕۆڤەکارانە پێچەوانە بۆتەوە، ئێستا چێڵسی خانەی سێیەمی ڕیزبەندی گرتووە لە خولی ئینگلیزی، کە زۆر یانەی گەورەی ئەم خولە ئاوات بەو شوێنە دەخوازن، وە یاریزانانی چێڵسی جگە لە ئەنجامە باشەکانیان لە گەڵیشیدا نمایشێکی جوانی تۆپی پێ پێشکەش دەکەن، کە ئەمە دوور بوو لە پێشبینی زۆربەی شڕۆڤەکاران، کە ئەم تیپە لاو و پڕ کێشەیە بتوانێت بەم ئازاییەوە دەربکەوێت.

بۆیە پێویستە کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی تیپەکان دەکرێت، بە وریایەکی زۆرەوە بارودۆخەکان هەڵبەسەنگێنرێن، لەبەرئەوەی تۆپی پێ نە تەنها مێژوویە نە تەنها ئەزموونە، نە تەنها تاکتیک و بەرنامە ڕێژییە، هتد.. بەڵکو تۆپی پێ لەسەر کۆمەڵێک بنەما وەستاوە، کە زۆر جار یەکێک یان چەند بنەمایەک لەو بنەمایانە دەبێتە خاڵی بەهێزی تیپێک.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

یەکێتی تۆپی پێ بێڕێزی بەرامبەر هاندەری تۆپی پێ و ڕاهێنەران و یاریزانانی تازەپێگەیشتوان دەکات

دانەر ئەسڵان

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تا دێت ڕۆژ بە ڕۆژ گومان لە سەر خۆی زیاتر دەکات و سوکایەتی بە هەستی هەموان دەکات بۆ هەفتەی ٤ کۆبوونەوە لە کات و وادەی ڕەسمی خۆیدا ئەنجام نادات و هیچ بڵاو کراوەیەکیش لەو بارەیەوە ئاشکرا ناکات.

لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆچی بێ دەنگە لەم سوکایەتییەی بە وەرزش و تۆپی پێ و تازەپێگەیشتوان دەکرێت؟

یەکێتی تۆپی پێی شارەکانی سلێمانی و هەولێر و زاخۆ و شارەکانی تر بۆچی سەری خۆتان دانەواندووە قسەیەک ناکەن هەر هیچ نەبێت ئەن لایکێک بکەن؟

یانەکانی کوردستان زاخۆ پێشمەرگەی سلێمانی جیهان هەولێر بۆچی قبوڵی دەکەن و هیچ ناڵێن؟

باشە بۆ هەمووان قوڕ و قەپتان لێ کردووە ئایا هەڵواسینی فۆتۆیەک لە یاریگایەکدا ئاوها دەکات هەموو لە ترسدا بێ دەنگ بن؟

کەواتە من پێشنیار دەکەم نازناوی تازەپێگەیشتوان بە یانەی هەولێر ببەخشریت وەک پاڵەوانێکی پاش و بێگەرد کە هەموو شتێکی خۆی کرد تا ببێتە پاڵەوان و پێویستی بە هاوکاری کەسیش نەبوو.

تێ بینی/ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان نە هیچ بەڵگەیەکتان لە لایە نە لیژنەکەشتان ڕاستگۆ بوو میسداقێت و ڕاستگۆیی خۆتانتان خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان