ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

وردەکاری گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی نیشتمانیی كوردستان لە کۆنگرەی چوارەمدا


خەڵک –ئاژانسی ئانادۆڵو

 ئیبراهیم جەلال: “دەستەکانی یەکێتی لە کۆنگرەدا دوای دەنگدانیا لەسەریان، دەکرێنە سێ دەستەوە، ١.دەستەیەکی راوێژکار.٢.دەستەیەکی دانایان.٣.دەستەیەکی سەرکردایەتی کە بریتیە لە دەستەی سەرکردەی ئەنجوومەنە گشتییەکە”

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مشتومڕەکان تادێت گەرمتر دەبن لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی حیزبی و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری پەسەندکردنی لە لایەن کۆنگرەیەوە، یەکێتی دوای کۆنگرە پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی تەواو جیاوازی هەبێت لەوەی ئێستا هەیە.

دوای ئەوەی کە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی واژوویان لەسەر رەشنووسێکی ئامادەکراو کرد، لەئێستادا هەموو سەرنجەکان لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی دامودەزگا و ئۆرگانەکانی ئەو حزبەیە.

لیژنەی باڵای ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرجەم خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆی بڵاو کردەوە کە کۆپیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە.

ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دوای پەسەند کردنیان لە نێو کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکە دەتوانرێت هەندێک خاڵی لێ لاببرێت و ئەوانەی کە دەمێننەوە دوای پەسەندکردنی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە نێو ماددەکاندا چەدنین سیناریۆ دەخرێتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرەی چوارەم، تایبەت بە پێکهاتەی حیزبیی و دەسەڵاتەکانی دوای ئەوەی کە دەنگی لەسەر دەدرێت، پەیڕەوەکە پەسەند دەکرێت.

لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و قۆناغەکانی گەشەپێدانی، هاوکات لەبارەی ئەو سیناریۆیانەی کە ئامادە کراوە لە خاڵەکانی نێو رەشنووسەکەدا بۆ پێکهاتەی نوێی حیزبیی ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئیبراهیم جەلال لەهەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وردەکارییەکانی بڵاو کردەوە.

چۆن پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوار ئامادە کرا:

لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە، ئیبراهیم جەلال ئاماژەی بەوەدا کە لە پەیڕەوی کۆنگرەی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە کە لەناو ئەنجوومەنی ناوەنددا کۆمیسیۆنێک هەیە بەناوی کۆمیسیۆنی پەیڕەو، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو کۆمیسیۆنە بریتییە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەو لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا، هەر بۆیە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە لە ٢٠١٤ەوە کەوتوونەتە خۆیان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوارەم.

ناوبراو رایگەیاند، “دوای ئەوەی هەشت مانگ کۆمیسیۆنەکە کار دەکات لەسەری، رەشنووسەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی ناوەند بۆ دەنگدان لەسەری، دواتر بە رەزامەندی ئەنجوومەن رەشنووسەکە قبوڵ دەکرێت، پاشان لیژنەیەکی باڵای نووسینەوەی رەشنووس لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە دروستکرا کە چوار ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەند لەنێو ئەو لیژنەیەدا دەبێت. دواتر ئەو لیژنە باڵایە کاری خۆیان کرد بۆ داڕشتنەوەی ئەو رەشنووسەی کە لە کۆمیسیۆنی پەیڕەوەوە وەرگیرابوو، ئەوەش دواتر خرایە گفتوگۆوە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ گونجاندنی چەندین پرۆژە و بیروبۆچوونی تر کە لە مەکتەبەکانی تری یەکێتییەوە دەهاتن، دواتر بڕیار درا، یەک رەشنووس ئامادە بکرێت کە بەجۆرێک بێت لەگەڵ قۆناغی داهاتووی کۆنگرەی یەکێتیدا بگونجێت، هاوکات پەیڕەوێکی سەردەمیانە بێت، دواتریش پەیڕەوێک بێت لەگەڵ بیری پارتێکی سۆسیال دیموکراتدا بگونجێت، زۆرترین کاریش کراوە کە بگونجێت لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی فەڕەنسی و پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی. پاشان پرۆگرامێکی هەبێت کە وەڵامدەرەوەی خواستە نیشتمانی و حزبی و نەتەوەییەکان بێت بەشێوەیەک بێت کە پێکهاتەی نوێی یەکێتی لەسەر بنەمایەک دیاری بکرێت، ئەگەر بێت و گۆڕانکاری لە کەسایەتییەکانی نێو پۆستە باڵاکانی ئەو پارتەدا بکرێت، ئەوا ئەرک و فەرمانەکانی خۆی بەپێی پەیڕەوەکە جێبەجێ بکات”.

ئەوەش زانراوە کە ئەو رەشنووسەی کە واژووی لەسەر کراوە قۆناغی کۆتایی نییە، بەڵکو دەنگدانی لە کۆنگرە دوایین وێستگەی رەشنووسەکە دەبێت دوای قبوڵکردنی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە قابیلی گۆڕانکاریە تیایدا ئەنجام بدرێت.

پرۆژە جیاوازەکانی سەرکردەکانی نێو یەکێتی سەبارەت بە پێکهاتەی یەکێتی

بەپێی زانیارییەکان زۆرێک لەسەرکردە دیارەکانی نێو حزبەکە پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە لەسەر داڕشتنەوەی پێکهاتەی نوێی یەکێتی و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، مەلا بەختیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هاوسەری سەرکۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە دوور کەوتۆتەوە لە سیاسەت و کوڕی جەلال تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی و برازای جەلال تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی هەموو بە جیا پێشنیاز و پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە، جگە لە مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی و مەڵبەندی هەولێر و سلێمانی ئەو پارتە، سەرجەم پێشنیازەکانیان کۆکراوەتەوە دواتر لەو خاڵانەی کە دەکرا بگونجێندرێت لەگەڵ رەشنووسە ئامادەکراوەکەدا، تێبینی لەسەری وەرگیراوە و جێگیرکراوە. بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لەکاتێکدا لەسەدا ٨٥ی کارەکانی ئەم رەشنووسە کۆتایەش تەواو بێت بە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەو دەگوترێت کە کۆتایی بهێنن بەکارەکانتان چونکە کۆنگرە دوادەخرێت، ئەوانیش لەم دواییەدا کە دوای یەکلاکردنەوەی هەڵوێستەکان لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە، ئەو لەسەدا ١٥یەی کەماوە لە ١٥ی کانوونی یەکەم، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، توانرا رەشنووسی پەیڕەو و پرۆگرامەکە بەئەنجام بگەیەندرێت، بەشێوەیەک کە بنەما کوردستانیی، سەردەمیی، سۆسیال دیموکراتییەکانی تیادا جێگە بکرێتەوە.

ماددەکانی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی

ئیبراهیم جەلال لەبارەی ماددەکانی نێو رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیەوە کە کۆپیەکەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە گووتی،”هەر پەیڕەوەکە لە ٧٦ ماددە پێکهاتووە و مافی مرۆڤ، مافی رێکخراوە دیموکراتییەکان، مافی ژنان، مافی گونجاندن لەگەڵ پارتەکانی تری کوردستاندا، کاری بەڕێوەبردنی حوکمڕانی تر، تیایدا جێگە کراوەتەوە. هەریەک لەو ماددانە پەیوەستە بە بەشێک لە ئەرکەکانی یەکێتی کە دەبێت جێبەجێی بکات، لەسەر شێوەی هەرەمی کارکردنی حزبی.”

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیار دراوە ١٢١ ئەندام بچێتە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکانی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی بەرێوەببرێت و هیچ دامودەزگایەکی پارتەکە لەلایەن کەسییەوە قۆرخ نەکرێت. هاوکات ئەو لیژنەی باڵای سەرکردایەتی یەکێتی لەداوی هەڵبژاردنی لەنێو کۆنگرەدا، ئەوان ئەرکی هەڵبژاردنی سکرتێر و جێگر، یان جێگرەکان (کە بۆ ئەو مەبەستە سێ سیناریۆ پێشکەشکراوە) هەڵبژێرن.

سیناریۆکان:

لەبارەی سیناریۆکانی کە ئامادە کراوە بۆ کۆنگرەی چوارم بەپێی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی، “یەکەمیان، دەکرێت لەنێو کۆنگرەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەکرێت لەنێو لیژنەی ئەنجوومەنی باڵا ئەنجام بدرێت، دەکرێت هەڵبژاردن بۆ یەک سکرتێر و یەک جێگر ئەنجام بدرێت، دووەمیان، دەکرێت دەنگدان بۆ سکرتێرێک و چوار جێگر بکرێت”.

دەستەکان جێگەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەگرنەوە

لەبارەی گۆڕانکاری لەپێکهاتە و ناوی دەستەکان دا ئیبراهیم جەلال وتی، “دەستەی جێبەجێکار وا دانراوە کە لەگەڵ سکرتاریەت و جێگرەکانی لەگەڵ دەستەی جێبەجێکاردا، ١٥-١٧ کەس بێت کە ئەو دەستەی جێبەجێکارە ئەرکی جێگرەوەی کارگێڕی کۆنی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی سیاسی خۆیشی بێت دواتر لێپرسراوی مەکتەب و مەڵبەندەکانی تر بەهەڵبژاردن دەبێت لەنێو ئەو ١٢١ کەسەی لە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکیتیدا جێگیرکراون، هیچ یەکێک لەوانە شوێنەکەی جێگیر نابێت کە بۆی دانراوە چونکە ئەو ١٢١ ئەندامە بڕیار دەدات ئەو کەسەی دانراوە بۆ یەکێک لە مەکتەبەکان بۆ نموونە راگەیاندن کە کەسێکی سەرکەوتووە یان نا و دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر لابردنی یان هێشتنەوەی”.

لەبارەی دەنگۆکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک وەک سەرۆکی قەوارە جگە لە سەرۆک یان سکرتێر، ئیبراهیم جەلال رایگەیاند، “لە رەشنووسەکەدا هەموو ئەو پرسانە جێگیرکراون و دیاریکراون و بڕیار دراوە کە ناوی قەوارە لابردرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی لیژنەی داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نەیانخواستووە نموونەیەک لە وڵاتانی دراوسێ وەرگرن، پێیان باش بووە کە ناوێکی تری لێبنێن ئەویش “دەستەی باڵای دانایان” کە جێگرێک و سکرتێرێکی دەبێت و بەپێی پەیڕەوی رەشنووسەکە ئەرک و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکرێت، ئەوەی کە لەناو پەیڕەوەکەدا دیاریکراوە جگە لەوە دەتوانێت بەرنامەی کار دیاری بکرێت کە ئەمە تایبەتە بەو بەرپرسە باڵایانەی نێو یەکێتی کە پێشتر زۆر ماندوو بوون و لەئێستادا خوازیار نین خۆیان کاندید بکەنەوە یان دەنگی پێویست ناهێننەوە لە کۆنگرەدا، جگە لەوە ئەزموونی زۆریان هەیە لەکاری راوێژکاریدا و دەتوانن لەنێو ئەو ئەنجوومەنە کە بە “دەستەی باڵای دانایان” ناودەبرێت دەتوانن بچنە نێوی، بەڵام ئەمەش مەرجی بۆ دانراوە ئەویش ئەوەیە کە هەرکەسیک خۆی هەڵبژارد بۆ ئەنجوومەنی گشتی و دەرنەچوو، بۆی نییە بچێتە نێو ئەنجومەنی دانایان”.

بە پێی ووتەکانی ئیبراهیم جەلال، ئەنجوومەنی دانایان سکرتێرێکی هەیە و یەکێتی-یش سەرۆکێکی هەیە، ئەمەش دەسەڵات و ئەرکەکانی جیایە و کەدواتر دەخرێتە دەنگدانەوە کە دواجار پەسەند کرا، ئەوا کۆنگرە سێ سیناریۆ لەخۆ دەگرێت و لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند،

“سیناریۆکان بەم چەشنەن: دۆخی یەکەم ئەوەیە کە سەرکردەیەکی کۆمەڵەیی هەبێت، دۆخەکەی تریش ئەوەیە کە یەک سەرکردە هەبێت ئەوانەش کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات”.

لەدرێژەی قسەکانیدا ئیبراهیم جەلال وتی: “یەکێتی پێک دێت لە سێ دەستە ئەوانیش:

١.دەستەیەکی راوێژکار.

٢.دەستەیەکەی دانایان.

٣.دەستەیەکی سەرکردایەتی کە بریتیە لە دەستەی سەرکردەی ئەنجوومەنە گشتییەکە.

ئەو سێ دەستەیە بە راوێژ لەگەڵ یەکتر دەتوانن ئەرکەکانیان لەگەڵ یەکتر دابەش بکەن”.

ئەو سیناریۆیەی کە لای هەمووان پەسەندترە:

لەبارەی پەسەند ترین سیناریۆ کە لای زۆرینە پەسەندن ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی، “ئەوەی کە بیروڕای زۆرینەی لەسەرە ئەوەیە کە لەنێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا یەک سەرۆک یان یەک سکرتێر هەبێت و چوار جێگری هەبێت، ئەوکاتە دەتوانرێت لەبری ئەوەی سێ سەرکردایەتی هەبێت، جێگرەکان دەتوانن ئەرکەکان بگرنە ئەستۆ. واتە خۆیان ئەرکی دامەزراوەکان بگرنە ئەستۆ یان خۆیان دابەش بن بەسەر سەرۆکی دامەزراوەکاندا”.

لەم بارەیەوە ئیبراهیم جەلال گوتی، “زیادبوونی ژمارەی جێگرەکانی سکرتێری گشتی لە دووانەوە بۆ چوار، لەسەر ئەو گرێیەیە کە لەکاتی پێشوودا سکرتێر دوو جێگری هەبووە دواتر کارگێڕ هەبووە کە توانیوێتی ئەرکی هەردوو جێگرەکە جێبەجێ بکات، بەڵام لەئێستادا ئەرکەکان دابەش دەبێت، لەوانە ئەرکی رێکخراوەیی، ئەرکی سیاسی، ئەرکی دیپلۆماسی و راگەیاندن، ئەرکی کاری پێشمەرگانە، ئەو دابەشبوونە زیاتر سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت وەک پێشتر. دەکرێت یەکێک لەم چوار کەسە جێگر نەبێت، بەڵکو یەکێکیان جێگر بێت و سیانەکەی تر هاوکار بن. واتە هاوکاری سکرتێر یان هاوکاری سەرۆک بن کە ئەمە دواتر لە کۆنگرەدا یەکلایی دەکرێتەوە”.

هەر بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی یەکێتی کە ئێستا رەشنووسەکەی ئامادەکراوە هیچ یەکێک لە سەرۆکی ئەو دەستە و ئەنجوومەنانەی کە دانراوە مافی ڤیتۆکردنی بڕیاری دەستە و ئەنجوومەنەکانی تری نابێت، دەستەی باڵای دانایان، ئەرکەکەی “راوێژکاری و چاودێریە”، ئەمانە ئەرکەکانیان چاودێریکردنی کاروباری حزبە، جگە لەوەش ئامۆژگاریکردن ئەرکیانە نەک مافی ڤیتۆکردن. ئەرکەکانیان بەپێی پەیڕەو دەبێت و کۆمەڵێک لە ئەرکەکانیان دیاریکراوە، جگە لەوەی مافی ئەوەیان دراوەتێ کە بەرنامەی کاری خۆیان دیاری بکەن.

ئەوانەی کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دانایان دەبن سیفەتی سەرکردایەتییان هەیە

زانیارییەکان کە ئاژانسی ئانادۆڵو وەریگرتووە لە ئیبراهیم جەلال-ەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە هەریەک لە دەستەواژەکانی مەکتەبی سیاسی، کارگێڕ و سەرکردایەتی، دەگۆڕێت بۆ ئەنجوومەنی گشتی، دەستەی جێبەجێکار.

جگە لەوە هەموو ئۆرگانەکانی تری نێو یەکێتی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەرک و ماف و دەسەڵاتەکانیان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

ئیبراهیم جەلال دەڵێت،” ئەڵقەی پەیوەندیەکانی خوارەوە لەگەڵ سەرکردایەتیدا بەهێزتر دەبێت لەچاو ئەوەی پێشووتر. بەو پێیەش هەریەک لە ئەڵقەکانی ئەندامانی کۆمیتە دەتوانێت بیروڕاکانی خۆی بگەیەنێتە ئەنجوومەنی گشتی کە هاوکات خۆی ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا.هەر ئەمانەش دەتوانن بەپێی دەنگدان، ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی دیاری بکەن، واتە تا ئەنجامدانی کۆنگرەی داهاتوو ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی گشتی نامێننەوە، دەکرێت بەدەنگدان لاببرێن. هاوکات لە پەیڕەودا دیاریکراوە کە ئەنجوومەنی گشتی چەند کۆبوونەوە دەکات لە وەرزێکدا، یان لە مانگێک و ساڵێکدا لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا، هەموو ئەو پێشنیاز و رەخنانەی کە سەردەکەوێت بۆ ئەو ئەنجوومەن گشتییە دەنگی لەسەر دەدرێت.دەتوانێت بەرپرسی مەکتەبی رێکخست بگۆڕێت، ئەویش دوای ئەوەی کە بەرپرسەکە دەکشێنێتەوە بۆ نێو ئەنجوومەنەکە، دواتر لەنێو ئەنجوومەنەکەوە کەسێکی تری شیاو دیاری دەکرێت بۆ بەرپرسی مەکتەبی رێکخستن. ئەویش بە دەنگدان کە زۆرینەی ٦١ دەنگ دەکات لە کۆی ١٢١ دەنگ.”

چۆن ١٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی کارەکان رادەپەڕێنن

لەبارەی چۆنیەتی دانان و دیاری کردنی ١٢١ ئەندامی ئەنجومەنی گشتی-ەوە ئیبراهیم جەلال گووتی،” دیاریکردنی ١٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیش بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا دانراوە لەسەر مافی بەدەستهێنانی (استحقاق)ی مەڵبەندەکان لە شارەکاندا، هەر پارێزگایە و بەپێی مافی بەرکەوتەی (استحقاق)ی هەڵبژاردنی خۆی دەچێتە نێو کۆنگرە، بەوچەشنەش بەشێوەیەک بیر کراوەتەوە ئەگەر بێت و لەو ١٢١ کەسە، ٦٠یان کاری ئۆرگانی نێو رێکخراوەکان بەڕێوەدەبات ئەوەی تری دەمێنێتەوە وەک ئەنجوومەنی یاسایی، یان وەک پەرلەمانێتک چاودێری کارەکانی ئەو کەسانەی تر دەکات. ئەمەش جۆرێک لە لامەرکەزیەت دەدات بە مەڵبەندەکان لە پارێزگاکان. جارێکی تر استحقاقی شارێک استحقاقی شارێکی تر ناخوات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو کراونەتەوە بەرکەوتەی ناوچەکان لە ئەندامانی سەرکردایەتی ی.ن.ک بەراورد بە کۆنگرەی پێشوو بەم شێوەیە دەبێت.

سلێمانی لە ١٣ ئەندامەوە دەکرێتە ٢٣ ئەندام کە تییدا ١٠ ئەندام زیاد کراوە، لە شارەزوور لە کۆنگرەی سێهەمدا ٤ کەس دیاری کرابوو لەئێستادا دەکرێتە ٦ کەس، گەرمیان لە ٣کەسەوە کراوەتە ٤ کەس، چەمچەماڵ لە ١ کەسەوە دەکرێتە ٣ کەس، هەولێر لە ٦ کەسەوە دەکرێتە ١٥کەس، کۆیە لە ٣ کەسەوە دەکرێتە ٤ کەس، سۆران لە ٣ کەسەوە دەکرێتە ٥، کەرکووک لە ٧ کەسەوە بۆ ٢٩ کەس بەرکراوەتەوە کە ٢٢ ئەندام زیاد کراوە، دیالە لە کۆی ٥ ئەندام کە لە کۆنگرەی سیهەمدا دەستنیشان کرابوون هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، لە سەڵاحەدین کە پێشتر هیچ کەسیان بۆ دەستنیشان نەکرا ئێستبا ٢ ئەندامی دەێت، لە راپەڕین لە ٤ کەسەوە بۆ ٩ کەس زیاد کراوە لە دهۆک لە کەسێکەوە بۆ ٣ کەس زیاد دەکرێتە، لە بەغداد لەکۆنگرەی سێهەمدا هیچ ئەندامێکیان نەبووە دەکرێتە ١ ئەندام.

چاوپێکەوتن

“بەرزكردنەوەی بەرگریی لەشمان، لەگرنگترین ئەو كارانەن كە بۆ خۆپارێزیی دەبێت ئەنجامیان بدەین”


خەڵك -ئارام سەردار

پسپۆڕێكی چارەسەری نەخۆشی بە گیادەرمان و خۆراكی سروشتی، سەبارەت بە بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ئاماژە بەجۆر و شێوازی بەكارهێنانی خواردنەكان دەدات، (د. بەدر سورچی) لەبارەی منداڵان و كەسانی بەتەمەن و نەخۆش ڕێنمایی دەدات تا چی بكەن بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەشیان و پاراستنیان.

خەڵك: نیشانەكانی توشبوون بەكۆرۆنا چۆن لەنەخۆشیی و پەتای دیكە جیا بكەینەوە؟

د.بەدر سورچی: نیشانەكانی تووشبوون بەم ڤایرۆسە Covid_19 لە نێوان ٤ -١٤ ڕۆژە، زۆرجار زیاتر دەخایەنێت، هەندێك لە نیشانەكانی وەك هەڵامەتێكی وەرزی ئاسایی دەردەكەون، لەوانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و دروستبوونی ئاوی لوت هەوكردن و پژمینی زۆر، دوای چەند نیشانەیەكی توند كە ئەوانیش كۆكینی بەئازار و وشك، ئازاری ماسولكەكان و تەنگەنەفسی و ئازاری سینگی بەدوادا دێت.

خەڵك: تەمەنێكی دیاری كراو هەیە بۆ توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا؟

د.بەدر سورچی: ئەم پەتایە، هەموو ڕەگەز و تەمەنێك دەگریتەوە، بەڵام زیاتر لەئەوانەی بەرگریی لەشیان لاوازە و بەساڵاچوون و ئەوانەی نەخۆشییە دریژخایەنەكانی وەك نەخۆشی دڵ، فشاری خوێن، شەكرە و نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە و گورچیلەیان هەیە تووشبوونیان زیاترە، بەڵام ئەوانەی بەرگری لەشیان بەهێز بێت لەوانەیە هەڵگری ڤایرۆسەكەبن، بەڵام نیشانەكانیان پێوە دیارنەبێت.

خەڵك: چۆن خۆمان بپارێزین ؟

د.بەدر سورچی: پاك و خاوێنی و جێبەجێ كردنی هەموو ڕێنماییە تەندروستیەكان بەرنەكەوتن بە كەسانی تووش بوو، بەرزكردنەوەی بەرگریی لەشمان، لەگرنگترین ئەو كارانەن كە بۆ خۆپارێزیی دەبێت ئەنجامیان بدەین.

خەڵك: زۆر باس لەبەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش دەكرێت، چۆن ئەو سیستمە بەهێز بكەین.

د.بەدر سورچی: هۆكار زۆرن بۆ بەهێزكردن، لەوانە، نەخواردنی خۆراكە ناسروشتیەكان، نەخواردنی خۆراكی قووتووبەند و سووركراوە و خواردنەوە گازیەكان و شەكری سپی، بەگشتی هەر خواردنێكی لەقوتوكراو گەر ماددەی پارێزبەندی تێدا بێت، كاریگەریی لەسەر بەرگریی لەش هەیە و دایدەبەزێنێت، چونكە ماددە كیمیاوییەكانی ناو خۆراكی لەقوتوو نراو، هەڵدەستن بەسەرقاڵكردنی سیستمی بەرگری لەش، شتێكی دیكە هەیە كە ئەویش هۆكاری دەروونییە، گرنگە ئاگاداری باری دەروونیمان بین كاتێك مرۆڤ قەلەق دەبێت و دەشلەژێت، هۆرمۆنەكان و سیستمی دەمارەكان تێكدەچێت، لەو ساتەدا بەرگری لەش تێكدەدات، بۆیە كاتێك مرۆڤ ترسی هەبوو، دەیتۆقێنێت و تێكی دەدات، ئەم هۆكارانە زۆر گرنگن كە دەبێت مرۆڤ ئاگاداری بێت.

باشترین كارێكیش بۆ بەرزكردنەوەی سیستمی بەرگریی لەش، خواردنی میوەجاتەكان و خۆراكە سروشتییەكانە، هەر خۆراكێك بە ئاستێك بەشداریی دەكات لە بەرزكردنەوەی بەرگری لەش، بۆ نموونە؛ ئەوانەی ڤیتامین سی-یان تێدایە وەك مزرەمەنییەكان و بیبەری سەوز، كیوی .

لەم ڕووە وە، یەكەم كارمان ئەوەیە میوەجاتەكان بخۆین بەڵام چۆن بیخۆین؟ ئەو میوەجاتانەی كە دەیخۆین، وەكو میوەیەك هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكەیت و دەیخۆیت، بەڵام كاتێك وەكو شەربەت خواردتەوە ماددەكان بە تەواوی سوودی لێوەردەگریت و باشترە لەوەی بە شێوەیەكی ئاسایی دەیخۆیت، كاتێك دەیكەیتە شەربەت سەرجەم ماددەكانی ناو میوەكە دەشكێتەوە و زیاتر سوودی لێدەبینیت، خۆراك و گیادەرمانەكان هەندێك ماددەیان تێدایە كە پێی دەڵێن بەروبوومی دووەم (secondary product) بریتین لە؛ ئالكەلۆید (Alakloid ) تێرپینۆید (Terpenoid)، فینۆلۆیك كۆمپاوند (Phenolic compounds ) ئەو سێ ماددەیە ڕۆڵی دەرمان و بەرگریی لەش دەگێڕن، هەروەها گیادەرمانەكان بەهەمان شێوە وەكو میوە و خۆراك هەمان شتە.
میوەكان دوو تایبەتمەندی لەخۆ دەگرن كە هەم خواردنن و هەمیش دەرمانن، بەڵام گیادەرمان تەنها دەرمان و چارەسەرە، لە میوە و خۆراك بەهێزترە.
بۆیە لەكاتی نەخۆشی پێویستە هەوڵ بدرێت گیادەرمانەكان بەكاربهێنرێن بەمەرجێك بەشێوەیەكی زانستی بەكاری بهێنێت و دۆزێكی سنووردار وەرگرێت.
ئەو چەند ماددەیەی كە لە سەرەوە باسم كرد بناغەی بەرگریی لەشن و بەروبوومی دووەمیان پێدەوترێت، ئەو پێكهاتانە بەسەدان ماددەی بچووك لەخۆدەگرن، هەڵدەستن بە بەهێزكردنی بەرگری و خاوێنكردنەوەی لەش لە ژەهر و میكرۆب.

گەر بەراوردێك بكەین لەنێوان گیادەرمان و ئەنتی بایۆتیك، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە ئەنتی بایۆتیك تەنها میكرۆبەكە دەكوژێت، بەڵام گیادەرمان دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بەرگری لەش و لەناوبردنی میكرۆبەكانیش.

خەڵك: چۆن سوود لەگیا دەرمان وەربگیرێت؟

د.بەدر سورچی: گیا دەرمانەكان هەمە چەشن و هەمە جۆرن، هەر یەكەیان بەڕێگەی جیاواز سوودیان هەیە بە مەرجێك لە ژێر چاودێری كەسی پسپۆڕ بەكاربێن، بۆ نموونە “نیو كەوچكی چا ڕەشكە، 1 كەوچكی زەڵاتە جاترە (زەعتەر)، 1كەوچكی چا مێخەك ، 1 كەوچكی چا زەنجەفیل لەگەڵ لیمۆ و هەنگوین بۆ سەرجەم هەڵامەتەكان بەسوودە و كاریگەری باشی هەیە”.

هەروەها “1 كەوچكی چا زەنجەفیل لەناو ئاودا دەكوڵێنرێت، دواتر چارەكێك ئاوی لیمۆی تێدەكرێت لەگەڵ كەوچكێكی زەڵاتە هەنگوین، تێكدەدرێت و رۆژانە 3 جار پێش ژەمەكانی خواردن دەتوانرێت بخورێتەوە لەگەڵ 2 پەرداخ ئاو، ئەمەیان بۆ كاتی نەخۆشییە، لە كاتی ئاساییش دەكرێت ڕۆژانە جارێك ئەم تێكەڵەیە بخورێتەوە بۆ بەرزكردنەوەی بەرگری لەش.

هەروەها زەردەچەوە یەكێكە لە ئەنتی بایۆتیكە هەرە گرنگەكان و لەناو چێشتەكانیش بەكاردێت، لەلایەن گیادەرمانناسانەوە بە زێری زەرد ناسراوە.
هێل و دارچین یەكێكن لە گیادەرمانییە هەرە گرنگەكان كە رۆژانە یەك كەوچكی چا دەتوانرێت بخورێت و شتێكی پێویستە، جگە لە بەرگری لەش، رێژەی شەكر لە لەشی مرۆڤ هاوسەنگ دەكات وەكو ئەنسوولین.

گەر دارچین لە چا بكەیت، ئەستەمە تووشی نەخۆشی شەكرە بیت، مەگەر بۆماوەیی بێت”.

لەهەمان كاتدا “گوڵە حاجیلە بۆ هەڵامەت و پارێزگاریی لە سییەكان و ڕیخۆڵە و گەدە، هەم ئەنتیبایۆتیكە و هەمیش چارەسەرێكی زۆر باشە.

لەئێستادا دەتوانین ڕۆژانە 3 جار چایی گوڵە حاجیلە بخۆینەوە، چۆنیەتی درووستكردنیشی بریتییە لە تێكردنی كەوچكێكی زەڵاتە گوڵە حاجیلە لەناو پەرداخێك ئاوی گەرم، دواتر دەیپارزنیت و دەیخۆیتەوە، هەر نەكرا دەتوانیت تەنها شەوان بەر لە نووستن پەرداخێكی لێبخۆیتەوە.

جگە لەوەش، “ڕۆنی زەیتوون 1 كەوچكی شێو و 1 كەوچكی چا زەیتی ڕەشكە یەكێكن لە ئەنتی بایۆتیكەكان و شتێكی زۆر زۆر چاكە بە بەردەوام بیخۆیت، ئەم پێكهاتەیە لەشت لە ژەهراویبوون پاكژ دەكاتەوە، چونكە زیاتر لە 70 ماددەی بەروبوومی دووەم لەخۆ دەگرێت”.

خەڵك : زۆر باس لە ڕەشكە و زەیتون و هێل و دارچین….هتد دەكرێت، گرنگی ئەم پێكهاتانە چین؟

د.بەدر سورچی: ڕەشكە یەكێكە لە گیا دەرمانەكان كە نرخەكەشی زۆر هەرزانە و مرۆڤ دەتوانێت ڕۆژانە نیو كەوچكی چا بە بەردەوامی كاتی بەیانییان بخوات. زەیتوونمان هەیە دەتوانین وەكو خۆی بەكاری بهێنین و ئەویش هەمان كارمان بۆ دەكات، كەموون و كەبابە و كەزبەرە و گژنیش-یش گیادەرمانی دیكەن كە بە هەمان شت سوودیان هەیە بۆ لەشی مرۆڤ.

لەهەمووی گرنگتر پێویستە بە دۆزێكی دیاریكراو بەكاربێت، بۆ نموونە رۆژانە 3 دانە تۆوی هێل بەكاربهێنێت، بە ئاسانترین شێوە مرۆڤ دەتوانێت بیخاتە دەمی بەر لەوەی بچێتە دەرەوە كە ئەمەیان دەبێتە هۆی پاككردنەوەی دەم و بەهێزكردنی بەرگری لەشی.

قاوە یەكێكە لەو خۆراكانەی كە بەرگری لەش بەرز دەكاتەوە، ئەنتی ئۆكسیدی زۆری تێدایە كە سەرجەمیان دژە ژەهرن، چای سەوز شتێكی هەرزانە و بەهەمان شێوە بەرگریی لەش بەهێز دەكات و بەسوودە بۆ مرۆڤ.

خەڵك: سەوزەكان چ گرنگییەكیان هەیە؟

د.بەدر سورچی: سەوزەوات بۆ بەرگریی لەش، “كەنگر، تۆڵەكە، كوزەڵە، نەعنا، پونگە، شویت، كەلەمی سوور، بڕۆكلی، قەرنابیت، پیاز و سیر هەموویان بەرگریی بەهێز دەكەن، بەتایبەتی سیر و پیاز زۆر گرنگە، گەر بەیانیان و شەوان بتوانیت یەك دەنك سیر بیخۆیت زۆر گرنگە بەتایبەتی لەگەڵ هەنگوین و رۆنی زەیتوون.

نیوەڕۆش گەر بتوانێت لەگەڵ زەڵاتە پیاز بخورێت شتێكی زۆر باشە، دەرمان و چارەسەریی گیادەرمانی گرانیش هەیە كە دەستكەوتنی زەحمەتە، بەڵام من هەمیشە ئامۆژگاریی جێگرەوەی ئەوانە دەدەمە نەخۆشەكانم، هاوكات چەرەزاتیش فاكتەرێكی گرنگە و بەخاوی دەرمان و چارەسەرە بۆ ژمارەیەك لەنەخۆشییەكان. هەمووئەوانەی ئاماژەم پێدان، سەرچاوەی سەرەكی لەخۆدەگرن بۆ لەشی مرۆڤ و سەرچاوەی سەرەكین بۆ ڤیتامین D دەتوانرێت رۆژانە تەنها یەك پیاڵە لە سەرجەم جۆرەكان بخورێت واتە دوو دانە فستق، دوو دانە باوی و هتد.. بەو شێوەیە.

گەر ورد بكرێت و لەگەڵ هەنگوین بخورێت شتێكی باشە، خوادنی تەحین و هەنگوین ماست و گوێز كە هەم خۆراكە و هەمیش دەرمانە بۆ نەهێشتنی هەستیاری قورگ و بەرزكردنەوەی بەرگری لەش زۆر زۆر گرنگە.

خەڵك: كەسانی بەساڵاچوو بەشێكن لەوانەی مەترسیان لەسەرە، بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەشی ئەوان چی پێویستە؟ بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەك پەستانی خوێن و شەكرە ….هتد.

د. بەدر سورچی: بەساڵاچووەكان دەبێت زیاتر چاودێری بكرێن و ڕۆژانە هەوڵبدرێت زیاتر خواردنی سروشتیان پێ بدرێت وەك سەوزە و میوەكان، وە كەمتر خواردنی شەكر و چەوری و پڕۆتینات بخۆن .

خەڵك: منداڵان چیان پێ بدرێت بۆ بەهێزی بەرگری لەشیان؟

د.بەدر سورچی، سەبارەت بە منداڵان تابكرێت دووربخرێنەوە لەچیپس و شكوڵاتەو خواردنە ناسروشتیەكان، ڕۆژانە شەربەتیان بۆبكەن لەو میوانەی حەزیان پێیە و زەلاتەی میوەیان بۆ دروست بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ئالان فەرەیدوون چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان ئاشکرادەکات


خەڵک – نزار جەزا

سەبارەت بەچارەنووسی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان لەهەرێمی کوردستان (خەڵک) گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەنجامدا، کە تێدا باسی لەئەوەکرد، خوێندنی ئۆنلاین سەرکەوتوونابێت، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە ئاسایی نەبێتەوە بژاردەی خوێندنی ئەلیکترۆنی جێبەجێدەکەن، هاوکات وردەکاری زیاتری لەبارەى گرفی یاسایی خوێندنی ئەلیکترۆنی و چۆنیەتى ئامادەکارییکانی زانکۆ بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی و چەند وردەکارییەکی دیکەوە خستەڕوو.

   هەموو هەوڵێک بۆئەوەیە خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان نەفەوتێت

ئالان فەرەیدوون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆئەوەیە خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان نەفەوتێت، چونکە نزیکبوونەتەوە لەکۆتایی خوێندن، بۆیە لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا بەسەرۆکی زانکۆکان وتراوە، تاکو بەرواری ١٥/٤/٢٠٢٠ ئامادەکاری بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی بکەن، کە ئەم شێوازە لەخوێندنی ئۆنلاین جیاوازە، بەجۆرێک مامۆستاکە وانەکانی بەشێوەى ڤیدیۆ ئامادەدەکات و لەسەر وێبسایەتى زانکۆ یان یوتیوب بڵاویدەکاتەوە، بۆئەوەی خوێندکاران بیبینن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو وانەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان مامۆستا و خوێندکار لەڕێگەی ئیمەیڵ یان هەر ڕیگەی دیکە دەبێت، بۆئەوەی هەر پرسیارێک هەبێت مامۆستا ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات.

ئالان فەرەیدوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانى

بۆ چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان سێ بژاردە لەبەردەستە، کە ناوبراو ڕوونکردنەوەی زیاتری لەبارەوەدا و وتی: “بژاردەی یەکەم ئەوەیە کە پاش تەواوبوونی قەدەغەى هاتوچۆ لە١٠ی نیساندا دەست بەخوێندنی ئاسایی بکەینەوە، بژاردەی دووەم ئەوەیە کە ئەگەر دۆخەکە درێژەى کێشا لەمانگی پێنج یان شەش دەست بەدەوامی ئاسایی بکەینەوە، ئەگەر ئەمەش نەکرا، لەبژاردەی سێهەمدا لەپێناو ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێ لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کارەبا و ئینتەرنێت، خوێندنی ئەلیکترۆنی پەیڕەودەکەین”.

 

     بۆ چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان سێ بژاردە لەبەردەستە

 

وتیشی:”ئەگەر بژاردەیەکی دیکەش هەبێت بۆ خزمەتى خوێندکاران لەهاویندا، ئەوا ئامادەن، بەڵام وەک خوێندنی ئەلیکترۆنی کە داوامان لێکراوە ئامادەکاری خۆمان دەکەین و لەماوەی ئەم ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژەدا ئامادەکارییەکان ئاڕاستەی وەزارەتى خوێندنی باڵا دەکەن، بۆئەوەی هەر بڕیارێکی پێویست هەبێت لەبارەیەوە بیدەن”.

   خوێندنی ئەلیکترۆنی چارەسەری یاسایی هەیە

ناوبراو لەبارەى گرفتى یاسایی خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە ڕوونیکردەوە، ئەم بابەتە لەوەزارەت باسکراوە، بەڵام نابێتە گرفت، چونکە لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیران یاخود سەرۆکایەتی هەرێمەوە دەتوانن بڕیارێکی بۆ دەربکەن و گۆڕانی یاسای پێویست نییە، لەلایەکی دیکەوە ئەم شێوازی خویندنە بەمانای ئەوەنایەت هەموو خوێندن بکرێتە ئەلیکترۆنی، بەڵکو چوار هەفتەى کۆتایی ساڵ دەکرێتە ئەلیکترۆنی وەک پاڵپشتییەک بۆ خوێندنی ئەمساڵ.

ئالان فەرەیدوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانى

ئالان فەرەیدون، لەبارەى چۆنیەتى ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان ئاماژەى بەئەوەدا، تاکو ئێستا باس لەشێوازی تاقیکردنەوەکان نەکراوە، بەڵکو ئەوەی ئێستا مەبەستیانە تەواوکردنی ئەو وانانەیە کە دیاریکراوە خوێندکار بیانخوێنیت، دواتر گفتوگۆ لەسەر شێوازی تاقیکردنەوەکان دەکرێت.

    چۆن پڕۆژەى کۆتایی قۆناغی چوارهەمی زانکۆ و پەیمانگاکان پێشکەش دەکرێت؟

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەوەشی باسکرد، لەمانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە زۆر بەباشی دەست بەخوێندنی کراوە و لەزانکۆکەیان بەڕێژەى لەسەدا ٩٠ خوێندن تەواوکراوە، بۆیە ئەم چوار هەفتەیەش گرفتێکی وا نابێت کە بەئەلیکترۆنی بخوێندرێت.

 

لەبارەى پڕۆژەى قۆناغی کۆتا ساڵی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە ناوبراو ڕوونیکردەوە، ئەم بابەتە کەمترین گرفتی تێدایە و بەئاسانی چارەسەردەکرێت، چونکە تاقیکردنەوەی تێدانییە، بۆیە لەئەنجومەنى کۆلێژ و پەیمانگاکانیشەوە ڕاپۆرتیان پێگەیشتۆتەوە، کە دەتوانن پڕۆژەکان بکەنە ئەلیکترۆنی، بەجۆرێک مامۆستا و خوێندکار ڕاستەوخۆ ئاگاداری یەکتربن و سیمینارەکەش لەجیاتى ئەوەی پێشکەش بکرێت، سیمینارەکە ئامادەبکرێت و بۆ مامۆستا بنێردرێت.

 

باسی لەئەوەشکرد، وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکیش لیژنەیەکی باڵایان بۆ ئامادەکاری ئەم پرسە پێکهێناوە و لەئێستاشدا ڤیدیۆی فێرکاری بۆ مامۆستایان ئامادەکراوە و بڵاوکراوەتەوە، بۆئەوەی هاوکاری مامۆستایان بێت لەچۆنیەتی ئامادەکردنی وانەى ئەلیکترۆنی.

    ڕاپرسی لەناو خوێندکاراندا کراوە

ئەوەشی خستەڕوو، هاوکات ڕاپرسییەکیان ئەنجامداوە، بۆئەوەی ڕای خوێندکاران و مامۆستایان وەربگرن، لەبارەى خوێندنی ئۆنلاین و خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە.

 

لەبەرواری ٢٥/٢/٢٠٢٠ەوە دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگیراوە، هاوکات لەبەرواری ١٤/٣/٢٠٢٠ەوە قەدەغەى هاتوچۆ لەهەرێمی کوردستان بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ڕاگەیەندراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

كۆرۆنا مانای چییە؟
چەند زانیارییەكی ورد و نەبیستراو لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا


خەڵك-ئارام سەردار
پزیشكێكی شارەزا لەتەندروستی گشتی ئاماژە بەمێژوو و سەرهەڵدانی نەخۆشیە ڤایرۆسیەكان دەكات، دكتۆر فەیسەڵ عارەب، پزیشكی شارەزا لەتەندروستی گشتی لەدیمانەیەكی لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك) دەڵێت، یەكەم بەڵگەی هەبوونی ڤایرۆسیش لەو تاقیكردنەوەیەدا دەركەوت كە زانا (دیمتری ئیڤانۆفسكی 1864 – 1920) لەسەر گەڵای ڕووەكی تووتن كردی، لەبارەی كۆڕۆناش وتی، خێزانی كۆڕۆنا بۆ یەكەمجار لەساڵی 1960 دا دۆزرایەوە و بەدرێژایی لێی كۆڵراوەتەوە.

خەڵك: دۆزینەوە و مێژووی كۆڕۆنا و ڤایرۆسەكان دەگەڕێتەوە بۆ كەی؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەچین و هەندێك وڵاتی دیكەوە كەوتە ناو هاوڵاتیان. مێژووی دۆزینەوەی میكرۆبی (ڤایرس) Virus زۆر كۆن نیە هەرچەندە ڤایرۆس لەهەموو شوێنێكی سەر ئەم زەویە هەیە و زۆریش بڵاوە. هەردوو زانا (لویس پاستیۆر 1822 – 1895) و (ئیدوارد جینەر 1749 – 1823) بۆ یەكەمجار توانیان لەسەردەمی خۆیان كوتان Vaccine بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشیی خوریكە Smallpox دروست بكەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان نەیاندەزانی كە میكرۆبێك هەیە بەناوی ڤایرۆس كە ئەو نەخۆشیە تووشی منداڵان دەكات، بەڵام یەكەم بەڵگەی هەبوونی ڤایرۆس لەو تاقیكردنەوەیەدا دەركەوت كە زانا (دیمتری ئیڤانۆفسكی 1864 – 1920) لەسەر گەڵای ڕووەكی تووتن كردی، بەوەی گوشراوی ئەو گەڵایانەی كە تووشی نەخۆشیەك ببوون بەناوی Tobacco mosaic disease بەناو پاڵێوەریەكی (فیلتەرێكی) تایبەتدا برد كە نەیدەهێشت بەكتریا بەناو كونیلەكانیدا تێپەڕێ، كاتێك ئەو پاڵاوتەیەی دەستی كەوت بەسەر گەڵای تووتنی بێ نەخۆشی داكرد، بینی گەڵایەكان تووشی هەمان نەخۆشی بوون، بۆیە زانای هاوەڵی (مارتین بێژەرینگ 1851 – 1931) ئەو پاڵاوتەیەی ناونا ڤایرۆس (كە لەزمانی كۆن بەمانای ژەهر یان پاڵاوتە دێ).

خەڵك: لێكۆڵینەوەكان لەسەر ڤایرۆس بەچی گەیشتن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ئەم دۆزینەوەیە لەمێژوودا بەسەرەتای پەیدابوونی زانستی خوێندنی ڤایرۆس Virology دادەنرێ. ئەوكات وادەزانرا كە ڤایرۆس مادەیەكی شلە، بەڵام لێكۆڵینەوەكانی دواتر دەریانخست كە میكرۆبەكە لەسەر شێوەی دەنكۆڵەیە، هەروەها لەبەر ئەوەی ڤایرۆس زۆر بچووكە، بۆیە ئەوكات نەتوانرا بەوردبینی رووناكیی ئاسایی ببینرێ Light Microscope. هەتا ساڵی 1931 كە بۆ یەكەمجار وردبینێكی ئەلیكترۆنی Electron Microscope دروستكرا كە دەیتوانی تەنەكان بۆ 400 ئەوەندەی قەبارەی خۆیان گەورە بكا و بەمەش ڤایرۆس بینرا، لەبەر بچووكیی، قەبارەی ڤایرۆس بە (نانۆمەتر) دەپێورێ كە هەر یەك نانۆمەتر یەكسانە بە یەك هەزار ملیۆن بەشی مەترێك (یەك لەملیار بەشی مەتر). زۆربەی ڤایرۆسەكان لەنێوان 20 بۆ 200 نانۆمەتر درێژن.

خەڵك: ڤایرۆسەكان چەند جۆریان هەیە؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسەكان زۆر شێوەی جیاوازیان هەیە. هەتا ئەوڕۆ پتر لە 5000 ڤایرۆس دەستنیشان كراون بەڵام باوەڕ وایە ژمارەیان لەیەك ملیۆن جۆر پتر بێ، بەگشتی ڤایرۆس (بەدانەیەك دەگوترێ Virion) لە ناوكێك پێكدێ كە مادەی بۆماوەی تێدا هەڵگیراوە. ئەو ناوكەش بەپەردەیەك دەورە دراوە پێی دەگوترێ قەپێلك Capsid. لەهەندێك ڤایرۆسدا لەدەرەوەی ئەو قەپێلكەش پەردەی دیكەی لەپرۆتین و شەكر و چەوری دروستكراو هەیە كە بەزۆری لەخانەی زیندەوەران وەریگرتووە لەكاتی زۆربوونی لەناو ئەو خانانەدا. ڤایرۆسەكان شێوەشیان جیاوازە، هەیانە خڕ و هەشیانە درێژووكانی و هەیە چەند لایە و چەند رووی هەیە.

خەڵك: چۆن پۆلێن دەكرێن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بۆ پۆلێنكردنیان ڤایرۆسەكان دەكرێنە دوو پۆلی سەرەكی بەپێی مادەی بۆماوەی ناو ناوكەكەیان. ڤایرۆسەكان ماددە بۆماوەییەكەیان یان لەجۆری RNA یە یان لەجۆری DNA. ئەوجا ئەو مادە بۆماوەییەش لەهەندێكیان كورت و لەهەندێك درێژترەو لەهەندێكیان ڕستەیەكی ڕێكوڕاستە و لەهەندێكی دیكەیان پێچاوپێچ یان بازنەییە.
بێجگە لەوەش ڤایرۆسەكان لەسەر بنەمای شێوەو قەبارەش پۆلێن دەكرێن و هەندێكجار لەسەر بنەمای ئەو نەخۆشیانەشی كە پەیدای دەكەن دابەش دەكرێن، هەرچەندە بەگشتی زانایان هێشتا لەسەر پۆلێنكردنی تەواوی ڤایرۆسەكان ڕێك نەكەوتوون، چونكە هەر ڕۆژەو شتێكی تازەیان لەبارەوە دەدۆزرێتەوە، بەڵام بەگشتی ڤایرۆسەكانیان دابەش كردووە بۆ چەند خێزانێكFamily و هەر خێزانەی بۆ چەند ڕەگەزێك Genus و هەر ڕەگەزەش بۆ چەند ڕێچكەیەك Species هەر ڕێچكەیەكیش بۆ چەند زنجیرەیەك Strain.

خەڵك: ڤایرۆسەكان لەخانەی زیندوو یان نازیندوو زیاتر دەژین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆس لەدەرەوەی خانەی زیندوودا ناژی و هیچ نیشانەیەكی ژیانی لێ نابینرێ وەكو: هەناسەدان و گەشەكردن و زۆربوون…هتد. دەكرێ لەتاقیگەشدا وەكو كریستاڵ هەڵبگیرێ. بۆیە زاناكانی زیندەوەرزانی، بەتایبەتی ئەوانەی بڕوایان بەبیردۆزی گەشەسەندن هەیە، پێیان وایە ڤایرۆسەكان ئەڵقەیەكن لەنێوان مادەی نازیندوو و مادەی زیندوو و زنجیرەی گەشەكردنەكانیان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و دەتوانن تووشی هەموو خانەیەكی زیندوو ببن، هەر لەبەكتریاوە بگرە تا دەگاتە زیندەوەرە یەكخانەییەكان و ڕووەك و هەموو گیاندارەكان بەمرۆڤیشەوە. هەروەها ڤایرۆسەكان هەر جۆرەو تایبەتمەندیەكی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە تایبەتە بەجۆرە شانەیەكی لەش Tissue Specific. بۆیە زۆر جۆرە نەخۆشیی ڤایرەسی هەنە، لەوانە: ڤایرەسی تایبەت بەنەخۆشیی پێست (بۆ نموونە: تامیسكە). ڤایرەسی جگەر (بۆ نموونە ڤایرەسەكانی سووتانەوەی جگەر كە چەند جۆرێكی هەیە لەوانە: A، B، C، D..)، ڤایرەسی كۆئەندامی هەناسە و سیپەلاكەكان (بۆ نموونە: ڤایرەسەكانی ئەنفلەوەنزا و كۆڕۆنا)، ڤایرەسی مێشك و دەمارەكان (بۆ نموونە: ڤایرەسی ئیفلیجی منداڵان)… تد. تەنانەت ڤایرەسی تووشبوون بەشێرپەنجەش هەیە (بۆ نموونە: نەخۆشیی لیمفۆما و هەندێك جۆری لوكیمیا).

خەڵك: ڕێگەكانی گواستنەوەی ڤایرۆس بۆ مرۆڤ جیاوازن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڕێگەكانی تووشبوون و گواستنەوەی ڤایرۆسەكان جیاوازن و هەر جۆرەو ڕێگەی تایبەت بەخۆی هەیە. بۆ نموونە، ڤایرۆسی كۆئەندامی هەناسە لەڕێی پڕیشكی دەم و كۆكەوە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسی جگەر هەیە لەڕێی خواردن و خواردنەوە و هەشیانە لەڕێی دەرزی لێدان و خوێن گواستنەوە و نەشتەرگەریی دیكەوە دەگوازرێنەوە، نەخۆشیە سێكسیەكانی ڤایرۆسی وەكو ئایدز لەڕێی كاری سێكسكردنەوە دەگوازرێنەوە.

خەڵك: بنەمای ناونانی ڤایرۆسەكان چین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ناونانی زانستیی ڤایرۆسەكان لەسەر بنەمای ئەو مادە پڕۆتینیانەی لەناو خوێندا كاریان تێدەكا ناودەنرێن، بۆ نموونە: ڤایرەسی H1N1 لەوشەكانی Hemagglutinin &Neuraminidase هاتووە كە ژمارەكانیشان دەگۆڕێن بۆ 1و 2و 3 و4…هتد

خەڵك: لەبارەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا چی دەڵێن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسی كۆڕۆنا تایبەتە بەتووشكردنی شانەكانی كۆئەندامی هەناسەدان، بەتایبەتیش ئەو خانانەی كە لەڕێبازی هەناسەدانن و مەمیلەیان هەیە بۆ گلدانەوەی هەر شتێك كە لەگەڵ هەناسە وەرگرتن بچێتە ژوورەوە. باوەڕ وایە كە لەسەرەتاوە ئەو ڤایرۆسە هی گیانداران بووە و دوایی بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە و پاشان وای لێهاتووە بتوانێ لەمرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی دیكە بگوازرێتەوە، خێزانی كۆڕۆنا بۆ یەكەمجار لەساڵی 1960 دا دۆزرایەوە و بەدرێژیی لێی كۆڵراوەتەوە. ئەو ناوەی كۆڕۆناشی Corona لەوەوە بەسەردا سەپێندراوە چونكە لەپەردەی دەرەوەیدا دڕكی لێ دێتە دەرەوە كە وەكو خەرمانە (جۆخینە)ی خۆر و مانگ وایە. (لەزمانی ئینگلیزیدا كۆڕۆنا واتە ئەوەی دەورەی شتێك دەدا و بۆ تاجی پاشایەتی و دەستوپێوەندەكانی دەوروپشتی بەكارهاتووە).
مادە بۆ ماوەییەكەی ئەم ڤایرۆسە لەجۆری RNAیە و بەدرێژترین رستەی ناو ناوكی ڤایرەسەكان دادەنرێ كە ژمارەی ئەمینەكانی كە پێكی دێنن Amine Bases دەگاتە 26000 هەتا 32000. تا ئێستا چوار رەگەز لەو خێزانە دۆزراونەتەوە كە پیتەكانی ئەلفا و بێتا و گاما و دەلتایان بۆ دانراوە.

خەڵك: جیاوازیان چیە؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: جۆری ئەلفا و بێتا تووشی گیاندارە شیردەرەكان دێن، لەوانە شەمشەمەكوێرە و بەراز و سەگ و مرۆڤیش. جۆری گاما بەزۆری تووشی باڵندەكان دەبن، بەڵام جۆری دەلتا دەتوانی تووشی باڵندە و شیردەرەكانیش ببێ.

خەڵك: نیشانەكان چین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: نیشانەكانی تووشبوون بەنەخۆشیەكە لەگیانداران و باڵندەكان جیاوازن. هەندێك لەو زنجیرە ڤایرۆسانە بەراز و عەلەشیش (قەل) تووشی زگچوون دەكەن، بەڵام نیشانەكانی لەمرۆیاندا زۆرتر بەهەڵامەت دەچێ و رێبازی هەناسەدان دەسووتێنێتەوە.
چەند زنجیرەیەكی بەترس لەم دواییە لەو ڤایرەس پەیدا بوون، لەوانە: ئەو كۆڕۆنایەی ئەمڕۆ كە ناویان لێناوە Covid-19 كە بۆ یەكەمجار لەوڵاتی چین و لەشاری (وهان) پەیدابوو. دەزگا تەندروستیەكانی ئەو وڵاتانە پێیان وایە ڤایرۆسەكە لەمارەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، بەڵام هەندێك دەڵێن لەشەمشەمەكوێرەوە بووە، چونكە یەكەمجار لەناو ئەو كەسانە بینرا كە ڕاوی ئەو گیاندارانە دەكەن و دەیانخۆن.
جۆری SARS لەو ڤایرۆسە یەكەمجار لەساڵی 2003 هەر لەوڵاتی چین وەكو پەتا پەیدابوو، كە هەر جۆرە زنجیرەیەكە لە كۆڕۆنا و سەرەتا لەساڵی 2002 لەشاری (كوانگدۆنگ) دەستنیشانكرابوو.
هەروەها جۆری MERS لەساڵی 2012 لەوڵاتی سعوودیە دۆزرایەوەو نیشانەكانی بریتیبوون لەكۆكە و پشمین و هەناسەسواری و هەندێك لەتووشبووان تووشی زگچوونیش دەهاتن. سەرچاوەی ئەو جۆرەیان دیار نەبوو، بەڵام هەندێك پێیان وابوو لەحوشترەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە.

خەڵك: ئەو كێشانە چین لەڤایرۆسەكانەوە تووشمان دەبن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: كێشەی ئەو نەخۆشیانەی ڤایرۆسەكان تووشمان دەكەن لەوەدایە كە میكڕۆبەكە هەرجارەو بەشێوەیەكی تازە مادە بۆماوەییەكەی خۆی دەگۆڕێ Mutation كە پێشتر جەستەی مرۆڤ نەیبینیووەو نایناسێتەوە بۆ ئەوەی بەرگریی لێبكا. جەستەی مرۆڤ سیستەمی بەرگریی خۆی هەیە كە بێجگە لەپێست و پەردەكانی ناوپۆشی ئەندامەكان، خانە و پڕۆتینیش Antibody دروست دەكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی میكڕۆب و تەنە نامۆیەكانی كە دێنە ناو لەشەوە. هەر میكڕۆب یان تەنێكی نامۆ بێتە ناو لەشەوە، ئەو سیستەمە خانە و پرۆتینی لەدژ دروست دەكا بۆ لەناوبردنی. ئەو خانە و پرۆتینانە هەر دەمێنن ئەگەر كەسەكە چاك ببێتەوەو ئەگەر جارێكی دیكە هەمان میكرۆب روو لەجەستەی بكەنەوە، ئەوا یەكسەر ئامادەن بۆ بەرگریكردن و لەناو بردنی، بەڵام ڤایرۆسەكان كە خۆیان دەگۆڕن، سیستەمی بەرگریی پێشوو نایاناسێتەوە، بۆیە بەرگریان لێناكا. هەتا بەرگریەكی تازەشیان بۆ ئامادە دەكا، ئەوا میكڕۆبەكە كاری خۆی دەكا، هەر لەبەر ئەوەشە هەتا كوتانێك بۆ نەخۆشیەكی لەوجۆرە دروست دەكرێ و دێتە بەرهەم، جۆرێكی دیكەی ڤایرۆس پەیدا دەبێ كە ئەو كوتانە بۆی هیچ سوودێكی نابێ، بۆیە نەخۆشیەكانی ڤایرۆس زۆرتر لەپیر و بەساڵاچوو و نەخۆش و ئەوانەی بەرگریان كەمە بەترسترە و كوشندەترە.
تا ئێستا چەندان دەرمان و كوتان بۆ ڤایرۆسەكانی پێشتر و ڤایرۆسەكانی ئەنفلەوەنزا بەتایبەتی دروست كراون، بەڵام هێشتا هەر خۆپاراستن لەهەموو ئەو رێگایانە باشترە.

خەڵك: هاووڵاتیان چۆن خۆیان بپارێزن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بۆ خۆپاراستن لەهەموو ڤایرۆسەكان و بەڤایرۆسی كۆڕۆناشەوە، پاكوخاوێنی و دووركەوتنەوە لەكەسی تووشبوو و بەكارنەهێنانی كەلوپەلی گومانلێكراو باشترین رێگەیە. هەروەها بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەوەی زانرابێ تەنیا لەڕێگەی پڕیشكی دەمولووت و دڵۆپی هەناسە و لیكاو دەگوازرێتەوە، بۆیە دەمامك بۆ دەمولووت گرنگە، پاشان زوو زوو دەستەكانت بشۆی، بەتایبەتی كە دەست دەدەیە شتێك كە ڕەنگە پڕیشكی دەمی كەسێكی تووشبووی لەسەر بێ. باشترە دەست نەدەیە دەمولووت و ناو چاوت پێش ئەوەی بیشۆی چونكە ڤایرۆسەكە بەسەر پەردەی لینجی ئەو شوێنانەوە دەگیرسێتەوەو دەچێتە ناوەوە. دەستگوشین و ماچكردنیش دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرەسەكە، لەهەمان كاتدا دووركەوتنەوە لەو شوێن و كەسانەی جێی گومانن بۆ مەترێك یان پتر نایەڵێ پڕیشكت بگاتێ، باوەڕ وایە لەڕێی هەواوە ناگوازرێتەوە، واتە لەشوێنێكی دوور بۆ شوێنێكی دیكە بەهەوا ناڕوا.

خەڵك: نیشانەكانی كۆڕۆنا لەماوەی چەند دەردەكەوێت؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسەكە لەو ڕۆژەی كە دەچێتە ناو جەستەوە تا یەكەمین نیشانەی نەخۆشیەكە دەردەكەوێ نزیكەی دوو حەفتەیە (لەزانستی پزیشكی پێی دەڵێن ماوەی هەڵهێنان) Incubation Period. باوەڕ وایە هەر لەیەكدوو ڕۆژی گرتنی ڤایرۆسەكە، ئەو كەسە ڤایرۆسەكە لەپڕیشكی دەمولووتی دەردەچێ و دەگوازرێتەوە. كە نیشانەكانیشی دەردەكەون، سەرەتا وەكو پەسیو (هەڵامەت) وایە، ئاو لەلووت و چاوەكان دێتە خوارێ و كۆكە و پشمین و تا و هەناسەسواری و سینگ ئێشان تا دەبێتە سووتانەوەیەكی تیژی سیەكان و هەناسەدان زەحمەت دەبێ و ئەوجا دەمرێ.
ئەو ئامێرانەی كە بۆ ڕووماڵكردنی خەڵك لەفڕۆكەخانە و شوێنە گشتیەكاندا بەكار دەهێنرێن، ئەوانە جۆرە كامێرایەكن كە بەتیشكی ژێرسوور كاردەكەن و دەتوانن وێنەی كەسێكی كە تای لێبێ لەیەكێكی دیكەی ساغ و بێ تا جودا بكەنەوە، چونكە ڕەنگی كەسی تادار لەسەر شاشەكەی پێشی پشكێنەر جیاواز دەردەكەوێ لەوەی كە تای لێ نیە. ئامێرەكان زۆرجۆر و شێوە و قەبارەیان هەیە و وڵاتی چین هەرخۆی ئێستا كارگەكانی برەویان تێكەوتووە و ڕۆژانە هەزاران لەو ئامێرانە بەرهەم دێنن بۆ خۆیان و وڵاتانی دیكەش. دەڵێن هەستیاریی ئەو ئامێرانە ئەوەندەیە كە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش بەبڕێكی بچووك وەك 0.07ی پلەیەك دەدۆزێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان