ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

شەقام و هێزە كوردییەكانیش بۆچوونی خۆیان هەیە
لەم هەفتەیەدا سودانی بۆ سەرۆك وەزیران كاندید دەكرێت

محەمەد شیاع سودانى

خەڵك- ئیدریس جەبار
ڕۆژنامەیەكی عەرەبی دەڵێت، دوو شەممەی داهاتوو محەمەد شیاع سودانى وەك كەسێتییەكی سەربەخۆ بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی عیراق لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە كاندید دەكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەریەك لە شەقامی عیراقی و هێزە كوردییەكانیش لە پەرلەمانى عيراق، ڕاوبۆچوونی خۆیان هەیە كە پێناچێت وەك كەسێتییەكی پەسەندكراو كانديدكردنى (سودانی) بۆ پۆستەكە قبوڵ بكەن.

ئەمڕۆ شەممە، ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسی عیراقییەوە بڵاویكردەوە”بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لە دوو شەممەی داهاتوودا مەرسومێكی كۆماری دەردەكات و بە فەرمی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت ڕادەسپێرێت”.

بە وتەی سەرچاوەكە، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕكابەرییەكە لەنێوان مستەفا كازمی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری و محەمەد شیاع سودانی پەرلەمانتاردا بوو، بەڵام لە كۆتاییدا سودانی وەك كەسێتییەكی پەسەندكراو لەلایەنفراكسیۆنە سیاسییەكانەوە دەستنیشان كرا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر سودانی بۆ ڕازیكردنی شەقام و وەرگرتنی پۆستەكە، لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبی دەعوەی ئیسلامی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕاگەیاندبوو.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆك وەزیران لەماوەكانی داهاتوودا، خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و پارێزگەكانی تری عیراق، ڕەتیانكردەوە سودانی بە سەرۆك وەزیران قبوڵ بكەن، بەو پێیەی پێشتر سودانى چەندان پۆستی حكومی گرتووەتەدەست و تاكە مەرجی ئەوانیش بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران، “دەبێت سەربەخۆ بێت و پێشتر هیچ پۆستێكی لە حكومەتدا نگرتبێتەدەست”.

خۆپیشاندەران دروشمی (سەربەخۆ نەك دەستلەكاركێشاوە)یان بەرزكردەوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ڕاگەیاندنى دەستلەكاركێشانەوەكەی سودانى لە “حزبی دەعوەی ئیسلامی” و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەركردایەتی دەكرێن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و سەبارەت بە هەڵوێستی هەندێك لە لایەنە كوردییەكان، ئەحمەد حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”سەبارەت بە كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی عیراق، دوو بۆچوونيان هەیە، یەكەم وەك كەسێتی، سودانی كەسێتییەكی بەڕێزە و یەكێكە لەو كەسێتییە سیاسییانەی كە تا ئێستا دۆسێی گەندەڵی ئاشكرای لەسەر نییە، لەگەڵ ئەوەشدا كەسێتییەكی بوێرە، بەو پێیەی پێداگری دەكات لەسەر ڕاوبۆچوونی خۆی، لەبارەی كاندیدكردنیشیەوە بۆ سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراق، ئەوان وەك گروپێك كە لە 15 ئەندام پەرلەمان پێكهاتوون، گروپی كارییان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە”.

بە وتەی ئەحمەدی حاجی ڕەشید:”گروپەكەی ئەوان لە 5 فراكسیۆنی پەرلەمانی پێكهاتووە و پارتی و یەكێتییان لەگەڵدا نییە، بایەتی كانددیكردنی محەمەد شیاع سودانى بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی عیراق لەنێو خۆیاندا تاوتوێ‌ دەكەن و بڕیاری گونجاو دەدەن و پاشان بەڕوونی و بە ئاشكرا بۆ جەماوەری خەڵكی كوردستان و عیراق، ڕایدەگەیەنن”.

محەمەد شیاع سودانی، لەماوەی چەندان ساڵی ڕابردوو، چەندان پۆستی گرتووەتە دەست، لەوانە: وەزیری مافی مرۆڤ لە حكومەتی دووەمی نوری مالیكی، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، و وەزیری پیشەسازی بە وەكالەت، لە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی، ئەندامی حزبی دەعوەی ئیسلامی،  یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی نوری مالیكی، و بە ڕەچەڵەك خەڵكی پارێزگەی میسانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە خولی ئێستای پەرلەمانی عیراق، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە.

راپۆرت

كازمی كەی و چۆن بەشداری هەڵبژاردن دەكات؟

خەڵك- بەشی هەواڵ
شرۆڤەكارێكی سیاسی و بەرپرسی دیسكی عیراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی ڕایدەگەیەنێت، كازمی بە دیاری كردنی ڕۆژی هەڵبژاردن تۆپەكەی هەڵدایە گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسیارێتی سەرشارنی سوك كرد.

د.سەرنگەری سەید قادر، بەرپرسی دیسكی عیراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بڕیاری دیاری كردنی كات و ڕۆژی هەڵبژاردن دەسەڵاتی پەرلەمان و سەرۆك كۆمارە و بڕیاری كازمی بۆ دیاری كردنی ڕۆژی هەڵبژاردن تاكتیكە و لەسەر پیشنیاری ڕاوێژكارەكانی بووە لەبەر چەند هۆكارێك:
١- داواكاری خۆپیشاندەرانی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو كازمیش، كە خۆی بەزادەی ئەو خۆپیشاندانە دەزانێت لە كاتی متمانەپێدانی دا بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختی دا و ئێستاش داواكاری شەقام هەمان داواكارییە و فشارێكی زۆر لەسەر كازمیە.
٢- كازمی بەم هەنگاوەی دەیەوێت دەستكراوە بێت لە لەقاڵبدانی حەشدی شەعبی و پشتیوانی شەقام زیاتر بەدەست بهێنێت.
٣- ڕاگەیاندنی كاتی هەڵبژاردن پێش سەردانی بۆ واشنتن پەیامێكە بۆ حەشدی شەعبی و هێزە سیاسیەكان كە هەڵبژاردنی داهاتوو جیاواز دەبێت.
٤-بەم بڕیارە هێزە سیاسیەكانی توشی ئیحراجیەكی گەورەكرد و ڕووبەڕووی شەقامیان دەكاتەوە چونكە دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەرانە.

– ئامادەكارییەكانی كازمی بۆ ڕێكخستنەوەی سیستەمی حوكمڕانی….
كازمی لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگدا بە پلانێكی تۆكمە كۆمەڵێك كاری ئەنجامداوە كە سەرەتایەكەی باش بۆ گرەنتی كردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوانە:
١- هێزە ئەمنیەكانی ڕێكخستووەتەوە و سەركردە و فەرماندەی هێزەكانی سوپا و وەزارەتی ناوخۆ و هەواڵگری گۆڕیووە
٢- زۆرینەی دەروازە سنورییەكان كۆنترۆڵكردووەتەوە كە سەرچاوەی داهاتی نایاسای میلیشیاكان بوو
٣- كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان گۆڕاوە و سیستەمێكی نوێی هەڵبژاردن پەیڕەو دەكرێت
٤- لەسەر ئاستی چاكسازی سیاسیش هەر لە دیاری كردنی بەرپرسەكانی وەزارەتەكانەوە تا بەڕێوبەڕایەتی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەكان چاكسازی تێدا كراوە بەڵام سنوردارە.

– ئایا لە ئێستا دەرفەت لەبارە بۆ هەڵبژاردن..؟
ئەگەر چی ئەو چاكسازیانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا هەنگاوی گرنگن بەڵام بەس نین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دووبارە نەبوونەوەی سیستەمی سیاسی ڕابردوو كە لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا عێراقی بەم دۆخەی ئێستای گەیاندووە
لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ دا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوە جیهانییەكان و لێدوانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و دانپیدانانی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تەنها سەدا ١٩% ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و بە ڕێكەوتنی هێزە سیاسیەكان بۆ سەدا ٤٤-٤٥% بەرزكراوەتەوە
هەروەها هەڵبژاردنی ڕابردوو وایكرد كە حەشدی شەعبی ٤٨ كورسی لە پەرلەماندا بەدەست بهێنێت كە لە مێژووی ١٥ساڵی پیش هەڵبژاردنی ٢٠١٨ هاوشێوەی نەبووە كە میلیشیا چەكدارەكان بەو ڕێژەیە بچنە پەرلەمان و بەتەواوەتی دەست بەسەر كەرتی ئابوری عێراقدا بگرن و داهاتی عێراق بخەنە خزمەتی پرۆژەی هیلالی شیعی ئێران و دەرهاویشتنی شۆڕش بۆ دەرەوە
هەربۆیە لە ئێستادا كە ئەمەریكا پرۆژەی لەدایك بوونی عێراقێكی نوێی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ڕێگە بە هەڵبژاردن نادات تەنها لە كاتێكدا نەبێت:
١- حەشدی شەعبی سەربە ئێران لە قاڵب بدرێن و سنوریان بۆ دیاری بكرێت بۆ ئەوەی كاریگەریان لەسەر هەڵبژاردن نەبێت و ساختەكاری هەڵبژاردنی پێشوو دووبارە نەبێتەوە
٢- دەبێت پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە یان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەوكات بەپێی مادەی ٦٤ دەستور سەرۆك كۆمار لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا كاتی هەڵبژاردن دیاری دەكات
٣- پێویستە كاتێك كازمی و هاوپەیمانەكانی بچنە هەڵبژاردنەوە كە شوێن پێی خۆی قایم كردبێت و هێزە چەكدارەكانی توندوتۆڵ كردبێت كە توانای ڕێگریان لە گزی و ساختە هەبێت
٤- لەسەر ئاستی كەسیش كازمی هێشتا دەستكەوتەكانی و كارەكانی ئەوەندە نیە كە شەقامی پێ ڕازی بكات و كاری زۆر تری پیویستە
٥- لەسەر ئاستی ناوچەیش ئێران لە ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگ و یەكلایكەرەوەی هەبووە لە دیاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بۆیە دەبێت سەرەتا ڕۆڵی ئێران سنوردار بكرێت ئەویش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دەست پێدەكات و زیاتر لە ٨ مانگی پێویستە بە پێی ستراتیژی ئەمەریكا بۆ بە چۆكداهێنانی ئێران
هەر بۆیە ئەگەر چی بەدیاری كردنی كاتی هەڵبژاردن لەلایەن كازمیەوە تۆپەكەی هەڵدایە گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسیارێتی سەرشارنی سوك كرد بەڵام كارێكی زۆر قورس تری لە پێشە كە ئەویش لە قاڵبدانی حەشدی شەعبی سەربە ئێرانە و دیاریش نیە كە سەركەوتوو دەبێت یاخود نا.

– دەرئەنجام:
١- دیاری كردنی كاتی هەڵبژاردن گرنگە بەڵام بەبێ ئەو مەرجانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێكرا ئەستەمە لە ئەنجام بدرێت
٢- ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٦ وەك ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری كراوە كە پلەی گەرما لەو كاتەدا بەرزە و قوتابخانەكان لەوكاتەدا دەست بە تاقیكردنەوە دەكەن و قوتابخانەكان ناتوانرێت بۆ پرۆسەی دەنگدان بەكاربهێنرێت
٣- هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنی ڕابردوو و خۆری زۆر سەركردەی عێراقی ئاوا دەكات
٤- هەڵبژاردنی ئەمجارە كۆتای بە سیستەمی مەزهەبی و نەتەوەی لە هەڵبژاردن و دابەشكردنی پۆستەكاندا دەهێنێت و هەڵبژاردن قۆناغی مەزهەبگەرایی و نەوەیی بوون تێدەپەڕێنێت
٥- باشترین كات بۆ هەڵبژاردن لە دوای مانگی ئەیلولی٢٠٢١ دەبێت چونكە تا ئەوكات دەرفەت دەبێت بۆ یەكلایی كردنەوەی هاوكێشە ناوچەیی و ناوخۆییەكان
٦- ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٠٢١/٦/٦ ئەگەر مەرجەكانی كەلەسەرەوە باسكرا جێبەجێ كرا ئەگەرێكی كراوەیە
٧- بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان دركیان بە گەمەكەی كازمی كردووە و دەست جوڵە دەكەن بۆ بە تاڵكردنەوەی هێزی كازمی و ڕێگری كردن لەكارەكانی.
٨- بەپێی دەستور هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەسەرداوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یان لەسەر داوای سەرۆك وەزیران بە ڕەزامەندی سەرۆك كۆمار دەبێت و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێویستی بە 50+1 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە و ئەمە ئەستەمە ئەگەر ڕێكەوتنی سیاسی نەكرێت
٩- لە كاتی لێپرسینەوەی پەرلەمان لە سەرۆك وەزیران ئەوا لەو كاتەدا سەرۆك وەزیران ناتوانێت داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات
١٠-لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی دەستور حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە و كار بەڕێكەر دادەنرێت بەپێی دەستور.
١١- ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا بۆ پەسەند كردنی پێویستە بچێتە دادگای فیدراڵ و ئەو دادگایە ئێستا كیشە ناتەواوی ئەندامی هەیە و پێویستە یاسای دادگایی فیدراڵی سەرەتا هەموار بكرێتەوە لە پەڕلەمان بۆ ئەوەی كێشەی یاسای بۆ پەسەند كردنی ئەنجامەكان دروست نەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

پێیوایە 300 ملیار دۆلاری سامانی گشتییان بردووە
نیویۆرك تایمز: ئەمریكا لە عیراق لەگەڵ دزەكاندا مامەڵە دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكایی پێیوایە، چینی سیاسی لە عیراق و بە چاودێری و بەرپرسیارێتی ویلایەتە یەكگرتووەكان، لە گەندەڵیدا ڕۆچووە، لەڕێی دەستگرتنی بەسەر چەندان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت لەڕێی سندوقی یەدەگی فیدراڵی.

ڕاپۆرتەكە دەڵێت، ئامانجی چینی سیاسی گەندەڵ لە عیراق، تەنیا خۆدەوڵەمەندكردنە، چونكە ئەو باندە كە تایەفەگەرییان تێپەڕاندووە، بە باشی لە هونەری دزی و فێڵبازی فێربوون لەسەر هەموو ئاستەكان: كاریی بەلاڕێدابردنی ڕۆتینی لە خاڵەكانی پشكنین، فێڵی بانكی، دزیكردن لە مووچەی حكومی و گرێبەست پڕ لە گەندەڵییەكان.

بە بۆچوونی نوسەری ڕاپۆرتەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی، ئابورییان تەوپاندووە و مامەڵەیان لەگەڵ ئەو كەندەڵكارانە كردووە كە هاوپەیمانی تەقلیدی خۆیانن.

ڕاپۆتەركە باس لە پێدانی لانی كەم 10 ملیار دۆلاری ساڵانە دەكات لەلایەن بانكی یەدەگی فیدراڵی كە داهاتی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەیە بۆ تێپەڕاندنی زۆرێك لە كارەكان، زۆرێك لەوانەش ڕادەستی بانكە بازرگانییەكان كراون كە بە سود و قازانجی ئەوانە دەشكێتەوە كە ماوەیەكی زۆرە خەریكی شۆردنەوەی پارەن لە عیراق.

ڕاپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز) بەقورسی دەزانێت خەمڵاندنی تەواوەتی بۆ ئەو پارەیە بكرێت كە لە عیراقدا دزراوە، چونكە گرێبەستەكان بە نەختینە دەكرێن، بۆیە قورسە بەڵگەنامەكان دەستەبەربكرێن و زۆرجاریش ئامارەكانی حكومەت باوەڕپێكراونیین. لەگەڵ ئەوەشدا زانیارییەكان دەستبەركراوەكان ئاماژە بە تەواوكردنی سەروەرتی نیشتمانی عیراقی دەكەن بەشێوەیەكی نەشیاو لە دەرەوەی وڵاتە و پێیوایە، ئەمەی لە عیراق كراوە لە كەمێك لە وڵاتانی جیهاندا ڕویداوە.

ڕاپۆرتەكە باس لە پیاوێكی دەوڵەتی عیراق دەكات كە ئەزمونێكی دوورودرێژی هەیە لە بواری تەمویل، و هەڵسەنگاندنی نهێنی بۆ ئەنجومەنی ئەتڵەنتی (سەنتەرێكی توێژینەوەی ئەمریكاییە) كۆكردۆتەوە، ئەمەش لەڕێی گفتووگۆ لەگەڵ بانكەكان و لێكۆڵەرەكان و پەیوەندی لەگەڵ گروپی جیاجیا لە وڵاتانی بیانی. ئەو پیاوە گەیشتۆتە ئەو ئاكامەی كە 125 بۆ 150 ملیار دۆلار لەلایەن عیراقییەكانەوە لە دەرەوەی وڵات لە بانكەكاندا دانراون، زۆربەی هەرەزۆری ئەو پارانەش بەشێوەیەكی نایاسایی دەستەبەركراون.

هەروەها هەڵسەنگاندنەكانی تر ئاماژە بەو پارەیە دەكەن و دەڵێن دەگاتە 300 ملیار دۆلار و نزیكەی 10 ملیار دۆلاری پارە دزراوەكەش تەنیا لە وەبەرهێنانی خانوبەرە لە لەندەن بەكاردەهێنرێت. ئەژمار زیانەكان زۆر لەوە زیاترن كە تەنیا لە باجی داراییدا بوەستن، بەڵكو گەیشتوونەتە كلتور و كۆمەڵگەی عیراقی كە بەهۆی گەندەڵییەوە دووچاری داڕمان هاتوون.

هەروەها لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە”یەكێك لە وەزیرەكانی پێشوو كە تەكنیكییە و چەندن ساڵ لە دەرەوەی وڵات بووە، لەگەڵ گەیشتنی بە پۆستەكەی بۆی دەركەوتووە كە وەزارەتەكەی ڤاكسینەكانی بە گرێبەستێكی 92 ملیۆن دۆلاری كڕیوە، بۆیە هەر خۆی شێوازێكی دۆزیوەتەوە كە هەمان ئەو ڤاكسینانەی بە كەمتر لە 15 ملیۆن دۆلار كڕیوە”.

وەزیرەكە وەك (نیویۆرك) تایمز باسی دەكات دەڵێت”لەگەڵ ئەوەی ئەو هەنگاوەم هەڵنا، ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەكی گەورە بوومەوە، هەڵمەتێكی دڕندانە لەدژم بەرپاكرا، بۆیە ناچاربووم دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكەم، دوای ئەوەی خۆم و خێزانەكەم هەڕەشەی كوشتنمان لێكرا”.

ڕۆژنامە ئەمریكاییەكە دەڵێت، ئەو سەركردە سیاسییانەی كە سەرۆكایەتی ئەم كاسبیە نەشیاوە دەكەن زۆر بەباشی ناسراون و هەندێكیشیان هاوپەیمانی دڵسۆزی ئەمریكان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

“زێڕ بۆتە بەربەستی هاوسەرگیری گەنجان”
مامۆستایەكی ئاینی: مارەیی كەسێك نابڕم زیاتر لە 10 مسقاڵ زێڕ داوا بكات

خەڵك – یەحیا حبیب
خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وایكردووە، ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری كەمببێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، مامۆستایەكی ئاینی لە شارۆچكەی شارەزوور ڕایدەگەیەنێت، “لە بەر خاتری خۆم و پاشان گەنجانی شارەكەم وەك مامۆستایەكی ئایینی ھەر ئافرەتێك داواكاری مارەییەكەی لە سەروو 10 مسقاڵەوە بێت مارەیی نابڕم”.

مامۆستا بەرھەم شارەزووری، پێش نوێژی مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران لە شارۆچكەی شارەزوور لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك ڕایگەیاند، “ئەگەر چی پڕۆسەی ھاوسەرگیری پڕۆسەیەكی (سۆز و خۆشەویستییە لەنێوان هاوسەران) بەڵام پێم وابێ لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پڕۆسەی (زەحمەیە)”.

وتیشی، “وەك ئاشكرایە لای ھەمووان ئەو داواكارییە زۆرەی دەكرێت لەم پڕۆسەی هاوسەرگیرییەدا، بۆتە ڕێگرێكی گەورە لە بەردەم گەنجانماندا بە شێوەیەك، ھەرگیز بیر لە ئەنجامدانی ناكەنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “بەندە نەھاتووم بۆ دیاریكردنی مارەیی ئافرەت، چونكە لە شەریعەتی ئیسلامدا دیاری نەكراوە، بەڵكو ھاتووم بۆ تێكشكانی ئەو عورفە چەق بەستوەی، كە لە شەوی دەست ماچكردندا ماڵی بوكێ دەڵێن بە ماڵی زاوا كچەكەمان پێشكەشتان بێت و كچی خۆتانە بەڵام 30 مسقاڵ و معامەلەی لە سەر ئەنجام دەدەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، دواجار لە سەر 20 مسقال ڕێك دەكەون، یاخود زیاتر و كەمتر، هەر بۆیە پڕۆژەی (با ئافرەتان لە سەر ڕێز و حورمەت مارە بكرێن، نەك لەسەر 20 مسقاڵ زێڕ) پڕۆژەیەكە بەندە تێیدا داواكارم لە مامۆستایانی ئاینی، كە ھەڵوێستەیەكی جدیی لەم بارەیەوە وەربگرن .

مامۆستا بەرهەم جەختیشیكردەوە، تاچی تر گەنجنمان لەوە زیاتر سەرگەردان نەبن، ئەگەر كەسێكیش دەسەڵاتی ھەبێت ھەرچەن دەكات ئازادە و سنور بۆ مارەیی دیاری نەكراوە.

هاوكات محەمەد عبدولڕەحمان، گەنجێكی چالاكوانی شارەزوورە لە لێدوانێكیدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “بەداخەوە لەگەڵ هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، چەندین قەیرانی دارایی و سیاسی بەرۆكی خەڵكی ناوچەكەی گرت، زۆینەی كار و كەسابەتەكان كەم بوونەوە و لەگەڵ كەمبوونەوەی هەلی كار، ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری كەمیكرد”.

وتیشی، “لە ئێستادا گەنجان ناتوانن پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، بەهۆی زۆری مارەیی بوك و تێچووی زۆری پڕۆسەكە، وێڕای ئەوانەش نەبونی دەرفەتی كاركردن بۆ بەڕێكردنی ژیان”.

محەمەد، ئاماژەی بەوەشكرد، لەم ڕۆژانە هەڵوێستی مامۆستایەكی ئاینیم بینی، تێیدا باسی ئەوەدەكات، وەك مامۆستای ئاینی پڕۆسەی مارەبڕین ئەنجام نادات ئەگەر مارەیی بوك لە خوار 10مسقاڵ زێڕەوە نەبێت.

ئەو گەنجە، هەنگاوەكەی ئەو مامۆستا ئاینیە بەرز دەنرخێنێت و ڕایدەگەیەنێت، “ئەو هەڵوێستەی مامۆستا بەرهەم، هاندانێكە بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری زیاتر ئەنجام بدرێت، نەك لە پڕۆسەكە معامەلەی داشكاندنی زێڕەكە بكەن”.

ئەو گەنجە نەیشاردەوە، “كەمی ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری زۆری داخوازی بووك و ماڵی بووكە، ئەمانەش لایەنی دارایی زۆری تێدەچێت، گەنجیش لەم بێكاریەدا ناتوانێت پڕۆسەكە پێكبێنێت”.

ئەمە لە كاتێكدایە، لێرە و لەوێ دەبیستین، هەندێك ئافرەت مارەییەكەیان تەنها لەسەر قورئانێكە و بەشێكی تری خەڵكیش داوای زێڕی زۆر دەكەن وەك مارەیی.

ساڵی ڕابردوو، بەرواری 7/7/2019 خانمێك لە شارۆچكەی سەیدسادق، بەناوی (نیگا محەمەد)، تەنها بە مارەیی قورئانێك هاوسەرگیری كردە سوهەیب محەمەد، ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی لە شارۆچكەی سەیدسادق.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان