ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

“حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی ناردنی بودجەی هەیە”

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی كوردی لیژنەی یاسایی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە بەپێی یاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵی، حكومەتی كاربەڕێكەر دەتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات و دەشڵێت: “كارەكە یاساییە”.

د. بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كە دوای پەسەند كردنی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران لەلایەن پەڕلەمانەوە حكومەت بۆتە كاربەڕێكەر و كێشەیەك هاتۆتە پێش، كە بریتیە لوەی ئایا حكومەتی كاربەڕێكەر دەتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات؟

ئەو پەڕلەمانتارە، كە پسپۆڕی یاساییە دەڵێت: “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران، كە تێیدا هاتووە نابێت حكومەتی كاربەڕێكەر پڕۆژە یاساكان ڕەوانەی پەڕلەمان بكات، بۆیە بەپێی ئەو پەیڕەوە حكومەت دەگەڕێت بۆ دەرەچەی یاسایی بۆ ناردنی بودجە بۆ پەڕلەمان”.

ڕوونیشی كردەوە، كە هەرچەندە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ناكرێت حكومەتی كاربەڕێكەر پڕۆژە یاسا بنێرێت بۆ پەڕلەمان، بەڵام بەپێی یاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019 حكومەت پابەند كراوە بە ناردنی بودجە بۆ پەڕلەمان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمەوە لە هەموو ساڵێكدا، جا ئەو حكومەتە ئاسایی بێت یان كاربەڕێكەر.

جەختیشی كردەوە، كە بەپێی پلەبەندی یاسایی دەبێت كار بەو یاسایە بكرێت نەك پەیڕەوی ناوخۆ.

بەهار مەحمود ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای بودجە لە كارە سیادیەكان نییە و سروشتێكی تایبەتی هەیە و جیاوازە لە یاساكانی دیكە، چونكە پێویستی ڕۆژانەیە و بە یاسایەكی پێویست دادەنرێت، چونكە پەیوەندی بە هەموو هاووڵاتیانەوە هەیە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت ڕەوانەی پەڕلەمانی بكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی عیراق وتیشی، “یاسای بودجە لە یاسا گرنگەكانە و ئەگەر تانەیەكیش هەبێت دەكرێت ڕەوانەی دادگای فیدڕاڵی بكرێت و ئەوان یەكلایی دەكەنەوە”.

عێراق

سائیرون: حەلبوسی دژی هەڵبژاردنی پێشوەختە

خەڵك – بەشی هەواڵ

هاوپەیمانی سائیرون، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە پەكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەخت و یاریكردن بە كات تۆمەتبار دەكات.

هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێگرە لە بەردەم تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بە ئامانجی مانەوەی لە پۆستەكەیدا.

هاوپەیمانی سائیرون ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هیچ ئیرادەیەكی سیاسی ڕاستەقینە نابینن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، جێگەی سەرسوڕمانیشە كە محەمەد حەلبوسی بە ئاشكرا پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، بەڵام بە نهێنی لە دژیەتی و نایەوێت بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

بەرهەم ساڵح و فوئاد حسێن جەخت لە بەهێزكردنی پێگەی عیراق دەكەنەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمڕۆ 8/8/2020، لە كۆشكی بەغدا، پێشوازیكرد لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەكییەكانی وڵات و چۆنیەتی بەرزكردنەوە و بەرەوپێشبردنی بۆ ئاستێكی بەرزتر لەگەڵ وڵاتان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئەوەشی خستەڕوو، لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەپێویستی بەهێزكردنی پێگەی عیراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان كردەوە، تا عیراق ببێتە بەشێك لە ڕەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ لێكتێگەیشتن و دیالۆگی بونیادنەر بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە نیوان وڵاتانی ناوچەكەدا، ھاوكات دوپاتیشیكردەوە لەگرنگی ڕۆڵی هاوسەنگ و ئەرێنی عیراق لە كاروانی پەیوەندییە دەرەكییەكان، بەجۆرێك ببێتە مایەی بەدیهێنانی ئاشتی و پێشكەوتن لە نێوان گەلان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لەو دیدارەدا دواین پێشهاتەكان لەسەر ھەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و كاریگەریان لەسەر گۆڕەپانی عیراق تاووتوێكرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق؛ لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 3 هەزار و 325 حاڵەتی نوێ و 78 مردن تۆماركرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، بەردەوام ژمارەی تووشبووان كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوونە و ئەمڕۆ شەممە 3 هەزار و 325 كەس تووشبوون و 2 هەزار و 307 كەسیش چاكبوونەوە 78 كەسیش گیانیان لە دەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2020 پشكنین بۆ 17 هەزار و 125 ئەنجامدراوە و 3 هەزار و 325 كەس ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیف دەرچوون، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون و 104 كەسیش لە سلێمانی و هەولێر 259 توشبوو تۆماركراوە.

ڕاشیگەیاندووە ، هەر ئەمڕۆ 2 هەزار و 325 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەوە، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون هاوكات 78 حاڵەتی مردنیش بەو ڤایرۆسە تۆماركرا.

ئاشكراشی كردووە، كۆی گشتی تووشبووان بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 147 هەزار و 389 كەس و چاكبوونەوەش 105 هەزار و 504 كەس و مردنیش 5 هەزار و 310 كەس و دەشڵێت:” هێشتا 36 هەزار و 575 كەس لەژێر چاودێری پزیشكیدان و 577 توشبوون لە چاودێری چڕدان”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان