ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پەڕلەمانی كوردستان سیفەتی “بەپەلە” بە پڕۆژە یاسایەك دەدات


خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەست بە مەترسی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە ئەمڕۆ لە پەڕلەمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆرە سپییە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كرا و سیفەتی پەلەی پێدرا.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە لە ناوچەیەكین دەورووبەرمان ڕێژەیەكی زۆر لە بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەری تێدایە لەگەڵ كۆمەڵێك بازرگانی چاوچنۆكی ناوخۆیی، كە دەیانەوێت لەسەر حیسابی گەنجی ئەم وڵاتە ببنە خاوەنی سامان.

وتیشی، “هەست بە مەترسی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە ئەمڕۆ لە پەڕلەمان ئەو پڕۆژە یاسایەی، كە لە حكومەتەوە ڕەوانە كرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆرە سپییە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و سیفەتی پەلەی پێدرا بۆ ئەوەی بەزوویی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت”.

ڕاشیگەیاند، لە پڕۆژەكەدا هەندێك شتی باشی تێدایە بۆ ئەوانەی ئالودەی ئەو جۆرە لە ماددە هۆشبەرانە دەبن، لە پڕۆژە یاساكەدا داوا دەكرێت ئەوانە وەك نەخۆش سەیر بكرێن و چارەسەر وەربگرن بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكەیان و بازرگانەكانی ئەم جۆرە توندترین سزایان بۆ دابنرێت.

ئاشكراشیكرد، بۆ ڕێگریكردن لەم جۆرەی تیرۆری سپی لە هەرێم، كە ڕەنگە بۆشاییەكی یاسایی هەبێت، بۆیە پڕۆژە یاساكە لە پەڕلەمان سیفەتی بە پەلەی پێدراوە بۆ ئەوەی خێراتر پەسەند بكرێت.

کوردستان

وێنە؛ تەرمی كچەكەی پێشەوا قازی محەمەد لە كەلار بەخاكسپێردرا


خەڵك – بەشی هەواڵ
تەرمی كچەكەی پێشەوا قازی محەمەد لە شاری كەلار بەخاكسپێردرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە تەرمی خاتوو مریەم كچی  قازی محەمەد سەرۆكی كۆماری كوردستان گەیەندرایە سلێمانی كە ڕۆژی 15ی ئادار بە هۆی نەخۆشییەوە لە ئوردن كۆچی دوایی كردبوو.

دواتر تەرمەكە لە سلێمانییەوە بەڕێكرا بۆ كەلار و لەوێ لە گۆڕستانی سەردار بەگی جاف بەخاكسپێردرا.

بە هۆی بڕیار و ڕێنماییەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پرسەی بۆ دانانرێت.

خاتوو مریەم كچی پێشەوا قازی محەمەد، خێزانی سەردار بەگی جاف بوو كە ئەویش ساڵی 2005 بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

وێنەکان لەلایەن ڕۆژنامەنووس شاخەوان محەمەدەوە گیراون

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی تەندروستی ئاماری گشتی تووشبووانی کۆرۆنای ڕاگەیاند


خەڵک- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٤ کەس لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك تووشی کۆرۆنا بوون.

ڕوونیشیکردەوە کە کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمدا گەیشتە ١٧٦ حاڵەت کە دووانیان گیانیان لەدەست داوە و ٦١ کسیش چچاکبوونەتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٣٤)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەمشێوەیە:

1. کەرەنتین
ژمارەی هاووڵاتیان لە کەڕەنتینەکان (٥٩١٠) هاووڵاتی بوون لە (٣٦) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٥٣٨) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (٥٧٧) لە هەولێر، (١٢٧) لە سلێمانی، (٧٥٤) لە دهۆك، (٤٨) لە هەلەبجە، (٣٢) لە ڕاپەرین وە (٤٣٧٢) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (٣٥٦) هاووڵاتی.

2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (٥٤٨) پشکنین ئەنجام دراوە، (٣٤٩) هەولێر، (١٢٣) سلێمانی، (٧٦) دهۆك.
دەرەنجام (١٤) تووشبووی نوێ تۆمارکرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە:-

• پارێزگای هەولێر (٦) پۆزەتیڤ، کە (٢) ئافرەت تەمەنیان (٣٣)، (١٧) ساڵ وە (٢) پیاو تەمەنیان (٧٣)، (٣٥) ساڵ کە بەرکەوتووی تووشبووەکەی مەلائۆمەرن، پیاوێك تەمەن (٢٧) ساڵ لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە لە بەرواری ١٦/٢/٢٠٢٠ دوای بانگەوازەکەی وەزارەتمان هاتووە و پشکنینی کردووە، وە ئافرەتێك تەمەن (٢٤) ساڵە و پزیشکە.
• پارێزگای سلێمانی (٥) پۆزەتیڤ، (٥) لە ناو شاری سلێمانی، پیاوێك تەمەن (٣٠) ساڵ، (٢) ئافرەت تەمەنیان (٤٩)، (٢٧) ساڵ لە ناو شاری سلێمانی کە دوویان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، وە ئافرەتێك تەمەن (٢١) ساڵ و مناڵێك تەمەن (١٠) ساڵ لە قەزای دەربەندیخان کە هەردووکیان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون.
• پارێزگای دهۆك (٣) پۆزەتیڤ، کە (٢) پیاو تەمەنیان (٤٢)، (٣٢) ساڵ، ئافرەتێك تەمەن (٥٧) ساڵ، کە دوویان لە قەزای زاخۆ و یەکێکیان لە قەزای ئامدێدیە وە بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.

3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (١٧٦) تووشبوو، لەنێویاندا (٢) مردن هەیە و (٦١) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی چونکە هۆکاری تووشبوونی 139 حالەت بە ڕێژەی (79%) لەکۆی تووشبووانی کۆڕۆنا بەهۆی پابەندنەبوونە بە ڕێنمایی تەندروستی و بەرکەوتنی یەکتر بووە، بۆیە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١ی نیسانی٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كەرەنتینە، كێشە خێزانییەكانی لە جیهان بەرەو هەڵكشان بردووە


خەڵك – تەنیا هەورامی

 

كەرەنتینەكردنی خێزانەكان لە ماڵەكانیان كێشە ناوخۆییەكانی نێو خێزانەكانی زیاتر كردووە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕاوێژكاری ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان لە سەردەمی كەرەنتینە كە بۆ ڕاوێژكارەكانمان دەكرێت زۆر زیادی كردووە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە ئاماری كێشە و جیاوازییە خێزانییەكان لە زیادبووندایە.

ماڵپەڕی (ئەلعەرەبیە) بڵاویكرەوە، بەپێی زانیارییەكان بەشێك لە كێشەكانی خێزان لە سەردەمی كەرەنتینەدا، دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی پاكوخاوێنی بەتایبەت ئەوكاتانەی یەكێك لە ئەندامانی خێزان دەچێتە دەرەوە، بەشێوەیەك یەكێك لە هاوسەرەكان هەستیاری هەیە لە بەرانبەر دەستشتن و دەستلێدانی هەر شتێك لە ماڵەكەدا و گرنگی بە بابەتە تەندروستییەكان نادات.

بەشێك لە هاووڵاتیان پێیان وابوو، كەرەنتینە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی خۆشەویستی لەنێوان خێزانەكان بەهۆی ئەوەی زۆرترین كات پێكەوە دەمێننەوە، بەڵام پێیانوایە كە ئەوان هەڵە بوون و بەوشێوەیە دەرنەچووە.

ئەو هاووڵاتیانە پێشیان وابووە دوای تەواوبوونی كەرەنتینە ئاماری منداڵانی لەدایك بوو زیاتر دەبێت، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كێشەو جیابوونەوەكان زیاتر دەبن.

ئەمەش لەكاتێكدایە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەرەنتینەی گشتیان ڕاگەیاندووە و جگە لە دەزگا خزمەتگوزارییەكان سەرجەم فەرمانگەكان بە پڕۆسەی خوێندنەوە ڕاگیراون.

لەلایەكیتریشەوە ئاژانسی سپوتنیك بڵاویكردەوە، ڕۆژ شەممەی ڕابردوو پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاندووە كەسێك بە تۆمەتی كوشتن لە شاری كومبران دەستگیر كراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ژنێكی 67 ساڵ كە كارمەندی چێشتخانە بووە بە بێهۆشی لە ماڵەكەی دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام بەهۆی ئەو لێدانەی بەر سەری كەوتبوو گیانی لەدەستدا.

ئینتونی ویلیماسی تەمەن 69 ساڵ كە هاوسەری ئەو ژنەیە و زیاتر لە 45 ساڵە هاوسەری یەكترن، بە تۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی لە ڕۆژی پێنجەمی كەرەنتینەكردنیان دەستگیر كرا.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان، ئەم دوو هاوسەرە زۆر بەوەفا بوون لەبەرانبەر یەكتر و گومانیان هەیە لە ڕووداوێكی لەوشێوەیە، بەڵام هاووڵاتیان لەمكاتانەدا لە ترسێكی زۆردا كات دەبەنەسەر.

لای خۆشییەوە ژیان عەبدوڵڵا كۆمەڵناس بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی پیاوان كەمترین كات لە ماڵەكانیان دەمێننەوە و ئێستا بەهۆی كەرەنتینەوە بە بەردەوامی لە ماڵەكانیانن، كێشەكانی زیاتر كردووە.

وتیشی”پیاوان زیاتر ئالودەی دەرەوەن و ئێستاش كە ناتوانن بڕۆنە دەرەوە فشارێكی دەروونیان لا دروست بووە و لەوانەیە نەتوانن زاڵ بن بەسەر خۆیاندا و بیكەنە كێشە لە ماڵەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەرچەندە ناكۆكی و كێشەی زۆر ڕوومان تێدەكەن و بە تەلەفۆن زۆرێكیان چارەسەر دەكەین، بەڵام ئومێد دەكەین دوای كەرەنتینە كێشە خێزانییەكان چارەسەر ببن و دادگاكان نەبنە شوێنی چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكان.

ڕوونیشیكردەوە، دەبوو خێزانەكان ئەم كاتانەیان بە هەند وەربگرتایە و سەرقاڵی پەروەردەكردنی خۆیان و منداڵەكانیان بوونایە، نەك بەشێوەیەك سەرجەم وڵاتانی جیهان گیرۆدەی ئەم بابەتە بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان