ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

دوای ساڵێک مۆرینیۆ دەگڕێتەوە “ئۆڵدترافۆرد” و بە بردنەوە یونایتد سەرەوژێر دەکات !

خەڵک سپۆرت

ئەمشەو جوزێ مۆرینیۆی پورتوگالی وەک ڕاهێنەری یانەی تۆتنهام دەگەڕێتەوە بۆ یاریگای “ئۆڵدترافۆرد” و ڕووبەڕوی یانەی مانچستەر یونایتد دەبێتەوە، بە بردنەوەی یارییەکە یانەی خاوەن یاریگا دەخاتە دۆخێکی نەخوازراوەوە.

یانەی مانچستەر یونایتد لەم وەرزەدا و لەژێر چاودێری ئۆلی گۆنار سۆڵشایەری نەرویجی لەوپەڕی هێز و توانایدا نەبووە، بەڵکو لە ڕیزبەندی یانەکاندا هاوشێوەی یانەیەکی مامناوەند دەردەکەوێت و لە پلەی دەیەمدا بە (١٨) خاڵەوە لە کێبڕکێی چەندین یانەی تردایە، ئەگەر بێتو ئەمشەو بەرامبەر کەڵەشێرە ڕومیەکانی تۆتنهام شکست بهێنن دوو پلە لە ڕیزبەندیدا دادەبەزن ئەویش ئەگەر یانە ڕکابەرەکانی تر بتوانن بردنەوە تۆمار بکەن.

لەهەموو ئەمانە گرنگتر گەڕانەوەی جوزێ مۆرینیۆی پورتوگالیە بۆ یاریگای شەیتانە سورەکان دوای ساڵێک لە دوورخستنەوەی لەو یانەیە، ناوبراو دەیەوێت لەگەڵ کوڕانی “سپێرز” تۆڵەی دەرکردنی لە ئید ودواردی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونایتد بکاتەوە، ئەگەر لەم کارەشدا سەرکەوتوو بێت ئەوا ئۆلی گۆنار سۆڵشایەری ڕاهێنەری نەرویجی لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.

ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانی لە سەرچاوەیەکی ناوخۆیی مان یونایتدەوە پێی زانیوە، کە سۆڵشایەر زۆر بەڕوونی بە یاریزانانی یونایتدی وتووە: ئەگەر ئەنجامەکانی ئەم هەفتەیەم بەدڵی ئیدارەی یانە نەبێت، دووردەخرێمەوە.

هەموو ئەگەرەکانیش بەو ئاڕاستەیەن ماوریسیۆ پۆچتینۆی ڕاهێنەری پێشووی تۆتنهام لە یانەی مان یونایتد جێگەی سۆڵشایەر بگرێتەوە…

ئایا مۆرینیۆ لە سەرەوژێرکردنی پۆستی ڕاهێنەری یونایتد و پێگەی یانەکە لە ڕیزبەندی پریمەرلیگ سەرکەوتوو دەبێت؟

جیهانی

کۆنتی داوای یاریزانێکی پێشووی دەکات و ئینتەرمیلان دەستی بە گفتوگۆ کردووە

خەڵک سپۆرت

سەرۆکایەتی یانەکانی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی و چێڵسی ئینگلیزی بەهۆی داواکارییەکی ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەرەوە، بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێک دەستیان بە گفتوگۆ کردووە.

ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەری ئیتاڵی یانەی ئینتەرمیلان دەیەوێت لە گواستنەوەکانی زستانەی داهاتوودا پێکهاتەکەی بە چەند گواستنەوەیەک لەسەر ئاستی هێڵەکانی بەرگری و ناوەند توندوتۆڵ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای یاریزانێکی بەتوانای یانەی چێڵسی کردووە کە پێشتر کاری لەگەڵیدا کردووە و شارەزای تواناکانیەتی.

ماڵپەڕی “کالچیۆ میریکاتۆ” لەزاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی نێراتزۆریەوە ئاشکرای کردووە، لەم وەرزەدا مارکۆس ئەلۆنسۆ لەپێکهاتەکانی فرانک لامپارد گرنگی پێنەدراوە و چ یاریزانەکە و چ ستافی ڕاهێنانی یانە لەندەنەکە داوای فرۆشتنیان کردووە، لەبەرامبەردا ئەنتۆنیۆ کۆنتی داوای لە نوێنەرانی یانەی ئینتەرمیلان کردووە لەئێستاوە دەست بە گفتوگۆی گواستنەوەی بەرگریکارە ئیسپانیەکە بکەن.

بەپێی سەرچاوەکە، ئاساموای بەرگریکاری ئینتەر بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکە لەیاریکردن دابڕاوە و پێناچێت بەم زووانە بگەڕێتەوە، کۆنتی دەیەوێت مارکۆس ئەلۆنسۆ بکاتە شوێنگرەوەی، بەوپێیەی ئەلۆنسۆ لەسەردەمی چێڵسی یەکێک بووە لەو یاریزانانەی بە کۆڵەکەی پێکهاتەکانی کۆنتی هەژمارکراوە و لەژێر چاودێری ئەم ڕاهێنەرەدا باشترین ئاستی پێشکەش کردووە.

“کالچیۆ میریکاتۆ” نوسیویەتی: جگە لە یانەی ئینتەرمیلان، یانەکانی بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید بەهەمان شێوە داواکاری مارکۆس ئەلۆنسۆن و چاوەڕوان دەکرێت گواستنەوەی ئەم بەرگریکارە زیاتر لە ٣٥ ملیۆن یورۆی پێویست بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

(لەم وەرزەدا) مێسی ڕیکۆردی “شانازیەکانی کریستیانۆ”ی شکاند و پیلێی ئەفسانەش دەخاتە دوای خۆی !

خەڵک سپۆرت

لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە وەرز لەدوای وەرز ڕیکۆردی مێژوویی ئەفسانەکان دەشکێنێت، لەم وەرزەشدا دەتوانێت ناوی خۆی وەک ئەفسانەی یەکەمی بواری تۆپی پێ بنوسێتەوە.

لەکۆتا ڕووبەڕوبونەوەی یانەی بەرشلۆنە بەرامبەر ڕیاڵ مایۆرکا، لیۆی جادوگەر توانی سێ گۆڵ تۆمار بکات و ژمارەی هاتریکە تۆمارکراوەکانی لەچوارچێوەی ململانێکانی خولی ئیسپانیا بگەیەنێتە (٣٥ هاتریک)، کە ئەوەش هاتریکێک لە ڕیکۆردە مێژووییەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی زیندووی یانەی یوڤانتۆس بەرزترە (٣٤ هاتریک لە خولی ئیسپانیا).

سەرەڕای ئەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە سەرەتای وەرزی بەشێوەیەکی خراپ دەستپێکرد و پێکانەکان ڕێگەیان نەدا لە چەند ڕووبەروبونەوەیەکدا بەشداری بکات، بەلام لەدوای گەڕانەوە توانی ڕێژەی گۆڵەکانی لە خولی ئیسپانیا بگەیەنێتە (١٢ گۆڵ) و لوتکەی گۆڵکارانی خولەکە لە کەریم بنزیمەی فەرەنسی هێرشبەری یانەی شاهانە وەربگرێتەوە.

لەوەش گرنگتر، ڕێژەی گۆڵەکانی بەدرێسی یانەی بەرشلۆنەوە لەکۆی خول و پاڵەوانێتیەکان گەیاندە ٦١٦ گۆڵ کە ١٤ گۆڵیان لەم وەرزەدا بووە، بەشێوەیەکی گشتیش ڕێژەی گۆڵەکانی لەمێژوویی وەرزشییدا گەیاندە ٦٨٤ گۆڵ لەگەڵ هەردوو یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بە تۆمارکردنی ١٦ گۆڵی تر دەگاتە یانەی ئەو ئەفسانانەی توانیویانە ٧٠٠ گۆڵ تۆمار بکەن.

لەسەر ئاستی ئەفسانەکانیش، مێسی بە تۆمارکردنی ٢٧ گۆڵی تر دەتوانێت لوتکەی گۆڵکارانی بواری تۆپی پێ بەدرێژایی مێژوو لە پیلیی ئەفسانەی بەرازیلی وەربگرێت (گۆڵکاری مێژوویی بەدرێسی یەک یانەوە).

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

(ڤیدیۆ) بەحرەین بۆ جاری یەکەم لەمێژوویدا جامی کەنداوی بەرزکردەوە

خەڵک سپۆرت

ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی کەنداوی ژمارە ٢٤ لە یاریگای عەبدوڵا بن خەلیفە ئەنجامدرا و هەڵبژاردەی بەحرەین سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی سعودیە بەدەستهێنا.

لەتایمی یەکەمدا سعودیەکان هێرشی بەردەوام و چڕوپڕیان کردە سەر گۆڵی سورپۆشەکانی بەحرەین و لە خولەکی ١٢ لەلایەن داوەری یارییەکەوە لێدانی سزایان بۆ هەژمارکرا، هەمووان چاوەڕێیان دەکرد بە تۆمارکردنی ئەو گۆڵە “ئەخزەری سعودی” کۆنترۆلی ئەنجامەکە بکات، بەڵام سەلمان فەرەجی ئەستێرەی سعودی پەناڵتیەکەی لەدەستدا و ئەو تایمە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

لەتایمی دووەمدا هیلینۆ سۆزای ڕاهێنەری کارامەی بەحرەین تاکتیکەکانی گۆڕی و توانیان کۆنترۆڵی وردەکاریی ڕووبەڕوبونەوەکە بکەن تا لە خولەکی ٦٩ گۆڵێکیان لەڕێگەی محەمەد سەعد ئەلڕمەیحیەوە تۆمار کرد، دوابەدوای ئەو گۆڵە کوڕانی هێرڤی ڕیناری فەرەنسی هەوڵیان زۆردا ئەنجامەکە هاوتا بکەنەوە و چەندین هەلی گۆڵکردنیان دروستکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ئەنجامی کۆتایی یاریی (١ – ٠) لەبەرژەوەندی بەحرەین کۆتایی هات.

بەپێی ئەو ئەنجامەش هەڵبژاردەی بەحرەین بۆ جاری یەکەم لەمێژوویدا نازناوی کەنداوی چنییەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان