ڕەمەزانی ئەمساڵ نرخی كاڵا و خۆراك هەرزان دەبێت



ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی ڕەمەزان، ھاووڵاتییان به‌گشتی ئامادەکاری دەکەن لە ڕووی دابینکردنی کەلوپەلی پێوست و خۆراک و بازاڕەکان جمەیان دێت، بەڵام ڕەمەزانی ئەمساڵ بەهۆی زۆری دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە و زیادكردنی، كە چەندین خۆراكی سەرەكی ژەمەكانی هاووڵاتیان لەخۆی دەگرێت، وادەكات نرخی ئەو خۆراكانە لە بازاڕدا دابەزێت.

ئەمساڵ کە یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزان ھاوکاتە لەگەڵ سێیەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز، ھەر بۆیەش ئامادەکارییەکان له‌ هه‌رێمی كوردستان کەمترن بەراورد بە ساڵانی پێشوو، چونکە بەشێکی خەڵک بەھۆی جەژنی نەورۆزەوە، بازاڕکردنی پێشوەختەیان بۆ مانگی ڕەمەزان کردووە.

بەشێک لە ھاووڵاتییانیش بە مەبەستی بازاڕکردن لە دوکانەکانی فرۆشتنی خۆراک دەبیندرێن و خاوەن دوکانێکیش ئاماژە بەوە دەکات، کە بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، ئەوا نرخی کەلوپەل و خۆراک دابەزیووە بەراورد بە چەند مانگ پێش ئێستا.

ئارام محەمەد، خاوەنی مارکێتی ئارام، له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان و نرخه‌كانی خۆراك له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا بۆ (ئاژانسی ئانادۆڵو) وتی: “ئه‌مساڵ جیاوازییەکەی ئەوەیە، کە جه‌ژنی نەورۆز و هاتنی مانگی ڕەمەزان بەیەکەوە بوون و خەڵک کەلوپەل و پێداویستییەکانی بۆ نه‌ورۆز و ڕه‌مه‌زان به‌یه‌كه‌وه‌ كڕیووه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی نرخی دۆلار دابەزیوە کۆمپانیاکانیش كه‌لوپه‌ل و به‌روبوومه‌كانییان ھەرزانتر دەفرۆشن، ده‌توانین بڵێین نرخەكان 10% دابەزیوون”.

له‌باره‌ی خواستی هاووڵاتییانیش له‌سه‌ر كه‌لوپه‌ل و بابه‌ته‌ خۆراكییه‌كان، ئارام محه‌مه‌د وتی: ”به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ پارشێوان زیاتر بابه‌ته‌كانی گوێز و باوی و هه‌نگوین له‌سه‌ر سفره‌كان ده‌بینرێن هه‌ر بۆیه‌ش خواستی خه‌ڵك زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌یه‌”.

هاووڵاتییه‌كی شاری هه‌ولێر، كه‌ بۆ كڕین و دابینكردنی كه‌لوپه‌لی پێداویستی و خۆراك ڕووی له‌ دوكانه‌كان كردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌، نیازی هه‌یه‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان هه‌ر ئه‌مڕۆ بكڕێت.

هاووڵاتی، رزگار له‌شكری ئاماژەی بەوەشكرد، “ھاتووم بە یەک پاکێج کەلوپەل و پێداویستی خۆراک بکڕم وەکو ئامادەکارییەک بۆ مانگی ڕەمەزان، چونكه‌ ئه‌مڕۆ بەھۆی جەژنی نەورۆزەوە خەڵکێکی زۆر چۆتە دەرەوە و بازاڕ چۆڵترە بەراورد بە ڕەمەزانی پێشووتر، بۆیه‌ش ویستم تووشی قه‌ره‌باڵغی بازاڕ نه‌بم و سوودم له‌م كاته‌ بینی بۆ بازاڕكردن'”.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خاوه‌ن دوكانه‌كان، پێشبینی ده‌كات هه‌فته‌ی داهاتوو بازاڕ قه‌ره‌باڵغ بێت و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ به‌شێك له‌ خاوه‌ن كۆمپانیاكان به‌ ڕه‌چاوكردنی دۆخی هاووڵاتییان، نرخه‌كانییان كه‌مێك دابه‌زاندووه‌ به‌راورد به‌ پێشووتر.

كه‌مال ته‌های دوكاندار وتی، “ئه‌مڕۆ زیاتر خواست لەسەر خواردەمەنییە سەرەکییەکانه‌ به‌هۆی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ پێشوازی لێ ده‌كات'”.

كه‌مال ته‌ها له‌باره‌ی نرخه‌كانیشه‌وه‌ وتی: ”بەشێوەیەکی گشتی نرخه‌كان ڕوو لە دابەزینن، چونکە به‌شێك له‌ خاوەن کۆمپانیاکان بەھۆی مانگی ڕەمەزانەوە ڕه‌چاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییانیان کردووە”.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری چۆڵی بازاڕیشه‌وه‌، كه‌مال ته‌ها ڕاشیگەیاند، ”چۆڵی بازار دەگەڕێتەوە بۆ جەژنەکانی نەورۆز و ئادار، پێشبینی دەکرێت ھەفتەی داھاتوو بازاڕ قەرەباڵغتربێت و خه‌ڵك بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كان سه‌ردانی بازاڕه‌كان بكه‌ن'”.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا حکوومەتی عێراق بڕیاریدا، کە چوار بابەت بۆ لە پێدانی بەشە خۆراک زیاد بکات ئەوانیش بریتیین لە (یەک تەبەقە ھێلکە، پێنج کیلۆ ئاردی سفر، یەک کیلۆ شەعرییە و نیو کیلۆ نیشاستە) بۆ ھەر خێزانێک، ئەوە جگە لە دابەشكردنی برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان و بڕیاریشە لەم مانگەوە بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردن و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌.

باشترین و خراپترین جۆرەكانی خۆراك لە پارشێو دا كامانەن؟
پێشت باشترین و خراپترین جۆرەكانی خۆراك لە پارشێو دا كامانەن؟
مەحما خەلیل بۆ (خەڵك): میلیشیا چەكدارەكان لە عیراقدا نامێنن
دواتر مەحما خەلیل بۆ (خەڵك): میلیشیا چەكدارەكان لە عیراقدا نامێنن
ەیوەندیدار