ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی: بەراورد بە عیراق زۆرترین خزمەتگوزاری پێشكەشی خەڵكی كوردستان كراوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، خەریكە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی پێش قەیرانی دارایی و ڕێژەی هەژاری و بێكاری بەرەو كەمبوونەوە دەچن.

مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندووە: “دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش و باشبوونی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ڕێژەی بێكاری و هەژاری بەرەو كەمبوونەوە چووە و ئێستا دۆخەكە زۆر بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆیەوە بینیوە، چونكە لە ساڵی 2016 ڕێژەی هەژار گەیشتبووە 14% و ڕێژەی بێكاری 16%، بەڵام لە ساڵی 2018 بەدواوە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە”.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە: “ئەمساڵ گەشەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان پەیدا بووە، بەتایبەتی دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری بەرەو باشتر بچێت و ڕاستە هێشتا نەگەیشتووینەتە پێش قەیران، بەڵام خەریكە نزیك دەبینەوە لەوەی ڕێژەی هەژاری و بێكاری بەرەو ئاستێكی زۆر نزم بەرین”.

بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوورى عيراق، مەحمود عوسمان وتی: “ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان، لە نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عیراقدا هەرگیز بەراورد ناكرێت، لەبەر ئەوەی سەرەڕای بودجەیەكی كەم، زۆرترین خزمەتگوزاری پێشكەشی خەڵكی كوردستان كراوە، كەچی هاووڵاتییانی عیراق بە داهاتێكی زۆر و ئەو هەموو قەرزە نێودەوڵەتییەشەوە ھێشتا بە دەست نەبوونی كەمترین خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن”.

ئابوری

سبەینێ‌ دابەشكردنی نەوت دەگاتە چەند گەڕەكێك

خەڵك – بەشی هەواڵ
قائیمقامیەتی شارۆچكەی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ لە گەڕەكەكانی شۆڕش و سەنگاو دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت بە كۆدی ۲۸۰ و دەشڵێت: “بڕی نەوتەكە ۲۱٦ لیترە و ٤٦ هەزار دینار لە هاووڵاتی وەردەگیرێت”.

قائیمقامیەتی شارۆچكەی چەمچەماڵ لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، ئاگاداری دانیشتوانی شارەدێی شۆڕش و سەنگاو دەكەینەوە سبەینێ لە گەڕەكەكانیان نەوت دابەش دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، دابەشكردنی نەوت بۆ ئەو هاووڵاتیانە دەبێت، كە ساڵی ڕابردوو نەوتیان وەرنەگرتووە و بە كۆدی ۲۸۰ دەدرێت، بڕی نەوتەكە ۲۱٦ لیترە و ٤٦ هەزار دینار لە هاووڵاتی وەردەگیرێت.

قائیمقامیەتی چەمچەماڵ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، “تا یەك هاووڵاتی لە سنورەكەیان بمێنێت، كە نەوتی وەرنەگرتبێت هەوڵەكانی بۆ دابینكردنی نەوت بەردەوام دەبێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، كە پێداویستیەكانی وەرگرتنی نەوت بریتیە لە (كارتی نەوت و هەویە یان كارتی نیشتیمانی).

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“هەرێم 600 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانە دەكات”
هەڕەشەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق لە هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكات ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات و لیژنەی دەستپاكی عیراق-یش داوای ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران دەكات.

محەمەد كەریم، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە هاوپەیمانی فەتح لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە هەرێمی كوردستان تا ئێستا پابەند نییە بە پێدانی پشكی نەوت بە حكومەتی فیدڕاڵی سەرەڕای ئەوەی چەند جارێك جەختیان لەوە كردۆتەوە، كە لە ساڵی نوێدا پشكی نەوت ڕادەستی بەغدا دەكەن.

ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی بۆ 600 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیاد كردووە.

دەشڵێت: “بڕێكی زۆر نەوت لەلایەن هەرێمەوە دەفرۆشرێت، بەڵام داهاتەكەی نادات بە حكومەتی فیدڕاڵی، بۆیە لیژنەی دەستپاكی پەڕلەمان بە ئاڕاستەی ئەوە ڕۆیشتووە، كە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم ڕابگیرێت تا ئەو كاتەی پارەی فرۆشتنی نەوت ڕادەستی بەغدا دەكات”.

هەفتەی ڕابردوو لیژنەی دەستپاكی لە پەڕلەمانی عیراق نووسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عیراق كردووە و تێیدا داوای كردووە، “شایستە داراییەكانی هەرێم، كە خۆی دەبینێتەوە لە پارەی مانگانەی مووچەی فەرمانبەران ڕابگیرێت، چونكە هەرێمی كوردستان تا ئێستا داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوتی نەداوە بە عیراق”.

أ.ح

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

مووچەی كەمئەندامان بەپێی یاسای چاكسازی چی بەسەردێت؟

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرەڕای گفتوگۆیەكی چەڕ و پڕی چەند ڕۆژە لە پەڕلەمانی كوردستان لەسەر یاسای چاكسازی، بەڵام بەڕێوەبەرێكی گشتی و پسپۆڕ لە بواری كاروباری كەمئەندامان دەڵێت: “زۆرینەی پەڕلەمانتاران ئاگاداری یاساكانی پێشووتری تایبەت بە كەمئەندامان نەبوون”.

ڕۆژی پێنج شەممەی هەفتەی ڕابردوو، یاسای چاكسازی دواجار بە زۆرینەی دەنگی فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كەمە نەتەوەییەكان پەسەند كرا لەكاتێكدا فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌ و كۆمەڵ و یەكگرتوو كشانەوە و دەنگیان پێ‌ نەدا.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە لەكاتی گفتوگۆكانی تایبەت بە یاسای چاكسازی ئەوەم بەلاوە سەیر بوو، كە زۆرینەی ئەندامانی پەڕلەمان ئاگایان لەو یاسایە نییە، كە پێشتر بۆ هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەركراوە و ئاگاداری ناوەڕۆك و بڕگە و ماددەكانی نەبوون.

دەشڵێت: “زۆرینەی زۆری ئەو قسە و گفتوگۆیانەی لەسەر یاساكە كردیان ناچێت بەلای نیوەی ئەوەی لە یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی (٢٠١١) ی تایبەت بە ماف و ئیمتیازی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان جێگیركراوە، كە لە پەڕلەمانی كوردستان دەرچووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەپێی ئەو یاسایەی پێشووی پەڕلەمان، دیاری كردنی مووچەی كەمئەندامان بەپێی ڕێژەی كەمئەندامییە و لە 150 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تاوەكو 250 هەزار دینار بۆ ئەوانەی ڕێژەی كەمئەندامییان دەچێتە سەرووی 70%، كە تا ئێستا ئەو یاسایە بەتەواوی جێبەجێ‌ نەكراوە.

بەپێی یاسای چاكسازی، ئەو كەمئەندامەی فەرمانبەر بێت مووچەی كەمئەندامیەكەی دەبڕێت و لە فەرمانگەكەی دەرماڵەی پەككەوتوویی دەخرێتە سەر مووچەكەی و ئەوانەشی فەرمانبەر نیین بڕی مووچەی 150 هەزار دیناری مانگانەیان پێ‌ دەدرێت.

أ.ح

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان