ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پەرلەمانتارێكی پارتی: ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا تەنها چارەسەرە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، لەگەڵ شەپۆلی ھاتنی ئاوارەیەكی زۆر لە سوریاوە بۆ ناو خاكی عیراق، چەكدارانی داعش خۆیان خزاندووەتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەی ئیدارەی ھەرێم.

جوان ڕۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی ڕاگەیاند: “ئێمە ئاگاداری مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعشین بۆسەر ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عیراق و تەنها چارەسەریش، ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە بۆ گەڕانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە، چونكە تەنیا ھێزی پێشمەرگە توانای كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەی ھەیە”.

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: “بەداخەوە ئەو ھێزانەی ئێستا لە ناوچە كوردستانییەكان جێگیر كراون، ناوچەكە بە ھی خۆیان نازانن، ئەوەش كاریگەریی كردووەتە سەر پلانەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕەوشی ئەمنی و ئێستا مەترسیی داعش زیاتر بووە”.

جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: “دوای تێكچوونی بارودۆخی سوریا لە ماوەكانی ڕابردوودا تیرۆریستانی داعش خۆیان خزاندووەتە نێو شەپۆلی ئاوارەكان و توانیویانە بگەڕێنەوە بەشێك لەو ناوچانەی كوردستانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شانانەی پێشتر ھەبوون، خۆیان ڕێكخستووەتەوە و دەبینین ڕۆژانە كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن”.

کوردستان

سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی یەكلادەكاتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

بڕیار بوو سەرەتای مانگی داهاتوو بزووتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی 12ی خۆی بە بەشداری 350 ئەندام ببەستێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی كۆرۆنا و دۆخی نێوخۆی حزبەكە بڕیارە كۆنگرەكە دوابخرێت.
سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری سلێمانی كۆدەبێتەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر بەستن یاخود دواخستنی كۆنگرەی 12ی حزبەكە دەدات.

سەرچاوەكەی خەڵك ئاشكرایكرد، هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و كۆنفڕانسەكانی قەدەغە كردووە، بەڵام وەك بەشێك لە سەركردایەتی بزووتنەوە ئاماژەی بۆ دەكەن ژمارەیەك كادیر و فەرماندەی بزووتنەوە بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوەو هاوكات بەشێكی دیكەش تووشی ڤایرۆسەكە بوون و ئەمەش دەبێتە كێشە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەكە.

ڕوونیشیكردەوە، كێشەی نێوخۆیی حزبەكەش كاریگەری لەسەر بەستن یاخود دواخستنی كۆنگرەی حزبەكە هەیە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پرسە یەكلایی دەكرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە
ئەجێندای كۆبوونەوەكە لە سێ تەوەر پێكهاتووە

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

ئەمڕۆ سێ شەممە پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و لە یەكێك لە تەوەرەكاندا گفتوگۆ لەبارەی پرساندنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان دەكرێت.

ڕێواز فایەق سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە نووسراوێكدا بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەڕلەمانی دەكات بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنی ژمارە 9ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی دووەم لەخولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەڕلەمانی كوردستان، لەكاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ.

بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكەش، لە تەوەری یەكەمدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەریەكە لە پێشنیازە یاساكانی پاراستنی تۆڕ و بنچینەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان ـ عیراق)، پێشنیازی یاسای (بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان ـ عیراق)، لە تەوەری دووەمیشدا دانانی ئەندامی پەڕلەمان (عومەر عەبدوڵڵا فەتاح) لە لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری.

لە تەوەری سێیەمیشدا گفتوگۆی پرساندن و وەڵامەكانی (سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران) و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابوری بەپێی حوكمی ماددەكانی (70، 71، 73) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دوای زیاتر لە چوار ساڵ داواكردن، بڕیارە شۆفڵ و ئەمبوڵانسێك بۆ سەیدسادق دابین بكرێت

خەڵك – یەحیا حبیب

قائیمقامیەتی شارۆچكەی سەیدسادق ڕایگەیاند، “بڕیارە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بۆ شارۆچكەكە بكرێتەوە و ئۆتۆمبێلێكی ئەمبۆڵانسییش بۆ تەرخان بكرێت، هەروەها ئامێرێكی شۆفڵیش بۆ شارەوانی دابین بكرێت”.

قائیمقامیەتی شارۆچكەی سەیدسادق ڕایگەیاند،”لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و لە ساڵی 2017وە لە سەر داوا بەردەوامەكانی قائیمقامیەتی شارۆچكەی سەیدسادق بۆ هەردوو كەرتەكانی تەندروستی و شارەوانی بڕیاردرا شۆفڵێك و ئۆتۆمبیلێكی ئەمبوڵانس دابین بكەن”.

قائیمقامیەتی سەید سادق ئاماژەی بەوەشداوە،”شۆفڵەكە بۆ شارەوانی دابینكراوە و ئەمبوڵانسەكەش بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دابین دەكرێت”.

ئەمەش لە كاتێدایە، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 26/10/2020 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ قائیمقامەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی داواكاری و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان و كێشە و گیروگرفتەكانی یەكە كارگێڕییەكان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان