ئابوری
(خەڵك)وادەی كاركردن بە یاسای بودجەی ساڵی 2019 بۆ ساڵی داهاتوو لە عیراق ئاشكرا دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر تاكو سەرەتای ساڵی داهاتوو بودجەی عیراق پەسەند نەكرێت، حكومەت دەتوانێت كار بە یاسای بودجەی ئەمساڵ بكات.
هەرچەندە دەبوو لە 15-10-2019 پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بگەیشتایەتە پەڕلەمان تاكو گفتوگۆی لەسەر بكرایە و پەسەند بكرایە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكان و بەردەوامیان لەلایەك و جێكردنەوەی داخوازی خۆپیشاندەران، پڕۆژەكە دواكەوتووە و بەپێی زانیارییەكان ئەەری هەیە هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی پەڕلەمان بكرێت.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەگەر بودجەی ساڵی داهاتووی عیراق پەسەند نەكرێت، حكومەتی عیراق دەتوانێت 1 لەسەر 12ی بودجەی ساڵی 2019 بەكاربهێنێت.
سەبارەت بە دوا وادە بۆ دەستبەكاربوونی خەرجكردنی ئەو بەشە بودجەیە ناوبراو ئاشكرایكرد، تاكو 1-1-2020 ئەگەر عیراق پڕۆژە یاسای بودجەی نەبوو، كار بە یاسای 2019 دەكات.
ئابوری
یەك شەممەی داهاتوو مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
یەك شەممەی داهاتوو مووچەی مانگی ئەیلولی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی كە (خەڵك) لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە دەستی كەوتووە، ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو مووچەی كارمەندانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت.
دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول لەكاتێكدایە مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا نادیارە.
ئابوری
فراكسیۆنەكەی هادی عامری داوای ڕادەستكردنی تەواوی نەوتی هەرێم دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنی نەوت و مووچەی فەرمانبەران ڕێككەوتوون، بەڵام فراكسیۆنی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت دژ بە ڕێككەوتنەكەیە و داوای تەواوی نەوتی هەرێم دەكات.
ئەحمەد كینانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی فەتح بۆ ماڵپەڕەكانی عیراق قسەی كردووە و وتویەتی”براكانمان لە هەرێمی كوردستان پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنی 2019ەوە و نەوتیان ڕادەستی سۆمۆ نەكرد، تەنها داهاتی نەوتیش نییە، بەڵكو پێویستە تەواوی نەوت و داهاتەكان بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و دواتر بەسەر تەواوی هاووڵاتیاندا دابەش بكرێت”.
هەر لە قسەكانیدا ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی ئەوەی لە بەغدا گرتووە، كە زیاتر لە 12%ی داهاتی عیراق ڕەوانەی هەرێم دەكات، بەبێ ناردنی هیچ بڕێكی نەوت لە ڕێگای سۆمۆوە.
ئابوری
سەندیكای ئابووریناسان: پڕۆژەی چاكسازی بە هەدەردانی سامان كەمدەكاتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ
سەرۆكی لقی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر پڕۆسەیەكی چاكسازی لەپێناو باشتركردنی ژیانی خەڵك بێت هەموو هاوڵاتیان و لایەنەكانیش پشتگیری دەكەن.
نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو پڕۆژە چاكسازییەی ساڵانێكە كاری لەسەر دەكرێت، خۆشبەختانە دوابڕیاری لێدرا و كۆمەڵێك خاڵی تێدایە كە 90%ی زیاتر لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە و دەبێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەرپاكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییە نالەبارەی لە ڕابردوودا هەبووە ئەم یاسای چاكسازییە بەشێكی زۆر ئەو كەموكوڕیانە چارەسەر دەكات.
وتیشی”ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی نیشتمانییە و هەموو لایەنەكان بەڵێنیان داوە پشتگیری بكەن و ئەوەش زەمانی سەركەوتی پڕۆژەكەیە”.
ئاشكراشیكرد، پڕۆژەكە دەست دەبات بۆ كۆمەڵَێك مەلەف كە لە ڕابردوودا بەهۆی دۆخی سیاسییەوە دەستی بۆ نەبراوە، ئێستاش ئەو پڕۆژەیە هەندێك كەس پێیان ناخۆشە و لە بەرژوەندیان دەدرێت، بەڵام لە كۆتایدا خەڵك لێی سودمەند دەبێت.
ڕوونیشیكردەوە، داهاتی تاك زیاد دەكات و نزیكەی 100 ملیار دینار دەگەڕێتەوە و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بەرپا دەكاتەوە كە كۆمەڵَك خەڵك سوودمەند بوون لەمەودا ئەو بابەتە بنەبڕ دەكرێت.