ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

“ئێبرا” چاوەڕوانی دوو زەبەلاحی ئیتاڵیە و بۆلۆنیای خستۆتە لیستی چاوەڕوانیەوە !

خەڵک سپۆرت

زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدی ئەستێرەی پێشووی یانەی لۆس ئەنجلس گالاکسی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ خولی ئیتاڵیا و پەیوەندی بە یانەیەکی زەبەلاحی ئەو خولەوە بکات.

“ئێبرا کادابرا” لەکۆتایی ئەم وەرزەی خولی ئەمریکا بۆندەکەی لەگەڵ لۆس ئەنجلس گالاکسی کۆتایی هات و بڕیاریدا چیتر لە خولی ئەمریکا بەردەوام نەبێت، بەڵکو لەڕێگەی چەندین پەیامی دەنگی و ڕەنگەوە دووپاتی کردەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کیشوەری ئەوروپا و پەیوەندی بە یانەیەکی ئیتاڵی یاخود ئیسپانیەوە دەکات.

تۆڕی “سپۆرت میدیا سیت”ی ئیتاڵی بڵاویکردۆتەوە، تا ئەم ساتە هیچ یانەیەکی ئیسپانی گرنگیان بە یاریزانە سویدیەکە نەداوە، تەنها یانە کە بەفەرمی داوای گواستنەوەیان کردووە یانەی بۆلۆنیای بەشدارە لە ململانێکانی خولی ئیتاڵیا “سیریا ئەی”، بەڵام یاریزانی داواکراو هێشتا چاوی لەوەیە لە ڕیزەکانی یانەیەکی گەورە یاریی بکات و یانەی داواکاری خستۆتە لیستی چاوەروانیەوە.

بەپێی سەرچاوەکە، زلاتان لەدوای یاریکردنی بۆ یوڤانتۆس، ئینتەرمیلان و میلان دەیەوێت بۆ یەکێک لە یانەکانی ناپۆلی، یاخود میلان یاریی بکاتەوە، هەردوو یانەکەش بەشێوەی نهێنی گفتوگۆیان لەگەڵدا ئەنجامداوە و گواستنەوەی لەئێستادا زەحمەتە، بۆیە هیچ زانیارییەک ئاشکرا ناکەن و هەمووان چاوەروانی ئەوەن لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا و پاش کردنەوەی بازاڕی گواستنەوەکان گۆڕانکاری گەورە ڕووبدات.

لەپێشوودا سەرچاوەکان جەختیان کردەوە، گواستنەوەی “ئێبرا کادابرا” بۆ هەر یانەیەک بەهۆی کۆتایی هاتنی بۆندە ئەمریکیەکەیەوە بێبەرامبەرە، بەڵام وەک خۆی مەرجی ئەوە بووە بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆندی نوێ ئیمزا بکات و لەو ماوەیەشدا داوای بڕی سێ ملیۆن یورۆ وەک موچە دەکات.

جیهانی

(ڤیدیۆ) بەحرەین بۆ جاری یەکەم لەمێژوویدا جامی کەنداوی بەرزکردەوە

خەڵک سپۆرت

ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی کەنداوی ژمارە ٢٤ لە یاریگای عەبدوڵا بن خەلیفە ئەنجامدرا و هەڵبژاردەی بەحرەین سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی سعودیە بەدەستهێنا.

لەتایمی یەکەمدا سعودیەکان هێرشی بەردەوام و چڕوپڕیان کردە سەر گۆڵی سورپۆشەکانی بەحرەین و لە خولەکی ١٢ لەلایەن داوەری یارییەکەوە لێدانی سزایان بۆ هەژمارکرا، هەمووان چاوەڕێیان دەکرد بە تۆمارکردنی ئەو گۆڵە “ئەخزەری سعودی” کۆنترۆلی ئەنجامەکە بکات، بەڵام سەلمان فەرەجی ئەستێرەی سعودی پەناڵتیەکەی لەدەستدا و ئەو تایمە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

لەتایمی دووەمدا هیلینۆ سۆزای ڕاهێنەری کارامەی بەحرەین تاکتیکەکانی گۆڕی و توانیان کۆنترۆڵی وردەکاریی ڕووبەڕوبونەوەکە بکەن تا لە خولەکی ٦٩ گۆڵێکیان لەڕێگەی محەمەد سەعد ئەلڕمەیحیەوە تۆمار کرد، دوابەدوای ئەو گۆڵە کوڕانی هێرڤی ڕیناری فەرەنسی هەوڵیان زۆردا ئەنجامەکە هاوتا بکەنەوە و چەندین هەلی گۆڵکردنیان دروستکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ئەنجامی کۆتایی یاریی (١ – ٠) لەبەرژەوەندی بەحرەین کۆتایی هات.

بەپێی ئەو ئەنجامەش هەڵبژاردەی بەحرەین بۆ جاری یەکەم لەمێژوویدا نازناوی کەنداوی چنییەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

“بالۆن دۆر” کیلیان مباپێ لە فەرەنساوە دەباتە یانەی ڕیاڵ مەدرید

خەڵک سپۆرت

کیلیان مباپێی فەرەنسی بیر لەپەیوەندیکردن بە یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی دەکاتەوە و پێی وایە، لەڕیزەکانی ئەو یانەیە دەتوانێت خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بەدەست بهێنێت.

لەم وەرزەدا لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندوی یانەی بەرشلۆنە خەڵاتی بالۆن دۆری تایبەت بە باشترین یاریزانی جیهانی بۆ جاری شەشەم لەمێژوویدا چنییەوە، لە وەرزەکانی ڕابردووشدا ئەم خەڵاتە کۆنترۆڵکراوی ئەستێرەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە بووە و ئەم دیاردەیە بۆچونی یاریزانە ناودارەکانی جیهانی بەشێوەیەک گۆڕیوە، کە پێیان وایە ئەگەر لەڕیزەکانی ئەو دوو یانەیە یاریی نەکەیت مەحاڵە ببیتە خاوەنی.

ڕۆژنامەی “لو ١٠ سپۆرت”ی فەرەنسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دێلفین ڤێرهایدنی پارێزەری گەوهەرە فەرەنسیەکە ئەنجامداوە و لەوەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاندووە :” ئەگەر بابەتی گرێبەستی داهاتووی مباپێ بەدەست من بێت، دڵنیابن ئاسانکاری دەکەم بەزووترین کات پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بکات، چونکە لەو یانە مێژووییە دەتوانێت خەڵاتی بالۆن دۆر و باشترین یاریزانی جیهان مسۆگەر بکات”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بۆندی مباپێ تا ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمان بەردەوامی دەبێت و یانەی شاهانەی مەدرید لەهەوڵدان لە گواستنەوەکانی هاوینەی ٢٠٢٠ پەلکێشی ڕیزەکانیانی بکەن، یاریزانەکەش لەلایەن خۆیەوە حەز بەو گواستنەوەیە دەکات و زینەدین زێدانی فەرەنسی دەبێتە ئەندازیاری گفتوگۆکان لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

داوەرێکی ئەڵمانی دانی پێدا دەنێت: نەمدەویست ناوبژیوانی یارییەک بم ئۆلیڤەر کانی تێدا بێت

خەڵک سپۆرت

داوەرێکی ئەزمونداری ئەڵمانی بە یادەوەریەکانیدا دەچێتەوەو دانی پێدا دەنێت، کاتێک سەرپەرشتی یارییەکانی یانەی بایرن میونشنی کردووە ترسی لە گۆڵپارێزی مێژوویی ئەو یانەیە هەبووە.

مانوێل گراف، ناوبژیوانی پێشووی ئەڵمانیا لەچاوپێکەوتنێکدا بە “تی زێد”ی ئەڵمانی ڕاگەیاندووە :” وەک داوەرێک پێویستە بە هاوسەنگی مامەڵە لەگەڵ یاریزاناندا بکەیت بەبێ جیاوازی، پێویستە داوەر کەسایەتیەکی سەربەخۆ و پیشەیی بێت، بەڵام هەمیشە لەگەڵ ئەوەشدا بەنسبەت منەوە کەسێک هەبووە لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەم لەگەڵدا نەکردووە ئەویش ئۆلیڤەر کانە”.

هەروەها دەڵێت :” ئۆلیڤەر کان تاکە یاریزان بوو دەترسام فیکەی بەڕوودا لێبدەم، تەمەنم لەناوەڕاستی چلەکاندا بوو، بەڵام بەڕاستی پێتان دەڵێم: لێی دەترسام”.

کان گۆڵپارێزی ناوداری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن لەنێو هەوادارانی تۆپی پێی ئەڵمانیا بە “شێرەکەی باڤاریا” ناوی دەرکردبوو، بەتوڕەییەوە مامەڵەی لەگەڵ یاریزانان و داوەران دەکرد و خاوەن کەسایەتیەکی ناوازە بوو، لەساڵی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٦ یاریی بۆ هەڵبژاردەی مەکینەکانی ئەڵمانیا کرد و ماوەی ١٤ ساڵ درێسی یانەی بایرن میونشنی پۆشی، لە فاینەڵی مۆندیالی ٢٠٠٢ بەرامبەر ڕۆناڵدۆی بەرازیلی شکستی هێنا، بەڵام لەسەر ئاستی تاکە کەسی پاڵێوراوی خەڵاتی باشترینەکانی جیهان بوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان