ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

قوباد تاڵەبانی: دەستمان بە نەهێشتنی فەرمانبەری بن دیوار كردووە

خەڵك-بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەستمان كردووە بە پڕۆژەی چاكسازی و بۆ ئەو مەبەستەش هاوكاریمان لە وڵاتە زلهێزەكان وەرگرتووە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پانێڵی “پەیوەندی نێوان حوكمڕانی باش و ئاشتی ناوچەیی” كە لە شاری دهۆك بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، پڕۆسەی چاكسازیمان دەستپێكرد، بۆ ئەوەی پڕۆگرامێكی بەرهەمهێنەر دەست پێكەین و هەندێك لە خەرجییەكان كەم بكەینەوە و سەرچاوەی داهات زیاد بكەین.
وتیشی”چەندین رێگامان بۆ كۆتایهێنیان بە فەرمانبەری بن دیوار دۆزییەوە، هەموو ئەو هەنگاوانەمان هاوێشت كە ڕەنگە لە مەودایەكی نزیكدا تووشی ئازارمان بكات، چونكە چاكسازی ئازار بەخشە بەتایبەتی لە ناوچەیەكی وەك ئێمە”.
ئاشكراشیكرد، ئێستا لە بەغدا هەندێك حاڵەت بوونی هەیە كە بۆ دامركانەوەی ناڕەزایەتیەكان هەندێك بەرپرس پارە دەدەنە خەڵك، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە و سەقامگیری ناگەڕێنێتەوە بۆ وڵات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هاوێشتنی هەنگاوی ستراتیژی و باشتركردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی كەرتی پەروەردە و تەندروستی و تەرخانكردنی بڕی هاوكارییە مادییەكان بۆ پڕۆژەكان زۆر گرنگە، بەشێوەیەك تەنها فڕێدانی پارە نەبێت.

ڕوونیشیكردەوە، لە سەرەتادا ددانمان بەوەدانا كە هەموو شت نازانین بەتایبەت ئێمە لە كوردستان قەیرانمان لەوەدایە كە ژمارەیەكی زۆر پسپۆڕی ئابووریمان نییە، لەبەرئەوە ئەمریكاو فەڕەنسا و بەریتانیا هەندێك ڕاوێژكاریان پێداوین بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم لە هەموو بوارەكاندا و هاوپەمانەكانمان ڕۆڵیان هەبووە لە دەستپێكردنی پڕۆسەی چاكسازی و لەگەڵ ئەو وڵاتانەش گفتوگۆمان كردووە كە ڕووبەڕووی هەمان پرس بوونەتەوە.

کوردستان

ئاسایشی هەولێر وەڵامی كۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر، وەڵامی لێدوانی بەرپرسێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە، كە ئاماژەی بە ئەشكەنجەدانی ئەندامانی كۆمەڵ كردبوو لەلایەن ئاسایشەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونكردنەوەكەیدا ڕایگەیاندووە، “دوای بەدواداچوونیان لەسەر قسەكانی (محمد حكیم) ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، سەبارەت بە لێدان و ئەشكەنجەدانی ئەندامانیان لە ئاسایش و دوای پەیوەندی كردن بە خودی بەڕێزیان، دەركەوت ئەو حاڵەتانەی باسی كردوون، لە هەولێر ڕوویان نەداوە و سایتی خەندان بەمەبەست ئەمەی باسكردووە، كە ڕووداوەكە لە هەولێر بووە و و وروژاندنی ئەم بابەتەش مەبەستدار بووە”.

ئاسایشی هەولێر دەڵێت: “سایتی خەندان دەبوایە ڕەچاوی ئیتیكی رۆژنامەوانی بكردبایە و پێش بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە بەم شێوازە، ڕای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێری وەربگرتبایە”.

هەر لە ڕوونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، “هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان، كارەكانیان لە چوارچێوەی یاسا و بەپێی بنەماكانی مافی مرۆڤ، بەجێ دەگەیەنن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاتووچۆی هەولێر بڕیارێك بۆ بەشێكی شۆفێران دەردەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڕیار دەدات بە قەدەغە كردنی هاتووچۆی بارهەڵگرەكان بۆ ناو شار و هۆكاری بڕیارەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ جەنجاڵی شەقامەكانی ناوشار.

فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵی لە شەقامەكانی ناو شار لەكۆبوونەوەی پەرەپیدانی هاتووچۆی هەولیر لە 14-12-2019 پاریزگاری هەولیر بڕیاری دا بەقەدەغەكردنی هاتنی بارهەڵگرەكان بۆ ناو شار تاكو كاتژمیر9ی بەیانی.

ڕاشیگەیاندووە، لەبەرامبەردا بارهەڵگرەكان قەرەبوو دەكرێنەوە بەرامبەر بەم دواكەوتنەیان و ڕێگایان پی دەدرێت تاكو كاتژمیر 2ی شەو بێنە ناو شار، كەپێشتر تاكو كاتژمیر 12ی شەو بوو.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو بارهەڵگرانە دەگرێتەوە، كە بارەكانیان لە 4 تەن بەرەو سەرەوەیە و دەشڵێت: “لە ڕۆژی 21-12-2019وە جێبەجێ دەكرێت.

هاتووچۆی هەولێر داوا لەشۆفێرانی بارهەڵگرەكان دەكات، كە پابەندی بڕیارەكە بن و هەر شۆفێرێك پابەند نەبیت تووشی سزای یاسایی دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

“باندێك بەناوی دامەزراندنەوە هاووڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن”

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزەكانیانەوە توانرا باندێكی (7) كەسی، كە بەڕەگەز كوردن و یەكێكیان ژنە دەستگیر بكەن و دەشڵێت: “تۆمەتبارن بە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك بە شێوەی نهێنی و ساختە”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەكی بۆ (خەڵك) هاتووە ڕایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخانەوە كۆمەڵێك بەڵگەنامە و فۆڕمی وەهمی و ساختەی دامەزراندن و دابینكردنی تراكتۆری كشتوكاڵی بۆ هاووڵاتیان دەستكەوت، كە بووە سەرەداوێك بۆ دەستگیركردنی باندێكی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو باندە لە شارەكانی هەڵەبجە و دەربەندیخان و كفری ئەو فۆڕمانەیان بە پارە داوەتە سەدان هاووڵاتی لە بەرامبەر هەر فۆڕمێكدا بڕی 150 هەزار تا ملیۆنێك و نیو دیناری عیراقیان لێ وەرگرتووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەندێك لەو تۆمەتبارانە پلەی وەزیفیان بۆ ئەو ساختەكاری و فریودانە بە كارهێنابوو، بۆیە سەدان هاووڵاتی كەوتبوونە داویانەوە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان باندێكی فریودان و هەڵخەڵەتێنەریان دەستگیركرد . لەچوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانی هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی سنوورەكە لە هەر دیاردەیەكی نەخوازراو و دەستگیركردنی تاوانباران و ڕووبەڕووكردنەوەیان بە دادگا..
پاش ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە كۆمەڵێك بەڵگەنامەو فۆرمی وەهمی و ساختەی دامەزراندن و دابینكردنی تراكتۆری كشت و كاڵی بۆ هاوڵاتیان سەرەداوێكیان دەست كەوت,
هەروەها پاش لێكۆڵینەوەی ووردو بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری تەواو , لە سەر بڕیاری بەرێز دادوەری لێكۆڵینەوەی دەربەندیخان توانرا باندێكی(7)كەسی كە بەرەگەز كوردن و یەكێكیان ئافرەتە بەناوەكانی
1/ا م م ا /پیشە پۆلیسە لە توندوتیژی دژ بە ژنان لە دەربەندیخان و دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە.
2/ ف م م س /پیشە یاریدەدەری پزیشكی لە ناحیەی وارماوە و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
3/ م ح غ ح ص /پیشە بەرێوەبەری باخجەی ساوایان لە هەڵبجەی تازە و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
4/ ز ا م م /پیشە پۆلیس لە لیوای سێ ی بەرگری فریاكەوتن و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
5/ ف ك م م س / پیشە كاسب و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
6/ ز م م ح ا / پیشە كاسب و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
7/ ف ق م ا / پیشە كاسب و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
دەستگیربكەن كە تۆمەتبارن بە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە كە بە شێوەی نهێنی و ساختە هەستاون بە درووستكردنی فۆرمی دامەزراندن و فۆرمی دابینكردنی تراكتۆری كشتوكاڵی و لە شارەكانی هەڵەبجە و دەربەندیخان و كفری ئەو فۆرمانەیان بە پارە دابوو بە سەدان كەس لە بەرامبەر هەرفۆرمێكدا بڕی(150,000)دینار تاوەكو(1.500,000)دیناریان لە خەڵك وەرگرتبوو.
جی ی ئاماژەیە هەندیك لەو تۆمەتبارانە پلەی وەزیفیان بۆ ئەو ساختەكاری و فریودانە بە كارهێنابوو بۆیە سەدان كەس كەوتبووە داویانەوە,
لە سەر فەرمانی بەرێز دادوەری لێكۆڵینەوە سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە بە پێی مادەی(456)ی س ع ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان
ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان