ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

كۆمپانیای بەڕێز بۆ عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد: ڕاپۆرتە 14 خاڵییەكەتان، خاڵییە لە ڕاستی

خەڵك – بەشی هەواڵ

گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، وەڵامی ڕاپۆرتێكی هەردوو پەڕلەمانتار، “عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد” دەداتەوە، كە لە 14 خاڵدا ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانیان كردووە و داوای پێكهێنانی لیژنە دەكەن، كۆمپانیای ناوبراویش لە ڕوونكردنەوەیەكدا بە چواردە وەڵام، بە بەڵگە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتە دەداتەوە.

دەقی ڕوونكردنەوە و وەڵامی گروپی كۆمپانیاكانی بەرێز:

بۆ عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد:ڕاپۆرتە 14 خاڵییەكەتان، خاڵییە لە ڕاستی.

لەم ڕوونكردنەوەیەدا بە پێویستی دەزانین خاڵ بە خاڵ وەڵامی هەردوو پەڕلەمانتارەكەی گۆڕان و ئەوانەش بدەینەوە كە چاویان بە كارو پرۆژەكانی كۆمپانیاكەمان هەڵنایەت.

وەڵامی یەكەم/
سەرەتا بە پێویستی دەزانین، ئەو ڕاستییە ڕابگەیەنین لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین لیژنە لە سەر كۆمپانیاكەمان دروستكراوە لە سەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگاكان، بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان، دواین لیژنە لە كابینەی 8 لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا بەمەبەستی دیراسە و وردبینی و هەڵسەنگاندنی پرۆژەكانی ئاسوودە بە پێی فەرمانی 5158 كە لە 8-11-2017 داواكراوە لە لیژنەكە ڕاپۆرتی تایبەت لە ماوەیەكی دیاریكراو بۆ سەرجەم پرۆژەكان بەرز بكەنەوە كە جگە لە نوێنەری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری پارێزگای سلێمانی و شارەوانی و بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و نەخشەدانانی ئاوەدانی ئەندام بوون تیایدا، كە ئەنجامی ڕاپۆرتەكە لە دوای 8 مانگ بەدواداچوون ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و هەموو ئەو ڕاستیانەی كە ئەم ڕاپۆرتە 14 خاڵیە بەدرۆ دەخاتەوە لەو ڕاپۆرتەدا تۆماركراوە، كە ئەمەش پێشتر لە سەر داوای چەند پەڕلەمانتار و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای گۆڕان هاتە ئارا.

 

لە ساڵی 2006 دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 4ی تایبەت بە وەبەرهێنان ئەو بیرۆكە گەرورەیەی هەمیشە شانازی پێوە ئەكەین “دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لە قەزاو ناحییەكان” كەپێشتر لە لایەن سەرۆكایەتی حكومەتی ئیدارەی ئەو كاتی سلێمانی هەوڵی زۆری بۆدرا بوو، دواجار بووین بە خاوەنی یەكەم مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سێكتەری نیشتەجێبوون، كە خۆی لە چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر بینییەوە لە شارو شارۆچكەكاندا.
مۆڵەتی ژمارە 1ی وەبەرهێنان، بۆ ژمارەیەك (پرۆژە) بوو لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگای سلێمانیدا كە بریتی بوو لە 25 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە تێچووی پتر لە (1) ملیار دۆلار، كە بڕیار بوو چەند وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی و بیانی ئەم پرۆژەیە ئەنجام بدەن و زەوی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت، بەر لەهەموو كەس و تاكە وەبەرهێنەر بووین كە زاتی ئەوە بكەین لە قەزاو ناحییەكان و لەپارێزگای هەڵەبجەوە دەست پێبكەین.
لێرەشەوە بەڵگەنامەی تەواو بوونی پرۆژەكانمان و تەسلیمكردنی بە هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار دەخەینە ڕوو، كە لە یەك پرۆژەدا تا ئێستا ماوەی یاساییمان تەواو نەبووە و هەموو پرۆژەكانی ناوەندی سلێمانی زیاتر لە 5 ساڵە تەسلیم بە لایەنی حكومەت و هاوڵاتیان كراون و لە پرۆژەكانی ( هەڵەجە، كۆیە، دوكان، ڕانیە، چەمچەماڵ، كەلار) كاركردن بەردەوامە و پەیوەستین بە ماوەی دیاریكراوی پرۆژەكان.

وەڵامی دووەم/
تەواوی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانەی ڕادەستی بەشداربووان كراوە، بە بێ‌ كەموكورتی و نەخشەی پەسەند كراو، لە لایەن لیژنەی هاوبەشی دامودەزگانی حكومەتەوە بە كۆنووس تەسلیم كراوە كە وێنەی كۆنووسەكان هاوپێچی ئەم وەڵامەیە.

 

وەڵامی سێ‌ یەم/
1- داخڵكردن و هاوبەشی پێكردنی وەبەرهێنەر مافێكی سەرەتایی و یاساییە، كە لە یاسای وەبەرهێنان و بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان رێگە دراوە بە وەبەرهێنەر تەنەزول بكات لە بەشێكی پرۆژەكەی یان تەواوی پرۆژەكەی بۆ وەبەرهێنەرێكی تر.
2- سەبارەت بە پرۆژەی دانیا سیتی، بە پێی یاساو بریاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە 422، لە رێكەوتی 26-6-2018 خاوەندارێتی مۆڵەتەكەی لە سەدا 80ی گواستراوەتەوە بۆ وەبەرهێنەرێكی تر پاڵپشت بە بڕگەی 3 لە ماددەی 14ی یاسای وەبەرهێنان، و بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە 357 .

 

وەڵامی چوارەم/
بە پێی ئەم بەڵگانەی دەیخەینە ڕوو تا ئێستا حكومەت بڕیار نادات تەنانەت كۆمپانیاكەشمان بە قەرزی درێژخایەن ئەو خزمەتگوزاریانە تەواو بكات، سەرڕای ئەوەش ئەو بەشداربووانەی نیشتەجێی پرۆژەكەن لەسەر ئەركی كۆمپانیاكەمان، جگە لە گەیاندنی تەزوی كارەبا چەندین ئاسانكاریمان كردووە بۆیان تا بتوانن تیایی نیشتەجێبن، هەر بەو هۆكارە زیاتر لە 5 ساڵە كۆمپانیای بەرێز وەرگرتنەوەی هەموو قیستەكانی لە بەشداربووانی هاموون سیتی ڕاگرتووە.

وەڵامی پێنجەم/
هەرچەندە عەلی حەمە ساڵح، بەس باوەڕی بە درۆ هەڵبەستراوەكانی خۆی هەیە و باوەڕی بە ئەنجامی لیژنەكان نییە، ئەم زاتە پێش ماوەیەك هەمان داوای لە دەستەی وەبەرهێنان كرد، لیژنە پێك بهێنرێت سەبارەت بە فرۆشتنی زەوی لەیەكێك لە پرۆژەكانی بەرێزدا، ئەنجامی لیژنە و ناردنی كۆنووس بۆ دەستەی وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی ئەم زاتە نەبوو، ئەمجارەش كای كۆن بە با دەكات.

 

وەڵامی شەشەم/
كۆمپانیای بەرێز پەیوەستە بە ماستەر پلانی پەسەندكراو و مۆڵەتی پرۆژەكانی، وە لەهیچ پرۆژەیەكدا بچووكترین زیادەڕەویمان ئەنجام نەداوە و دڵنیاش بن هەرگیز ئەنجامی نادەین، وە هیچ زەوییەكی بازرگانیمان بەرامبەر بە فاملی مۆڵ نییە و دیارە ناتانەوێ‌ ناوی ئەو كەسە بهێنن كە خاوەنی ئەو زەوییە بازرگانیانەیە.

وەڵامی حەوتەم/
ئەم بەرێزە كە دوو خولە پەڕلەمانتارە و هەمیشە خۆی دەهاوێژێتە ناو ئەو لیژنانەی پەیوەندی بە وەبەرهێنان و لایەنی ئابووری هەیە، تا ئێستاش بەداخەوە نەك شارەزا نییە لەیاسای وەبەرهێنان و بڕیارەكانی كە تایبەت بەو یاسایە دەرچووە لە ئەنجومەنی باڵا، بەڵكو چەواشەكاری لای كاك عەلی بووە بە سوونەتی موئەكەدە” هیچ كام لەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی باسی دەكەیت لە خاڵی 7ی ڕاپۆرتە بێبنەماكەتاندا” بەرپرسیارێتی وەبەرهێنەر نییە، ئەركی دامودەزگاكانی حكومەتە دڵنیاشین كە ناتانەوێت بە دواداچوون بۆ هیچ كام لەو پرۆژانە بكەن كە حكومەت جێ بەجێی دەكات چونكە لە بەرژەوەندیتان نییە.

وەڵامی هەشتەم/
ئەم دوو بەڕێزە لەبەر ئەوەی حەسانەیان هەیە و سڵ لە یاسا ناكەنەوە، وا دەزانن شار بێ‌ میر و حاكمە تا وەبەرهێنەر ناوچەی دیاریكراو بۆ ڕووبەری سەوزایی بفرۆشێتەوە، تەحەدا دەكەین، لە یەك پرۆژەی نیشتەجێبووندا كۆمپانیاكەمان زیادەڕەوی كردبێتە سەر ڕووبەری سەوزای و قوربان ئەمجارەش بۆتان ڕاست دەكەینەوە كە باخچەو سەوزایی لە سەر ئەركی وەبەرهێنەر نییە و هیوادارین دەستەی وەبەرهێنان بێ دەنگ نەبێت لە سەر ئەم چەواشەكاریانەی بەرێزتان.

وەڵامی نۆیەم/
كۆمپانیای بەڕێز پەیوەست بووە بەو سایت پلان و نەخشە بنەڕەتیانەی بۆی دیاریكراوە و لە هیچ كام لە پرۆژەكانیدا گۆڕانكاری ئەنجام نەداوە و بۆ بەدرۆ خستنەوەی ئەم خاڵەشتان زۆربەی پرۆژەكانمان چەندین ساڵە تەواو بوون و بڕوانامەی كۆتاییشیان بۆ كراوە.

وەڵامی دەیەم/
دیسانەوە هەردوو پەڕلەمانتارەكە، ئەم وەڵامەشتان دوورە لە ڕاستی، پرۆژەكانمان بە پێی سایت پلانی پەسەند كراو جێبەجێكراوەو زۆربەیان ئیفراز كراون و هەموو یەكەكان ڕووبەرەكانیان لە ناو وێنەی تۆماری تاپۆدا دیاریكراوە.

وەڵامی یانزەیەم/
ماوەیەكی زۆرە، دابانی پەڕلەمانتار، هەڕەشەی بڵاوكرنەوەی ئەم خاڵە دەكات، بەڵگەكان بڵاو دەكەینەوە كە بۆچی بڕێك چیمەنتۆ بۆ پرۆژەكانی كۆمپانیای بەڕێز بە نرخی فرۆشتن بە هاوڵاتی دابینكرا، دیارە ئەم پەڕلەمانتارە نازانێت كە بەڕەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران هاوكاری بەشێك لە بەشداربووانی پرۆژەكانی كۆمپانیای بەرێزی پێكراوە لەبەر ئەوەی زۆربەی خانووەكانمان لە قەزاكان “بە بێ‌ پێشەكی و بەپێشەكییەكی كەم ” دراوە بە بەشداربووان، شەرەف مەندیشین كە لە پرۆژەكانماندا خانوو بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دروست كراون.

وەڵامی دوانزەیەم/
دیسانەوە خەڕەكە، نازانین مەبەستان كام سەرۆكی حكومەت و كام بەرپرسە؟ خۆزگە ناوتان بهێنایە، وەدڵنیاشین بۆچی ناتانەوێت ناوی بهێنن، خزمەتگوزاری ناو ئەم پرۆژانە لە سەدا سەد لە سەر حكومەت بوو، لە سەدا پەنجای خرایە سەر كۆمپانیاكەمان بە پێی فەرمانی كارگێڕی ژمارە 24188 لە 3-9-2012.
ئێمە بۆ بەرژەوەندی بەشداربووەكانمان گرێبەستی نوێی پرۆژەی ئاسوودەمان قبوڵ كرد، وە مافی خۆمانە هەر وەبەهێنانێك لە ناو پرۆژەكانماندا بكەین بە پێی مۆڵەت و سایت پلانی پەسەندكراو خۆزگە ئەم دوو زاتە یەك پرۆژەیان لە كوردستان بدۆزیایەوە كە بینای بازرگانی و چالاكی وەبەرهێنانی تیا ئەنجام نەدراوە.

 

وەڵامی سیانزەیەم/
هیچ پرۆژەیەكمان بەناوی تۆێژێكی دیاریكراو وەرنەگرتووە و ئەم ژمارەیەشتان هەڵە لێداوە ئەگەر ژمارە ڕاستەكەتان ویست دەتوانین بتاندەینێ‌ بەڵام دڵنیابن ناتوان ناوی ئەو بهێنن.

 

وەڵامی چواردەیەم/
گواستنەوەی بەشێك لە پرۆژەی نۆژین سیتی دەربەندیخان بۆ كەلار بەپێی ئەم بەڵگانە بووە كە هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەی دەكەین، كە لە بەرامبەریدا پرۆژەی خزمەتگوزاریمان ئەنجامداوە و با مژدەشتان بدەینێ‌ هەموو خانووەكان فرۆشراون و لە ئێستاشدا یەكێكە لە پرۆژە هەرە باشەكانی ناحییەی ڕزگاری، ئەو وەبەهێنەرەش كە لەوێ‌ كار دەكات هاوبەشمانە لەم پرۆژەیەدا و هەژماری بانكی و ئەو گرێبەستانەش كە ئەنجامانداوە هەمووی بە ناوی كۆمپانیای بەرێزەوەیە و دڵنیاش بن لەم ماوەیەشدا پرۆژەیەكی نوێی دیكە لە كەلار دەست پێدەكەین.

لە كۆتایدا…
داوا دەكەین لە دەستەی وەبەرهێنان، ڕووی ڕاستی ئەم خاڵانە بە پێی گرێبەست و مۆڵەت و بەراییەكانی پرۆژەكانمان بخەنەڕوو وەسەر لەنوێ‌ لێكۆڵینەوە بكەن لەسەر ئەو هەموو تۆمەت و تەشهیرەی بە ناڕەوا ئاڕاستەمان دەكرێت.
داواكارین ئەنجامی لیژنەكانی پێشووش ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بكرێت، ئەوەی كە ئێمەی نیگەران كردووە ڕاپۆرتی هەڵبەستراوی ئەم زاتانە نییە بەڵكو، ئەنجامی سكاڵاكانمانە لە دادگا كە ڕێگا نادەن كۆمپانیاكان داوای یاسایی تۆمار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە ماددی و مەعنەویانەی لێمان دەكەوێت، چونكە بە پێی دواین بڕیاری دادگا لە تەمیزیش پەسەند كراوە و هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەیە دەڵێن كۆمپانیا سیفەتی مەعنەوی نییە و ناتوانێ‌ داوای قەرەبوو بكات.

لەلایەكی ترەوە گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بە بەڵگە لە ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆییدا خاڵ بە خاڵ وەڵامی ڕاپۆرتێكی پەیجی (مۆر)یشی داوەتەوە، كە سەبارەت بە كار و پڕۆژەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بڵاویانكردبووەوە.

دەقی ڕاپۆرتەكە ڤیدیۆییەكە..

گروپی كۆمپانیاكانی بەرێز: مەرامی پشت راپۆرتە چەواشەكارییەكانی پەیجی مۆر بەبەڵگەی یاسایی ئاشكرا دەكەین

گروپی كۆمپانیاكانی بەرێز: مەرامی پشت راپۆرتە چەواشەكارییەكانی پەیجی مۆر بەبەڵگەی یاسایی ئاشكرا دەكەین

Posted by Xelk Media Network on Monday, November 18, 2019

جیهان

چیرۆكی لیزا سمیس، لە پێشوازیكاری فڕۆكەی جێگری سەرۆكەوە بۆ ناو داعش

خەڵك – لوقمان غەفوور

دوای ئەوەی ڕۆژێك لەئاسایشی فرۆكەخانەی ئەستەنبول دەستبەسەرمایەوە، حكومەتی ئێرلەندا، لیزا سمیس- 38 ساڵ و كوڕە 2 ساڵەكەی لە رێگەی توركیاوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەكەی.

ڕۆژی 4ی دیسێمبەر، لیزا سمیس، دوای چوار ساڵ دووربوون لە وڵاتەكەی، لەدۆخێكی ئەمنی تونددا لە داونداڵك-ی ویلایەتی لاوس-ەوە گەیەندرایە دادگای تاوانەكان لە دبلن، تا بە تۆمەتی تاوانی هەڵاتن لە سەربازیی و خیانەتی نیشتمانی لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ – دیسێمبەری ٢٠١٩، دادگایی بكرێت.

چیرۆكی لیزا بووەتە چیرۆكی نێو لاپەڕەی ڕۆژنامەكانی ئەمریكا، چونكە دوای پێنج ساڵ لە خزمەتی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری ئێرلەندا، ساڵی 2015 پەیوەندی دەكات بە ڕیزەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە.

ڕۆژنامەی زە پرۆڤیدینس جۆرناڵ، لە ژمارەی رۆژی 6-12دا، نوسیویەتی: “لیزا لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی بە سەركردەیەكی داعشەوە دەكات كە لەبنەڕەتدا هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بووە، هەر لە سوریا هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، ئێستا خاوەنی منداڵێكی 2 ساڵە لەو كەسە، لەكاتێكدا مێردەكەی لە شەڕێكی سەختدا ساڵی 2017 كوژراوە و خۆیی و منداڵەكەی لە كەمپی “عەین عیسا” لە باكوری سوریا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستبەسەربوون.

بەپێی زە پرۆڤیدینس جۆرناڵ، لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لەدوای هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك زیندانی داعش و ژن و منداڵی نێو كەمپی عەین عیسا، هەوڵی هەڵاتنیان داوە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی توركیا لەلایەن ئەوانەوە دەستگیركراون كە ژمارەیان 287 چەكداری داعش و ژنەكەنیانن، لەنێو ئەو دەستگیركراوانەدا لیزا سمیس یەكێكیان بووە”.

لە چاوپێكەوتنێكی سی ئێن ئێن-دا لەو كاتەی كە لە كەمپی عەین عیسا بووە لە سوریا، لیزا دەڵێت:”بەشداری هیچ شەڕ و مەشقێكی سەربازیم نەكردووە لەلای داعش” وتوشیەتی :”ئێف بی ئای چەند جارێك سەردانیان كردوم و پەنجەمۆر و سمپلی دی ئێن ئەی-م لێوەرگیراوە”.
لەبەرامبەر دانپێدانانەكانیدا “ئێف بی ئای” كۆمەڵێك وێنەی پیشانی لیزا داوە كە نیشانە دەگرێتەوە و مەشق لەسەر چەك دەكات بۆیە دەست دەكات بە گریان و تێدەگات لەوەی ئەوانەی وێنەیان گرتووە و لە ناو داعش بوون، سەر بە ئێف بی ئای بوون.

كاتێك لیزا بەپێی ڕێكەوتنی نێوان توركیا و ئێرلەندا دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتەكەی، پەیامنێری “ئار تی ئی” لەنێو ئەو فڕۆكەیەی گەشتی هێڵی ئاسمانی توركیدا بووە كە لە ئەستەنبول-ەوە لیزا و منداڵەكە-ی گواستۆتەوە بۆ دبلن، لیزا رەتیكردۆتەوە هیچ لێدوانێك بدات بۆ كەناڵەكە سەبارەت بە هەستەكانی لەكاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی.
بەپێی قسەی پەیامنێرەكەی “ئار تی ئی” لیزا لەماوەی ئەو چەند سەعاتەدا شوێنەكەی جێنەهێشتووە و زوربەی كاتەكە یاری لەگەڵ منداڵەكەی كردووە و هیچ پەیوەندییەكی قسەكردنیشی نەبووە لەگەڵ ئەو چوار پاسەوان و دیپلۆماتەی پارێزگارییان كردووە.

پەیامنێرەكە وتوشیەتی، كە لیزا هەر بەرگی حیجابی لەبەردا بووە لەگەشتەكەدا و دۆخی دەروونی لەوپەڕی ئارامیدا بووە و شڵەژاو دەرنەكەوتووە.

ڕۆژنامەی زە واشنتن پۆست لە ژمارەی 6ی دیسێمبەردا ئاماژەی بەوەداوە، لەكاتی دابەزینی لە پێپلیكانەی فڕۆكەكە بە پەتانییەكی ڕەنگاو ڕەنگ سەرو دەوموچاوی شاردراوەتەوە و بەپەلە خراوەتە ناو ئۆتۆمبێلێكی ڕەشی جام تاریكەوە.

توركیا لە كۆتایی نۆڤێمبەرەوە بڕیاری داوە كە ئەو دەستگیركراوە داعشانەی لەلای دەستبەسەرن و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپین، بیانگێڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ وڵاتەكە.

بەپێی زە نیویۆرك تایمز، لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، هەریەك لە ئەلمَانیا و فەرەنسا و بەریتانیا ڕازی بوون بە گەڕانەوی ئەو داعشانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتەكەیان هەیە لەبەرامبەر چەند مەرجێك، بەڵام تا ئێستا ئاشكرا نەبووە مەرجەكانی نێوان توركیا و ئەو وڵاتانانە چین، چونكە توركیا هەمیشە هەڕەشەی بەو داعشانە كردووە كە ئازادایان ئەكاتەوە بەرەو ڕووی وڵاتەكەی خۆیان.

یەكەم گەڕانەوەی دەسبەسەركراوی داعش-یش كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپییە لە لیزا- وە دەستی پێكردووە و بەپێی ئاژانسەكانی ئێرلەندا 30 هاووڵاتی ئێرلەندی لە2015 -2016 پەیوەندییان بە ڕیزەكانی داعشەوە كردووە، بەڵام بەپێی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندا بەشێك لەوانە كوژراون.

شارلی فلانگن وەزیری دادی ئێرلەندا، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتوویەتی:”ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەخێوكردن و چاودێریكردنی منداڵەكە لەهەمووی گرنگترە”.

دواتر وتی:”مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە پێویستە خەڵك ئارام كەینەوە لەدوای ئەوەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و تەلەفیزیۆنەكانەوە دیمەنی گواستنەوەی لیزا لە فرۆكەخانەی توركیاوە گواسترایەوە بۆ ئێرلەندا”.

لیزا سمیس ساڵی 2009 پەیوەندی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندییەوە دەكات و وەك سەربازی هێزی پیادە، دوای پێنج ساڵ داوای گواستنەوە دەكات بۆ هێزی ئاسمانی سەربازی تایبەت بە پێشوازیكاری فڕۆكەی نەفەرهەڵگر و دەبێتە پێشوازیكاری فڕۆكەی جێگری سەرۆك وەزیرانی ئێرلەندا.
بەپێی لێكۆڵینەوەی ئێف بی ئای، لیزا لەساڵی 2011 قوڵبۆتەوە لە ئاینی ئیسلام لەكاتێكدا سەربازی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندی بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

لە هەرێمی كوردستان گرانفرۆشییەكی بێ سنوور دەستیپێكردووە

خەڵك-بەشی هەواڵ

گرانفرۆشی نرخی چا، ئاو ، قاوە، شەربەت، خواردنی بەیانی و خواردن بە گشتی لە چێشتخانە، كۆفێ، رێستۆرانت، شوێنە گەشتیارییەكان، نەخۆشخانە ئەهلییەكان هاووڵاتیانی نیگەرانكردووە بە چەند هێندەی نرخی ئاسایی خواردن و خواردنەوەكانە.

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری (خەڵك) لەنێو هاووڵاتیاندا “لە هەندێك شوێن نرخی دەبەیەك ئاو 5 هەزارە، شەربەتێكی فرێش 5 هەزارە، یەك شیش كەباب 5 تا 10 هەزارە، چایەك تا نزیكەی 5 هەزار دەڕوات، هەروەها قۆزی 15 تا 20 هەزارە، یەك شیش تكەی مریشك شەش هەزارە”.

بەپێی بەدواداچوونەكان ئەو نرخانەی هەرێم لە زۆر وڵاتی دراوسێ و ئەوروپایی گرانترن بە جۆرێك ئەو وڵاتانە وڵاتی گەشتیاری، یان وڵاتی گرنگ و ناسراوی جیهانن و ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار و خەڵكی بیانی ڕوویان دەكەن.

بەڕای ئابووری ناسان بەرزی نرخ لە هەرێمی كوردستان زیان دەگەیەنێت بە كەرتی گەشتیاری و ئابووری لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك هەر گەشتیارێك جارێك بێت، دوبارە ناگەڕێتەوە.

لیژنەكانی چاودێری نرخیش تاكە پاساویان بۆ بەرزی نرخ ژمارەی ئەستێرەیە، لەكاتێكدا زۆرێك لەو شوێنانەی هەرێم كە ئەستێرەیان پێدراوە لە ئاست ئەستێرەكانیشدا نین، بەڵام بوونی ژمارەی ئەستێرەش ناكاتە نرخی چەندین هێندە.

سەرۆكی لیژنەكانی هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی شمەك و خزمەتگوزارییەكان بەپێی شوێن و ئەستێرەی شوێنەكە دیاری دەكرێت.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنەكانی هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەخۆشخانە ئەهلیەكان پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سلێمانییەوە هەیە و ئەوان نرخی شمەك و كاڵاكانیان بۆ دیاری دەكەن.

وتیشی”چێشتخانە میلییەكان بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی نرخی بۆ دیاری كردوون، بەڵام چێشتخانە گەشتوگوزارییەكان بەپێی ڕێنماییەكانی گەشتوگوزار و ئەو ئەستێرەی دەیاندرێتێ لە یەك ئەستێرەوە تاكو پێنج ئەستێرە حوكم دەكات بەسەر شێوازی خزمەتگوزارییەكانیان و چۆنێتی پێشكەشكردنی، نرخەكانیشیان بەپێی ڕێنماییەكانی گشتی گەشتوگوزار بۆ دیاری كراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەر شوێنێك مۆڵەتی گەشتوگوزاری هەبێت لەسەر مۆڵەتەكانیان ئەستێرەیەكی ئاڵتونی هەیە كە بڕی خزمەتگوزاریەكە دیاری دەكرێت و مەرجیشە ئەو شوێنە گشتیانە مینۆی هەبێت و تەواوی ئەو خواردنانەی پێشكەشی دەكات نرخەكانی لەسەر دانرابێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

سه‌رۆك تره‌مپ به‌ توڕه‌یی رۆیشت بۆ “لوتكه‌ی ناتۆ” و توڕه‌ تر گه‌ڕایەوه‌

خەڵک – لوقمان غه‌فوور- ئه‌مریكا

دره‌نگانی شەوی 4 ی نۆڤێمبه‌ر، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌ دوا تویتیدا ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی ناتۆ، نوسیویه‌تی:”هه‌واڵه‌ فه‌یكه‌كانی میدیا هه‌وڵده‌ده‌ن  له‌ به‌های گه‌شته‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌م لەلەندەن كه‌مبكه‌نه‌وه‌، له‌پیناوی ناتۆ، وه‌ها مامه‌ڵه‌م كرد له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ناتۆ، كه‌ 130 ملیار دۆلار ساڵانه‌ بۆ ناتۆ زیادكه‌ن، كه‌ 400 ملیار دۆلار ساڵانه‌، له‌ 3 ساڵی رابردوو زیاتر، بێئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌مریكا هیچ زیاده‌یه‌ك ببێت، ته‌نیا رێزگرتنی زۆری ئه‌وێت!”

ئه‌م تویته‌ دوای ئه‌وه‌هات كه‌ چوارشه‌ممه‌ 4ی نۆڤێمبه‌ر سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ئه‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ گه‌شته‌كه‌ی بۆ لوتكه‌ی ناتۆ له‌ له‌نده‌ن، له‌ خشته‌ی كاره‌كانیدا داینابوو.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا بەر لە گەڕانەوە له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ” ئه‌مڕۆ كۆتایی به‌ كۆبوونه‌وه‌كان هات و ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ واشنگتۆن” “هیچ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی نابه‌ستم چونكه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زۆر شتمان كرد” ده‌شڵێت:”گه‌شتێكی سه‌لامه‌ت بۆ هه‌موان”.

بڕیار بوو له‌ دوای چاوپێكه‌وتنه‌ دوو قۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ ژماریه‌ك ئه‌ندامی ناتۆ، له‌وانه‌ ئیمانۆیل ماكرون سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و جۆستن ترودیۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا، ئه‌نجیلا مێركل ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا و جۆزیبی كۆنتی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیا، و لەپەراوێزی لوتکەی ناتۆ، سه‌رۆك تره‌مپ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی ببه‌ستێت.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك تره‌مپ به‌ توڕه‌یی گه‌شتی كرد، به‌ڵام توڕه‌تر گه‌ڕایه‌وه‌ كۆشكی سپی، ماراسا ماك كالۆم یه‌كێك له‌ تیمی ڕۆژنامه‌وانی تره‌مپ و نوێنه‌ری فۆكس نیوز، ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی چوار قۆڵییه‌كه‌ی یەکەم ڕۆژ بەر لە لوتکە لەنێوان رەجەب ئه‌ردۆگان و ئیمانویل ماكرون و ئەنجیلا مێركل و بۆرس یۆنسن، دۆخی ده‌روونی تره‌مپ گۆڕدرا، ئێمه‌ش بۆمان ڕوننه‌بووەوه‌ ئه‌و سێ سه‌رۆكه‌ چ رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ رەجەب ئه‌ردۆگان كرد، له‌كاتێكدا ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا به‌ر له‌ لوتكه‌ی ناتۆ داوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تره‌مپ كرد ئه‌و نه‌یخسته‌ خشته‌ی كاره‌كانییه‌وه‌.

له‌ نێو ئه‌و فه‌وزایه‌ی ناتۆدا، كه‌ناڵی پاوه‌ر ئاند پۆلیتیكس ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی چنگ كه‌وتوو و بڵاویكرده‌وه‌ له‌ هۆڵی كۆشكی بانكنهام له‌ كۆتایی پشووی كاره‌كاندا، جۆستن ترودیۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا به‌هۆی كردنه‌وه‌ی مایكی هۆڵه‌كه‌ ده‌نگی سه‌رۆك وه‌زیران تۆمار ده‌كرێت، كه‌ بە گاڵته‌ئامێز باسی تره‌مپ ده‌كات، بێئه‌وه‌ی خۆی له‌وێ بێت، ده‌ڵێت:”دواكه‌وت له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆنفرانسێکی 40 ده‌قیقه‌یی هه‌بوو”

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌دا كاتێك هه‌واڵه‌كه‌ به‌ تره‌مپ ده‌گات له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجیلا مێركل، سه‌رۆك تره‌مپ، ده‌ڵێت:”گه‌نجێكی باشه‌، به‌ڵام 2% نادات به‌ ناتۆ، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌بێت 2%ی بودجه‌ی ناتۆ بدات، جا بۆیه‌ ده‌شێت ئه‌م هه‌واڵه‌ دڵته‌نگی كردبێت!”.

سه‌رۆك تره‌مپ زۆره ده‌مێكه‌ پێداگری له‌زیادكردنی پشكی ناتۆ ده‌كات له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه‌، گۆڤاری تایم-یش له‌سه‌ر زاری په‌یامنێره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی گواستۆته‌وه‌ كه‌ تره‌مپ له‌ هه‌ردوو ڕۆژه‌كه‌ دووباره‌ی كردۆته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردۆته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند نه‌بن به‌ 2% ی پشكی ناتۆ ئه‌وه‌ ئه‌مریكا پشكی له‌مه‌ی ئێستاش كه‌مترده‌كاته‌وه‌.

به‌ر له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگه‌ ڤیدیۆییه‌ و له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌كه‌ی نیوەڕۆی سێ شه‌ممه‌ 3ی نۆڤێمبه‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا تره‌مپ له‌به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نووساندا، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ته‌نگه‌تاو ده‌كات، پرسیار له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ده‌كات:”كوا داتا و ژماره‌كانت” كاتێك ترودیو ده‌ڵێت:”له‌ ڕاستیدا كه‌نه‌دا بودجه‌ی به‌رگری ناتۆ-ی زیاد كردووه‌ له‌ ساڵانی رابردودا” به‌ڵام تره‌مپ له‌ژێر فشاردا له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووسان ده‌یڵێتەوە:”له‌ كوێییه‌ ژماره‌كانت بیڵێ به‌وان؟” له‌وكاته‌دا ترودیو ڕووده‌كاته‌ كه‌سێیك و ده‌ڵێت:”ئێمه‌ چه‌ندی ناتۆ دابین ده‌كه‌ین؟” ئه‌ویش ئه‌ڵێت 1.38%، واته‌ نزیك 1.4%، له‌وه‌ڵامدا تره‌مپ ده‌ڵێت:”ئەمە گرنگه‌، بەڵام ئێوه‌ بودجه‌یه‌كی باشتان هه‌یه‌، ئه‌بێت زیادی بكه‌ن”.

به‌پێی زانیارییه‌كانی كۆشكی سپی، ساڵی 2016 ته‌نیا 4 ئه‌ندانی ناتۆ 2%ی كۆی گشتی بودجه‌یان خستۆته‌ خزمه‌تی ناتۆ-وه‌، ئێستا له‌ ژێر فشاری تره‌مپ-دا بووه‌ به‌ نۆ ئه‌ندام و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بۆ 2024 ببێت به‌ 18 ئه‌ندام له‌ كۆی 29 ئه‌ندام له‌كاتێكدا ئه‌مریكا خۆی 4.6% ه‌وه‌ دایبه‌زاندووه‌ بۆ 3.8%.

له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌، له‌په‌راوێزی كاره‌كانی ناتۆ-دا، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی به‌ست، كاتێك پرسیاریان ده‌رباره‌ی ده‌نگه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ لێكرد، له‌وه‌ڵامدا وتی: “ئێمه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تره‌مپ بەڵێنی زۆر گرنگمان پێكه‌وه‌ داوه‌ ده‌رباره‌ی وڵاتی چین و ده‌رباره‌ی كاره‌ بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات”، كاتێكیش ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ لێی پرسی، “داوای لێبوردنت له‌سه‌رۆك نه‌كردووه‌”، بێ وه‌ڵام مایه‌وه‌.

یه‌كێك له‌ تیمی ڕۆژنامه‌نووسانی كۆشكی سپی، كه‌ له‌گه‌ڵ تره‌مپ-دا بووه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی “زه‌ بۆستن بلۆب”ی ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا و لەناو فڕۆکەکەیدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ تره‌مپ-دا ئه‌نجامداوه‌ و پێی وتووه‌ ئه‌و قسه‌ی كردویه‌تی هیچ مه‌به‌ستێكی له‌پشته‌وه‌ نه‌بووه‌ و ته‌نیا وه‌ك گاڵته‌و گه‌پ به‌كاری هێناوه‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووان و ئه‌شتوانن گوێ له‌ قسه‌كان بگرنه‌وه‌.

تره‌مپ-یش له‌وه‌ڵامدا پێی وتووه‌:”كێشه‌یه‌كمان نابێت، ئه‌بێت ئه‌و بڕیارانه‌ جێبه‌جێ بكه‌یت كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌كه‌مان بڕیاردراوه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ناتۆ-ش هه‌ر ئه‌بێت 2%ی بودجه‌ی ناتۆ بگرنه‌ ئه‌ستۆ”، بێ ماڵئاوایی، ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ردا داخستۆته‌وه‌.

ساڵی 2013، ئه‌مریكا له‌ كۆی 890 ملیار دۆلار بودجه‌ی ساڵێكی ناتۆ، 695 ملیاری له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ و ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا، 252 ملیار دۆلاریان له‌ئه‌ستۆگرتووه‌، به‌ڵام بۆ 2019 له‌ كۆی 896 ملیار دۆلار، ئه‌مریكا 685 ملیار دۆلار له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت له‌كاتێكدا ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا 302 ملیار له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن، به‌م پێیه‌ ئه‌مریكا 11 ملیار دۆلاری كه‌مكردۆته‌وه‌ و ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا 50 ملیار دۆلاریان زیاد كردووه‌ بۆ ناتۆ و کۆتایی ٢٠٢٠ دەگاتە ١٣٠ ملیار دۆلار.

هه‌ربۆیه‌ یه‌نس ستۆلتنبێرگ سه‌رپه‌رشتیاری ناتۆ، ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژنامه‌نووسان ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا له‌چاو ساڵی 2016 توانیویان ڕێژه‌ی 4.6% بودجه‌ی ناتۆ بۆ 2019 زیاد بكه‌ن و له‌ كۆتایی 2020، ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا به‌ڵێنیانداوه‌ 130 ملیاری دۆلاری تر زیاد بكه‌ن بۆ بودجه‌كه‌.

جه‌نه‌ڕاڵی خانه‌نشینی سوپای ئه‌مریكی ویسلی كلارك، سه‌ركرده‌ی پێشووی ناتۆ، له‌ لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری بزنس ئینسایده‌ر ده‌ڵێت:”تره‌مپ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی ئه‌مریكا له‌ ناتۆ، به‌ڵام لێدوانه‌كانی زۆر توندن و گه‌مه‌یه‌كی توند ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وروپییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی هاوپه‌یمانێتی ناگونجێت كه‌ ئه‌مه‌ په‌ره‌چه‌كرداری ئه‌وان زیاد ده‌كات و ئه‌بێته‌ هۆی داخورانی ناتۆ.

تره‌مپ كونگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكی فه‌رنسا و ئه‌ڵمانیا و كه‌نه‌دا، زۆر توندو ڕه‌ق بوو، زمانی لێپێچینه‌وه‌ی به‌كارئه‌هێنا، كه‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ناگونجێت”.

ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ ده‌شڵێت:”ئه‌وروپییه‌كانیش خۆیان ده‌زانن به‌بێ ئه‌مریكا ناتۆ هێزێكی ئه‌وتۆ نییه‌، بۆیه‌ ناشوێرن داواكانی تره‌مپ ڕه‌تكه‌نه‌وه‌”.

وتیشی:”له‌ مه‌سه‌له‌ی دابینكردنی خه‌رجی پشكی ناتۆ، تره‌مپ له‌سه‌ر هه‌قه‌، چونكه‌ هیچ شیاو و به‌جێ نییه‌ وڵاتێكی وه‌ك ڕۆمانیا و لیتوانیا و لاتیڤیا، 2%ی بوجه‌ دابین بكه‌ن، به‌ڵام وڵاتێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیا 1.3% یاخود وڵاتێكی وه‌ك ئیستۆنیا 2.3% دابین بكات به‌ڵام كه‌نه‌دا 1.4%”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان