ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

بڕێك مووچە لە فەرمانبەران دەبڕێت
بیمەی تەندروستی لە عیراق پەیڕەو دەكرێت و هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە 49 ماددەی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستی 20 ماددەی پەسەند كراوە و لەماوەی 6 مانگدا دەستەیەك دروست دەكرێت بۆ دابین كردنی پارە بۆ پڕۆژەكە، دەشڵێت: “لەگەڵ جێبەجێ‌ كردنی پڕۆژەكە جیاوازیەكی ئەوتۆ لەنێوان نەخۆشخانە ئەهلی و حكومیەكان نامێنێت، هەموو شتێك بۆ نەخۆش دابین دەكرێت، بڕیارەكەش هەرێم دەگرێتەوە”.

د. میران محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی ساڵێكە سەرقاڵی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستین، كە بەهۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق زۆر زۆر خراپە هیچ خزمەتگوزاریەك وەك پێویست نیە، جیاوازیەكی زۆر لەنێوان نەخۆشخانە حكومی و ئەهلیەكان هەیە.

وتیشی، “هەفتەی پێشوو لەكاتی دەنگدان بە پڕۆژەكە، كە لە 49 ماددە پێكهاتووە نزیكەی 20 ماددەی لێ پەسەند كرا، بڕیار درا بە پێكهێنانی دەستەیەك، كە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران دەبن و دانانی سندوقێكی تایبەت، كار لەسەر ئەوە دەكرێت لە بودجەی ساڵانە جگە لەوەی بۆ تەندروستی تەرخان دەكرێت بڕێكیش بۆ ئەم سندوقە تەرخان بكرێت لەگەڵ كۆمپانیاكان پارەی بۆ دابین دەكەن، غەرامەی جگەرە و مەشروبات-یش پارەكەی دەخرێتە سەر هەمان سندوق، هەروەها بڕێك بە پێی پلە پارە لە فەرمانبەران دەبڕێت”.

ڕاشیگەیاند، هەركات هاووڵاتی نەخۆش كەوت و چووە نەخۆشخانە حكومیەكان هەرچی پێویست بوو بۆی دابین دەكرێت، هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆ نامێنێت لە نێوان نەخۆشخانە ئەهلی و حكومیەكان، كە ئەمە بە قازانجی هاووڵاتیانی عیراق تەواو دەبێت.

ئاشكراشی كرد، ڕەنگە بۆ فەرمانبەرانی پلە كەمەكان نزیكەی 10 هەزاریان مانگانە لێ ببڕێت بۆ بیمەی تەندروستی.

وتیشی، “زانیاریم هەیە، كە كۆپیەك لە پڕۆژە یاساكە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و لە كوردستانیش كاری لەسەر دەكرێت”.

ئابوری

نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێم

خەڵك-بەشی هەواڵ

نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو كەمێك دابەزیوە.

یادگار حەسەن لە كۆمپانیای سەعید كاكی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی دۆلار بۆ ئەمڕۆ شەممە 15-8-2020، بەپێی بازاڕی گۆڕینەوەی دراوی بیانی لە شاری سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 123 هەزار و 550 دینار مامەڵەی پێوە كراوە.

بەهۆی ناجێگیری بازاڕ و قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و عیراق، نرخی دۆلار ناجێگیرە، ئەمەش لەكاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی گەیشتە 125 هەزار دینار بوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان

خەڵك-بەشی هەواڵ

نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو كەمێك بەرز بووەتەوە.

ئاژانسەكانی جیهان بڵاویانكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ شەممە، 14ی ئابی 2020 كەمێك بەرز بووەتەوە، بەشێوەیەك نرخی‌ نەوتی برێنت بە 44 دۆلار و 95 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 42 دۆلارو 23 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

زیاترە لە دوو ملیار دینار
داهاتی یەك ڕۆژی بەندەرێكی عیراقی ئاشكرادەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەزگای خاڵە سنورییەكانی عیراق، داهاتی بەدەستهاتووی ڕۆژی دوێنێی بەندەری ئوم قەسری ناوەڕاست ئاشكرا دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن دەزگای خاڵە سنورییەكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”بڕی داهاتووی بەدەستهاتووی بەندەری ئوم قەسری ناوەڕاست لە پارێزگەی بەسرە بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەیشتە (2.126.509.000) دینار كە داهاتی ڕۆژی 13ی ئابی 2020، ئەمەش لەڕێی وەرگرتنی باجی گومرگی جموجۆڵی بازرگانی كە لەڕێی یاسا و ڕێنماییەكانی دەزگای خاڵە سنورییەكانەوە جێبەجێ‌ دەكرێت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”زیادبوونی داهاتەكان لە خاڵە سنورییەكان، لە ئەنجامی كاریی بەردەوام و بەجێگەیاندنی ئەركانە لەلایەن دەزگای خاڵە سنورییەكان كە بەشێوەیەكی ورد یاسا و ڕێنماییەكانی چاودێری و وردبینی و پشكینی ئەمنی جێبەجێ‌ دەكات و هەماهەنگە لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكان”.

دەزگای خاڵە سنورییەكانی عیراق دەڵێت”ئەوان ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران جێبەجێ‌ دەكەن بۆ زیادكردن و پتەوكردنی داهاتەكانی دەوڵەت كە هەنگاو بەرەو كاروانی چاكسازیی هەڵدەنێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم تەنگژە ئابوری و داراییەی ڕووی لە وڵات كردووە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان