ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

یەك شەممەی داهاتوو مووچەی یەك وەزارەت دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرەتای هەفتەی داهاتووی بڵاوكردەوە.

بەپێی خشتەیەك كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، مووچەی مانگی ئابی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و توێژی كەمئەندامان دابەش دەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی ئەمساڵ لەكاتی خۆیدا دابەشنەكرا و چەند ڕۆژێك دواخرا و پێشبینی دەكرێت لەگەڵ هاتنی پارەكەی بەغدادا خێرایی بدرێت بە دابەشكردنی مووچە.

ئابوری

ئێران 50%ی قەرزی كارەبا لە عیراق وەردەگرێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران ڕایدەگەیەنێت: ڕێژەی 50%ی ئەو قەرزانەیان وەرگرتووەتەوە كە لە بری كارەبا بۆ عیراقیان هەناردەكردووە.

هەمایۆن حائری یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی هەناردەكردنی كارەبا بۆ عیراق بەردەوامە و لە دواین سەردانی وەزیری وەزەی ئێرانیش بۆ عیراق گرێبەستی هەناردەكردنی كارەبا بۆ ئەو وڵاتە بۆ 2 ساڵی تر درێژ كراوەتەوە.

یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، 50% شایستە دارایییەكانی هەناردەكردنی كارەبایان لە عیراق وەرگرتووەتەوە ‌و بڕیارە بە میكانیزمێكی نوێ‌ لە ڕێگەی مامەڵەی بانكییەوە، ئەو بەشەی تری ماوە وەریبگرنەوە.

یاریدەدەری وەزیری وزەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، هەناردەكردنی بڕی كارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێ‌ بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا دێت ‌و بەپێی وەرزەكانی هاوین‌ و زستان جیاوازی هەیە.

پێشتریش حكومەتی ئێران ڕایگەیاندبوو، عیراق لە پێشەنگی وڵاتانەدایە كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكەن‌ و لە كاتژمێرێكدا 6 ملیار و 652 ملیۆن كیلۆ وات كارەبای ئێرانی بۆ هەناردەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ژمارەی فەرمانبەرانی عیراق 4 ملیۆنی تێپەڕاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
ژمارەی فەرمانبەرانی عیراق 4 ملیۆن كەس تێدەپەڕێنێت و پەڕلەمانتارێك لە لیژنەی دارایی دەڵێت: “ساڵی داهاتوو هیچ پلەیەك بۆ دامەزراندن نابێت”.

ئەحمەد جبوری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردووە، ژمارەی فەرمانبەرانی عیراق زیاتر لە 4 ملیۆن فەرمانبەرە‌ و بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان ژمارەی پێوانەیی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی‌ و كیشوەری ئاسیا تۆماركردووە.

ڕاشیگەیاندووە، زۆری ژمارەی فەرمانبەران كاردانەوەی نەرێنی هەبووە لەسەر سیستمی ئابووری‌ و دارایی وڵات، بەتایبەت، كە ئێستا وڵات بە قەیرانێكی قوڵی داراییدا تێدەپەڕێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە.

ئەو پەڕلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشبینی دەكەین بۆ ساڵی 2021 هیچ جۆرە پلەیەك بۆ دامەزراندن لە دامەزراەكانی حكومەت دانەنرێت، چونكە ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەری زیادە لە فەرمانگەكاندا هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

هاوردەكردنی نزیكەی 30 بەرهەمی كشتوكاڵی قەدەغە كرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی ڕابردوودا هاوردەكردنی زۆرێك لە بەرهەمی كشتوكاڵی‌ و ئاژەڵی قەدەغە كردوە و پلانیشی هەیە پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی‌ و هانی جووتیاران بدات بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی.

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن سەرۆك وەزیران هەنگاوێكی بنچینەییە لە رێڕەوی بنیاتنانی دەوڵەت ‌و كۆنتڕۆڵكردنی دەروازەی سنوورییەكان خاڵێكی گۆڕانكارییە بۆ پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی.

ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا لەسەرتاسەری وڵات هاوردەكردنی 28 بەرهەمی كشتوكاڵی ‌و ئاژەڵی قەدەغەكراوە و ڕێگەش بە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانە نادرێت، كە لە ناوخۆدا بەرهەمی زۆرە، پلانیش هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی‌ و هاندانی جووتیاران‌.

ئەوەشخراوەتەڕوو، عیراق لە ئێستادا هیچ ڕێككەوتنێكی نەكردووە بۆ هاوردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی، بەڵكو تەنها ڕێككەوتن بۆ كڕینی ئامێر‌ و كەرەستەی كشتوكاڵی كراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان