ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

ئەمریکا- تورکیا 

بورهان محەمەد فەرەج

پەیوەندی نێون ئەمر یکا و تورکیا پەیوەندیەکی نوێ نیە ،بەڵکو تاڕادەیەک مێژینەیە لەناوچەکەدا ،لە دوای روخانی دەوڵەتی عوسامانیەوە کەمالیستەکان ھێدی ھێدی تێکەڵ بە کەڵتورو سیاسەتی رۆژئاوا بوون پەیوەندی و بەرژەوەندیاکانیان لە مەڕ ئابووری ،سەربازی….. تاد. تێکەڵ بەوان کرد.

ئەمریکاش گرنگیەکی زۆری بەتورکیا داوە بەتایبەت لەڕوی ئابووری و سەربازیەوە لەدەرچەی ھاوپەیمانی ناتۆ وە بەرانبەر بەو وڵاتانەی لە ھاوپەیمانی وارشۆ بوون لە بلۆکی یەکێتی سۆڤیەتدا .

رۆڵی تورکیا وەک ھاوپەیمانێکی بەھێزی ئەمریکا ھەژماردەکرا دژ بە شورەوی ،بەتابەت لەدوای رۆخانی رژێمی شاھنشاھی لەئێران کە ئەو کات شا بە پاسەوانێکی بەھێزی کەنداو ھەژماردەکرا ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا رۆڵی گەورەی بینی لەناوچەکەدا.

ھەرچەندە تورکیاو ئێران وەک دوو دەوڵەتی دژ بەیەک مێژوویەکی کۆنیان ھەیە لەشەڕی چاڵدێرانەوە تاێیستا ئەو برینانە خۆش نەبونەتەوە ، ھەر دوو دەوڵەت خۆیان بە وارسی سەفەوی و عوسمانی دەزانن. بەڵام ئەمریکا ھەریەکەیانی بەشێوازێک بەکار دەھێنا لەکاتی پێویستدا، بەتایبەت ھاتنەسەر دەسەڵاتی« Akp »بۆسەر کورسی حوکم بەردەوام خۆی وەک دەمڕاستی دەوڵەتانی ئیسلامی ھەژمار دەکرد.

ھەرچەندە زۆرێک لەو دەوڵەتانە بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتە عەربیەکان ئەو نەزعەی ئۆردۆگانیان پێ قبوڵ نەبوو، بەڵام تورکیا ھەندێکی بە لاساری و زۆرە ملێ جێبەجێ دەکرد،وەک چۆن ئێرانیش خۆی بەنوێنەری شیعە گەرای ناوچەکە زانیوەو پەلی خۆی ھاویشتووە بەھەمان شێوەی تورکیا دەستی وەرداوەتە رەنگڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە،بەڵام ئێران و تورکیا ھەردووکیان وەک دیفاکتۆ کاریگەریان لەسەر روداوەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەبوو و ھەیە بەئێستاشەوە.

بەڵام تورکیا لەھاوکێشەکاندا بەرانبەر بە ئەمریکا متمانەی بەخۆی ھەبووە، بەتایبەت لەڕووی جیوپۆلۆتیک و بەھێزیی سوپاگەورەکەیەوە ،کە دووەم سوپایە لەریزی ھاوپەیمانی ناتۆدا،ھەمیشە ئەو دوو فاکتەری کردۆتە فشارو داردەستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکادالەمفاوەزاتەکاندا.

بەردەوام ئەوروپا و ئەمریکا رەخنەو سەرنجیان لە دەوڵەتی تورکیا ھەبووە بەتایبەت لە دۆسیەی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریەکانی ،ئەم فاکتەش پێشمەرجی ئەوروپا بووە بۆ وررگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا .ھەرچەندە ھەندێک ھۆکاریتریش ھەن لەپشتپەردەوە بەتایبەت پەیوەندی بەقوڵا رەھەندی ئیسلام و ئیسلامگەراوە ھەیە، کارێکی سانانیە دەوڵەتێکی ئیسلامی بچێتە نێو ئەوروپاوە.
جگە لە چەندین نیگەرانی تری ئەمریکا و رۆژ ئاوا لەتورکیا ھەن وەک :

١- نیگەرانیەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر تورکیا ھەر لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکرد.بەتایبەت ئەوکات بواری سوپای ئەمریکاو ھاوپەیمانانی نەدا قائیدەی ئەنجەرلیک بەکار بێنن و لە خاکی تورکیاوە بێزەکانیان بچنە نێو خاکی عێراقەوە.

٢- نیگەرانی ئەوروپاو ئەمریکا لەسەر دۆسییەی کوردو مافی مرۆڤ ھۆکارێکیتر بوو.

٣- جیاوازی دیدو بۆچونیان لەسەر مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ سوریا بەگشتی( رژێمی ئەسەد،رۆژئاوا،داعش )

٤- نیگەران بوو لە دەستێوەردانی تورکیا بۆ ناوچەی قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی جێبەجێکردنی پیلانی بیرۆکەی داود ئۆگلۆ وەک ئەوەی لەکتێبی ( العمق الستراتیجی) ەکەیدا ھاتووە بەتایبەت سەرتاتکێی ئۆردۆگان لە رووداوەکانی بەھاری عەربیدا بۆ میسر و لیبیا….تاد.

٥- ئەمریکا نیگەران بوو لە قوڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا لەبواری ئابووری و تەکنەلۆژیای سەربازی دا.

٦- داکۆکیکردنی ئۆردۆگان لە سیاسەتی ئێران بەرانبەر عەرەبستانی سعودیە بەتایبەت لە سەر ھێرشەکەی ئێران بۆسەر کێڵگە نەوتیەکانی ئارمکۆ.

ئێستاش نەک تەنھا کورد بەڵکو عەرەب بەگشتی میسر ،سعودیە…..تاد ناڕازین لە سیاسەتی تورکیا، ئەوەبوو کۆمکاری عەرەبی لەدوا کۆ بوونەوەی خۆیدا ئیدانەی سەرکێشێکەی تورکیان کرد بۆ سەر رۆژئاواو سوریا.
ئێستاش زۆربەی ھەرە زۆری وڵاتان و گەلانی دونیا دژ بەسیاسەتی تورکیان و رۆژانە خۆپیشاندان دژ بەتورکیا دەکرێت، بەڵام ئێستا کێشەکانی ئێران لە ئەولەوێتی ئەجیندەی کارەکانی ئەمریکایە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆیە نایەوێت لەم ھەلومەرجە ھەستیارەدا لەگەڵ دوو دەوڵەتی گەورەی چەقی کێشەکان لەیەککاتدا قەیران درووست بکات بەتایبەت ئێستا لەسەر دۆسێیەی عێراق و لوبنان کاردەکات دژ بەئێران،
سەرنجام بەرژەوەندی بریاری مانەوەو گەشەپێدانی پەیوەندیەکانن.

وتار

جیھان، بەرەو دیفاكتۆی دووجەمسەری

محەمەد عەلی

پاش ھاتنی (ڤلادیمێر پۆتن) بۆ سەر كورسیی دەسەڵات لە ڕووسیا، توانی لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە پێگەی جاران بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێنێتەوە، ھاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەرۆك (دۆناڵد ترەمپ) جۆرێك لە لێكتێگەیشتنی زیاتر و گشتگیر لە نێوان ئەم دوو زلھێزەدا سەبارەت بە داھاتووی جیھان ھاتووەتە ئاراوە. سەردانی (سێرگی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش بۆ ئەمەریكا، دەكرێ وەك كۆتا ڕێككەوتن سەیر بكرێت بۆ چارەسەركردنی گشت پرسەكان لە نێوان ئەم ھێزە نێودەوڵەتییانەدا.

 

پرسی فەنزوێللا و ئۆكرانیا، كێشەیەك بوو راستەوخۆ ئەم دوو زلھێزەی لە دوو كیشوەری جیاوازی جیھانەوە ڕووبەڕووی یەكتر كردەوە، ھاوكات سەردەمانێك ئەم دوو پرسە گشت جیھانی سەرقاڵ كردبوو، بەڵام ئێستا جۆرێك لە چارەسەری بۆ ھەردووكیان سەبارەت بە لێكتێگەیشتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە هاتووەتە كایەوە، بە تایبەتی لە نێوان ھەردوو سەرۆك (پۆتن) و سەرۆك (ترەمپ)، بۆیە دەكرێ ھاوتەریببوونی ھەڵوێستەكانیان تایبەت بەرژەوەندییە جیاوازەكانیان، بە سەرەتایەك بۆ دروستكردنی بۆچوونی ھاوبەش لەسەر گشت كێشە و قەیرانەكانی جیھان و بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، ھەژمار بكرێت.

 

لە رۆژئاوای كوردستان، ھیچ گومانی تێدا نییە ئەوەی دەگوزەرێ لەم بەشەی كوردستان بە ڕێككەوتنی نھێنیی نێوان (ڕووسیا و ئەمەریكا)ـیە. وردتر، دەكرێ بڵێین ئەم دوو زلھێزە لەسەر بنەمای نەوت بۆ ئەمەریكا بەرامبەر بە مانەوەی ڕژێم و جێگیربوونی ھەمیشەیی ڕووسیا لە سووریا مامەڵەیان كردووە، زیاتر لەوەش، دەشێ كۆتاییھێنان بە ڕۆڵی ئێران لە سووریا، لە خاڵە ھەرە سەرەكییەكانی پێكھاتنی نێوانیان بێت، ئەم ئاڵوگۆڕە خێرایەش كە لە ڕووی ژمارە و پێگەی ھێزەكان لە سووریا ڕووی دا، بوونی جۆرێك لە رێككەوتن دووپات دەكاتەوە، كێشەی سەرەكیی كوردی ئەم بەشەی كوردستانیش ئەوەیە، بەداخەوە لە پاراستنی ھاوسەنگیی نێوان ئەم دوو زلھێزەدا شكستیان ھێناوە.

 

لە عێراق پێچەوانەكەی دەگوزەرێ، ڕووسیا لە بەرامبەر وەرگرتنی ڕێژەیەكی دیاركراو لە بەرژەوەندیی ئابووری، كە خۆی دەبینێتەوە لە بەگەڕخستنی سەرمایەیەكی زۆر لە بواری وزەدا، یارمەتیدەر و ھاوكاری ئەمەریكا دەبێت بۆ گێڕانەوی باڵانسی ھێز و لاوازكردنی پێگەی ئێران لە عێراقدا، خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەریش سەلماندی پێگەی ئەم وڵاتە و ھێزە نزیكەكانی لە نێو شەقامی عێراقیدا، لە پاشەكشەدایە. ھاوكات مانەوەی كوردستانی باشووریش بەو بەھێزییە، بۆ تێگەیشتنی دروستی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھاوكێشە نوێیە نێودەوڵەتییە.

 

بیرمان بێت، خۆپیشاندانەكانی لوبنانیش لەم كاتە و ساتەدا، لە بۆشایی نەھاتووە، بەڵكوو تەواو كاری ئەو پڕۆژە گشتگیرەیە كە لە نێوان ئەمەریكا و ڕووسیا كراوە بۆ داڕشتنەوەی باڵانسی ھێز لە ناوچەكەدا بە ھاوكاریی ئیسڕائیل، كە بێگومان دابەشكردنی كێكی شرینی ناوچەكەش لێرەوە كۆتایی نەھاتووە، ئەوەتا لە كۆتا سەردانی (ڤلادیمێر پۆتن)ـی سەرۆكی ڕووسیا بۆ سعوودیە، توانی گڕێبەستی دەیان ملیار دۆلاری لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەی بەدەست بھێنێ، ئەگەر سەیری شێواز و ئەتەكێتی پێشوازیكردن لە سەرۆكی ڕووسیا بكەین لە سعوودیە، ڕوون دەبێتەوە كە ئێستا جیھان مامەڵە لەگەڵ دوو زلھێزی ھاوتا دەكات.

 

سەرباری ئەوانەش، توركیا كەوتووەتە بەرداشی نێوان ئەم دوو زلھێزە، ئەمەریكا چاوپۆشی لە ھێرشەكانی توركیا كرد بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، وەستانی ئەم ھێرشانەشی خستە ئەستۆی ڕووسیا، كۆتا لێدوانی (ئیبراھیم كالن) گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، كە وتی ڕووسیا و ئەمەریكا پابەند نەبوون بە ڕێككەوتنی نێوانمان، ئەو ڕاستییە دووپات دەكاتەوە، ئەوەتا زۆر بە سادەیی ھێزەكانی ڕووسیا شوێنی ھێزەكانی ئەمەریكا پڕدەكەنەوە لە سنوورەكانی توركیا، لە ئێستاشدا ھێزەكانی توركیا نە توانای بەرەوپێشچوونیان ھەیە و نە دەكرێ پاشەكشەش بكەن.

 

ھەڵوێستی ھەردوو زلھێز بەرامبەر ئەورووپاش، جۆرێك لە یەكدەنگیی پێوە دیارە، ئەوەتا سەرھەڵدانەوەی دووبارەی خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسا لەم كاتەدا، بێ ھۆكار نییە، ڕوونە لە دوای چوونەدەرەوەی بەریتانیا، لە ئێستادا سەركردایەتیی ئەورووپا لە دەستی ئەم وڵاتەدایە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ڕابردوودا فەڕەنسا ڕووسیای تاوانبار كرد كە پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەی دەكات، ھاوكات گرژییەكانی نێوان ھەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و فەڕەنسا لە دواكۆنگرەی ناتۆ لە لەندەن، ناكۆكیی ئەم دوو وڵاتە ڕوون دەكاتەوە، دەرچوونی ئەورووپییەكانش لە سووریا بە بێ دەستكەوت، خاڵێكی ترە، ھاوكات لاوازیی ئەورووپا بەرامبەر توركیا، ھۆكارەكەی ئەوەیە، ئەم دوو زلھێزە پاڵپشتیی ئۆردۆغان دەكەن لەم بوارەدا، بۆیە بە هەموو بارێكدا، جیھان بەرەو دیفاكتۆی دووجەمسەری هەنگاو دەنێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

قسەیەك بۆ مێژوو

مەم بورهان قانع

لە ئێستادا، كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ، پڕۆژە یاسایەكیان گەڵاڵەكردوە، كە تایبەتە بە دەرچواندنی یاسایەك بۆ پێكهێنانی “ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان”.

گومانم نییە لە دڵسۆزیی ئەو مامۆستایانەی بەشداربون لە گەڵاڵەكردنی ئەم پڕۆژە یاسایەدا، وەكچۆن چەند رۆژێكیش لەمەوبەر لە هەولێر كۆنفڕانس-ێكیان بۆ رێكخستبو، بەڵام بۆ مێژو ئەم قسەیە لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە دەكەم:

1- لە ئێستادا، پێكهێنانی “ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان”، بە هەڕەشەیەكی مەترسیداری دەبینم بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییەی كاری میدیایی لە كوردستان، كە لە سایەی “یاسای رۆژنامەگەریی لەكوردستان/ یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007″دا فەراهەمبوە(سەرەڕای تێبینیمان لەسەر ئەم یاسایە).

2- ئەگەر ئەنجومەنێكی وەها لە كوردستان دا پێكبهێنرێت، بێگومان لە دانانی ئەندامانی دەستەی باڵای ئەنجومەنەكەدا، رەچاوی بەشبەشێنەی حزبیی دەكرێـت و بەمەیش ئەنجومەنەكە ناتوانێت پیشەیی بێت و پاسەوانی ئازادیی كاری میدیایی بێت لە كوردستان و ئەجێندای حزبیی بەسەر ئەنجومەنەكەوە زاڵدەبێت.

3- ئەگەر ئەم ئەنجومەنە پێكبهێنرێـت و دەسەڵاتی داخستنی كەناڵی میدیایی پێبدرێت (وەكچۆن چاوەڕواندەكرێت)، ئەوا هەڕەشەیەكی یاسایی مەترسیدار دەبێت بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییەی كاری میدیایی لە كوردستان، وەكچۆن لە ئێستادا هیچ دەقێكی یاسایی نییە رێگابدات بە داخستنی كەناڵی میدیایی لە كوردستان.

4- ئەم پڕۆژە یاسایە، كە لەلایەن ئەو چەند كەسەوە گەڵاڵەكراوە، بۆی هەیە رێژەیەكی هێجگار زۆری لەنێو دانیشتنی پەرلەمان دا دەسكاریی بكرێـت و بەدڵی زۆرینەی پەرلەمانیی تێبپەڕێنرێت (لە حاڵەتێكدا ئەگەر لە “لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان”تێپەڕێنرا)و سەرەنجام ئەو پڕۆژە یاسایە نەبێت، كە ئەو چەند كەسە پێشنیازیان كردوە و دەیانەوێت بۆ پەرلەمانی كوردستان-ی بەرزبكەنەوە، بەڵام ئەوكات پەشیمانیی داڕێژەرانی ئەم پێشنیازە، دادیان نادات و بەرپرسیارێتیی دەرچواندنی یاسایەكی وەها و پێكهێنانی ئەنجومەنێكی لەوشێوەیە، لە ئەستۆی ئەوان دا دەبێت، كە خاوەنی ئەو پێشنیازە یاسایەن.

5- بەشبەحاڵی خۆم وەكو پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی “لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان” لە پەرلەمانی كوردستان، لە پێناو پاراستنی ئازادیی كاری میدیایی و بەرگرتن لە كۆتوبەندكردنی میدیا، بە ئەركی خۆم و هاوپیشەكانمی دەزانم، دژی هەر پێشنیازە یاسایەكی لەوجۆرە بوەستینەوە، چ لەنێو لیژنەكەمان دا بێت، یاخود لەنێو دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دا و بۆ ئەمەیش، “لۆبیی” لەدژی دەرچواندنی یاسایەكی لەوجۆرە دروستدەكەم.

مەم بورهان قانع
ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

مانگاکەی موساو پلانەکانی تەندروستی

سیامەند خەلیل

گەرچی لە نیوەدورگەی عەرەب و دەرکەوتنی ئایینی ئیسلامدا بەخێوکردنی مانگا باو نەبووە بەڵام درێژترین سورەتی قورئانی پیرۆز بەناوی مانگاوەیە. چیرۆکی ئەم مانگایە لە پیاوێکی دەوڵەمەندی سەردەمی موسا پەیامبەرەوە سەریهەڵداوە، ئەو پیاوە کە خاوەنی سامانێکی زۆربوە بەڵام هیچ منداڵێکی نەبوە تا بەمیرات سامانەکەی بۆ بەجێ بمێنێت، دواتر برازایەکی دەیکوژێت و بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی لە نزیک گوندێکی دیکە تەرمەکەی فڕێدەدات، بەمجۆرە لەنێوان ئەم دوو ناوچەیەدا ناکۆکی بەرپادەبێت، کەسوکاری کوژراوەکە گوایە زۆر عەوداڵی بەرژەوەندی گشتی و دەستنیشانکردنی بکوژەکە دەبن بۆیە پەنا بۆ موسا دەبەن، لەوەڵامیاندا خودا فەرمانیان پێدەکات مانگایەک بکەنە قوربانی بۆ دۆزینەوەی تاوانکارەکە بەڵام ئەوان خۆیان لە گێژی دەدەن و هەرجارە بیانویەک دەهێننەوە کە گوایا نازانن مەبەست کامە مانگایە.

لە بەشە هەرە گرنگەکەی کەرتی تەندروستیدا کە بەشی پلاندانە هەمان چیرۆک دەگوزەرێت، هەرچی پلانێک کە مەبەستی سەرەکی دەستنیشانکردنی تەنگوچەڵەمە و بەرنامەرێژی بێت بۆ پێشخستنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان جێبەجێ ناکرێت لە رواڵەتیشدا ئەم بەشە هەمیشە لە گەڕان و پشکنین بەردەوامە.

تۆمارکردنی سەرپێچی و دەستبەسەراگرتنی دەرمانی ئێکسپایەر و خۆراکی بەسەرچوو لە ریزبەندی پێشەوەی هەواڵەکانی کەرتی تەندروستیدان و بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکان شانازیان پێوەدەکەن بەڵام مرۆڤ ئەگەر رۆژی دەیان چالاکی لەوانە بەر گوێ بکەوێت هێشتا ناتوانێت تۆسقاڵێک دڵنیابێتەوە کە ئەم دامەزراوانە لە ئاستی ئەوەدان تەندروستی هاوڵاتیان بپارێزن، ئەم حەقیقەتە تاڵە دەرئەنجامی دوو هەڵەی گەورەیە
یەکەمیان: هیچ پلانێکی ستراتیژی و درێژخایەن نیە بۆ کەرتی تەندروستی و بێکارترین بەش لە نێو کەرتی تەندروستیدا بەشی پلاندانە ئەگەرنا دەبو ساڵانە بەرنامەی پێشوەختەی خۆی رابگەیەنێت و پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی بکات وەک ئەوەی لەسەر ئاستی زانستی، خۆپارێزی، هۆشیاری، بنیادنان، ئامێروپێشکەوتنەکان و گەشەپێدانی توانای مرۆیی بەرنامەی چیە و چی دەکات، ئەگەر ئەو کارەیان بکردایە ئەوکات دەرفەت دەبوو چین و توێژەکان پێشنیار و رەخنەی بنیادنەر پێشکەش بکەن و بێگومان چەندین رێکخراو و دامەزراوەش هاوکاردەبون لە جێبەجێکردنیدا بەڵام کە ئەم بەشە گرنگە تەمبەڵانە کارەکانی کرد ئەوا پێویست بەوەدەکات هەر نەخۆشخانە و ناوەندێک لە روانگەی خۆیەوە و لەسەر بنەمای توانا کارگێڕیەکانی کارەکانی خۆی بەئیستیقلالیەتەوە ئەنجامبدات، ئەمەش دەکەوێتە سەر هەوڵی شەخسی بۆیە لە مەڵبەندێک تا مەڵبەندێکی تر و لەناوچەیەک تا ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە لە خزمەتگوزاریەکاندا.

دووەمیان: لەبەرئەوەی بەشی پلاندان هیچ بەرنامەیەکی راگەیەنراوی ئەوتۆی نیە کەواتە ناونیشانی بەشی (بەدواداچون)ی بۆ زیاد دەکرێت و جارێکی تر لە بەتاڵیدا ئەم بەشە دەبێتە پۆلیس بەرامبەر سەرجەم ناوەندە بچوک و گەورەکانی تەندروستی خوارخۆی کە زۆرجاریش رەنگە رێگربوبێت لە ئەنجامدانی هەر گۆڕانکاری و پێشخستنێکی خزمەتگوزاریەکان کە تاک لایەنە لەناو ئەو نەخۆشخانانەدا بەرنامەی بۆ دانرابێت.

پلاندانانی تەندروستی پێویستە جیاوازبێت لە چیرۆکی ئەوانەی کە لە روکەشدا پەرۆشبون بەڵام ئامادەش نەبون مانگایەکی خۆیان بکەنە قوربانی بەرژەوەندی گشتی کە بەردەوام چارەسەرخوازان و ستافە تەندروستیەکان باجی نەمانی متمانەیەک دەدەن کە هیچ لایەکیان تێیدا بەرپرسیارنین و رۆژ لە دوای رۆژ کێشە و تەنگوچەڵەمەکانی نێوان پزیشک و کارمەندان لەگەڵ نەخۆش و کەسوکاریاندا زیاتر دەبێت و لە هەندێک باردا کێشەکان سەری کێشاوە بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەریەکتری وەک ئەوەی ئەم دوو پێکهاتەیە لە دوو کۆمەڵگەی دژبەیەکەوە هاتبن.

سادەترین ئەرکی بەشی پلاندانان لە تەندروستیدا، لەوێوە دەستپێدەکات کە ژمارەی ساڵانەی پێشبینیکراو بۆ هەر نەخۆشیەک هەڵبسەنگێنێت و رێوشوێنی پێویستیان بۆ دابنێت، بۆ نمونە نەخۆشی شەکرە کە چارەسەری نیە ساڵانە ئەگەر سێ هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار بکرێت ئەوا دوای دە ساڵی تر، کۆی دوچاربوانی شەکرە تەنها لە سلێمانیدا دەگاتە شەست هەزار کەس، شێرپەنجە دەگاتە زیاتر لە پەنجا و پێنج هەزار کەس، ئەگەر ئیدارەی کەرتی تەندروستی بەم چەشنەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا لە ساڵی ٢٠٣٠دا ژمارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی قورسیان هەیە لە ژمارەی لەشساخەکان زیاتردەبێت.

لە نەبونی پلانی ستراتیژی بەشی پلانداندا، خوێنی هەزاران قوربانی دەکەوێتە ئەستۆی هەموی ئەوانەی پشتگیری لەم بەڕێوبەریەتیەی ئێستای کەرتی تەندروستی دەکەن و لە پێش هەموشیانەوە تاوانباری سەرەکی ئەو کەسانەن کە کەمتەرخەمی دەکەن لە چالاککردنی ئەم رەگەزە گرنگەی تەندروستی و ناکارایی و بێتوانایی لە دانانی پلان و پێشخستن بە ئەنجامدانی نمایشی لێپێچینەوە و بەدواداچون پەردەپۆش دەکەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان