ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

حكومەتی هەرێم بڕیارێكی دەربارەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەركرد

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە پڕۆژەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و دەشڵێت: “هەرێم سازش لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكان ناكات”، هاوكات بڕیاریدا بە پێكهڵنانی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بابەتی كارمەندانی گرێبەست.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوار شەممە 13-11-2019 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن كۆبووەوە.

ڕاشیگەیاندووە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە ڕاپۆرتێكی دەربارەی پێكهاتەی وەزارەت و میلاك و خەرجییەكان و هەنگاوەكانی پڕۆژەی چاكسازی لە بواری كاروباری پێشمەرگە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دارایی و ئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەكانی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی پێشمەرگە پێكبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە بە هیچ شێوەیەك سازشیان لە سەر ناكرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی كارمەندانی گرێبەست پێكبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەكە بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ پەڕلەمانی كوردستان كۆبووەوە و خوێندنەوە بۆ پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە هەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست كرا و لە ڕاگەیەنراوێكیشدا دەڵێت: “وەڵامی حكومەت ئەرێنی بووە لەبارەی لەئەستۆگرتنی پاشخانی دارایی و دوو هەفتە دەدرێتە حكومەت بۆ وەڵامدانەوەی”.

ئابوری

“پێویستە لەئێستاوە پلان بۆ زەوییەکانی دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتری دابنرێت”

 

خەڵک – نزار جەزا

 

جێگری سەرۆکی لیژنەى خزمەتگوزاری و شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، زەوییەکانی دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی زەوی زۆر باش و گرنگن، کە پێویستە لەئێستاوە بەڕاوێژ لەگەڵ شارەزایانی ناوخۆیی و دەرەکی پلانیان بۆ دابنرێن، کە چۆن بەکاربهێنرێن، چونکە زەوی زۆر باشن بۆ بابەتی گەشتوگوزاری و بارزگانی، کە هەلی کاری زۆر دابیندەکات و ژێرخانی ئابووری پێ دەبووژێتەوە.

 

شەقامی ١٠٠ مەتری لەشاری سالێمانی بەردی بناغەی بۆ دانرایەوە و بڕیارە لەماوەى سێ ساڵدا قۆناغی یەکەمی لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێبکرێت.

 

زیاد کاکە ڕەزا جێگری سەرۆکی لیژنەى خزمەتگوزاری و شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو زەوییانەى دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانى دەکەونە ناو ماستەرپلانی سلێمانییەوە و پلانێکی تایبەتی خۆی دەوێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو زەوییانە بکرێت.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەو زەوییانەی دەوروبەری شەقامەکە دەشتاییە و زۆر باشن بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەکی گونجاو، کە پێویستە لەئێستاوە حکومەتى هەرێم یان حکومەتی خۆجێی سلێمانى دەستبکات بەدانانی پلانێک بۆ ئەو زەوییانە کە چۆن بتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، دەکرێت لەئێستاوە پرس بە کەسانی شارەزا لەدەرەوە و ناوەوەی هەرێم، بەتایبەت کۆمپانیا بیانییەکان بکرێت، بۆئەوەی پلانێکی باش دابنێن، کە سوود لەو زەوییانە وەربگیرێن و خەسارنەبن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پڕۆژەى جۆراوجۆری لێ دروستبکرێت، بێگومان هەلی کار بۆ هاوڵاتییان دەڕەخسێت و ژێرخانی ئابووری پێ دەبووژێتەوە.

 

ناوبراو باسی لەئەوەشکرد، ئەو ناوچەیەی شەقامە ١٠٠ مەترییەکەی پێدا تێدەپەڕێت، لەناوچەى کشتووکاڵی دەردەچێت، بەجۆرێک دەبیتە ناوچەیەکی گەشتیاری و بازرگانی زۆر گرنگ، چونکە ئاو و ئاوەدانی بەیەکەوەیە، لەبەرئەوە دەکرێت پڕۆژەى گەشتیاری زۆر گەورەى تێدا دروستبکرێت.

 

وتیشی: ئەگەر پلان و بەرنامە هەبێت هەم حکومەت و هەم خەڵکیش سوودی باش لەو زەوییانە وەردەگرن.

 

پڕۆژەكە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێكهاتووە، كە لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە، لەكاتی تەواوبوونی هەموو پڕۆژەكە شەقامەكانی 60 مەتری و 100 مەتری بەشێوەی تۆڕێك لە شەقام بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ڕووپۆشی ڕووبەری 472 كیلۆمەتر دووجا دەكات. تاوەكو 20 ساڵی دیكەش كێشەی جەنجاڵیی هاتووچۆ لە سلێمانی ناهێڵێت.

 

درێژیی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو دەبێت و لە 100 مەترییەوە دەستپێدەكات تاوەكو كۆتاییەكەی كە دەبێتە 40 مەتریی. پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی ئێستا قۆناغی یەكەمە، كە لە 33 كیلۆمەتر پێكدێت، هەشت یەكتربڕ و شەش ئاوبەری سندووقی تێدایە و بەپێی ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزیری كارەبا: ھەموو ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەی نوێی وێستگەی خەبات سوودمەند دەبێت

خەڵك – ئارام سەردار
وەزیری كارەبا ڕایگەیاند بە خستنەگەڕی وێستگەی هەڵمیی كارەبای خەبات لە هەولێر، 10%ی كارەبای ھەرێمی كوردستان زیاد دەبێت.

ئەندازیار کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی وێستگەی هەڵمی کارەبای نیشتیمانی خەبات بڕی ٥٦٤ ملیۆن ٤۸۳ هەزار دۆلار لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکە کە لە ۲۰۱۳ لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیای نەوتی کۆری کرابوو، ئێستاش ئێمە نزیکەی ۲۸۰۰ مێگاوات کارەبامان هەیە دابەشی سەر شارەکانی دەکەین، بەم پڕۆژەیە نزیکەی ۳۰۰ مێگاوات کارەبا واتە لە ۱۰٫٥٪ زیاتر دەبێت، بەمەش بەشێکی کێشەکانی کارەبا چارەسەردەبێت، چونکە ئێستا ۱٤بۆ ۱٥ کاتژمێر کارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان بە کارپێکردنی ئەو پڕۆژەیە تاوەکو ۱۷ کاتژمێر کارەبا دابین دەکرێت.

دەشڵێت، ئیمە کۆمەڵێک پلانی کورت خایان و درێژخایانمان هەیە لەئێستاشدا بۆ هەزار و ٥٤۰ مێگاواتی تر گرێبەستمان کردوە، ٥۰۰ مێگاوات لەبازیان و ٥۰۰ مێگاواتی تر لەخورمەلە، هەروەها ۳۰۰ مێگاواتی تر بەئاو بەرهەم دێت لەسۆران و زاخۆ و ڕاپەڕین، ۱٦٥مێگاواتیش لەگەرمیان بەهۆی غازی سوتێنراو بەرهەم دێت، ۷٥ مێگاواتیش بەووزەی خۆر لەتەندەردایە.

وەزیری كارەبا ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەکان هی حکومەتن و سوتەمەنیەکەش لەسەر نەوتی ڕەشە، پێویستی بەنەقڵ نیە، پلانیشمان هەیە ڕەوشی کارەبا زۆر باش دەبێت، لەکارەبا بەرەو کەرتی تایبەت دەچین بەهەمان نرخ و هاوبەشی بەڵام پڕۆژەکە وادەکات کۆمپانیاکە بەرپرس بێت لەم ٤٤٪ەی کارەبا کە ون دەبێت، هاوڵاتیانیش وەک یەک پارەی کارەبا بدەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

لە هەولێر وێستگەی كارەبای هەڵمیی خەبات دەخرێتەگەڕ

خەڵك – بەشی هەواڵ
بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە، وێستگەی کارەبای هەڵمیی خەبات لە هەولێر بخرێتەگەڕ.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ڕێوڕەسمی بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەبات بەڕێوەدەچێت.

پێشتر تیمێکی کۆریای باشوور بۆ بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەبات سەردانی هەولێریان كرد و بە دوو قۆناغ کاریان لەسەر وێستگەکە کردبوو. ئەمەش دوای ئەوەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکە تەرخانکرا.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە، بە تەواوکردنی کارەکانی وێستگەکە، بڕی 150 مێگاوات کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت، کە ئەمەش سوودی بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لەم وەرزە گەرمەدا دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان