ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

“حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر بڕیارێكی تایبەت بە فەرمانبەران دەدات”

خەڵك – بەشی هەواڵ
پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ژمارەیەك پێشنیازە یاسا و پێشنیازە بڕیار كرا و دەشڵێت: “لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست وەڵامی حكومەت بۆ لەئەستۆگرتنی بارگرانی دارایی پڕۆژەكە بەئەرێنی وەرگیراوەتەوە، بەڵام دوو هەفتە بەحكومەت دەدرێت بۆ هەر زیادكردن و پێشنیازی نوێ لەبارەی پڕۆژەكەوە”.

پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 13-11-2019 بەسەرۆكایەتی د.ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەڕلەمان و منی نبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی خولی پایزە لە‌ساڵی یەكەمی‌ خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.

ڕاشیگەیاندووە، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان- عیراق، پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لە هەرێمی كوردستان-عیراق، پێشنیاز ەیاسای بیمەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عیراق، پێشنیاز ەبڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان كرا.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە :
سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2019/11/13، بەسەرۆكایەتیی د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و منی نبی قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاساییی خولی پایزە له ‌ساڵی یەكەمی‌ خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.
سەرەتا د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەناوی خواو گەلی كوردستانەوە دانیشتنەكەی كردەوە، پاشان لەلایەن منی نبی قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە پێكهاتبوو لە دوو خاڵ و خاڵی یەكەم بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پێشنیازەیاساو بڕیارانەی خوارەوە بەپێی حوكمی مادەكانی (79 و 80 و 82)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان (پێشنیازی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازەیاسای بیمەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازەبڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان)، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە دانان و ئالوگۆڕكردنی ژمارەیەك پەرلەمانتار لە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی (4) لیژنەی هەمیشەییی پەرلەمان بەپێی مادەكانی (28، 29، 34) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، خاڵی سێیەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە خستنەڕووی بیرۆكەی ئەم پەرلەمانتارانەی خوارەوە بەپێی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم) لە مادەی (49)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، بیرۆكەی بەڕێز (جوان یونس رۆژبەیانی) پەیوەست بە دووبارە تەعریبكردن و مەترسیی هەمواركردنەوەی مادەی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بیرۆكەی بەڕێز (كاروان عبدالرحمن عبدالله) پەیوەست بە پرسی چۆنیەتیی شەفافكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها پوختەی دانیشتنی پێشووی پەرلەمان و ناوی ئامادەنەبووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونەوەی لیژنە هەمیشەییەكان بەمۆڵەت و بێ مۆڵەتی خوێندرایەوە.
بەر لەخەستنەرووی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لەبارەی هەمواری یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رێكنەخراو لەچوارچێوەی هەرێمەكاندا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: “دوای ئەوەی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2019 دەرچووێندرا بەهەماهەنگی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەرێگەی پارێزەرێكەوە بەناوی سەرۆكی پەرلەمانەوە تانە لە نادەستووریبوونی چەند مادەیەكی یاساكە كە تایبەت بوو بەهەمواری یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رێكنەخراو لەچوارچێوەی هەرێمەكاندا، پێشكەشی دادگای باڵای فیدراڵی كراو خۆشبەختانە ئەو تانەیە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسندكراو ماف بۆ هەزاران هاووڵاتی كە بێبەشكرابوون لەمافی دەنگدان گەرێندرایەوە، بەو بۆنەیەشەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پیرۆزبایی لەپەرلەمان و خەڵكی ئەو ناوچانەش كرد كە مافی دەنگدانییان وەدەستهێنایەوە، هەروەك دەستخۆشیی لەپارێزەرەكەش كرد لەئەنجامدانی ئەركەكە بەسەركەوتوویی.
پاشان لەچوارچێوەی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە چەندین خاڵی نیزامی لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار لەبارەی پرسیاری پەرلەمانتاران لەحكومەت و هەروەها چۆنییەتیی ئەنجامدانی دانیشتنەكانی پەرلەمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران و لەبەرامبەریشدا لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە رێككارو شێوازەكانی ئاراستەكردنی پرسیارەكان بۆ حكومەت و چۆنیەتیی وەرگرتنەوەی وەڵامەكان و هەروەها میكانیزمی بەداوداچوون بۆ ئەو پرسیارانەی كە وەڵامەكانیان دواكەوتوون بەپێی پەیڕەو عورفی كاری پەرلەمانی بۆ پەرلەمانتاران روونكرانەوە.
هەر لەوچوارچێوەیەشدا لەبارەی خاڵی نیزامیی تایبەت بەرۆژانی ئەنجامدانی دانیشتنەكانی پەرلەمان بەپێی مادەی 51ی پەیرەوی ناوخۆ، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: “كاتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بەپێی ئەو مادە پەیڕەوییە رۆژانی سێشەممەو چوارشەممەی بۆ دیاریكراوە، بەڵام ئەوەی كە ژمارەی دانیشتنەكانی لەم وەرزی یاسادانانە كە سنووردارە پەیوەندیی بەرێككاری یاسادانان و پەیڕەوی هەیەو ئەمەش لەچوارچێوەی دەسەڵات و كاری لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانە لەتەواوكردنی راپۆرتی خۆیان لەبارەی پێشنیازە یاساو بڕیارەكان، بۆیە ئەگەر دوای خوێندنەوەی یەكەم راپۆرتی لیژنەكان نەگاتە بەردەستی پەرلەمان ئەوا ناكرێت دانیشتن ئەنجامبدرێت بەبێئەوەی بابەت و مادەیەكی یاسایی لەبەردەستدابێت بۆ گفتوگۆكردن و پەسندكردن و رێككارەكانی دیكەی یاسایی بەپێی پەیرەوی ناوخۆ.
سەرۆكی پەرلەمان داوای لەلیژنەكانی پەرلەمان كرد كاتی زیاتر تەرخان بكەن بۆ تەواوكردنی ئەو راپۆرتانەی كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە تاوەكو بتوانین دانیشتنی زیاتر هەفتانە ئەنجامبدەین.
دواتر بەرلەجێبەجێكردنی خاڵەكانی بەرنامەی كار لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتارەوە داواكرا خاڵی سێیەمی بەرنامەی كار پێشبخرێت و بكرێتە خاڵی یەكەم و ئالوگۆری پێبكرێت و ئەو پێشنیازەش لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە خرایە دەنگدان و بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا.
بەمشێوەیە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار خرایەڕوو كە بریتی بوو لە خستنەڕووی بیرۆكەی هەردوو پەرلەمانتار جوان یونس رۆژبەیانی پەیوەست بە دووبارە تەعریبكردن و مەترسیی هەمواركردنەوەی مادەی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بیرۆكەی كاروان عبدالرحمن عبدالله پەیوەست بە پرسی چۆنیەتیی شەفافكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بە بیرۆكەی یەكەم پەرلەمانتارجوان یونس پرۆسەو قۆناغەكانی دەسپێكردنی گرتنی تانە لەیاسای ژمارە 14ی ساڵی 2019 عێراقی تایبەت بە هەمواری یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رێكنەخراو لەچوارچێوەی هەرێمەكاندا بۆ پەرلەمانتاران روونكردەوەو رایگەیاند: “لەسەرەتای دەرچوونی یاساكەوە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان ئامادەكارییەكانی بەئاگاداریی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستپێكرد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تانە گرتنەكەو لەوماوەیەشدا چەندین كۆبوونەوەو راوێژكاری ئەنجامدرا”، پەرلەمانتار جوان یونس راشیگەیاند: “مادەكانی (3 و 12 و 17 و 18) لە یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2019ی عێراقی تایبەت بەهەمواری یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رێكنەخراو لەچوارچێوەی هەرێمەكاندا دژ بە بنەماكانی دەستووری عێراقی بوون و خۆشبەختانە لەرێگەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە حوكمەكانی ئەو مادانە رەتكرانەوەو ئەمەش دەسكەوتێكی گەورەبوو بۆ گەلەكەمان و گێڕانەوەی ماف بوو بۆ مافخوراون و هەروەها سوپاسی پارێزەری راسپێردراو سەردار هەركی دەكەین بۆ ئەنجامدانی ئەركەكە بەسەركەوتووی ئەنجامدا”.
هەر لەدرێژەی خستنەڕووی بیرۆكەكەدا پەرلەمانتار جوان یونس لەبارەی مەترسیی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراقی چەند روونكردنەوەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: “لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لیژنەیەكی تایبەت بەئامادەكردنی پڕۆژەی هەمواری دەستووری عێراق پێكهێنراوەو ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە هیچ مادەیەكی دەستووری پارێزراو نییە لە هەمواركردنەوەو بەتایبەتیش مادەی 140، بۆیە پێشنیاز دەكەین هەوڵەكان بخرێنەگەر هەر هەوڵێك بۆ هەمواری ئەو مادە دەستوورییە تەنها دەبێت لەچوارچێوەی گۆڕێنی ماوەی جێبەجێكردن و جێكردنەوەی گرەنتیی نێوەدەوڵەتی بێت چونكە لە بنەمادا كێشە لەمادەكەدا نییە ئەوەندەی لەجێبەجێنەكردندایە”.
لەبارەی مەترسییەكانی تەعریبیش لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پەرلەمانتار جوان یونس رایگەیاند: “لەئێستادا مەترسییەكی گەورە لەسەر ئەو ناوچانە سەریهەڵداوە لەرێگەی تەعریبكردنێكی بەرنامە بۆ دانراو دیمۆگرافیی ئەو ناوچانە لەرێگەی نیشتەجێكردن و دەرهێنانی فۆڕمی خۆراكیی هەمیشەیی بۆیان دروستبووە، بۆیە داواكارین پەرلەمانی كوردستان هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ چالاككردنەوەی لیژنەی كاتی مادەی 140ی ئەنجوومەنی نوێنەران”.
دوای تەواوبوونی پێشكەشكردنی بیرۆكەی پەیوەست بە دووبارە تەعریبكردن و مەترسیی هەمواركردنەوەی مادەی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، سەرۆكی پەرلەمان لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەیهەرێمی لە پەرلەمان راسپارد لەدەرەوی هۆڵی دانیشتنی پەرلەمان خەڵاتی تایبەت و رێزلێنان ببەخشن بەپارێزەری دۆسییەی تانە لەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 2019 لەدادگای باڵای فیدراڵی.
دواتر هەر لەچوارچێوەی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار، بیرۆكەی پەرلەمانتار كاروان عبدالرحمن عبدالله پەیوەست بە پرسی چۆنیەتیی شەفافكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان خرایەروو، لەوبارەیەوە ناوبراو رایگەیاند: “پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان و داهات و كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێـت و بۆ رای گشتی و پەرلەمانتاران روونبكرێتەوە”، راشیگەیاند: “سیاسەتی نەوتی هەرێم و سیاسەتی ئەنجامدانی گرێبەستەكانی هەرێم لەشێوازی گرێبەستی هاوبەشییەو لەرووی ژێرخان و ئابوورییەوە خزمەتی زۆر و باش پێشكەش دەكات و لەهەمانكاتیشدا دەبێت ئێمە سیاسەتی بەرێوەبردنی نەوتی جیابكەینەوە لەداهات و شەفافییەت، بۆیە ئەوەی كە لەپرۆسەی نەوتی هەرێم كێشەی تێدا هەیە سیاسەتە نەوتییەكە نییە زیاتر لەشەفافییەت و چۆنییەتی دابەشكردن و كۆكردنەوەی داهاتەكانییەتی كە پێویستە روونترو زانیاریی زیاتر لەبارەوە بخرێنەڕوو”.
لەبەشێكی دیكەی روونكرنەوەی بیرۆكەكانی لەبارەی‌ پرسی چۆنیەتیی شەفافكردنی نەوت لە هەرێم، ئەوەشی روونكردەوە، كە بۆ چارەسەرییەكانی ناشەفافییەت و پێشخستنی سیاسەتی نەوتی هەرێم ئەوا پێشنیاز دەكەین سوود لەهەردوو ئەزموونی نەرویژی و ئالاسكا وەربگیردرێن، پەرلەمانتار كاروان عبدالرحمن ئەوەشی خستەروو یەكێك لەچارەسەرییە هەرە بنەڕەتی و هەنوكەییەكان بۆ ئەو پرسە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە سندوقی داهاتی نەوت وڤاز ئەمەش نەك بەتەنها لە رووی سیاسەتی شەفافییەتەوە بارودۆخەكە پێشدەخات بەڵكو ئەمە وادەكات چاودێریكردنی داهاتەكانی نەوت بەتەواوەتی بۆ ژێر كۆنترۆڵی پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە.
پاشان بەپێی خاڵی دووەمی بەرنامەی كار كە بریتی بوو لە دانان و ئالوگۆڕكردنی ژمارەیەك پەرلەمانتار لە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی (4) لیژنەی هەمیشەییی پەرلەمان بەپێی مادەكانی (28، 29، 34) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە ناوی پەرلەمانتاران بەپێی لیژنە تایبەتمەندەكان خوێندنەوەی بۆ كراو بەجیا خرانە دەنگدانەوەو ئەندامییەتییان بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا.
دوا خاڵیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پێشنیازەیاساو بڕیارانەی خوارەوە بەپێی حوكمی مادەكانی (79 و 80 و 82)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان (پێشنیازی یاسای (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازەیاسای بیمەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازەبڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان)، لەلایەن لیژنەی یاساییەوە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ ئەنجامدراو دواتر لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بەجیا ئاراستەی لیژنەی یاسایی و لیژنە تایبەنمەندەكان و پەرلەمانتاران كران بۆ ئەنجامدانی رێككارە یاساییەكانی.
سەبارەت بەخوێندنەوەی یەكەم پێشنیازەبڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان روونكردنەوەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: “وەكو سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەڵامی حكومەتەمان لەبارەی تەحمولكردنی بارگرانیی دارایی پرۆژەكە بەئەرێنی وەرگیراوەتەوە، بەڵام بەهۆی زۆری وردەكاری پێشنیاز دەكەین بەدەر لەماوەی تەرخانكراو بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ماوەی دوو هەفتە بەحكومەت بدرێت بۆ هەر زیادكردن و پێشنیازی نوێ لەبارەی پڕۆژەكەوە، بۆیە دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە پەرلەمانی كوردستان بەپێی حوكمەكانی پەیڕەوی ناوخۆ رێككارە یاساییەكانی بۆ پێشنیازەكە ئەنجام دەدات.
بەمشێوەیە كۆتایی بەدانیشتنەكە هات.

کوردستان

ئاسایشی هەولێر وەڵامی كۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر، وەڵامی لێدوانی بەرپرسێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە، كە ئاماژەی بە ئەشكەنجەدانی ئەندامانی كۆمەڵ كردبوو لەلایەن ئاسایشەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونكردنەوەكەیدا ڕایگەیاندووە، “دوای بەدواداچوونیان لەسەر قسەكانی (محمد حكیم) ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، سەبارەت بە لێدان و ئەشكەنجەدانی ئەندامانیان لە ئاسایش و دوای پەیوەندی كردن بە خودی بەڕێزیان، دەركەوت ئەو حاڵەتانەی باسی كردوون، لە هەولێر ڕوویان نەداوە و سایتی خەندان بەمەبەست ئەمەی باسكردووە، كە ڕووداوەكە لە هەولێر بووە و و وروژاندنی ئەم بابەتەش مەبەستدار بووە”.

ئاسایشی هەولێر دەڵێت: “سایتی خەندان دەبوایە ڕەچاوی ئیتیكی رۆژنامەوانی بكردبایە و پێش بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە بەم شێوازە، ڕای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێری وەربگرتبایە”.

هەر لە ڕوونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، “هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان، كارەكانیان لە چوارچێوەی یاسا و بەپێی بنەماكانی مافی مرۆڤ، بەجێ دەگەیەنن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاتووچۆی هەولێر بڕیارێك بۆ بەشێكی شۆفێران دەردەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڕیار دەدات بە قەدەغە كردنی هاتووچۆی بارهەڵگرەكان بۆ ناو شار و هۆكاری بڕیارەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ جەنجاڵی شەقامەكانی ناوشار.

فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵی لە شەقامەكانی ناو شار لەكۆبوونەوەی پەرەپیدانی هاتووچۆی هەولیر لە 14-12-2019 پاریزگاری هەولیر بڕیاری دا بەقەدەغەكردنی هاتنی بارهەڵگرەكان بۆ ناو شار تاكو كاتژمیر9ی بەیانی.

ڕاشیگەیاندووە، لەبەرامبەردا بارهەڵگرەكان قەرەبوو دەكرێنەوە بەرامبەر بەم دواكەوتنەیان و ڕێگایان پی دەدرێت تاكو كاتژمیر 2ی شەو بێنە ناو شار، كەپێشتر تاكو كاتژمیر 12ی شەو بوو.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو بارهەڵگرانە دەگرێتەوە، كە بارەكانیان لە 4 تەن بەرەو سەرەوەیە و دەشڵێت: “لە ڕۆژی 21-12-2019وە جێبەجێ دەكرێت.

هاتووچۆی هەولێر داوا لەشۆفێرانی بارهەڵگرەكان دەكات، كە پابەندی بڕیارەكە بن و هەر شۆفێرێك پابەند نەبیت تووشی سزای یاسایی دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

“باندێك بەناوی دامەزراندنەوە هاووڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن”

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزەكانیانەوە توانرا باندێكی (7) كەسی، كە بەڕەگەز كوردن و یەكێكیان ژنە دەستگیر بكەن و دەشڵێت: “تۆمەتبارن بە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك بە شێوەی نهێنی و ساختە”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەكی بۆ (خەڵك) هاتووە ڕایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخانەوە كۆمەڵێك بەڵگەنامە و فۆڕمی وەهمی و ساختەی دامەزراندن و دابینكردنی تراكتۆری كشتوكاڵی بۆ هاووڵاتیان دەستكەوت، كە بووە سەرەداوێك بۆ دەستگیركردنی باندێكی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو باندە لە شارەكانی هەڵەبجە و دەربەندیخان و كفری ئەو فۆڕمانەیان بە پارە داوەتە سەدان هاووڵاتی لە بەرامبەر هەر فۆڕمێكدا بڕی 150 هەزار تا ملیۆنێك و نیو دیناری عیراقیان لێ وەرگرتووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەندێك لەو تۆمەتبارانە پلەی وەزیفیان بۆ ئەو ساختەكاری و فریودانە بە كارهێنابوو، بۆیە سەدان هاووڵاتی كەوتبوونە داویانەوە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان باندێكی فریودان و هەڵخەڵەتێنەریان دەستگیركرد . لەچوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانی هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی سنوورەكە لە هەر دیاردەیەكی نەخوازراو و دەستگیركردنی تاوانباران و ڕووبەڕووكردنەوەیان بە دادگا..
پاش ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە كۆمەڵێك بەڵگەنامەو فۆرمی وەهمی و ساختەی دامەزراندن و دابینكردنی تراكتۆری كشت و كاڵی بۆ هاوڵاتیان سەرەداوێكیان دەست كەوت,
هەروەها پاش لێكۆڵینەوەی ووردو بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری تەواو , لە سەر بڕیاری بەرێز دادوەری لێكۆڵینەوەی دەربەندیخان توانرا باندێكی(7)كەسی كە بەرەگەز كوردن و یەكێكیان ئافرەتە بەناوەكانی
1/ا م م ا /پیشە پۆلیسە لە توندوتیژی دژ بە ژنان لە دەربەندیخان و دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە.
2/ ف م م س /پیشە یاریدەدەری پزیشكی لە ناحیەی وارماوە و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
3/ م ح غ ح ص /پیشە بەرێوەبەری باخجەی ساوایان لە هەڵبجەی تازە و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
4/ ز ا م م /پیشە پۆلیس لە لیوای سێ ی بەرگری فریاكەوتن و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
5/ ف ك م م س / پیشە كاسب و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
6/ ز م م ح ا / پیشە كاسب و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
7/ ف ق م ا / پیشە كاسب و دانیشتووی ناوچەی شارەزوور
دەستگیربكەن كە تۆمەتبارن بە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە كە بە شێوەی نهێنی و ساختە هەستاون بە درووستكردنی فۆرمی دامەزراندن و فۆرمی دابینكردنی تراكتۆری كشتوكاڵی و لە شارەكانی هەڵەبجە و دەربەندیخان و كفری ئەو فۆرمانەیان بە پارە دابوو بە سەدان كەس لە بەرامبەر هەرفۆرمێكدا بڕی(150,000)دینار تاوەكو(1.500,000)دیناریان لە خەڵك وەرگرتبوو.
جی ی ئاماژەیە هەندیك لەو تۆمەتبارانە پلەی وەزیفیان بۆ ئەو ساختەكاری و فریودانە بە كارهێنابوو بۆیە سەدان كەس كەوتبووە داویانەوە,
لە سەر فەرمانی بەرێز دادوەری لێكۆڵینەوە سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە بە پێی مادەی(456)ی س ع ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان
ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان