ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

زانیاری نوێ‌ لەسەر خانەنشینی فەرمانبەران ئاشكرادەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق گرنگترین خاڵەكانی ناو هەمواری یاسای خانەنیشنی فیدڕاڵی عیراق ئاشكرادەكات و دەڵێت: “ژمارەیەكی زۆر دادەمەزرێنرێن” و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم-یش جەختدەكاتەوە، كە پشتیوانی لێ‌ دەكەن و لەكاتی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەوا لە هەرێم-یش جێبەجێ‌ دەكرێت.

حسێن عقابی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بە (سۆمەریە نیوز)ی ڕاگەیاندووە، خواستێك هەیە بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی بە شێوەیەك، كە خزمەت بە گەلانی عیراق بكات و بۆ ئەوەش گفتوگۆكان بەردەوامن لەنێوان لایەنە سیاسیەكان تاوەكو یاساكە بەجۆرێك پەسەند بكرێت، كە خواستی زۆرینەی هاووڵاتیان دابین بكات.

ڕاشیگەیاندووە، كە ئاڕاستەیەك هەیە لەناو پەڕلەمان، كە دەیەوێت ساڵی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ كەمبكاتەوە و هەروەها خانەنشینی ئارەزوومەندانە بكاتە 45 ساڵی.

ئاشكراشی كردووە، كە كاردەكرێت بە ئاڕاستەی ئەوەی فشار لەسەر حكومەت بكرێت، كە كەمترین ئاستی مووچەی خانەنشینی زیادبكرێت بەجۆرێك لە 600 هەزار دینار كەمتر نەبێت لەكاتێكدا ئێستا 400 هەزار دینارە.

لای خۆیەوە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی وت، “پەڕلەمان دووەم خوێندنەوەی بۆ یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق كرد و دەرگای گفتوگۆكردنی كردەوە بەر لە دەنگدان و پەسندكردنی، كە لە پڕۆژە یاساكەدا كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 600 هەزار دینار دیاری كراوە و ئەوانەشی 15 ساڵ بەسەرەوە خزمەتیان هەیە و تەمەنیان كەمتر نییە لە 45 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن”.

وتیشی، “پێشنیاری ئەوەشكرا، كە كەمترین مووچەی خانەنشینی ببێتە 700 هەزار دینار و یان كەمتر، بەڵام ئەمانە هەمووی قسە و باسی لەسەر كرا، هەروەها پەڕلەمان كۆتایی بە گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان هێنا”.

هاوكات، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بە دەرچوونی هەمواری یاسای خانەنشینی هەلی دامەزراندن بۆ بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس دەڕەخسێت.

لە 9ی ئەم مانگەدا پەڕلەمانی عیراق خوێندنەوەی بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵی ساڵی 2014 ئەنجام دا و بەپێی هەموارەكە هەر فەرمانبەرێك تەمەنی گەیشتە 60 ساڵی خانەنشین دەبێت و هەر فەرمانبەرێكیش خزمەتی سەروو 15 ساڵی هەبێت و تەمەنی 45 ساڵی تەواو كردبێت دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات.

هەر بەپێی پڕۆژەكە، لەكاتی خانەنشین بووندا فەرمانبەرەكە پاداشتی وەزیفە (ئیكرامی) بە بڕی كۆی مووچە و دەرماڵەی 12 مانگ وەردەگرێت.

لای خۆشیەوە، حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاندووە، پشتیوانی لە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەكەین و وتیشی، “كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینبوون لە 63 ساڵ بۆ 60 ساڵ دەرفەت دەبێت بۆ گەنجان، بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بە تایبەت كەوا دەرفەتی دامەزراندن كەمبۆتەوە، بۆیە خانەنشینكردن بە 60 ساڵی و بە مووچەیەكی شایستە كارێكی باشە و پشتیوانی لێ دەكەین”.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی هەمواری یاسای خانەنشینی عیراق لە هەرێمی كوردستان، حازم ئیسماعیل وتی: “ئەگەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوون، ڕێككەوتنێك بكرێت بە تایبەت لەسەر بودجەی 2020، ئەوا یاسای یەگرتووی خانەنشینی عیراق و ئەو هەموارەشی كە دەكرێت، بە دڵنیایی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە”.

ئێستا ساڵانە نزیكەی 5 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی كوردستان خانەنشین دەبن. بە وتەی بەرێوەبەری گشتی خانەنشینی، “كاتێك تەمەنی خانەنشینی كەم دەكرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەوكات لەبری ئەوەی 5 هەزار كەس خانەنشین بكرێن، نزیكەی 20 هەزار كەس خانەنشین دەكرێن”.

راپۆرت

پسپۆڕێك: 80%ی هاووڵاتیان تووشی كۆرۆنا دەبن
عیراق، ئەو لایەنانەی سودییان لە كۆرۆنا بینیوە ئاشكرا دەكرێن

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق پێیوایە سێ‌ لایەن سودییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بینیوە لە عیراق، پسپۆڕێكی تەندروستی گشتیش لەگەڵ حاڵەتی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی، 80%ی كۆمەڵگەی عیراقی تووشی پەتاكە دەبێت.

باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵات و كاریگەرییەكانی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو، بەشێوەیەكی ڕوون بەرەنجامی شۆڕشی تشرینیان لە گۆڕانكارییە شاوەڕوانكراوەكان دواخست و هاوبەشییان كرد لە هێشتنەوەی هێزە سیاسییەكان لە ڕەوشی ئێستایاندا، بۆیە دەكرێت بڵێین هەموان سودییان لە ڤایرۆسەكە بینی جگە لە گەلی عیراق”.

بە وتەی خەشان”سێ‌ لایەن سودییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بنیوە كە هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان، بەو هۆیەی پارێزگارییان لە بوونی خۆیان كردووە لەبەرانبەر گۆڕانكارییەكان، لەگەڵ گرێبەستە گەورەكان كە لەماوەی ڕابردوودا واژۆكران، وێڕای سودوەرگرتنی بازرگانانی دەرمانە خراپەكان لەڕووی ساغكردنەوەی كاڵاكانیان لە بازاڕ”.

ئەو پەرلەنتارە پێیوایە”كۆرۆنا بۆتە مایەی ڕاگرتنی زۆرێك لە چالاكییە گرنگەكان لە وڵاتدا، بە تایبەتیش حكومییەكان، چونكە ڕێژەی دەوام 25% تێناپەڕێنێت، بۆیە هاووڵاتیان زەرەرمەندی گەورەن لەم تەنگژەیەی ڕوودەدات”.

پێشتر پسپۆڕێكی لە تەندروستی گشتی، پێشبینی كردبوو 80%ی گەلی عیراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێت، باسی لە پێویستی هەنگاونانی عیراق كردبوو بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێكەوەژیان لەگەڵ پەتاكە.

د. هەیسەم عوبێدی ڕایگەیاندبوو”عیراقییەكان و هەموو گەلانی جیهان، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پێویستە پێكەوەژیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنادا بكرێت، دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر قەدەغەكردنی هاتووچۆدا تێپەڕی، هەروەها ژیان ناكرێت لەمە زیاتر ڕابوەستێت”.

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە”هۆكاریی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بۆ كەمكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەكانی جەژنی قوربان و تێكەڵبوونی خەڵك لە بازاڕەكان، یان لە سەردنەكان دەگەڕێتەوە كە ڕێگەی بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە خۆشكرد”.

عوبێدی پێشبینی كرد”70-80%ی كۆمەڵگەی عیراقی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتە بەپێی چەمكی بەرگری كۆمەڵایەتی، ناشكرێت ڕەوشەكە كۆنترۆڵ بكرێت تا بەشێوەیەكی پلەبەندی تووشبوون لەنێو كۆمەڵگەدا ڕوونەدات”.

پسپۆڕەكەی تەندروستی گشتی عیراق دەڵێت”كردنەوەی مۆڵەكان و ڕێگەدان بە هاتووچۆكردن، ڕێخۆشكەرن بۆ ڕوودانی حاڵەتی پابەندنەبوونی گەورە و بە تایبەتیش لەنێو توێژی لاوان كە زەمینەسازی بۆ تووشبوونی ملیۆنی خۆش دەكەن، ئەمەش عیراقییەكان دەخاتە ڕەوشێكی قورسەوە، چونكە دامەزراوەی تەندروستی لەو دەمەدا توانی لەخۆگرتنی ئەو ژمارە گەورەیەی نامێنێت”.

سەبارەت بە داواكارییەكانی هەڵگرتنی هەردوو شێوازیی قەدەغەكردنی هاتووچۆ، عوبێدی وتی”لەوبڕوایەداین پێكەوەژیان پێویستە هاوشان بێت لەگەڵ سەپاندنی ڕێكاریی توند كە هاووڵاتیان پابەند بكات بە خۆپاراستن و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر سەرپێچیكاران، بۆ خۆلادان لە تۆماركردنی ژمارەیەكی گەورەی تووشبوان، بەركەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا چەند زیاتر بێت، هێندە تووشبوو كاریگەریی لەسەر دروستدەبێت، بۆیە جەخت لەسەر پێویستی بەستنی كەمامە و سەپاندنی لە شەقامەكان و فەرمانگە و شوێنەكانی كار دەكەینەوە”.

د. هەیسەم عوبێدی ئاماژەی بە دەنگۆی تەوژمی دووەمی كۆرۆناش كرد كە بە وتەی ئەو”ڕوودانی جێگیر نییە، گەر ڕووشبدات لە عیراق، ئەوا 25%ی گەل كاریگەر نابێت بە پەتاكە، چونكە تووشبووە و لە ماوەی 6 مانگی ئەم ساڵدا بەرگری وەرگرتووە، گەر ڕووبدات، ئەوا نیشانەكانی جیاوازدەبن لەوەی لەئێستادا هەیە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

وردەكاریی نوێ‌ لەسەر ڤاكسینی دژە كۆرۆنا ئاشكرادەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ڕوسیا وردەكاریی نوێ‌ لەبارەی ڤاكسینە ڕوسییەكەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرادەكەن.

چاوەڕوان دەكرێت یەكەمجار بۆ پزیشكان و مامۆستایان بەكاربهێنرێت كە دەكرێت لە كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی ئەیلوبی داهاتوو پرۆسەی بەكارهێنەكەی دەستپێبكات.

لەڕێنماییە تایبەتەكانی بەكارهێنانی ڤاكسینە نوێیەكە كە لەلایەن ناوەندی (گامالی) ڕوسی بۆ پەتاكان و بایۆلۆجی دەركراوە هاتووە”ڤاكسینەكە بریتیە لە دەرزییەك كە لە دەماری (دەلتوید) لە شان دەدرێت. گەر ئەستەمیش بوو لەو شوێنە بدرێت، ئەوا لە دەماری پانی ڕان دەدرێت”.

لەپێناو پتەوكردنی بەرگری لەش، دوو جار دەرزییەكە لێدەدرێت كە یەكەمیان پێكهاتەیەكی ڤاكسینەكەی تێدایە، دوای 3 هەفتەش جارێكی تر كەسەكە ڤاكسینێكی تر وەردەگرێت كە پێكهاتەی دووەمی ڤاكسینەكەی تێدایە.

ڕێنماییەكان ئاماژە بە تێبینییەك دەكەن كە بریتییە لەوەی، ئەو كەسەی دەرزییەكەی لێدەدرێت، پێویستە بۆ ماوەی 30 خولەك لەژێر چاودێری پزیشكان یان پەرستاراندا بێت.

پێشتر ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، كچەكەی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لەسەر خۆی تاقیكردۆتەوە كە بە وتەی ئەو، لەگەڵ وەرگرتنی یەكەم ڤاكسیندا پلەی گەرمای لەشی گەیشتۆتە 38 پلەی سەدی، بەڵام لەكاتی وەرگرتنی دووەم ڤاكسیندا پلەی گەرمای بەرزنەبۆتەوە و پاشان پلەی گەرمای جەستەی ئاسایی بۆتەوە، لەئێستاشدا تەندروستی زۆر باشە.

دەزگای (روس زدراڤ نادزور) چاودێری تەندروستی ڕوسی ڕایگەیاندبوو، پلانی هەیە لە دوای بەكارهێنانی ڤاكسینەكە توێژینەوە لەسەر چەندان هەزار كەس بكات، تا چاودێری ئەگەری دەركەوتنی دیاردە لاوەكییە ناچاوەڕوانكراوەكان بكات لەنێو ئەوانەی ڤاكسینەكەیان بەكارهێناوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

وردەكارییەكانی دەخرێنەڕوو
لێكۆڵینەوەكان بەشێك لە هۆكاریی تەقینەوەكەی بەیروت ئاشكرادەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوە ئاگادارەكان ڕایدەگەیەنن، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژە بە چەندان ساڵ پشتگوێخستتن و بێخەمی دەسەڵاتداران دەكەن لەڕووی عەمباركردنی ماددەیەكی مەترسیدار لە بەندەری بەیروت كە بووە هۆی ئەو تەقینەوەیەی تێیدا زیاتر لە 100 كەس بونە قوربانی.

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە:”مەسەلەی سەلامەتی عەمباركردن، چەندان جار خراوەتە بەردەست لیژنەكان و دادوەران، بەڵام هیچ فەرمانێك دەرنەكرا بۆ گواستنەوەی ئەو ماددەیە كە خێرا گڕدەگرێت، یان لەناوبردنی”.

بە وتەی سەرچاوەكە:”ئاگرێك لە گەنجینەی ژمارە نۆی بەندەرەكە كەوتەوە و گەیشتە گەنجینەی ژمارە 12 كە نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا عەمباركراوە”.

سەرچاوەكە دەڵێت:”تەقینەوەكەی 4ی تەمموز بەهێزترین تەقینەوە بوو كە بەیروت بەخۆیەوە بینی، لەكاتێكدا شارەكە هێشتا برینەكانی جەنگی ئەهلی كە سی ساڵ درێژەی كێشا ساڕێژ نەبوون، سەرباری ئەوەش بە تەنگژەیەكی دارایی تونددا تێدەپەڕێت كە دەرهاویشتەی دەیان ساڵ لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابورییە”.

بەدەری زاهیر، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی لوبنان بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە”گەمرگ شەش بەڵگەنامەی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بەرزكردۆتەوە و هۆشداریی داوە لەبارەی مەترسی گەورەی ماددەكە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە لوبنانییە”داوامان كرد سەرلەنوێ‌ هەناردە بكرێتەوە، بەڵام ئەوە ڕوەینەدا و هۆكارەكەشی بۆ شارەزایان و پەیوەنیدارەكان بەجێدەهێڵین”.
سەرچاوەیەكی تر كە فەرمانبەرە لە بەندەرەكە بە (رۆیتەر)ی ڕاگەیاندووە”شەش مانگ لەمەوبەر تیمێك نیتراتی ئەمۆنیۆمی نێو گەجینەكەی تەماشاكرد و هۆشداریدا لەوەی كە گەر نەگوازرێتەوە،هەموو بەیروت دەتەقێنێتەوە”.

بەپێی ئاژانسەكە، دوو بەڵگەنامە هەن كە تێیاندا گومرگی لوبنانی لە ساڵانی 2016 و 2017 داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی كردووە، تا داوا لە دامەزراوە دەریاییە پەیوەندیدارەكان بكات، ماددەكە هەناردەبكەن، یان ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم دەرببڕن كە لەڕێی كەشتی باری (رۆسۆس)ەوە هێنرا و لە گەنجینەی 12دا بۆ زامنكردنی سەلامەتی بەندەرەكە هەڵگیراوە”.

یەكێك لە بەڵگەنامەكان، ئاماژە بە چەند داواكارییەكی هاوشێوە دەكات لە ساڵانی 2014 و 2015.

ماڵپەڕی شیب ئەرستید. كۆم، كە تۆڕێكە مامەڵە لەگەڵ سكاڵا یاساییەكانی كەرتی بار دەكات، لە ڕاپۆرتێكیدا لە ساڵی 2015 ڕایگەیاندووە، كەشتی رۆسۆس كە بە ئاڵای مۆڵدافیاوە لە دەریادا گەشتی كردووە، كاتێك ڕووبەڕووی كێشەی تەكنیكی بووە لە گەشتە دەریاییەكەی لە جۆرجیاوە بۆ مۆزەمبیق، ، لە مانگی ئەیلولی 2013 لە بەیروت لەنگەری گرت و 2750 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆمی هەڵگرتبوو.

بەپێی ماڵپەڕەكە”دوای ئەوەی پشكنینی بۆكراوە، ڕێگە لە بەڕێكەوتنی گیراوە، پاش ماوەیەكی كەمیش خاوەنی بارەكە دەستبەرداریی بارەكەی بووە، ئەمەش دوو قەرزاریی ناكۆكی ناچار كردووە سكاڵای ئاسایی بەرزبكەنەوە”.

ئەو ماڵپەڕە دەڵێت”بەهۆی مەترسییەكانی پەیوەست بە هێشتنەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەسەر كەشتییەكە، دەسەڵاتداران ناچاربوون بارەكە بگوازنەوە بۆ نێو گەنجینەكانی بەندەرەكە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان