ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

فراكسیۆنێكی عیراقی: حكومەت وەك بەعسە و پێویستە بڕوخێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە پەڕلەمانی عیراق، بەكارهێنانی هێز دژ بە هاووڵاتیان بە تاوان و لەناوبردنی خەڵك دادەنێت و پێیوایە هەڵسوكەوتەكانی حكومەت لەو ڕووەوە هاوشێوەی حزبی بەعسە و پێویستە بڕوخێت.

حازم خالیدی، پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە پەڕلەمانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “هەموو توندوتیژییەك دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ئیدانە دەكرێت، بە گازی فرمێسكڕێژ و گوللـە و حاڵتەكانی ڕفاندن دژ بە خۆپیشاندەران و وستاندنی خێمەی مانگرتووەكان وەك لە كەربەلا و گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكان ڕوویاندا”.

بە وتەی خالیدی، “بەرپرسیارێتی هەمووانە پارێزگاری لەو لاوانە بكەن، كە سەروەتی ڕاستەقینەی وڵاتن و تائێستا گەورەترین دەستكەوتییان بۆ نیشتمان دەستەبەركردووە، كە ئەویش گیڕانەوەی ناسنەی نیشتمانییە، تا عیراق نیشتمانێكی ئازاد و سەربەخۆ بێت”.

ئەو پەڕلەمانتارەی نەهجی نیشتمانی دەڵێت: “بەكارهێنانی هێز دژ بە هاووڵاتیانی بێتاوان، نەك هەر پەسەند ناكرێت، بگرە خۆی لەخۆیدا تاوان و لەناوبردنی خەڵكی بێتاوانە، ئەو هەڵسوكەوتانە شێوازە سەركوتكارییەكانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوومان دێنێتەوە یاد بەرانبەر هەموو ئەوانەی دژایەتییان دەكرد و لە ڕاوبۆچووندا جیاوازبوون لەگەڵیدا”

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە حازم خالیدی، پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی، بەڵام پەیوەندییەكان بێ‌ وەڵام بوون.

حازم خالیدی بەپێویستی دەزانێت حكومەت هاووڵاتیان بپارێزێت و داواكارییە ڕەواكانیان فەراهەم بكات،” نەك سەركوتیان بكات و بە دەستگیركردن و گوللـە وەڵامیان بداتەوە، چونكە كارێكی نالۆجیكییە لاوانی بێتاوان، كە ئاڵای عیراقییان لەخۆیان پێچاوە، سنگی خۆیان بخەنە بەر گوللـەی هێزە ئەمنییەكان”.

ئەو پەرلەمانتارەی نەهجی نیشتمانی لە بەیاننامەكەیدا داوای “هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت”ی كردووە، و دەڵێت: “هەر حكومەتێك لەسەر خوێن بنیات بنرێت، چەند تەمەن درێژبێت، چارەنووسی بەرەو نەمان و لەناوچوون دەچێت”.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.

عێراق

بەغدا زانیاری نوێ لەسەر هێرشەكەی سەر سەربازگەی بەلەد بڵاودەكاتەوە

خەڵك –بەشی هەواڵ

شانەی مێدیایی ئەمنی عیراق لە راگەیەندراوێكدا زانیاری دا لەسەر هێرشكردنەسەر سەربازگەی بەلەد كە هێزە ئەمریكاییەكانی تێدا نیشتەجێن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، دوو كاتیۆشا ئاڕاستەی سەربازگەی بەلەد كراون، بەڵام هێرشەكە هیچ زیانی گیانی و ماڵی نەبووە.

بەپێی هەواڵی ڕۆیتەرز شەوی ڕابردوو بۆردومانی سەربازگەی بەلەد كراوە لە عیراق.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

بنكەیەكی تری ئەمریكاییەكان لە عیراق بۆردوومان كرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرچاوە سەربازییەكانی عیراق، دوو مووشەك ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانی بەلەد كرا كە هێزەكانی ئەمریكای تێدا جێگیركراوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی سەربازیی عیراقییەوە بڵاویكردەوە، دوو مووشەكی جۆری مۆرتەر ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانی بەلەد كراوە بێ ئەوەی ئاماری قوربانیان ئاشكرابكەن.

بنكەی ئاسمانی بەلەد دەكەوێتە نزیك پارێزگای سەڵاحەدین و 80 كیلۆمەتر لە باكووری بەغدای پایتەختەوە دوورە و بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكای تێدا جێگیركراوە.

ەمەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی سێشەممە ڕابردوو پێنج مووشەك ئاڕاستەی بنكەی عەین ئەسەد كرا لە پارێزگای ئەنبار كە لەوێش بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا جێگیركراوە.

جێی ئاماژەیە، تا ئێستا ئەنجامدەرانی هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا ئاشكرا نەكراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

كاتەكە بە گونجاو نازانێت
سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر باس لە ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم دەكات

خەڵك- ئیدریس جەبار
سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر پێیوایە، لەئێستادا كاتەكە گونجاو نییە بۆ ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیری خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا دەخاتەڕوو.

ڕیاز مەسعودی، ئەندامی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند”ئەوان لەئێستادا كاتەكە بە گونجاو نازانن بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بەو پێیەی كار بۆ ئامادەكردنی بودجە دەكرێت، چونكە ترسی ئەوەیان هەیە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەشێك لەو ڕێككەوتنە بۆ زامنكردنی چەند مافێكی دیاریی كراو لە بودجەدا بەكاربهێنن”، پشتیوانی ڕەوتەكەشی بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشە و ناكۆكییەكان لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ خستەڕوو.

بە وتەی مەسعودی”هەرێمی كوردستان كۆڵەكەیەكی سەرەكییە لە پرۆسەی سياسى عیراق، پەیوەندییەكانیش بەپێی پەرەنسیپەكانی دەستور لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵدا دیاریی كراوە، ئەمەش بڕیاری عیراقی پتەودەكات، بەڵام تا هەموو كێشەكان چارەسەر دەكرێن لەڕووی هەناردەكردنی نەوت و ناوچە جێناكۆكەكانی تایبەت بە ماددەی 140، لەگەڵ مەرزە سنورییەكان، مافە داراییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، كۆمەڵێك كێشە هەن پێویستە بەشێوەی ڕێككەوتنی كۆتایی چارەسەر بكرێن لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، تا لاپەڕەی كێشە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئیدارییەكان دابخەین، و لێوە هەنگاو بەرەو وڵاتێكی ئارام و سەقامگیر هەڵبنێن كە تێیدا هەموان پێكەوە لەژێر یەك بنمیچدا ژیانێكی ئاشتیانە بەسەر ببەین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان