ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

(٥) خاڵی گرنگ یاریدەدەربوون بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی ڕیاڵ مەدرید !

خەڵک سپۆرت

یانەی ڕیاڵ مەدرید لەکۆتا جەولەکانی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە ئاستێکی ناوازەوە گەڕاونەتەوە سەر ڕێڕەوی سەرکەوتنەکان، ئەو ئاستەش چەند هۆکارێکی لەپشتە.

لەسەرەتای وەرزەوە ڕەخنەکان لەهەموو لایەکەوە ئاڕاستەی زینەدین زێدانی فەرەنسی ڕاهێنەری یانەی شاهانە دەکران، تۆمەتبار دەکرا بە پشتگوێ خستنی هەندێک لە یاریزانان و شکستهێنانی لە هەڵبژاردنی پێکهاتەیەکی گونجاو، بەڵام هەمان ڕاهێنەر لە کۆتا جەولەکانی لالیگا و چامپیۆنز لیگ ئاستێکی ناوازەی پێشکەش کرد و تەواوی ڕەخنەکانی پوچەڵ کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “مارکا”، پێنج خاڵی گرنگ هۆکاربوون بۆ گەڕانەوەی ئاستی ڕیاڵ مەدرید و پێشکەشکردنی نمایشی ناوازە، خاڵەکانیش بریتین لە:

  • کرانەوەی هێرشبەران: لەکۆتا پێنج ڕووبەڕوبونەوەدا چوار بردنەوە و یەکسانبونێکیان تۆمار کردووە، هێرشبەرانی یانەکە پێیەکانیان کراونەتەوە و توانیویانە (١٦) گۆڵ تۆمار بکەن، (١٠) گۆڵیان لە سێ ڕووبەڕوبونەوەی کۆتاییدا ئاڕاستەی یانەکەی گۆڕیوە، بەپێچەوانەی سەرەتای وەرزەوە کە نەیاندەتوانی لە تۆپە ئاڕاستەکراوەکاندا سەرکەوتوو بن.
  • توندوتۆڵی بەرگریکاران: لەپێنج ڕووبەڕوبونەوەی کۆتاییدا لەڕووی بەرگریەوە ڕیاڵ ناوازە بووە و تاکە گۆڵێکیان لەسەر تۆمار نەکراوە، کۆرتوای گۆڵپارێز لە ڕیکۆردێکی مێژوویی کیلۆر ناڤاس نزیک دەبێتەوە (خاوێنی گۆڵ بۆ ٥٣٤ خولەک)، هەموو ئەمانەش هاوسەنگیان بە پێکهاتەکەی زێدان بەخشیوە.

  • گەڕانەوەی هازارد: ئیدین هازارد لە کۆتا ڕووبەڕوبونەوەکاندا ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە، بەتایبەت لەکۆتا یاریی بەرامبەر ئیبار یەکلاکەرەوە بووە لە ڕەخساندنی هەلەکانی گۆڵ و بڕینی هێڵەکانی بەرگری ڕکابەر.
  • بڕیارەکانی زێدان: ڕاهێنەرە فەرەنسیەکە لە بڕیاری بەکارخستنی لاوان و دۆزینەوەی بەهرەکاندا سەرکەوتوو بووە، ڤاڵڤێردی کردووە بە ئایکۆنی هێڵی ناوەند و ڕۆدریگۆی گەیاندۆتە ئاستێکی باڵا، لە زۆرینەی یارییەکانیشدا سودی لە توانا هونەریەکانیان وەرگرتووە.
  • گەڕاندنەوەی ئاستی جەنگاوەرە کۆنەکان: زێدان بە پێدانی حەوانەوە و پێچەوانە کردنەوەی فشارەکان بۆسەر خۆی، مەودای بۆ تۆنی کرۆس و لوکا مۆدریچ و کارڤاخال و ڕامۆس و ڤاران و بنزیمە پێکهێناوە تەرکیز لە ململانێکان بکەن و ئاستی پێشویان بگەڕێننەوە، یاریزانە ناوبراوەکانیش لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی توانا هونەریە ناوازەکەیان.

ڕاپۆرت و شیکاری

مێسی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا دەتوانێت (٢٠) ڕیکۆردی مێژوویی بشکێنێت

خەڵک سپۆرت

لیۆنێل میسی ئەفسانەی یانەی بەرشلۆنە، لەم وەرزەدا بەهەمان گڕوتینی وەرزەکانی ڕابردووەوە بەردەوامە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠  دەتوانێت چەندین ڕیکۆردی مێژوویی بشکێنێت.

ڕۆژنامەی “موندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی ئامارێکی لەسەر ئاستی داتاکانی لیۆی جادوگەری بارسا ئەنجامداوە و دەریخستووە، ساڵی ٢٠٢٠ بۆ جادوگەرەکەی وڵاتی تانگۆ جیاواز دەبێت و دەبێتە ساڵی ستراتیجی شکاندنی ڕیکۆردەکان، چونکە لەتەمەنی وەرزشییدا هەگبەی ژمارە و نازناوەکان پڕبوون و دەتوانێت ئەوە بکات کە هیچ یاریزانێکی تر نەیکردووە.

ڕۆژنامەکە (٢٠) ژمارە و دەستکەوتی ئاشکرا کردووە، کە مێسی دەتوانێت لەساڵی ٢٠٢٠دا نوێیان بکاتەوە، ڕیکۆردەکانیش پێکهاتوون لە:

  • گەیشتن بە (٥٠٠) بردنەوە لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە (٤٩٩ بردنەوەی تۆمار کردووە)
  • ئەنجامدانی (٩٠٠) یاریی لەژیانی پرۆفیشناڵییدا (٥٦ یاریی ماوە بگات بەو ژمارەیە)
  • تۆمارکردنی (٧٠٠) گۆڵ (٦٨٨ گۆڵی تۆمار کردووە)
  • نازناوی پێنجەمی چامپیۆنز لیگ (چوار نازناوی لەژیانیدا بەدەستهێناوە)
  • نازناوی ژمارە (١١)ی لالیگا (١٠ نازناوی بەدەستهێناوە)
  • شکاندنی ڕیکۆردی پیلێ وەک باشترین گۆڵکاری یانەیەک (پیلێ لەگەڵ سانتۆس ٦٤٣ گۆڵی تۆمار کردووە و مێسی لەگەڵ بەرشلۆنە ٦١٨).
  • بەدەستهێنانی زۆرترین نازناو (٣٤ نازناوی بەدەستهێناوە و تەنها دانی ئالڤێسی بەرازیلی لەپێشیەتی بە ٤٠ نازناوەوە)
  • شکاندنی ڕیکۆردی تیلمۆ زارا (شەش نازناوی گۆڵکاری لالیگای هەیە و بیکات بە حەوت پێش زارا و دی ستیفانۆ و هوگۆ سانچێز دەکەوێت).
  • بەدەستهێنانی پێڵاوی ئاڵتونی حەوتەم
  • بەدەستهێنانی بالۆن دۆری حەوتەم
  • پوچەڵکردنەوەی لەعنەتی کۆپا ئەمریکا (لە ٢٠٢٠ کۆپا ئەمریکا ئەنجام دەدرێت)
  • تۆمارکردنی هاتریک بە لێدانی ڕاستەوخۆ
  • شکاندنی ڕیکۆردەکانی خۆی بە لێدانی ڕاستەوخۆ (لە یەک وەرزدا هەشت گۆڵی بەلێدانی ڕاستەوخۆ تۆمار کردووە، لەم وەرزەدا چواری تۆمار کردووە و دەتوانێت ئەو ڕیکۆردە بشکێنێت)
  • زۆرترین یاریی بەدرێسی یانەی بەرشلۆنەوە (٧٠٥ یاریی کردووە و بە ٦٢ یاریی تر پێش چاڤی هێرناندێز دەکەوێت).
  • یاریی ژمارە (٦٠٠) بەدرێسی ژمارە (١٠)وە.

  • هاوتاکردنەوەی ڕیکۆردەکەی کریستیانۆ وەک گۆڵکاری خولی یانە پاڵەوانەکان (کریستیانۆ حەوت جار گۆڵکار بووە).
  • کەمکردنەوەی جیاوازی نێوانی و کریستیانۆ لە خولی یانە پاڵەوانەکان (مێسی ١١٤ گۆڵی لەم خولەدا تۆمار کردووە و کریستیانۆ ١٢٨).
  • هاوتاکردنەوەی ڕیکۆردی چاڤی هێرناندێز لە خولی یانە پاڵەوانەکان (١٤٠ یاریی لە چامپیۆنز لیگ کردووە و بە ١١ یاریی تر پێش چاڤی دەکەوێت).
  • تۆمارکردنی گۆڵ لە سێ فاینەڵی چامپۆنز لیگ (ئەگەر بگاتە فاینەڵی چامپیۆنزلیگ و گۆڵ تۆمار بکات، لەگەڵ ئیتۆ دەبنە دوو تەنها یاریزان لە سێ یاریی کۆتاییدا گۆڵیان تۆمار کردبێت).
  • تۆمارکردنی گۆڵ بەشێوازی جیاواز (بەهەموو شێوازەکانی لێدەرکردن و لێدان گۆڵی تۆمار کردووە، هاوشێوەی ئەفسانەکانی پێش خۆی پێویستی بەوەیە لە لێدانی کۆرنارەوە، یاخود دەبڵ کیک گۆڵێک بەلایەنی کەمەوە تۆمار بکات).
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

(٥) هۆکار چانسی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە جامی سوپەری ئیسپانیا لە یانەکانی تر بەهێزتر دەکات

خەڵک سپۆرت

ئەمڕۆ چوارشەممە یەکەم ڕووبەڕوبونەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا لە وڵاتی سعودیە دەست پێدەکات و چوار یانەی زەبەلاحی ئیسپانیا بەشداری تێدا دەکەن.

لەم وەرزەدا جامی سوپەری ئیسپانیا لە وڵاتی سعودیە ئەنجام دەدرێت و شێوازێکی نوێ لە بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیەکە پەیڕەو دەکرێت، یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید و ڤالێنسیا بەشداری تێدا دەکەن.

یانەی بەرشلۆنە وەک پاڵەوانی لالیگا و ڤالێنسیا وەک پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا و یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید وەک دووەم و سێیەمی خولی ئیسپانیا بەشدارییان تێدا کردووە و ڕووبەڕوبونەوەکان بەشێوازی یەک بردنەوە ئەنجام دەدرێن.

ڕۆژنامەی “ئاس”ی ئیسپانی ئاماژە بە پێنج هۆکاری گرنگ دەدات، بەهۆیەوە یانەی شاهانەی مەدرید چانسی لە یانە ڕکابەرەکانی بەرزتر دەبێت، هۆکارەکانیش بریتین لە:

  • گەنجانی ڕیاڵ و ئاستی چاوەڕوان نەکراو: بڕیارە زینەدین زێدان لەم پاڵەوانێتیەدا پشت بە گەنجانی وەک ڕۆدریگۆ و ڤینیسیۆز و ڤاڵڤێردی و لوکا یوڤیچ ببەستێت، یانە ڕکابەرەکان توانای ئاشکراکردنی پلانەکانی شاهانەیان نابێت و ئەگەر هەیە لەهەر یارییەکدا هەنگاوی چاوەڕوان نەکراو بنێن.
  • ڕیاڵ مەدرید و هۆکارە تاکتیکیەکان: لەم وەرزەدا یانەی ڕیاڵ مەدرید لە خراپەوە بۆ باش هەنگاوی ناوە و حاڵی حازر خاوەنی ڕێکخراوترین پێکهاتەیە لەنێو چوار یانە بەشدارەکەدا، ئەوەش چانسیان پێدەدات ئاستێکی بەرز و هاوسەنگ پێشکەش بکەن.
  • ئەنجامی ڕووبەروبونەوە بەهێزەکان: ڕاستە یانەی ڕیاڵ مەدرید لەم وەرزەدا بەرامبەر بەرشلۆنە و ڤالێنسیا و ئەتلەتیکۆ مەدرید جەمسەری براوە نەبووە، بەڵام سەرجەم ڕووبەڕوبونەوەکانی لە یاریگای ڕکابەرانیدا ئەنجامداوە و لەجامی سوپەری ئیسپانیا لەیاریگای بێلایەندا بەرامبەریان دەوەستێتەوە، هەروەها لە یارییەکانی پێشووشدا لەڕووی تاکتیکی و هونەرییەوە باڵادەستی نیشانداوە.

  • ناوەندی ڕیاڵ مەدرید باشترینە: لەم وەرزەدا تۆنی کرۆس و کاسیمێرۆ و لوکا مۆدریچ ئاستی پێشوویان گەڕاندۆتەوە، لەگەڵیاندا فیدی ڤاڵڤێردی باشترین ئاستی پێشکەشکردووە، بەراورد بە هێڵی ناوەندی یانەکانی بەرشلۆنە و ئەتلەتی و ڤالێنسیا باشترن، شارەزایانیش هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە، هەر پێکهاتەیەک لەناوەندی یاریگا بەهێز بێت لەڕووی هونەری و ئەنجامەوە باشتر دەردەکەوێت لەڕکابەرانی.
  • ئەزمونی زێدان و جەنگاوەرە کۆنەکان: زێدانی ڕاهێنەر و چەندین یاریزانی وەک مۆدریچ و ڕامۆس و کرۆس و کاسیمێرۆ و ڤاران و مارسێلۆ و کارڤاخال ئەزمونیان لە چنینەوەی نازناوەکاندا هەیە، خاوەنی سێ جامی خولی یانە پاڵەوانەکان بوون و دەزانن لەم بارودۆخانەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ یانە ڕکابەرەکانیان دەکەن.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کریستیانۆ دەتوانێت لە ساڵی ٢٠٢٠دا پێنج ڕیکۆردی مێژوویی تۆمار بکات

خەڵک سپۆرت

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پورتوگالی لەتەمەنی ٣٤ ساڵیدا لەنێو یاریگاکانی بواری تۆپی پێ بەردەوامە و لەم وەرزەدا هەوڵی شکاندنی ڕیکۆردەکان دەدات.

دۆنی پورتوگال بەدرێسی یانەکانی مان یونایتد و ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی پورتوگالەوە توانیویەتی چەندین نازناوی بەکۆمەڵ و تاکە کەسی بەدەست بهێنێت، هەگبەی نازناو و ڕیکۆردەکانی پڕبوون و لەم وەرزەدا و لەتەمەنی ٣٤ ساڵیدا بە گڕوتینینی ساڵانی ڕابردووەوە دەتوانێت کۆتا ڕیکۆردەکان لەژیانی وەرزشییدا بە ئاڵتون بنوسێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی “توتۆ سپۆرت”، ئەفسانەی پورتوگال لەم وەرزەدا بەدرێسی یانەی یوڤانتۆسەوە دەتوانێت پێنج ڕیکۆردی مێژوویی تۆمار بکات، ڕیکۆردەکانیش بریتین لە:

  • بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنز لیگ بەدرێسی یانەی یوڤانتۆسەوە: یاریزانەکە پێنج نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی بەدەستهێناوە، چوار لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید و یەکێک لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد، ئەگەر لەگەڵ یوڤانتۆس نازناوەکە بچنێتەوە دەبێتە تاکە یاریزان لەگەڵ سێ یانەی جیاواز سێ جار جامە گوێچکەدارەکە بەرز دەکاتەوە، هەروەها لەگەڵ خینتۆی ئەفسانەی ڕیاڵ مەدرید هاوتا دەبێتەوە (خینتۆ شەش نازناوی بەدەستهێناوە).

  • باشترین گۆڵکاری جامی نەتەوەکانی ئەوروپا: کریستیانۆ شان بەشانی میشێل پلاتینی ئەفسانەی فەرەنسی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا نۆ گۆڵیان تۆمار کردووە، ئەگەر لە یورۆی ٢٠٢٠ تەنها گۆڵێک تۆمار بکات، دەبێتە باشترین گۆڵکار لەمێژووی پاڵەوانێتیە ئەوروپییەکە.
  • بەتەمەنترین تۆمارکەری هاتریک: کریستیانۆ لەگەڵ مێسی هەشت هاتریکیان لە خولی یانە پاڵەوانەکان تۆمار کردووە، ئەگەر لەم وەرزەدا لەگەڵ یوڤانتۆس هاتریک تۆمار بکات هاوبەشی لەگەڵ ڕکابەرەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و دەبێتە بەتەمەنترین تۆمارکەری هاتریک لە خولەکەدا.

  • باشترین گۆڵکاری نێودەوڵەتی لەمێژوودا: ٩٩ گۆڵی نێودەوڵەتی بەدرێسی هەڵبژاردەی پورتوگالەوە تۆمار کردووە، عەلی دایی ئێرانی بە تۆمارکردنی ١٠٩ گۆڵ لە لوتکەی گۆڵکارە نێودەڵەتیەکاندایە و کریستیانۆ بە (١٠) گۆڵی تر ئەو ڕیکۆردە دەگرێتەوە.
  • تاکە ئەفسانەی سێ خولە گەورەکە: لەئێستادا کریستیانۆ چوارەمی ڕیزبەندی گۆڵکارانی کالچیۆی ئیتاڵیایە بە ١٠ گۆڵەوە، ئەگەر نازناوی گۆڵکار بەدەست بهێنیت دەبێتە یەکەمین یاریزان لە مێژوودا نازناوی گۆڵکاری خولەکانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەچنێتەوە.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان