ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
ئەنجومەنی دادوەریی وەڵامی كێشەی دادوەران و داواكارانی گشتی گەرمیان دەداتەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم وەڵامی كێشەی دادوەران و ئەندامانی داواكارانی گشتی گەرمیان دەداتەوە، و ڕونكردنەوەیەكیش لەو بارەیەوە بڵاودەكاتەوە.

بەپێی ڕونكردنەوەیەك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەوە بڵاوكراوەتەوە”ماوەی چەند رۆژێكە هەواڵی مانگرتنی ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە دادگای ناوچەی گەرمیان بڵاو بۆتەوە. ئێمە وەك ئەنجومەنی دادوەری بە پێویستمان زانی ئەو روونكردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بكەینەوە”.

هەر لە ڕونكردنەوەكەدا هاتووە”ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەلچوونەوەی كەركوك-گەرمیان چەند رۆژێكە مانیان گرتووە گوایە سەبارەت بە چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگای كەركوك-گەرمیان”.

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم دەڵێت” ئێمە لێرەدا ڕادەگەیەنین كە ئەو مانگرتنە، پەیوەندی بە هیچ بابەتێكی تایبەتەوە نیە، بەڵكو تەنیا لەسەر ئەو یاداشتنامەیەیە كە چەند دادوەرێك لە گەرمیان پێشكەشیان كردبوو بە ئەنجومەنی دادوەری و لەبەر ئەوەش ئەنجومەنی دادوەری بە نوسراوی (ژمارە 1/3/45 نهێنی) لە رێكەوتی 25/8/2019 داوا لە سەرپەرشتیاری دادوەری لە دادگای سلێمانی و گەرمیان كرد كە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكەدا بكات. لە ئەنجامدا سەرپەرشتیاری دادوەری لە سلێمانی و گەرمیان راپۆرتێكی تێرو تەسەلی لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی دادوەری كرد بە (نووسراوی ژمارە 1/نهێنی لە26/9/2019) و تێیدا وتەی گشت دادوەرەكان و ئەندامانی داواكاری گشتی و چەند شایەتحاڵێكی دیكە وەرگیران، چونكە تۆمەتی خراپ و ناشیاو خرابوونە پاڵ بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچوونەوەی كەركوك-گەرمیان و لە ئەنجامدا دەركەوت كە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نیەو پێیان نەسەلمێنرا”.

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ئاماژە بە ڕاپۆرتی سەرپەرشتیاری دادگاكانی سلێمانی و كەركوك-گەرمیان دەكات و ڕایدەگەیەنێت كە لەو سۆنگەیەوە ئەم ئەنجامانە دەركەوتوون:
1- دروستكردنی تەكەتول لە دژی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچوونەوەی ناوچەی كەركوك گەرمیان و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام پەنایان بردووە بۆ دەزگای حزبی و ئیداری و سەردانكردنیان بۆ مەبەستی لادانی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوە كە بەڕێز دادوەر (ئەكرەم فەرەج ئەمینە). بۆیە ئەنجومەنی دادوەری بە كۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیاری دا بە:
• پەسەندكردنی راپۆرتی سەرەوەی سەرپەرشتیارانی دادوەری دادگاكانی سلێمانی و گەرمیان.
• رەتكردنەوی سكاڵای چەند دادوەرێك دژ بە سەرۆكی دادگای تێهەلچوونەوەی كەركوك-گەرمیان چونكە دەركەوت هیچ بنەمایەكی یاساییان نیەو هەروەها رەوانەكردنی ئەو چەند دادوەرە بۆ لیژنەی كاروباری دادوەران لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە خستبۆیانە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەلچوونەوەی كەركوك گەرمیان بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری.
• داوا كرا لە وەزارەتی داد بەرێگەی بەڕێز سەرۆكی داواكاری گشتی بۆ ناردنی چەند ئەندامێكی داواكاری گشتی بۆ لیژنەی كاروباری ئەندامانی داواكاری گشتی بە پێی یاسای داواكاری گشتی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم ڕایگەیاندووە”سەبارەت بە چەند لێدوانێك كە لێرەو لەوێ سەبارەت بە سزادانی ئەندامێك لە ئەندامە بەڕێزەكانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڵاوبۆتەوە كە گوایە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزا دراوە، لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو لێدوانانە دوورن لە راستیەوەو تەنیا ئەو بەڕێزە ئاگادار كراوەتەوە كە پابەند بێت بە دەوامی فەرمی خۆی، چونكە هەموو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئامادە دەبێت بۆ دەوام و هەروەها كەمتەر خەمی لە راپەراندنی ئەركەكانی لە دادگای پێداچوونەوە هەیە چونكە ئامادە نابێت لە بەشداری كردن لە تاوتوێكردنی كێشەو داواكان لە هەردوو دەستەی سزای و شارستانی. بۆیە پێمان سەیرە كە زانیاری نووسراوە نهێنیەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو دەبنەوە چونكە نووسراوەكە بە نهێنی ئاراستەی دادوەری نێوبراو كراوە”.

کوردستان

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر: 284 شوێن كە پابەندی ڕێنماییەكان نەبوون داخران


خەڵك – بەشی هەواڵ

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد: لەلایەن لیژنەكانی چاودێری و تەندروستی لەسنووری هەر 10 قائیمقامیەتەكەی پارێزگای هەولێر، دوای بەدواداچوون و پشكنین بۆ شوێنەكانیان، بەهۆی پابەندنەبوون بەڕێنماییەكانی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، (284) شوێن لە (خواردنگە، بەنزینخانە، ئاریشگەی ئافرەتان، ماركێت، مینی ماركێت، سەرتاشخانە، نانەوەخانە، دوكانی فرۆشتنی سەوزە و میوە، رونگۆڕ، فرۆشیاری مۆبایل، شیرنەمەنی، جوانكاری ئۆتۆمبێل، گۆشت فرۆش، زێڕینگر، ئوتوی هەڵمی، نووسینگەی خانووبەر، شوێنی گەشتیاری، كۆگا) داخران.

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە: داواكارین لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و كاسبكارانی پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و هەستیارانە مامەڵە بكەن و بەپێی ریَِكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەستكێش و دەمامك ببەستن، تاوەكو لەپێناو پارێزگاری لە تەندروستی گشتی دووچاری سزادان و ڕێكاری یاسایی نەبنەوە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

 

ڕاگەیندراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە

ئەمرۆ شەممە 2020.6.6 لەلایەن لێژنەكانی چاودێری و تەندروستی لەسنووری هەر 10 قایمقامیەتەكەی پارێزگای هەولێر، دوای بەدواداچوون و پشكنین بۆ شوێنەكانیان، بەهۆی پابەند نەبوون بەرێنماییەكانی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، (284) شوێن لە (خواردنگە، بەنزینخانە، ئاریشگەی ئافرەتان، ماركێت، مینی ماركێت، سەرتاشخانە، نانەوەخانە، دوكانی فرۆشتنی سەوزە و میوە، رونگۆڕ، فرۆشیاری مۆبایل، شیرنەمەنی، جوانكاری ئۆتۆمبێل، گۆشت فرۆش، زێڕینگر، ئوتوی هەڵمی، نووسینگەی خانووبەر، شوێنی گەشتیاری، كۆگا) داخران.

داواكارین لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و كاسبكارانی پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و هەستیارانە مامەڵە بكەن و بەپێی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەستكێش و دەمامك ببەستن، تاوەكو لەپێناو پارێزگاری لە تەندروستی گشتی دووچاری سزادان و ڕێكاری یاسایی نەبنەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.6.6

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەندروستی هەرێم: 66 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی دەستنیشان كران


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، 66 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانكران.

تەندروستی هەرێم ئەوەشیخستووەتەڕوو: تووشبووەكان 38 پیاو و 24 ئافرەت و 2 كوڕی گەنج و 2 منداڵن، 13 تووشبوو بەركەتووی تووشبووانی پێشوون و تووشبووانی تر نیشانەی نەخۆشییەكەیان هەیە.

تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە: سێ تووشبوو دانیشتووی شارۆچكەی چەمچەماڵ، دوو تووشبوو دانیشتووی شارۆچكەی پێنجوێن، یەك تووشبوو دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخان و شەست تووشبووش دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

دەرەنجامی نوێ …

لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، شەست و شەش تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانكران، سی و ھەشت پیاو و بیست و چوار ئافرەت و دوو كوڕی گەنج و دوو منداڵ، سێزدە تووشبوو بەركەتووی تووشبووانی پێشوون وە تووشبووانی تر نیشانەی نەخۆشیەكەیان هەیە.

سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ.
دوو تووشبوو دانیشتووی قەزای پێنچوێن.
یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای دەربەندیخان.
شەست تووشبوو دانیشتووی ناو شاری سلێمانی.

وەزارەتی تەندروستی
٦ حوزەیران ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پسپۆڕێكی دەروونی: باشتر وایە وەزارەتی تەندروستی ڕۆژانە یەكجار دەرئەنجامێكی گشتی كۆرۆنا بڵاوبكاتەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

د. ڕەوشت ڕەشید پزیشكی پسپۆڕی دەروونی دەربارەی بڵاوكردنەوەی دەرئەنجامەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەیامێك ئاڕاستەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەكات و ڕایدەگەیەنێت:”باشتر وایە ڕۆژانە یەك جار دەرئەنجامێكی گشتی بڵاوبكرێتەوە نەوەك لە ڕۆژێكدا چەند جارێك دەرئەنجامی نوێ بڵاوبكرێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لە خەڵك نەشێوێت و خەڵك تووشی سترێس و دڵەڕاوكێی زیاد لە پێویست نەبن”.

 

دەقی پەیامەكەی د. ڕەوشت ڕەشید:

 

پەیامێك بۆ راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەربارەی بڵاوكردنەوەی دەرەنجامەكانی كۆرۆنا:

ماندوو نەبن.

ئاگادارین كە لەماوەی رابردوودا ئەركێكی زۆرتان كێشاو كەمتەرخەمیتان نەكردوە لە بلاوكردنەوەی هوشیاری و زانیاری دەربارەی نەخۆشی كۆرۆنا و راگەیاندنی داتا دەربارەی ژمارەی پشكنین و كەرەنتینكراوان و توشبووان. ئەم كارەتان جێگەی دەستخۆشیە. هاوكات چەندتێبینی و پێشنیارێكی بچوكم هەیە هیوادارم بە سنگێكی فراوان و بە مەبەستی سود بۆ هاوڵاتیان و توشبووان لێمانی قەبوڵ بكەن:

۱ـ باشتر وایە رۆژانە یەك جار دەرەنجامێكی گشتی بڵاوبكرێتەوە نەوەك لە رۆژێكدا چەند جارێك دەرەنجامی نوێ بڵاوبكرێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لە خەڵك نەشێوێت و خەڵك توشی سترێس و دڵەراوكێی زیاد لە پێویست نەبن.

۲ـ باشتر وایە دەرەنجامەكان لە سایتی فەرمی وەزارەتی تەندروستی بڵاوبكرێنەوە نەوەك بە تەلەفۆن و نامەی نا فەرمی بدرێت بە كەناڵەكانی راگەیاندن یان سایتەكانی ئینتەرنێت، ئەمەش بۆئەوەی داتاكان بە هەڵە بڵاونەبنەوەو خەڵك توشی بێمتمانەیی نەبن.

۳ـ بلاوكردنەوەی داتا وەكو خۆی و راستگۆیانە كارێكی ئەخلاقیەو ئێمەش بەرز دەینرخێنین، بەڵام بڵاوكردنەوەی وردەكاریی دەربارەی كەسە توشبووەكان و پیشەیان و هەندێك جار ناویان ( بۆ نمونە بڵاوبوونەوەی ناوی پزیشكانی توشبوو) كارێكە دوورە لە بنەماكانی پاراستنی ماف و نهێنیەكانی نەخۆش و رەنگە ئەمە وا بكات خەڵكانێكی زۆر لەبەر ئاشكرابوونی ناوەكانیان نەرۆن بۆ پشكنین یان نەخۆشخانە. ( ئەگەر كەسەكە خۆی باسی كردو رایگەیاند ئەوە ئازادە بەڵام ناكرێت لە دەزگا فەرمیەكان ناویان بڵاوبكرێتەوە) . دیارە ئەم حاڵەتە زیاتر لە سۆشیەل میدیا و پەیجی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەبینرێت و رەنگە كاری راگەیاندنی وەزارەت بێت هەوڵبدات ئەو پەیج و لایەنانە ئاگادار بكاتەوە كە هیچ زەرور نیە ناو یان وردەكاری توشبووان بڵاو بكرێتەوە.

٤ـ لە سەرەتای هەموو دەرەنجامێك وشەی گومانلێكراوان بەكار دێت كە من پێم وایە ئەم وشەیە جۆرێك لە ستیگماو كاریگەریی دەروونیی خراپ لای خەڵك دروست دەكات بۆیە لابردنی ئەم وشەیە بە كارێكی باش دەبینم بەتایبەت كە لابردنی هیچ لە مانا ناگۆڕێت و ( دەستەواژەی گەڕان بەدوای توشبووان ) ماناكە دەبەخشێت و هیچ كەموكوڕیەكی نیە.

دووبارە هیوای سەلامەتی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم هەموو لایەك دوور بن لە دەردو بەڵا.

د. رەوشت رەشید
پزیشكی پسپۆری دەروونی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان