ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

دوای ڕاپۆرتێكی (خەڵك) دوو كۆگای حكومی دەرمانی ماوەبەسەرچووی تێدا دۆزرایەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ
دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا (خەڵك) لەزاری جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەڕلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، كە كۆگای دەرمانی حكومەت دەرمانی ماوەبەسەرچووی تێدایە و دابەشی سەر نەخۆشخانەكان نەكراوە، لیژنەی تەندروستی پارێزگای هەلێر دەستی بەسەر دوو كۆگای دەرمانی حكومیدا گرت، كە دەرمانی ماوەبەسەرچووی تێدا بووە.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ئاماژەی بەوەكردووە، لیژنەی تەندروستی، كە پێكهاتبوو لە خانزاد وسوو، سەرۆكی لیژنە و عباس محەمەد و ژیان ئاغا، ئەندامی لیژنە سەردانی ۱۸ كۆگای دەرمان و دەرمانخانەیان كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگایان لە چۆنێتی بە كۆگاكردنی دەرمان بێت.

خانزاد وسوو، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە، “لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ماوەی دوو ڕۆژە خەریكی بەدواداچوونە لەسەر كەیسی دوو كۆگای پڕ دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە شاری ھەولێر، ئەو دوو كۆگایە سەر بە حكومەتن و بڕێكی یەكجار زۆر دەرمان و پێداویستی پزیشكییان تێدایە، كە ماوەیان بەسەرچووە”.

ڕاشیگەیاندووە، ماوەیەكی زۆر ئەو پێداویستییە پزیشكییانە لەنێو ھەردوو كۆگاكەدا ماونەتەوە و پێشتریش ھیچ لیژنەیەك ئامادە نەبووە لێكۆڵینەوە بكات و لەناویان ببات، چونكە جگە لەوەی سەرپێچییەكی گەورەیە، مەترسی بۆ سەر ژیانی كارمەندان و ھاووڵاتییانیش پەیدا كردووە.

پێشتر، شایان عەسكەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەڵگەم لایە، كە ژمارەیەك كۆگای دەرمانی حكومەت هەیە، كە پڕن لە دەرمان و ماوەكەیان بەسەرچووە و نەدراوەتە نەخۆشخانەكان.

ئەو پەڕلەمانتارە، كە خۆی پزیشكیشە دەڵێت: “ئەمەش بۆ ئەوەی دەرمانی كۆمپانیاكان ساغ ببێتەوە”.

ئابوری

حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و مووچەخۆران دەركرد


خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و مووچەخۆران بڵاودەكاتەوە و جەختیشدەكاتەوە، كە سەرجەم وەزاررەتەكان پابەندن بەو بڕیارانەوە.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڕیاری ژمارە (٥١) لە ٥ ی ئایار ٢٠٢٠ ی حكومەتی هەرێمی تایبەت بە سووك كردنی باری سەرشانی هاوولاتیانی بڵاوكردەوە، كە تێیدا ئاماژە بە لێخۆشبوون لە كرێی موڵكەكانی دەوڵەت و لێخۆشبوون لە دواكەوتنی پێشینەكان و چەند بڕیارێكی دیكە دراوە.

دەقی بڕیارەكە:

پشتبەست بە ئەحكامـی ماددەی (هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمـی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 1992 هەمواركراو، و لە پێناوی سووككردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا زیانمەند بوون، و لەبەر ڕۆشـــــنایی كۆنووسـی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (27) لە 5/5/2020، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا به:

1. لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكە، بۆ ئەو ماوەیەی كە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بەپێـی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.
2. بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە، وەك ڕێكاریی خۆپارێزیی.
3. دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكومی و شارەوانییەكان لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.
4. لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.
5. بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە كرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15/6/2020.
6. پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی دیكە كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.

7.داشكاندنی ڕێژەی 15% لە سەدا پازدە لەو پێشینانەی حكومەت كە لەلای هاووڵاتییانە وەك (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیـریی و قەرزی بچووك و پێشینەكانی بانكی كشتوكاڵی و پێشینەی پڕۆژەكانی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێك هاووڵاتییان ئامادە بن تا ڕۆژی ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٠ تەواوی بڕی پێشینەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە، و ئەم بڕگەیە قەرزە بازرگانییەكان ناگرێتەوە كە بە كۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەك ئاسانكاریی بانكی لەلایەن بانكە بازرگانییەكانەوە

8. وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وتەبێژی حكومەت: ئەولەویەتی حكومەت دابەشكردنی مووچەیە


خەڵك-ئارام سەردار

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە بەردەوام دەبن لە جێبەجێ‌ كردنی یاسای چاكسازی و دەشڵێت: “زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا مەترسیدارە و دەبێت هاوولاتیان پابەندی ڕێنماییەكان بن.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم مووچەی پلە باڵا و تایبەتەكان كەمدەكرێنەوە و دادپەروەری بەدی دەهێنین لەنێوان بەرزترین مووچە و نزمترین مووچە.

ڕاشیگەیاند، سەرجەم وەزارەتەكان لیژنەیان پێكهێناوە بۆ جێبەجێ‌ كردنی یاسای چاكسازی و جێبەجێی دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی وەزارەتەكان داتاكانی هەرێم ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

ئاشكراشی كرد، كە بەهۆی ڕێكارە خۆپارێزییەكانەوە زیانێكی زۆر لە داهاتی حكومەت كەوتووە، بەڵام ئەولەویەتی ئێمە تەندروستی هاووڵاتیانە و هەوڵیش دەدەین بەپێی داهات و توانای حكومەت قەرەبووی زیانی هاووڵاتیان بكەینەوە.

دەربارەی مووچە جەختیشی كردەوە، حكومەت لەمساڵدا 4 مووچەی داوە نەك یەك مووچە و هەر داهاتێكیش بێتە بەردەستمان تەرخانی دەكەین بۆ مووچە هەروەك چۆن لە مانگی ڕابردوو قەرزمان كرد بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەڵام لە ئێستادا داهات كەمبۆتەوە.

دەشڵێت: “حكومەت ئامادەیە سواڵ بۆ خەڵك بكات، نەوەك خەڵك سواڵ بكات، بەپێی هەندێ قەرز و پارەی بەردەست مووچەمان دابەشكردوە و دەرماڵەکان ڕێکدەخەینەوە، خەڵکی شایستە دەستکاری دەرماڵەی ناکرێ”.

جوتیار عادل ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم چاوەڕوانە شایستە داراییەكانی هەرێم لەچوارچێوەی دەستوور دابین بكرێن، لەچەند ڕۆژی داهاتووش گفتووگۆی نێوان عیراق و ئەمریكا لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژی دەست پێدەكات، بۆیەكەمین جاریشە حكومەتی هەرێم شاند دەنێرێت بۆ ئەو دانوستانە و بەشدار دەبێت، لەگەڵ حكومەتی بەغداش لەكوێ وەستاون لەوێ لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

عیراق بەرهەمی نەوت كەمدەكاتەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆمپانیای (لۆك ئۆیڵ)ی ڕوسی، ئاماژە بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە پرۆژەی (قورنە 2) لە عیراق بە بڕِی 70 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەمەش بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی  لەنێوان وڵاتانی (ئۆپیك +) واژۆكراوە.

لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن كۆمپانیا ڕوسییەكەوە بڵاوكراوەتەوە”كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت لە هەندێك پرۆژەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتیش لە پرۆژەی خۆرئاوای قورنه 2 لە عیراق بەئەنجام گەیشتووە، بە جۆرێك كە بڕی بەرهەمهێنان بەڕێژەی 70 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە كەمكراوەتەوە”.

بەپێی ڕێكەوتنی نێوان وڵاتانی (ئۆپیك +)، لە مانگی نیسانی ڕابردوو، دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا  لە مانگی ئایاردا كەمبكرێتەوە و لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا بە بڕی 7.7 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرهەم كەمبكرێتەوە و پاشان بە بڕی 5.8 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە كەمكرنەوەى ئاستی بەرهەمهێنان تا نیسانی 2022 بەردەوام بێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان