ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

شاسوار عەبدولواحید: ئامادەین لەبری وەرگرتنی پارە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ پارە بدەین بە هاووڵاتیان

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ “تەحەدای حكومەت و بەرپرسان دەكات” سەبارەت بە پڕۆژەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و دەڵێت: “لەبری وەرگرتنی 5 هەزار لە هەر ماڵێك، پارەشیان پێ‌ دەدەین لە بەرامبەر وەرگرتنی خۆڵەكە”.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك لە نووسینێكدا بە ناونیشانی “تەحەدای حكومەت و بەرپرسانی هەرێم دەكەین” ئاماژەی بەوەكردووە، لە بری ئەوەی ماڵێك 5 هەزار دیناری لێ وەربگیرێت لە بری خۆڵ فڕێدان، ئەوا تەحەدای حكومەت دەكەین، كە ڕێمان بدەن كۆمپانیایەكی پڕۆفیشناڵی تایبەتمەند بانگهێشتی كوردستان بكەین و خۆڵی ماڵان كۆبكاتەوە و پڕۆژەی ڕیسایكلین لە شارەكانی هەرێم دروست بكات (دور لە دزی و شەریكایەتی بەرپرس) و لە بری ئەوەی پارە لە هاووڵاتییان وەربگرێت، ئەوا مانگانە بڕی 5 هەزار دینار دەداتە هەر خاوەن ماڵێك لە بری وەرگرتنی خۆڵ و خاشاكی ئەو ماڵە (بەس بەو مەرجەی جۆری جیاوازی خۆڵەكان بكەنە ناو سەتڵی جیاواز، كە بۆیان دابین دەكرێت).

دەشڵێت: “بەمە دەڵێت حوكمڕانی و ئیدارەدانی وڵات، نەك بەوەی ئێوە، بە ڕاستی شەرمە!! بەسە وا دەكەن لەم میلەتە !!”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “یەك خاوەن ماڵ پارەی خۆڵ نادات و كەس دینارێكتان پێ نادەن”.

شاسوار عەبدولواحید، كە وێنەی خۆی و منداڵەكەشی بڵاوكردۆتەوە دەڵێت: “ئەم منداڵەی من، كە تەمەنی كەمترە لە سێ ساڵ، دەزانێت كە ئێوە گروپێكی فاشیلی بەرژەوەندخوازن و تەنها بیر لە پارە و دزی دەكەنەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ خاتری خوا !! كەس هەیە نەزانێت ئێستا لە دونیادا خۆڵ پارە دەكات، نەك پارە لە خەڵك وەربگریت؟ كەس هەیە نەزانێت، كە لە ئەوروپا لە بری شوشەیەك چەند سەنتێكت دەدەنەوە؟ و دەشڵێت: “نازانم ئەم میلەتە چ تاوانێكیان ئەنجام داوە، تا وا تووشیان بووە بە تووشی ئەم فاشیلانەوە؟”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بە بڕیاری حكومەتی هەرێم لەم مانگەوە پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، كە بۆ ماڵان 5 هەزار دینارە بۆ مانگێك و بۆ دوكان و شوێنە بازرگانیەكان زیاترە.

تەحەدای حکومەت و بەرپرسانی هەرێم دەکەین:لە بری ئەوەی ماڵێک پێنج هەزار (٥،٠٠٠)دیناری لێ وەربگیرێت لە بری خۆڵ فڕێدان،…

Posted by Shaswar Abdulwahid Qadir on Wednesday, November 6, 2019

ئابوری

یاسای خانەنشینی عیراق فەرمانبەرانی هەرێم دەگرێتەوە؟

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق، كە وابڕیارە لە دانیشتنی سبەینێی پەڕلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت، پەیوەندی بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە نییە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق هیچ پەیوەندییەكی بە خانەنشینی كوردستانەوە نییە، چونكە ناوی خانەنشینانی كوردستان لە بەغدا نییە، ئەوان پرسیاریان لەو بارەیەوە كردووە و لە وەڵامدا پێیان ڕاگەیاندوون، كە جگە لە ناوی ئەوانەی لەكاتی ڕژێمی بەعسدا خانەنشینییان لەسەر بەغدا بووە و نەیانگواستۆتەوە ئەوانی تر ناگرێتەوە، بەڵام زۆربەی ئەوانەش ناوەكانیان گواستۆتەوە، بۆیە یاساكە هیچ پەیوەندییەكی بە خانەنشینانی هەرێمەوە نییە”.

لەبارەی وردەكاری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق وتی، “گۆڕانكاری هەرە گەورە لە یاساكەدا ئەوەیە، كە دەبێت تەمەنی فارمانبەر لە 60 ساڵ تێنەپەڕێت، لەسارەتاوە هەندێك بەدەركردن دانرا، بەڵام سەرۆكی پەڕلەمان ڕەتیكردەوە، كە تەواوی بەدەركردنەكان لاببرێن، بۆیە هەموو فەرمانبەرێك لە تەمەنی 60 ساڵەوە خانەنشین دەكرێت”.

جەمال كۆچەر باسی لە بوونی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی یاساكە كرد و ڕایگەیاند، “لایەنی ئەرێنی یاساكە ئەوەیە، كە هەلێكی زۆری كار بۆ بێكار و دەرچووان دەڕەخسێنێت، چونكە فەرمانبەرێكی زۆر هەن، كە 60 ساڵیان تێپەڕاندووە و خانەنشین نەبوون، بەڵام لایەنی نەرێنی ئەوەیە، كە زۆرێك لەو مامۆستا و پسپۆڕانەی لە زانكۆ حكومییەكاندا دەوام دەكەن، دەبێت دەستبەرداری ئەو مامۆستا و پسپۆڕ و وزانە ببن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە دەكرێت لەلایەن كەرتی تایبەتەوە سودییان لێوەربگرێت، چونكە ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ دەبێت خانەنشین ببن و دەستبەرداری پۆستەكانیان ببن”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی عیراق، یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراقی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عیراق بە یاسایەكی باش لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: “یاساكە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای وڵاتی پێداتێدەپەڕێت باشە و هەلێكی زۆری كار دەڕەخسێنێت”.

جەمال كۆچەر پێشبینی كرد لە دانیشتنی سبەینێی پەڕلەمانی عیراقدا دەنگ لەسەر یاسای خانەنشینی یەكگرتوو بدرێت، بەو پێیەی “لە هەموو یاساكانی تر زیاتر كۆدەنگی لەسەرە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

سەرلەنوێ‌ بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە دادەخرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
خۆپیشاندەرانی ناڕازی، جارێكی تر بەندەری ئوم قەسریان لە بەسرە داخستنەوە.

بەپێی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، ئەمڕۆ دوو شەممە، خۆپیشاندەران ڕێًگەیان لە چوونەژوورەوەی فەرمانبەران و تانكەرەكانی نەوت گرت بۆ چوونە نێو بەندەری ئوم قەسر، ئەمەش پڕۆسەكانی كارپێكردن بەڕێژەی لەسەدا 50 كەمدەكاتەوە.

بە وتەی دوو سەرچاوەی ئەو ئاژانسە، “گەر داخستنی بەندەرەكە بەردەوام بێت، بە تەواوەتی پڕۆسەكانی كارپێكردن لە ئوم قەسر ڕادەوەستێت”.

خۆپیشاندەران پێشتر لە 29ی تشرینی یەكەم تا 9ی ئەم مانگە بەندەری ئوم قەسریان داخست و ناو بەناو ڕێگەیان بە دەستپێكردنەوەی جموجۆڵەكانی كاركردن لە بەندەرەكەدا دەدا.

ئوم قەسر بەشی هەر زۆری هاوردەكانی دانەویڵە و زەیتی ڕووەكی و شەكری لێوە دەهێنرێتە عیراق، بەڵام هەناردەی نەوت هەرچەندە لە نزیك ئەو بەندەرەوە لەڕێی سەكۆ سەرئاوكەوتووەكانەوە ئەنجام دەدرێت، خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان لەسەر دروست نەكردووە.

بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە یەكەم داخستنی بەندەری ئوم قەسر، ژمارەیەك كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزیری دارایی هەرێم لەسەر 3 مووچەی ئەمساڵ ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوابەدوای ئەوەی پەڕلەمانتارێكی هەرێم ڕایگەیاند، كە مووچەی سێ‌ مانگی كۆتایی ئەمساڵ پاشەكەوت دەكرێت، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە و دەڵێت: “مووچە لەكاتی خۆیدا دەدرێت”.

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو هەواڵەی بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بە پاشەكەوتكردنی مووچەی مانگەكانی 10 و 1 و 12 دوورە لە ڕاستییەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە كاتی دەستبەكاربوونی وەك وەزیر مووچە دوانەكەتووە و لەكاتی خۆیدا دابەشكراوە.

وەزیری دارایی داواش لە هاووڵاتیان دەكات، “هۆشیاربن و باوەڕ بەهەندێك هەواڵ نەكەن، بەڵكو هەموو بڕیار و ڕێنماییەكان لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی بەشەفافی بڵاودەكرێتەوە”.

ئەمڕۆ دوو شەممە، سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند، “حكومەتی هەرێم تاكو كۆتایی ساڵ دەتوانێت مووچەی مانگی 9 بدات، بۆیە وەزارەتی دارایی پێشنیاری بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 و مووچەی مانگێكی خانەنشینی بەتەواوی نەدەن و ناوی لێبنێن پاشەكەت”.

ئەمە لەكاتێكدایە ڕۆژی شەممە 16-11-2019، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان فەرمانبەرانی دڵنیا كردەوە، كە مووچەكانیان نافەوتێت و وتیشی، “بە مەبەستی ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی ئێستا لە قۆناغی سوود وەرگرتنی بایۆمەتریداین بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكی حكومەت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان