ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە عیراق 6 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەوە، عیراق زیانی 6 ملیار دۆلاری پێگەیشتووە.

لیوای عەبدولكەریم خەڵەف، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بۆ ڕۆژی پێنجەم لەسەر یەك، خۆپیشاندەران ئەو ڕێڕەوانەیان داخستووە، كە بەرەو كێڵگە نەوتییەكان دەچن، ئەمەش مایەی قبوڵ نییە”.

بە وتەی عەبدولكەریم خەڵەف، “زیانەكانی عیراق بەو هۆیەوە 6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لەگەڵ ئەمەشدا عیراق پابەندبوونی هەیە بەرانبەر پارێزگاریكردن لە بەندەرەكانی هەناردەكردنی نەوت”.

وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەڵێت: “ژمارەیەك بە جلوبەرگی سەربازییەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا پێكداهەڵپژان، ئەمەش چەواشەكردنێكی گەورە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دروست دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا بەربەستێكی گەورەمان بە چواردەوری خۆپیشاندەراندا دروستكردووە، بەو هۆیەی زانیاری ئەوەمان پێگەیشت، كە هەندێك هەوڵ دەدەن ڕەوشەكە لە گۆڕپانی تەحریر بشێوێنن”.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، خۆپیشاندەران لە پارێزگەی بەسرە و چەند پارێزگەیەكی تری عیراق، دامەزراوە نەوتییەكان و بەندەری ئوم قەسرییان داخست، ئەمەش هەنگاوێكی بێ‌ پێشینە لە خۆپیشاندانەكانی عیراقدا دادەنرێت، كە تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و باشكردنی خزمەتگوزاری دەكەن و تا ئێستا لەو پێناوەدا سەدان كەس كوژراون و هەزارانی تر برینداربوون.

ئابوری

یاسای خانەنشینی عیراق فەرمانبەرانی هەرێم دەگرێتەوە؟

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق، كە وابڕیارە لە دانیشتنی سبەینێی پەڕلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت، پەیوەندی بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە نییە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق هیچ پەیوەندییەكی بە خانەنشینی كوردستانەوە نییە، چونكە ناوی خانەنشینانی كوردستان لە بەغدا نییە، ئەوان پرسیاریان لەو بارەیەوە كردووە و لە وەڵامدا پێیان ڕاگەیاندوون، كە جگە لە ناوی ئەوانەی لەكاتی ڕژێمی بەعسدا خانەنشینییان لەسەر بەغدا بووە و نەیانگواستۆتەوە ئەوانی تر ناگرێتەوە، بەڵام زۆربەی ئەوانەش ناوەكانیان گواستۆتەوە، بۆیە یاساكە هیچ پەیوەندییەكی بە خانەنشینانی هەرێمەوە نییە”.

لەبارەی وردەكاری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق وتی، “گۆڕانكاری هەرە گەورە لە یاساكەدا ئەوەیە، كە دەبێت تەمەنی فارمانبەر لە 60 ساڵ تێنەپەڕێت، لەسارەتاوە هەندێك بەدەركردن دانرا، بەڵام سەرۆكی پەڕلەمان ڕەتیكردەوە، كە تەواوی بەدەركردنەكان لاببرێن، بۆیە هەموو فەرمانبەرێك لە تەمەنی 60 ساڵەوە خانەنشین دەكرێت”.

جەمال كۆچەر باسی لە بوونی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی یاساكە كرد و ڕایگەیاند، “لایەنی ئەرێنی یاساكە ئەوەیە، كە هەلێكی زۆری كار بۆ بێكار و دەرچووان دەڕەخسێنێت، چونكە فەرمانبەرێكی زۆر هەن، كە 60 ساڵیان تێپەڕاندووە و خانەنشین نەبوون، بەڵام لایەنی نەرێنی ئەوەیە، كە زۆرێك لەو مامۆستا و پسپۆڕانەی لە زانكۆ حكومییەكاندا دەوام دەكەن، دەبێت دەستبەرداری ئەو مامۆستا و پسپۆڕ و وزانە ببن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە دەكرێت لەلایەن كەرتی تایبەتەوە سودییان لێوەربگرێت، چونكە ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ دەبێت خانەنشین ببن و دەستبەرداری پۆستەكانیان ببن”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی عیراق، یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراقی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عیراق بە یاسایەكی باش لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: “یاساكە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای وڵاتی پێداتێدەپەڕێت باشە و هەلێكی زۆری كار دەڕەخسێنێت”.

جەمال كۆچەر پێشبینی كرد لە دانیشتنی سبەینێی پەڕلەمانی عیراقدا دەنگ لەسەر یاسای خانەنشینی یەكگرتوو بدرێت، بەو پێیەی “لە هەموو یاساكانی تر زیاتر كۆدەنگی لەسەرە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

سەرلەنوێ‌ بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە دادەخرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
خۆپیشاندەرانی ناڕازی، جارێكی تر بەندەری ئوم قەسریان لە بەسرە داخستنەوە.

بەپێی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، ئەمڕۆ دوو شەممە، خۆپیشاندەران ڕێًگەیان لە چوونەژوورەوەی فەرمانبەران و تانكەرەكانی نەوت گرت بۆ چوونە نێو بەندەری ئوم قەسر، ئەمەش پڕۆسەكانی كارپێكردن بەڕێژەی لەسەدا 50 كەمدەكاتەوە.

بە وتەی دوو سەرچاوەی ئەو ئاژانسە، “گەر داخستنی بەندەرەكە بەردەوام بێت، بە تەواوەتی پڕۆسەكانی كارپێكردن لە ئوم قەسر ڕادەوەستێت”.

خۆپیشاندەران پێشتر لە 29ی تشرینی یەكەم تا 9ی ئەم مانگە بەندەری ئوم قەسریان داخست و ناو بەناو ڕێگەیان بە دەستپێكردنەوەی جموجۆڵەكانی كاركردن لە بەندەرەكەدا دەدا.

ئوم قەسر بەشی هەر زۆری هاوردەكانی دانەویڵە و زەیتی ڕووەكی و شەكری لێوە دەهێنرێتە عیراق، بەڵام هەناردەی نەوت هەرچەندە لە نزیك ئەو بەندەرەوە لەڕێی سەكۆ سەرئاوكەوتووەكانەوە ئەنجام دەدرێت، خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان لەسەر دروست نەكردووە.

بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە یەكەم داخستنی بەندەری ئوم قەسر، ژمارەیەك كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزیری دارایی هەرێم لەسەر 3 مووچەی ئەمساڵ ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوابەدوای ئەوەی پەڕلەمانتارێكی هەرێم ڕایگەیاند، كە مووچەی سێ‌ مانگی كۆتایی ئەمساڵ پاشەكەوت دەكرێت، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە و دەڵێت: “مووچە لەكاتی خۆیدا دەدرێت”.

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو هەواڵەی بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بە پاشەكەوتكردنی مووچەی مانگەكانی 10 و 1 و 12 دوورە لە ڕاستییەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە كاتی دەستبەكاربوونی وەك وەزیر مووچە دوانەكەتووە و لەكاتی خۆیدا دابەشكراوە.

وەزیری دارایی داواش لە هاووڵاتیان دەكات، “هۆشیاربن و باوەڕ بەهەندێك هەواڵ نەكەن، بەڵكو هەموو بڕیار و ڕێنماییەكان لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی بەشەفافی بڵاودەكرێتەوە”.

ئەمڕۆ دوو شەممە، سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند، “حكومەتی هەرێم تاكو كۆتایی ساڵ دەتوانێت مووچەی مانگی 9 بدات، بۆیە وەزارەتی دارایی پێشنیاری بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 و مووچەی مانگێكی خانەنشینی بەتەواوی نەدەن و ناوی لێبنێن پاشەكەت”.

ئەمە لەكاتێكدایە ڕۆژی شەممە 16-11-2019، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان فەرمانبەرانی دڵنیا كردەوە، كە مووچەكانیان نافەوتێت و وتیشی، “بە مەبەستی ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی ئێستا لە قۆناغی سوود وەرگرتنی بایۆمەتریداین بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكی حكومەت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان