ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

سەعدی پیرە: هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق بۆ گەوجاندنی خەڵكە


خەڵك – ئارام سەردار

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتییەكە و لایەنە سیاسییەكان، ڕاگەیاندنی یەكڕیزی خەڵكی كوردستان بوو لەڕووی ئابووری و سیاسیی و سەربازییەوە بۆ بەرگری كردن لەماف و دەستكەوتە دەستوورییەكانمان.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆك كۆمار لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە(تۆڕی مدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ كرا كۆبوونەوەی دووەمە لەسەر دۆخی عیراق، جێگای دەست خۆشییە لە سەرۆكی هەرێم كە سەرجەم لایەنەكان ئەوانەی لەدەسەڵاتن یان ئۆپۆزسیۆن بەشداربوون، ئەوەش یەكێكە لە خاڵە ئەرێنییەكان كەوا سەرجەم ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان وەلانراوە، چۆن پشتیوانی لە بابەتی ڕۆژئاوا كرا ئەمڕۆش لێكۆڵینەوە لەبارودۆخی بەغدا و بەگرنگ وەرگرتنی ئەو بابەتە بووە، هەروەها ڕاگەیاندنی یەكڕیزی خەڵكی كوردستان بوو لەڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە بۆ بەرگری كردن لەماف و دەستكەوتە دەستوورییەكانمان.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت، خۆزگە ئەو دۆخە لە عیراق دروست نەبووبا، بەڵام بۆ جاری یەكەمە كە لایەنە عیراقییەكان ناتوانن بڵێن كێشەكان ئێوەن و خەڵك ڕقیان لە كوردە، چونكە لەم خۆپیشاندانانە كەماوەیەكی زۆرە كەمترین جار باسی كورد كراوە و بەهیچ شێوەیەك كورد وەك فاكتەرێك بەكار نەهاتووە، بۆیە ئەوانەی پێشتر وایان نیشان دەدا كەوا بەهۆی پشتیوانی ئێمە ئەو باجە دەدەن، ئەمڕۆ بەشەرمێكی زۆرەوە ئەو شتانەمان لەگەڵ باس دەكەن.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی، ئەو دۆخەی لە عیراق هەیە گرنگە و هەڕەشەشە لەسەر بابەتە جیاجیاكانی كوردستان، چونكە ئەگەر مینای ئوم قەسر دابخرێت بازرگانەكانی ئێمە زیان دەكەن، كێشەش هەبێت لەپارێزگاكانی تر ئاوارەی زیاترمان دەبێت، بۆیە نیگەرانین لەم دۆخەی عیراق و ئازارەكانی خەڵكی عیراق، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆش هەموومان پشتیوانیمان كردووە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و هەلی كار و دامەزراندن و ئاسایش وڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەندین بابەتی تر.

لەبارەی هەمواری دەستووری عیراق سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەدا، ئەمە گەوجاندنی خەڵكە، چونكە دەستوور جێبەجێ كراوە تا كێشەی هەبێت، ئەوەی لە عیراق ڕوودەدات پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاسایش و نەدۆزینەوەی هەلی كار و گەندەڵییە چ پەیوەندی بەدەستوور هەیە، بۆیە شتێكی قێزەونە كە باس لەگۆڕینی دەستوور دەكرێت، چونكە خەتا لەدەستوور نییە بەڵكو خەتا لەو كەسانەیە كەڕێگا لەجێبەجێ كردنی دەستوور دەگرن، یەكێك لەكێشەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش لەڕابردوو لەسەر جێبەجێ نەكردنی دەستوور بووە، لەبەر ئەوە بابەتی گۆڕینی دەستوور لەدوو جێگا هاتووە، لەهەندێ وڵاتیش زۆرجار ڕیفۆرم لە دەستوور كراوە، بەڵام ڕیفۆرمی دەستوور وەك تۆڵەكردنەوە و سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و تەعریب نابێت سەیر بكرێت، بەڵكو دەبێت وەك پڕۆسەیەكی سیاسی ئاسایی سەیربكرێت، ئەوەش لەبارودۆخێكی هێمندا دەكرێت نەوەك لەم سەنگەر بەندیەی ئێستا.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لاریمان نییە لەوەی دەستوور هەموار دەكرێت یان نا، بەڵام پێویستە لەبارودۆخێكی ئاساییدا بێت و پێویستە ئازادییە دیموكراتییەكان و مافی ژنان و هەرێمەكان و هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكان پارێزراو بێت، ئەو بابەتانەی پرسی گێڕانەوەی مافە بپارێزرێت.

عێراق

“دەست بە ئامادەكاری بۆ ساختەكاری لە هەڵبژاردنی داهاتوو كراوە”


خەڵك- بەشی هەواڵ
سەركردەیەكی بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدانی سوننەكانی عیراق، كە لەلایەن نوجێفی-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ئاشكرای دەكات، كە كوتلە سیاسییەكان دەستیان كردووە بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

حازم جەنابی، سەركردەیەكی بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدان بە ئاژانسی (المعلومە)ی ڕاگەیاندووە، ئەوەی ڕوودەدات لە گۆڕانكاری لە فەرمانبەرانی كۆمسیۆن نیشانەی ئەوەیە، كە هەندێك لە كوتلە سیاسیەكان دەیانەوێت دەستوەردان و یاری بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە بكەن.

ڕاشیگەیاندووە، بەشدارانی پڕۆسەی سیاسی كاردەكەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا ساختەكاری گەورە بكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پاك و بێگەرد نابن بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا سیاسییەكان كۆنتڕۆڵی دۆخی سیاسی وڵاتیان كردووە.

لای خۆشیەوە، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو هۆشداری دا بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق كە دانانی بەرپرسی ئۆفیس و بەش و لقەكانی لە پارێزگاكان دوور لە حیزبە باڵادەستەكان بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ویستوویانە لەڕێگەی چاوپێكەوتنی سكایبەوە، كە تەنها چەند خوولەكێكی خایاندووە بەرپرسی ئۆفیس و بەشەكان دابمەزرێنێت، كە ئەمەش كارەساتی گەورەی لێدەكەوێـتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق 260 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماكرا


خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، بەردەوام ژمارەی تووشبووان كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوونە و ئەمڕۆ یەكشەممە 260 كەس تووشبوون و 46 كەسیش چاكبوونەوە 10 كەسیش گیانیان لەدەستداوە .

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی ئایاری 2020 پشكنین بۆ 5 هەزار و 381 ئەنجامدراوە و 260 كەس ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیف دەرچوون ، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون و 24 كەسیش لە سلێمانی و 7 لەكەركوك و 4 لە دهۆك تۆماركراوە.

ڕاشیگەیاندووە، هەر ئەمڕۆ 46 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەوە، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون هاوكات 10 حاڵەتی مردنیش بەو ڤایرۆسە تۆماركرا.

ئاشكراشی كردووە، كۆی گشتی تووشبووان بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 6 هەزار و 439 كەس و چاكبوونەوەش 3 هەزار و 156 كەس و مردنیش 205 كەس و دەشڵێت:”هێشتا 3 هەزار و 78 كەس لەژێر چاودێری پزیشكیدان و 46 توشبوون لە چاودێری چڕدان”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

چەند هەوڵێكی داعش بۆ كردەوەی تیرۆرستی لە عیراق و هەرێمی كوردستان شكستی پێهێنرا


خەڵك- بەشی هەواڵ

شانەی سقوور لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق شكست پێهێنانی چەند هەوڵێكی داعش بۆ كردەوەی تیرۆرستی لە ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و دەشڵێت: “دوو سەركردەی داعش دەستگیر كراون”.

ئەبو عەلی بەسری، سەرۆكی شانەی سقوور و بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و دژە تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە راگەیاندنی فەرمی عیراقی ڕاگەیاندووە، “لەم ئۆپەراسیۆنەدا دوو تیرۆریستی داعشمان لە بەسرە بەناوەكانی شەهاب رائید عەبدوللـەتیف تەمیمی و یاسر خالیدی دەستگیركرد، كە بەرپرسی پەیوەندیكردن و كۆكردنەوەی پاشماوەی داعش بوون لە پارێزگا ڕزگاركراوەكان.

ئاشكراشی كردووە، ئەو دوو تیرۆریستە پێشتر كردەوەی تیرۆریستییان دژی هێزە چەكدارەكان و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ئەنجام داوە، هاوكات لە سەردەمی دەسەڵاتداری داعش لە نەینەوا و رومادی و سەڵاحەدین لە ساڵی 2014 سەرانەیان لە خەڵكی وەرگرتووە و هاووڵاتیانیان ئەشكەنجەداوە.

بەسری دەشڵێت: “لە چەند ئۆپەراسیۆنێكی خێرا توانیمان بەمدواییە شكست بە چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی بهێنین، كە بەغدا و پارێزگاكان و هەرێمی كوردستانیان دەكردە ئامانج”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان