ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

نامەیەك بۆ سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و كەسی یەكەمی حزبەكان

عوسمان گوڵپی

لای هەموان ڕوونە كە ناوچەكە بەگشتی و عێراق بە تایبەتی بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ڕووداو گۆڕانكاریەكان بە جۆرێكن كە پێشبینی كردنیان ئاسان نیە، ئەوەی تاڕادەیەك ڕوونە ئاڵۆزبوونی دۆخەكەیە بەجۆرێ كە ئێستا ئارامترین ڕۆژەكانی عێراقە، خۆتان باش دەزانن كە عێراق ئەوەی بڕیاری تێدادەدات عێراقیەكان نین !، بوونی دەستی چەندین وڵاتی زلهێز لە عێراق بەتایبەت ئەمریكاو ئێران كە هەردووكیان زیاتر لە عێراقیەكان خۆیان بە خاوەنی عێراق دەزانن، بوونی هەموو ئەو ناكۆكیە مەزهەبی و تایفیەی كە هەیە، وایكردوە تێكچونی دۆخی عێراق لە هەر وڵاتێكیتر ئاسانتربێت.

ڕاستە خەڵكی عێراق ماندووی گەندەڵی و ململانێی ناشەریفانە و كەمی خزمەتگوزاریە، گەنجێكی عێراقی لە وڵاتێكی دەوڵەمەندا بێكارە و گیرفانی خاڵیە، حەقیەتی بێتە سەرشەقامەكان و یەخەی بەرپرسەكانی بگرێت، بەڵام ئەمە هەموو وێنەكە نیە بەڵكو بەرژەوەندیە فراوانەكانی زلهێزان و بونی نفوزی دەوروبەر وایكردوە كە عێراق ڕوو بەڕووی داهاتوویەكی نادیار ببێتەوە و ئێمەش وەك بەشێك لە عێراق ئاسان نیە بەم دۆخەوە نەبینە سوتەمەنی.

ئەمڕۆ و ڕۆژانی داهاتو كاتی كۆبونەوە ئاشكراو نهێنیەكانتانە، بۆیە داواتان لێ دەكەم بەرپرسانە مامەڵەبكەن چونكە دۆخەكە زۆر هەستیارە، ئێوە ئەركێكی قورسی چارەنوسسازتان لەبەردەستایە بۆیە دەبێت زۆر ورد مامەڵە بكەن، چونكە بڕیاری دۆستایەتی و دژایەتی لە دۆخێكی ئاوادا كە لە ناوچەكە دەگوزەرێ ئاسان نیە و لێكەوتەی دەبێت بۆ داهاتوو.

سەبارەت بە ناوخۆش كە كۆدەبنەوە بیرلەوە مەكەنەوە كە چۆن ڕێگە بگرن لەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی نەگاتە شارەكانی هەرێم، ڕێگا دامەنێن بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان لە ئەگەری سەرهەڵدانیدا بەڵكو بیربكەنەوە كە چی دەكرێت لە ئێستادا بەخێرایی بۆ خەڵكی بكەن تا نەگاتەوە ناڕەزایی، ڕێگای ڕێگری لە ناڕەزایی مەگرنەبەر، بەڵكو هۆكاری ناڕەزایی بنەبڕبكەن، چاكسازی ڕیشەی بەخێرایی دەست بدەنێ و پێداویستیەكانی خەڵك دابین بكەن، ڕێكارەكانی خزمەتكردنی خەڵك بگرنەبەر، لەوە تێبگەن كە خەڵكی هەرێم نیگەران و ناڕازیە بەڵام نایەوێ هەنگاوێك هەڵگرێ كە هەموان باجەكەی بدەن، ئیدی لەسەر ئێوەیە سود لە دڵسۆزی خەڵك ببینن بۆ خزمەتكردنی نەك بۆ بێدەنگكردنی.

دۆخی عێراق نادیارە و ململانێ نێوخۆییەكان بە سپۆنسەری ململانێ گەورەكەی ناوچەكە بەرە و زیاتر دەڕوات، بۆیە هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەك دەنگی و گفتوگۆ هەیە، دەبێت چاك لەوە تێبگەن كە ناكۆكی و دوور كەوتنەوە لەیەك بە زیان بۆ هەموومان دەشكێتەوە،
بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەكان وەلا نێن و كوردانە و بەرپرسانە بیر بكەنەوە و پلان دابڕێژن، پێكەوە دەست لەناو دەست لە پێناو داهاتوو و پاراستنی خەڵكا كۆببنەوە و یەكڕیزبن.

هەر گۆڕانكاریەك كە لە عێراقدا ڕووبدات كاریگەری دەبێت لەسەر هەرێم، بۆیە دەبێت بەوریاییەوە هەنگاو هەڵگرین و بەدوای بەهێزكردنی هەرێمەكەمانەوەبین، لە ئەگەری هەر گۆڕانكاریەكیشدا ساز و ئامادە و یەك دەنگبین، هەندێك جار خەونی سەدان ساڵ لە گۆڕانكاریەكی خێرادا دەبێتە واقیع گەر بتوانین سود لە كات و گۆڕانكاریەكان ببینین.

ڕاستە عێراق سەرقاڵ دەبێت بە خۆیەوە بەڵام بیرتان بێت دراوسێكانمان چاویان لەسەر هەرێمە و ئەوان بۆ فرسەتێك دەگەڕێن كە بمانگلێنن، بۆیە هیچ كات سەرقاڵ مەبن بەیەكترەوە و هەموو ناكۆكیەكان وەلانێن، شكستی هەرلایەكتان شكستی ئەویترتانە و كاتی یەكتر بەكەم زانین و ڕابردوو فرۆشتنەوە نیە بەیەك، كاتی شەڕی حیزبەكان نیە لەسەر پۆستەكان و تۆڵەكردنەوە لەیەك وەلانێن، گەورەتر لە ڕابردوو بیربكەنەوە، مەسەلەی نەتەوەیەكی ماندووی غەدر لێكراوی قوربانیدەر گەمەی منداڵان نیە كە لە دەستی ئێوەدایە، ئەوەی پێتان دەكرێ بیكەن بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی چاوەڕوانكراو و لە پێناو چاكەی گشتیدا هەموو ڕێگاكان بگرنەبەر چونكە ئەوەی بەدوای چاكەی گشتیەوە بێت مێژوویەكی جوان دەنوسێتەوە و بۆ خۆشی سودمەند دەبێت لە داهاتوو، بیرتانبێت نەوەكانی سبەینێ لێتان خۆش نابن گەر نەتوانن ئێستا بە گەورەییەوە بدەنە دەست ئەوان، بە پێچەوانەشەوە دەبنە شانازی ئەوان.

 

وتار

کێن فاسۆلیا خۆرەکان!؟

لوقمان غەفوور

عەقڵ ئێرانییەکان لە کوردستانی باشور کەوتوونەتە چ شیکردنەوەیەکی شەیتانانە بۆ ئەوەی خەباتی خۆپیشاندانی کوردانی خۆرھەڵات کەم دیدە بگرن، ئەڵێن بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوا شۆڕشە وەک کوردانی خۆرھەڵات نین بۆ بەنزین ھاتبنە سەر شەقامەکان. سوککردنی ئەم خەباتە مەدەنییە تەنیا و تەنیا نانەوەی ناکۆکیی و کەمکردنەوەی پشتیوانییە بۆ خەڵکی خۆرھەڵات لەلایەن باشورەوە.

ئەم دیدە، دیدێکی دوژمنکارانەیە، دیدێکە ھاوخەباتی نەتەوەیەک لێکدانی سفر دەکەیت  لەڕاستیدا نەزانیش ڕادە و پلەی خۆی ھەیە، لەبەرئەوەی خەلکێک لەڕووی سۆزەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری خۆرئاوا باوەڕ بەم جۆرە لێکدانەوانە دەکەن، بێئەوەی، ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بوەستنەوە و پێی بڵێن مێژووی خەباتی چەکداری لە خۆرھەڵات و باکور و باشور و خۆرئاوا دیار و بەرچاوە، ھیچ پێویست بە کەس ناکات شیکردنەوەی بۆ بکات. نە پێویستیش بەوە دەکات کەسی تیا بکەینە پاڵەوان و کەسیشی تیا بکەینە ترسنۆک.

ھەر کەسیش حەزی بە خوێندنەوەی مێژووی شۆڕشی ئەم چوار پارچەیەیە ئەتوانێت بەدوایا بگەڕێت، کە من بۆ خۆم ھەر کوردێک لە ھەر شوێنێک تێکۆشابێت ڕێزی لێدەگرم نەک بە فاسۆلیاخۆر و تەمبەڵی لە قەڵەم بدەم، کە مەبەست حزبەکانی خۆرھەڵاتە، ئەویش ھۆکاری خۆی ھەبووە کە لە دوای ١٩٩٣ەوە بۆچی بێدەنگیان ھەڵبژارد.

ئەگەر مەسەلەکە قوربانیدان بێت ھیچ پارچەیەک بەقەد باشور خەباتگێڕ و قوربانیدەر نەبووە تەنیا ئەنفال بەسە بۆ ناسنامەی قوربانی باشوور  ئەگەر خەبات بێت ھیچ پارچەیەک بەقەد ڕۆژئاوا مێژووەکەی خاڵی نییە لە قوربانی، بەڵام کوردایەتی و قوربانی و خەباتکردن ئاوا ناپێورێت.

خەڵکی خۆرھەڵات لەمکاتەدا لەھەموو کات زیاتر پێویستی بە پاڵپشتییە، دەبوو خۆپیشاندانی گەورە لە باشور بۆ پشتیوانی بکرایە. کە ناکراوە و ناکرێت، گونجاو نییە سوکایەتی بەو خەباتەی ئێستا و ھێزە سیاسییەکانیان بکەین و بە فاسۆلیاخۆر و ترسنۆک یان بزانین.

بەداخەوە ئەو نیگەرانییەی من ھەمە ھی ئەوەیە خەڵک ڕۆژانە ئاگای لێ نییە چەند گەنج تەنیا لەسەر قسەکردن دەخرێنە زیندان و لەسێدارە دەدرێن. ھەندێک لە باشور بێئاگا لەوەی لە خۆرھەڵات چی ڕوودەدات شیکردنەوە بۆ ئەوە دەکات ئەمانە دژی زیادبوونی نرخی بەنزین ھاتوونەتە سەر شەقامەکان. کەواتە من بەو کەسانە دەڵێم ئێوەش بۆ پارە و مووچە ئەھاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانتان دژی حکومەتی ھەرێم دەکرد نەک بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت و سەروەری یاسا و ئازادی.

لەلایەکی ترەوە مرۆڤ کە نەیزانی جیاوازی شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپیشاندان چییە ئەکەوێتە ھەڵەوە. خەڵکی خۆرئاوا قۆناغی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی و شۆڕش یان تێپەڕاندووە. ئەوان لەناو شارەکان خۆیان بەڕێوە دەبەن. سەرۆکایەتی شارەوانییەکان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بەڕێوە دەبەن. ئەوەی ئەوان ئێستا ڕووبەڕووی بونەتەوە جەنگە دژی کۆلۆنیالیزم، کە ئەمە جەنگی دوای پارتیزان و شۆڕش و ڕاپەڕینە.

ویستم لە کۆتایدا بیری ئەو ئێرانیزمانە بێنمەوە کە ئەوەی شارەزایی ھەبێت لە ھەرەمەکەی زانای سایکۆلۆژی (ماسلۆ) دەزانێت یەکەم پێداویستی کە ئینسان ئەخاتە دۆخی ناڕازایی و تەنگانەوە پێداویستییە فیسیۆلۆژییەکانە، کە سەرچاوەی تەقینەوەی ناخی ئینسانە  پێداویستییەکانی وەک خۆراک و خواردنەوەو ھەوای پاک و بەرگ و پێداویستی کە نان نەبوو کەرامەتی ئینسان ئەکەوێتە ترسەوە بەدوای ئەودا ئینجا پێداویستیێەکانی ئاسایش و ئارامی دێت  بەدوای ئاسایش و ئارامی ئەوکات پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێزگرتنی خود و پێداویستی گەیشتن بە ئامانج دێت و ئینسان ئەتوانێ بژی.

کوردی خۆرھەڵات لە پێداویستی یەکەم پێبەشکراوە، ئیتر باسی پێداویستییەکانی تری چی لەگەڵ بکەین کەواتە ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی ھەبێت  ھەموو ئازارێک لە ئامەد یان لە سەقز و ھەولێر و قامیشلو ھەبێت ھەمان ئازارە لە دھۆک و سنە و کۆبانێ ئەگەر باوەڕیشمان بەوە بێت و دیدی خەبات وا ببینین تەنیا خەبات و قوربانی لای ئەوانەیە تەنیا ئاپۆ-یانە بیرئەکەنەوە ئەوە لای من ئەم دید و تێڕوانینە بەتەواوی ڕەتکراوەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

لە ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆدا

پارێزەر- لوقمان مصطفی صالح

هه‌موو ساڵێك به‌روارى ١٧ى تشرینى دووه‌م، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆیە و ساڵانە زیاترلە چەندین کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە جیهاندا گیان لە دەست دەدەن،ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆ ساڵانە لە ١٧ی تشرینی دووەم یادی دەکرێتەوە بۆ دەربڕینی هاوخەمی قوربانیانی هاتوچۆ، له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا ئه‌مڕۆ‌ پشووه‌ و ڕێنوێنی ده‌گه‌یه‌ننه‌ هه‌موو خاوه‌ن ئۆتۆمبیڵێك.هەر بەبۆنەی ئەم یادەوە بە گرنگی دەزانم تیشکێک بخەمەسەر شۆفێری و کاری شۆفێری، یاساکانی ئەم بوارە گرنگە،کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ڕۆژانەی هەر یەکێکمانەوە هەیە.

کاری شۆفێری لە ژێر ڕۆشنایی وڕێنومایی وپەیڕەو کردنی یاساکانی هاتوو چۆودا، بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، وەک شۆفێرێک هه‌ڵسوكه‌وتێكی شارستانی و ئاكارییه‌،واته‌ شۆفێری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حه‌ز و ئاره‌زوو هونه‌ر وره‌وشته‌، پێویسته‌ پابه‌ندی لێخوڕینیێكی ته‌ندروستانه‌ بكرێت، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گونجاوترین رێگا بۆ گه‌یشتن به‌ شوێنی مه‌به‌ست به‌ سه‌لامه‌تی هه‌روه‌كو ده‌وترێت (درەنگ بگەی باشترە لەوەی کە هەرنەگەی). چونکە لەزۆربەی هەرە زۆری ڕوداوەكاندا شۆفێر بە هۆكاری یەكەم دەزانرێت، بۆیە پسپۆران‌ و شارەزایانی بواری هاتوچۆ چەندین توێژینەوەی زانستی جیاجیایان كردوە سەبارەت بە شۆفێر‌و کاری شۆفێریكردن ‌و ئەو مەرجانەی كە پێویستن بۆ شۆفێریكردن، لەوانە :- پێویستە شۆفێر لەڕوی جەستەوە جەستەیەكی ڕێك‌و بێ‌ كەموكوڕی هەبێت بۆئەوەی لەكاتی پێشهاتەكاندا بتوانێت بەزویی وەڵامدانەوەی هەبێت، هاوكات پێویستە لەكاتی شۆفێری كردندا هەموو بیرو هۆشی لەلای ڕێگاوبان‌و ئۆتۆمبیلەكەی بێت، خاڵێكی دیكە ئەوەیە پێویستە شۆفێر دڵنیابێت لە توانای شۆفێریكردنی خۆی‌و بەتەواوی لەوبوارەدا شارەزا بێت، ئینجا شۆفێری بكات بەتایبەتی لەسەر ڕێگای خێرا ‌و دەرەوەی شارەكان‌و لەهەموو گۆڕینێكی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبیلدا هێمای تایبەت بەكار بهێنێت.كاتێك شۆفێری شارەزاو بەتوانا شۆفێری دەكەن، جگە لەو خاڵانەی باسكران هۆكاری دیكە كاریگەری دەبێت بۆسەریان‌و زۆرجار دەبنە هۆكاری ڕوداوەكان، ئەوانیش: – چاوكزی یان باش نەبیستن، هاوكات ماندووبون‌و ترس‌و مێشك هیلاكی یان خەواڵو بون، لەهەموشی مەترسیدارتر كاریگەری مادە هۆشبەرەكانە لەكاتی شۆفێری كردندا.

شۆفێر گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ راپه‌ڕاندنی هۆیه‌كانی هاتوچۆ و گواستنەوەدا بۆیه‌ پیویسته‌ شۆفێر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تیابێت كاتیك كه‌ شۆفیری ئه‌كات.
– 1 ئه‌بێت له‌روی توانای دەروونیەوە ته‌واو ئاماده‌بێت بۆ شۆفێری کردن.
– 2  ئه‌بیت له‌ڕوی هه‌ست كردن به‌ ئەگەرە‌ نه‌خوازراوه‌كان به‌ردەوام به‌ ئاگابێت.
– 3  پێویستە شۆفێر لەوپەڕی هۆشداریدا بێت.
4 – شاره‌زا بێت یان کەمێک شارەزایی له‌ چاك كردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل هەبێت.
5 – ئه‌بێت ڕێنمایی هه‌موو سه‌رنشینه‌كان بكات بۆ به‌جێهێنانی ڕێنماییه‌ پێویستەکان.وه‌ك (به‌كارهێنانی پشتوێنی سه‌لامه‌تی، دانیشتن بەشێوازێکی سەلامەتخوازانە، زۆر قسەنەکردن لەگەڵ شۆفێر)
– 6 دلنیابونه‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ پێش هاژوشتنی، وه‌ك (تایه‌كان ، ده‌رگاكان ، ئاوێنه‌كان ،پاتری ، فڵچه‌كان) وه‌ گرنگترین به‌ش كه‌ ئه‌بێت ئاگاداری بیت ئه‌وه‌یه‌ دلنیابێت له‌ مه‌كینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و دڵنیابێت ڕادێته‌ر ئاوی لێنەچێت، یاخود پلاكی توانای کارکردنی ماوە هەروەها مه‌كینه‌كه‌ی ڕۆنی لێنەچێت.
-7 پێویسته‌ شۆفیر ئاگاداری ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆبێت و شاره‌زابێت له‌ ناسینه‌وه‌ی هێماكان و وه‌ پێویسته‌ ته‌واو گرنگی بدات به‌ هێڵه‌كانی سه‌ر شەقامەکان و ئاماژەکانی پۆلیسی هاتوچۆ و ترافیک لایت.بەپێی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ پێویسته‌ ڕه‌چاوی خێرایی بكرێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان چ لەناوشارویاخود دەرەوەی شار،بۆ نمونە:-
نـاوشـار:
40 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی قاتره‌ و مقتوره‌
60 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبه‌ت،له‌ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی چڕو خوێندنگاو به‌رده‌م مزگه‌وت و سوپه‌رماركێت و ڕِیستۆرانته‌كان ئه‌م ڕێژه‌یه‌ دائه‌به‌زێت بۆ 40 تا 15 كم/ كاتژمێر.
ده‌ره‌وه‌ی شـار/
60 كم/ كاتژمێر بۆ قاتره‌ و مقتوره‌.
70 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی بارهه‌ڵگر
80 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی پاص و ته‌كسی.
100كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبه‌ت.
-گرنگه‌ جیابكرێیته‌وه‌ به‌ ڕه‌وشت و چێژ له‌كاتی شۆفێری كردندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو خێزان و خانه‌واده‌كه‌تدا هه‌ته‌… تۆ وه‌ك شۆفێر پێویسته‌ ڕه‌وشت به‌رزو ڕاگری هه‌ستی ئه‌وانی تر بیت كه‌ شه‌قام به‌كارده‌هێنن وه‌ك ( شۆفێرانی تر، پیاده‌و شۆفێری ماتۆڕسكیل و پاسكیل ).. كاركردن به‌ ڕه‌وشت له‌سه‌ر شه‌قام شۆفێرییه‌كی سه‌لامه‌ت بۆ هه‌مووان به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

ئەگەر شۆفێر پێچەوانەی یاساکانی هاتوو چۆ رەفتاری کرد ئەوەیاسای هاتووچۆ ياسای ژماره‌ (86)ی ساڵی 2004 مادە٢٤ بە پێی ئەو یاسایە واتە یاسای سزادانی عێراقی سزادەدرێت.

مادده‌ی بيست و چوار
برگه‌ی یه‌که‌م…
ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی مردنی که‌سك له‌ئه‌نجامی لێخورینی ئۆتۆمۆبێل بێت به‌ ره‌چاونه‌کردنی یاساکان وسیسته‌مه‌ تۆمارکراوه‌ تایبه‌ته‌کان ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن‌ (سجن) له ‌(٥) پێنج ساڵ که‌مترنه‌بێت وله‌ (٧) حه‌وت سال زیاتر نه‌بێت ،يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (١٠٠٠٠٠٠)یه‌ک ملیۆن دینار که‌مترنه‌بێت و له‌ (١٥٠٠٠٠٠)یه‌ک ملیۆن وپێنج سه‌دهه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت ، يان هه‌ردوو سزاکه‌.
برگه‌ی دووه‌م…
ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وت ئه‌و تاوانه‌ی که‌ له‌ برگه‌ی (١)دا باسکراوه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی مردنی که‌سێک زیاتر(واته‌ دوو که‌س) له‌ئه‌نجامی لێخورینه‌که‌ وه‌یان مردنی که‌سێك وگه‌یاندنی ئازار یان نه‌خۆشی گه‌وره‌ یان دووچاری ده‌ردوو به‌ڵاو په‌که‌وته‌یی به‌ یه‌ک که‌س زیاتر بگه‌یه‌نێت ‌ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن (سجن)له‌(٧)حه‌وت ساڵ که‌متر نه‌بێت و له‌ (١٠)ده‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (١٥٠٠٠٠٠) یه‌ک ملیۆن پێنج سه‌د هه‌زار دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٣٠٠٠٠٠٠) سێ ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت ، یان هه‌ردوو سزاکه‌.
برگه‌ی سێ یەم……
ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆى مردنی که‌سێک له‌ئه‌نجامی لێخورینى ئۆتۆمۆبێل (هەرئۆتۆمۆبێلێک)بە پشت گوێ خستن یان گوێ نەدانە رێنماییەکان وه لەژێر کارى سەرخۆشى یان بێهۆشى دابن وەیان لەکاتى ڕووداوەکەدا شوفێره‌که‌ هەڵبێت(ڕابکات)بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى تایبەتمەند بەڕووداوەکە ئاگاداربکاتەوە ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن‌ (سجن) له‌ (٧)حه‌وت ساڵ که‌متر نه‌بێت و له‌ (١٠)ده‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (٣٠٠٠٠٠٠)سێ ملیۆن دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
برگه‌ی چواره‌م…
ئەگەردواى ئەوەى کەڕووداوەکە ڕوویدا هەروەک لەبڕگە (٣)هەمان ماددەدا هاتووە ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆى مردنی که‌سێك زیاتر(لە دووکەس بەرەو سەرەوە) وەیان مردنى کەسێك وگەیاندنى ئازار یان نەخۆشى گەورە یان دووچارکردن بە دەردوو بەڵاو نەخۆشى جەستەیى تا پلەى پەککەوتن بەکەسێک زیاتر ‌ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن ‌(سجن) له ‌(١٠)ده‌ سال که‌متر نه‌بێت و له‌ (٢٠)بیست‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له ‌(٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٧٠٠٠٠٠٠)حەوت ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.

لەگەڵ بونی یاساو سزایەکی لە چەشنەشدا هێشتا بەبەردەوامی بە هۆی کەمتەرخەمی شۆفێرانەوە و پابەند نە بوونیان بە یاساکانی هاتووچۆوە خراپی ڕێگاوبانەکانەوە ڕۆژانە مەرگی ئازیزانمان دەبینین،لەگەڵ ئەوەشدا داواکاران بە مافی کەسی  واتە کەس وکاری تاوان لەسەر کراو‌‌   لە بەر تانەو لۆمەی خەڵکی یان لەبەر خاتری گیان لەدەستدانی ئازیزەکەیان و بۆ ئەوەی ڕووحی شاد بێت،وەک خێروو سەدەقەیەک بۆ مردووەکەیان لەکەسی تاوانبار خۆش دەبن،لەم حاڵەتەیشداهیچ شتێک نامێنێتەوە بۆ(ردع الغیر) واتە لەم حاڵەتەدا ئەوەی لە هێزی یاساکە کەم دەکاتەوە ئەو لێخۆشبونەیە کە کەس وکاری تاوان لەسەر کراوە بە  شێوە یەکی تر یاساکە پێشێل دەکەنەوە.!

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

گرانیی بەنزین وەک بیانووی خۆپیشاندانەکانی ئێران

هەردی مەهدی

دەمێکە خەڵک ناڕازییە و تەنها لە ساڵێکدا، هەزار خۆپیشاندانێک و گردبوونەوەی ناڕەزایی چین و توێژەکان، لە خاوەن پارەکانی بانکەکان، خوێندکاران، مامۆستایان و کرێکاران ڕویانداوە(بەدانپیانانی ڕەحمان فەزڵی وەزیری ناوخۆ) بەڵام ڕوماڵی میدیای ئێران و بێسەرکردەیی ناڕەزایەتییەکان خامۆشی کردوونەتەوە. دۆخی ئابووریی ئەوە هەر باس ناکرێت و چوونەدەرەوەی پارەی ئێران بۆ سوریا، لوبنان و یەمەنیش با بوەستێت.
بەڵام یەکێک لە کێشە هەرە قوڵەکانی ئێران ، کە قەیرانێکە و لە 2009ەوە درێژەی هەیە، ئەوەیە هەڵبژاردن و هەڵبژێردراوەکانی ناو پرۆسەکە و زمامدارانی ئومور، ناتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگدەران بن(بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوشێوەی عێراق و گومان لە هەڵبژاردنی و تەوزیعی کورسییەکان)، لەبەر دوو هۆی سەرەکی:
1. شورای نیگەهبان (ئەنجومەنی پاراستنی دەستور) مافی ئەوەی هەیە هەموو کاندیدەکان پاڵفتە بکات، بۆیە چەند هەڵبژاردنی دوایی ڕێژەی کاندیدی ڕەتکراوەی سەرۆکایەتی و شارەوانی و پەرلەمان چەند بەرامبەری ڕێگەپێدراوان بوون. بەمەش دەستی یەکی کاندیدی خەڵک ڕەتکرانەوە و ناچار خەڵک لەنێوان خراپ و خراپتردا هەڵیان دەبژارد. خودی ڕۆحانی ئیسڵاحی نەبوو، بەڵام لە بێکەسیدا خاتەمی کردییە کاندیدی خۆی.
2. لە دوای 2009ەوە دەوڵەت و نیزام بە خەستی خەریکی لادان و کۆتکردن و دەسگیرکردنی نەیارە ناوخۆییەکانێتی، شۆڕش لەم ساڵانەدا زۆر سەرقاڵی خواردنی کوڕەکانی خۆی بوو.
3. جیا لەمانەش خودی دەستور شیعەمیحوەری دوانزە ئیمامییە و ویلایەتی فەقیهیش لەسەروو ئەوەوە، هەر کاندیدێک دەبێت وەلای بۆ ئەو بنەمایە هەبێت نەک تەنها شیعەبێت ئەبێت ئینقلابیی و ئیسلامییش بێت. ئەمە ئۆتۆماتیک کاندیدە غەیرە لایەنگرەکانی ئەم بۆچوونە ڕەتکدەکاتەوە و مافی بەشدارییان پێنادات.
4. ئیتر با جیاکارییە نەتەوەیی و زمانیی و ئاینیی و ئاینزاییەکانی دیکەش بووەستێت.
ئەمانە و فشارە دەرەکییەکان شەرعییەت و نوێنەرایەتی لاوازکردووە و هیچ دەزگایەک ناتوانێ بە هەڵبژاردنەوە شانازی بکات، چونکە لە بنچینەدا کاندید و بەرپرسانی ئێستای حکومەت و پەرلەمان نوێنەری نوخبەی حاکم و خامەنەیین نەک نوێنەری پلەیەکی خەڵک.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان