ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

هه‌مواری ده‌ستوری عێراقی

*د. طه عمر رشید

هه‌موار بریتیه‌ له‌ ده‌ستكاریكردنی ده‌ستور، پرۆسه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ستوره‌ له‌ دوای به‌ركاربوونی ده‌ستوره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت، هه‌موار سێ شێوه‌ ده‌گرێته‌وه‌:هێنانه‌ناوه‌وه‌ی حوكمێكی نوێ بۆ ناو ده‌ستور،یان ده‌ستكاری حوكمێكی ناو ده‌ستور به‌ زیادكردنی یان لێلابردنی. یاخود به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت كه‌ چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ستور به‌ لێزیادكردنی یان لێكه‌مكردنه‌وه‌ی.

پێشنیاری هه‌موار:

یەكەم/ دەسەڵاتی جێبەجێكردن

به‌پێی ماده‌ی (126/یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستور سه‌رۆك كۆمار و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكه‌وه‌ بۆیان هه‌یه‌ پێشنیاری هه‌مواری ده‌ستور بكه‌ن.كه‌واته‌ قۆناغی یه‌كه‌می هه‌موار كه‌ قۆناغی پێشنیاره‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ (سه‌رۆك كۆمار و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكه‌وه‌) ده‌كرێت،به‌م شێوه‌یه‌ پێویسته‌ هه‌ردولا پێكه‌وه‌ پێشنیاری هه‌مواره‌كه‌ بده‌ن به‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌مواری ده‌ستوره‌كه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ره‌خنه‌یه‌ ده‌ستوره‌كه‌ میكانیزمی ئه‌م پێكه‌وه‌ییه‌ی دیارینه‌كردووه‌،به‌ڵام ده‌قه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هیچ كام له‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ی جێبه‌جێكردن،به‌بێ ئه‌ویتریان مافی پێشنیاری هه‌مواری ده‌ستوری نییه‌،بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ده‌قه‌ له‌لایه‌ك پێداویستی هاوكاری ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی جێبه‌جێكردن،بۆ پێشنیاری هه‌مواری ده‌ستور،دێنێته‌كایه‌وه‌.به‌ڵام له‌ هامانكاتدا پێده‌چێت ببێته‌ هۆی دروستبوونی كێشه‌ش له‌ سه‌ر هه‌مان بابه‌ت له‌ نێوانیاندا.

دووه‌م /ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان (ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی)

به‌پێی ماده‌ی (126/یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستوری عێراق ،وه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن مافی پێشنیاری ده‌ستوری هه‌یه‌،به‌ هه‌مان شێوه‌ش ئه‌م مافه‌ دراوه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانیش، له‌م باره‌وه‌ (5/1) ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش مافیان هه‌یه‌ كه‌ پێشنیاری هه‌مواری ده‌ستور بكه‌ن.ئه‌م شێوه‌ی پێشنیاره‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ئاسانتره‌ له‌ شێوه‌ی پێشنیار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌،چونكه‌ لێره‌دا یه‌كه‌م رێژه‌ی (5/1) رێژه‌یه‌كی زۆر نییه‌ و دووه‌میش ئه‌و ناكۆكیه‌ی له‌ نێوان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار دروست ده‌بێت لێره‌دا دروست نابێت.

قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی هه‌موار

سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موار له‌ ده‌ستوری عێراقدا،هه‌ردوو شێوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی ماوه‌یی و بابه‌تی له‌ خۆگرتووه‌ له‌ خواره‌وه‌ باس له‌ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌كه‌ین:

قه‌ده‌غه‌ی ماوه‌یی:بێگومان هه‌موو قه‌ده‌غه‌كردنێكی ماوه‌یی له‌ ناوه‌رۆكیدا له‌ میانه‌ی ماوه‌كه‌دا قه‌ده‌غه‌كردنێكی بابه‌تیه‌،واتا له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و بابه‌ته‌ دیاریكراوه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ هه‌موار بكرێت.له‌ باره‌ی ئه‌م شێوه‌یه‌ی قه‌ده‌غه‌كردن یاسادانه‌ری ده‌ستوری عێراق،قه‌ده‌غه‌ی هه‌مواری بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی ده‌ستوری كردووه‌،كه‌ له‌ ده‌روازه‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوردا هاتوون له‌گه‌ڵ ماف و ئازادیه‌ گشتیه‌كانی ده‌روازه‌ی دووه‌م له‌ ده‌ستور(ماده‌ی 126/دووه‌م) ،بۆ ماوه‌ی دوو خولی هه‌ڵبژاردنی به‌دواییه‌كداهاتوو،كه‌ له‌ دوای پیاده‌كردنی ئه‌م ده‌ستوره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.وه‌ به‌گوێره‌ی ماده‌ی (56/یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستور هه‌ر خولێكی هه‌ڵبژاردن چوار ساڵه‌،كه‌ له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژێرراوه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا كۆتایی ساڵی چواره‌م.له‌مه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ پێوانه‌ی كات،له‌ به‌رواری پیاده‌بوونی ده‌ستوری عێراقه‌وه‌ له‌ به‌رواری ( 20-5-2006 كه‌ به‌رواری پێكهێنانی یه‌كه‌م حكومه‌ته‌ به‌پێی ده‌ستوره‌كه‌) تا دوای هه‌شت ساڵی ته‌واو هه‌موار قه‌ده‌غه‌یه‌،بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكران.به‌ڵام له‌ واقیعدا ئه‌و ماوه‌ی ره‌نگه‌ له‌ هه‌شت ساڵ زیاتر بخایه‌نێت،به‌هۆی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی خولی په‌رله‌مانی یان دواكه‌وتنی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن.
وه‌ بۆچوونی یاسادانه‌ری عێراق به‌ دانانی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كه‌ به‌ دوو خولی هه‌ڵبژاردن،بۆ ئه‌وه‌یه‌ ،كه‌ یه‌كه‌م: له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو خوله‌دا سه‌قامگیریه‌ك به‌ دۆخی سیاسی و ده‌ستوری ببه‌خشێت وه‌ دووه‌م: رێگر بێت له‌ كیانه‌ ركابه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌مواری ئه‌و بنه‌ما بنچینه‌ییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری له‌ عێراق، بكه‌ن به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن.

قه‌ده‌غه‌ی بابه‌تی

له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان له‌و بابه‌تانه‌ كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو خولی هه‌ڵبژاردن قه‌ده‌غه‌یه‌ هه‌موار بكرێن،كه‌ بریتین له‌ بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی ده‌ستور و ماف و ئازادیه‌ گشتیه‌كان.وه‌ تێگه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای كۆتایی ماوه‌ی دوو خولی هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتی هه‌موار به‌پێی ده‌ستور و به‌گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێكاریانه‌ی له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌،ده‌سه‌ڵاتی هه‌مواری ئه‌و دوو بابه‌ته‌شی هه‌یه‌ وه‌ك بابه‌ته‌كانی تری ناو ده‌ستور.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌ی بابه‌تی ماده‌ی(126/چواره‌م) به‌ راشكاوی قه‌ده‌غه‌ی هه‌ر هه‌موارێكی كردووه‌،كه‌ ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمه‌كان،كه‌ ناكه‌ونه‌ ناو چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ (حصریه‌كان)ی ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی.له‌مه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌مواری هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی باس له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ بریتیین له‌ 1- ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمه‌كان و ناوه‌ند. 2- هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ له‌م ده‌ستوره‌دا له‌ باسی ده‌سه‌ڵاته‌ حه‌سریه‌كان و هاوبه‌شه‌كان نه‌هاتوون. 3- ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ پێكهێنانی هه‌رێمی نوێ له‌ عێراق. 4- ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ پارێزگاكانه‌وه‌ له‌ رووی ده‌سه‌ڵات و حوكمی نا ناوه‌ندی.

رێكاره‌كانی هه‌مواری ده‌ستور

ده‌ستوری عێراق سه‌باره‌ت به‌ رێكاره‌كانی هه‌مواری ده‌ستور جیاوازیكردووه‌ له‌ نێوان ئه‌و هه‌موارانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی فیدرالی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مواره‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمه‌كان هه‌یه‌.له‌م باره‌یه‌ و ئه‌و هه‌موارانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ هه‌مواری ده‌ستور جگه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمه‌كانه‌وه‌،ئه‌وا بۆ ئه‌نجامدانی هه‌مواره‌كه‌ دوای گه‌یشتنی پێشنیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردن یان كۆكردنه‌وه‌ی رای (5/1)ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران،ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن و ده‌بێت ببێت به‌ یاسای هه‌موار و به‌ زۆرینه‌ی (3/2) ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن په‌سه‌ندبكرێت.

دوای ئه‌م په‌سه‌ندكردن پێویسته‌ راپرسی گشتی بۆ هه‌مواره‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت،ئه‌م راپرسیه‌ش پێویسته‌ ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ستبهێنێت،دوای ئه‌مه‌ پێویسته‌ بخرێته‌ به‌رده‌ست سه‌رۆك كۆمار بۆ راستاندنی له‌ ماوه‌ی (7) رۆژدا.وه‌ ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رۆك كۆمار راساندی ئه‌وا دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی جێبه‌جێده‌كرێت.به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یڕاستان ئه‌وا به‌حوكمی یاسا دوای ماوه‌ی (7) رۆژه‌كه‌ به‌ راستێنراو داده‌نرێت.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواری ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمه‌كان،ئه‌وا رێكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ره‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمه‌كه‌ بدرێت له‌سه‌ری، دواتر له‌ ناو هه‌رێمه‌كه‌ راپرسی له‌سه‌ر بكرێت.دوای ئه‌م دوو رێكاره‌ دووباره‌ ده‌بێت بخرێته‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و راپرسی و راستاندنی سه‌رۆك كۆمار.

ده‌سه‌ڵاتی هه‌موار

به‌پێی حوكمه‌كانی ماده‌ی (126) له‌ده‌ستور ،ده‌سه‌لاتی هه‌مواری ده‌ستور هه‌مان ده‌سه‌لاتی یاسادانانه‌ له‌ عێراق.وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێكاره‌كان وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌رێت.
یه‌كه‌م قۆناغ قۆناغی پێشنیاره‌ و دواتر ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دواتر بۆ راپرسی گشتی و دواتر ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك كۆمار.
بۆیه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رێكاره‌كان قورسن به‌تایبه‌تی ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و راپرسی بۆیه‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ به‌ ده‌ستوری به‌ستێن(دستور جامد) ناوزه‌دده‌كرێت.

هه‌مواری ده‌ستور و كێشه‌ی ماده‌ی 142 ی ده‌ستور

دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسی هه‌مواری ده‌ستورمان كرد له‌ ده‌ستوری عێراق،ئێستا پێویسته‌ باس له‌ ماده‌ی (142)ی ده‌ستور بكه‌ین،كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌مواری ده‌ستور و بزانین تا چه‌نده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حوكمانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكران ناكۆك ده‌بن یان یه‌كده‌گرنه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ده‌قی ماده‌ی (142/یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستوره‌كه‌، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ره‌تای كاركردنی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند پێكدێنێت بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك و پێشكه‌شكردنی به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موارانه‌ی پێویسته‌ له‌ ده‌ستور بكرێن.وه‌ به‌گوێره‌ی به‌ندی (دووه‌م) له‌ ماده‌ی ئاماژه‌بۆكراو راسپارده‌كانی لیژنه‌كه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ به‌ یاساییكردنی و دوای په‌سه‌ندكردنی به‌ زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن،راپرسی گشتی له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌درێت و راپرسیه‌كه‌ بۆ هه‌موار به‌ سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران ره‌زامه‌ندبوون و له‌لایه‌ن دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگده‌ران له‌ سێ پارێزگا یان زیاتر ره‌تنه‌كرایه‌وه‌.
هه‌روه‌ها به‌ حوكمی بڕگه‌ی (چواره‌م ) له‌و ماده‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌،كار به‌ ماده‌ی (126) ناكرێت،تاكو دوا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موارانه‌ نه‌درێت كه‌ له‌م ماده‌یه‌دا (واتا 142) هاتوون.

بەدوای لێوردبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو ماده‌ی (126 و 142) ی ده‌ستور ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.كه‌ هه‌مواری ده‌ستوری عێراق دوو قۆناغه‌،كه‌ قۆناغی یه‌كه‌میان ئه‌و هه‌مواره‌یه‌ كه‌ له‌ ماده‌ی (142)ی ده‌ستور باسكراوه‌ و دووه‌میان ئه‌و هه‌مواره‌ی كه‌ له‌ ماده‌ی (126)ی ده‌ستور باسكراوه‌،وه‌ قۆناغی دووه‌م ئه‌نجامنادرێت تا قۆناغی یه‌كه‌م ته‌واو نه‌بێت.

جیاوازی نێوان ئه‌م دوو قۆناغه‌

1- هه‌موار ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (142) قۆناغی یه‌كه‌مه‌ و پێش هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (162) ده‌كرێت.

2- هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (142) په‌یوه‌ست به‌ قه‌ده‌غه‌ی ماوه‌یی نییه‌ و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی یه‌كه‌م خولی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت(بێگومان ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌)،به‌ڵام هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (126) په‌یوه‌سته‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی ماوه‌یی و دوای دوو خولی هه‌ڵبژاردنی یه‌كله‌دوایه‌كی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت.

3- هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (142) په‌یوه‌ست به‌ قه‌ده‌غه‌ی بابه‌تی نییه‌ و هه‌مووی حوكم و ماده‌كانی ده‌ستور ده‌گرێته‌وه‌.به‌ڵام هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (126) په‌یوه‌سته‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی بابه‌تی و بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی ده‌ستور و ماف و ئازادیه‌كان ناگرێته‌وه‌.

4- هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (142) په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان و وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیان،به‌ڵام هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (162) نابێت ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان و به‌بێ ره‌زامه‌ندی هه‌رێمه‌كان ناكرێت.

5- هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (142) له‌ رووی رێكار و قۆناغه‌كانه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (126) چونكه‌ بۆ یه‌كه‌میان لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی پێشنیاری هه‌موار ده‌كات و ده‌یدات به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی ئه‌ندامانی بڕیاری لێده‌دات و پێویست به‌ راستاندنی سه‌رۆك كۆمار ناكات، به‌ڵام پێشنیاری هه‌موار به‌پێی ماده‌ی (126)له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆك پێكه‌وه‌ یان (5/1) ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن ده‌كرێت و به‌ (3/2) ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن بڕیاری لێده‌درێت و دواتر سه‌رۆك كۆمار راستاندنی ده‌كات.

6- له‌ روویی راپرسی گشتیه‌وه‌، بۆ هه‌ردوو قۆناغی هه‌موار دوای ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، پێویسته‌ راپرسی بكرێت،به‌ڵام بۆ هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (142) ده‌شێت (3/2) ی ده‌نگده‌رانی دوو پارێزگا یان زیاتر ره‌تیبكه‌نه‌وه‌،به‌ڵام ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌ له‌ هه‌مواری ده‌ستور به‌پێی ماده‌ی (126) باسنه‌كراوه‌.

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مواری ده‌ستور له‌ عێراق

دوای وانه‌كاری هه‌مواری ده‌ستور،بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌ستوری عێراق وه‌كو ده‌قی هه‌موار ده‌ستورێكی به‌ستێنه‌(دستور جامد) چونكه‌ رێكاره‌كانی هه‌مواركردنی ئاڵۆزتر و قورستره‌ له‌ دانان و هه‌مواری یاسای ئاسایی.له‌هه‌مانكاتدا هه‌موو بنه‌ما ده‌ستوریه‌كانی هه‌موار له‌ ئێستادا هه‌ڵپه‌سێنراون به‌ حوكمی ده‌ستور.چونكه‌ قۆناغی یه‌كه‌م كه‌ هه‌مواره‌ به‌پێی ماده‌ی (142) پێویست بوو له‌ ماوه‌ی چوار مانگ لیژنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ راپۆرتی خۆی بدات به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دواتر بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت و راپرسی گشتی له‌سه‌ر ئه‌نجامبدرێت.دوای ئه‌مه‌ حوكمی ماده‌ی (126) ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌نجامنه‌درا وه‌ به‌پێی ماده‌ی (142/پێنجه‌م) كار به‌ ماده‌ی(126) ناكرێت تا دوا بڕیار له‌سه‌ر هه‌مواره‌كان به‌پێی ماده‌ی (142) نه‌درێت،ئه‌وا له‌ ئێستادا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ جۆره‌ هه‌موارێك ئه‌نجامنادرێت ته‌نها به‌ پێشێلی ده‌ستور نه‌بێت یان دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماده‌ی (142).

*دكتۆرای فەلەسەفە لە یاسای گشتی

وتار

لە ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆدا

پارێزەر- لوقمان مصطفی صالح

هه‌موو ساڵێك به‌روارى ١٧ى تشرینى دووه‌م، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆیە و ساڵانە زیاترلە چەندین کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە جیهاندا گیان لە دەست دەدەن،ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆ ساڵانە لە ١٧ی تشرینی دووەم یادی دەکرێتەوە بۆ دەربڕینی هاوخەمی قوربانیانی هاتوچۆ، له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا ئه‌مڕۆ‌ پشووه‌ و ڕێنوێنی ده‌گه‌یه‌ننه‌ هه‌موو خاوه‌ن ئۆتۆمبیڵێك.هەر بەبۆنەی ئەم یادەوە بە گرنگی دەزانم تیشکێک بخەمەسەر شۆفێری و کاری شۆفێری، یاساکانی ئەم بوارە گرنگە،کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ڕۆژانەی هەر یەکێکمانەوە هەیە.

کاری شۆفێری لە ژێر ڕۆشنایی وڕێنومایی وپەیڕەو کردنی یاساکانی هاتوو چۆودا، بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، وەک شۆفێرێک هه‌ڵسوكه‌وتێكی شارستانی و ئاكارییه‌،واته‌ شۆفێری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حه‌ز و ئاره‌زوو هونه‌ر وره‌وشته‌، پێویسته‌ پابه‌ندی لێخوڕینیێكی ته‌ندروستانه‌ بكرێت، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گونجاوترین رێگا بۆ گه‌یشتن به‌ شوێنی مه‌به‌ست به‌ سه‌لامه‌تی هه‌روه‌كو ده‌وترێت (درەنگ بگەی باشترە لەوەی کە هەرنەگەی). چونکە لەزۆربەی هەرە زۆری ڕوداوەكاندا شۆفێر بە هۆكاری یەكەم دەزانرێت، بۆیە پسپۆران‌ و شارەزایانی بواری هاتوچۆ چەندین توێژینەوەی زانستی جیاجیایان كردوە سەبارەت بە شۆفێر‌و کاری شۆفێریكردن ‌و ئەو مەرجانەی كە پێویستن بۆ شۆفێریكردن، لەوانە :- پێویستە شۆفێر لەڕوی جەستەوە جەستەیەكی ڕێك‌و بێ‌ كەموكوڕی هەبێت بۆئەوەی لەكاتی پێشهاتەكاندا بتوانێت بەزویی وەڵامدانەوەی هەبێت، هاوكات پێویستە لەكاتی شۆفێری كردندا هەموو بیرو هۆشی لەلای ڕێگاوبان‌و ئۆتۆمبیلەكەی بێت، خاڵێكی دیكە ئەوەیە پێویستە شۆفێر دڵنیابێت لە توانای شۆفێریكردنی خۆی‌و بەتەواوی لەوبوارەدا شارەزا بێت، ئینجا شۆفێری بكات بەتایبەتی لەسەر ڕێگای خێرا ‌و دەرەوەی شارەكان‌و لەهەموو گۆڕینێكی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبیلدا هێمای تایبەت بەكار بهێنێت.كاتێك شۆفێری شارەزاو بەتوانا شۆفێری دەكەن، جگە لەو خاڵانەی باسكران هۆكاری دیكە كاریگەری دەبێت بۆسەریان‌و زۆرجار دەبنە هۆكاری ڕوداوەكان، ئەوانیش: – چاوكزی یان باش نەبیستن، هاوكات ماندووبون‌و ترس‌و مێشك هیلاكی یان خەواڵو بون، لەهەموشی مەترسیدارتر كاریگەری مادە هۆشبەرەكانە لەكاتی شۆفێری كردندا.

شۆفێر گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ راپه‌ڕاندنی هۆیه‌كانی هاتوچۆ و گواستنەوەدا بۆیه‌ پیویسته‌ شۆفێر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تیابێت كاتیك كه‌ شۆفیری ئه‌كات.
– 1 ئه‌بێت له‌روی توانای دەروونیەوە ته‌واو ئاماده‌بێت بۆ شۆفێری کردن.
– 2  ئه‌بیت له‌ڕوی هه‌ست كردن به‌ ئەگەرە‌ نه‌خوازراوه‌كان به‌ردەوام به‌ ئاگابێت.
– 3  پێویستە شۆفێر لەوپەڕی هۆشداریدا بێت.
4 – شاره‌زا بێت یان کەمێک شارەزایی له‌ چاك كردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل هەبێت.
5 – ئه‌بێت ڕێنمایی هه‌موو سه‌رنشینه‌كان بكات بۆ به‌جێهێنانی ڕێنماییه‌ پێویستەکان.وه‌ك (به‌كارهێنانی پشتوێنی سه‌لامه‌تی، دانیشتن بەشێوازێکی سەلامەتخوازانە، زۆر قسەنەکردن لەگەڵ شۆفێر)
– 6 دلنیابونه‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ پێش هاژوشتنی، وه‌ك (تایه‌كان ، ده‌رگاكان ، ئاوێنه‌كان ،پاتری ، فڵچه‌كان) وه‌ گرنگترین به‌ش كه‌ ئه‌بێت ئاگاداری بیت ئه‌وه‌یه‌ دلنیابێت له‌ مه‌كینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و دڵنیابێت ڕادێته‌ر ئاوی لێنەچێت، یاخود پلاكی توانای کارکردنی ماوە هەروەها مه‌كینه‌كه‌ی ڕۆنی لێنەچێت.
-7 پێویسته‌ شۆفیر ئاگاداری ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆبێت و شاره‌زابێت له‌ ناسینه‌وه‌ی هێماكان و وه‌ پێویسته‌ ته‌واو گرنگی بدات به‌ هێڵه‌كانی سه‌ر شەقامەکان و ئاماژەکانی پۆلیسی هاتوچۆ و ترافیک لایت.بەپێی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ پێویسته‌ ڕه‌چاوی خێرایی بكرێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان چ لەناوشارویاخود دەرەوەی شار،بۆ نمونە:-
نـاوشـار:
40 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی قاتره‌ و مقتوره‌
60 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبه‌ت،له‌ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی چڕو خوێندنگاو به‌رده‌م مزگه‌وت و سوپه‌رماركێت و ڕِیستۆرانته‌كان ئه‌م ڕێژه‌یه‌ دائه‌به‌زێت بۆ 40 تا 15 كم/ كاتژمێر.
ده‌ره‌وه‌ی شـار/
60 كم/ كاتژمێر بۆ قاتره‌ و مقتوره‌.
70 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی بارهه‌ڵگر
80 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی پاص و ته‌كسی.
100كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبه‌ت.
-گرنگه‌ جیابكرێیته‌وه‌ به‌ ڕه‌وشت و چێژ له‌كاتی شۆفێری كردندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو خێزان و خانه‌واده‌كه‌تدا هه‌ته‌… تۆ وه‌ك شۆفێر پێویسته‌ ڕه‌وشت به‌رزو ڕاگری هه‌ستی ئه‌وانی تر بیت كه‌ شه‌قام به‌كارده‌هێنن وه‌ك ( شۆفێرانی تر، پیاده‌و شۆفێری ماتۆڕسكیل و پاسكیل ).. كاركردن به‌ ڕه‌وشت له‌سه‌ر شه‌قام شۆفێرییه‌كی سه‌لامه‌ت بۆ هه‌مووان به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

ئەگەر شۆفێر پێچەوانەی یاساکانی هاتوو چۆ رەفتاری کرد ئەوەیاسای هاتووچۆ ياسای ژماره‌ (86)ی ساڵی 2004 مادە٢٤ بە پێی ئەو یاسایە واتە یاسای سزادانی عێراقی سزادەدرێت.

مادده‌ی بيست و چوار
برگه‌ی یه‌که‌م…
ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی مردنی که‌سك له‌ئه‌نجامی لێخورینی ئۆتۆمۆبێل بێت به‌ ره‌چاونه‌کردنی یاساکان وسیسته‌مه‌ تۆمارکراوه‌ تایبه‌ته‌کان ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن‌ (سجن) له ‌(٥) پێنج ساڵ که‌مترنه‌بێت وله‌ (٧) حه‌وت سال زیاتر نه‌بێت ،يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (١٠٠٠٠٠٠)یه‌ک ملیۆن دینار که‌مترنه‌بێت و له‌ (١٥٠٠٠٠٠)یه‌ک ملیۆن وپێنج سه‌دهه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت ، يان هه‌ردوو سزاکه‌.
برگه‌ی دووه‌م…
ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وت ئه‌و تاوانه‌ی که‌ له‌ برگه‌ی (١)دا باسکراوه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی مردنی که‌سێک زیاتر(واته‌ دوو که‌س) له‌ئه‌نجامی لێخورینه‌که‌ وه‌یان مردنی که‌سێك وگه‌یاندنی ئازار یان نه‌خۆشی گه‌وره‌ یان دووچاری ده‌ردوو به‌ڵاو په‌که‌وته‌یی به‌ یه‌ک که‌س زیاتر بگه‌یه‌نێت ‌ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن (سجن)له‌(٧)حه‌وت ساڵ که‌متر نه‌بێت و له‌ (١٠)ده‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (١٥٠٠٠٠٠) یه‌ک ملیۆن پێنج سه‌د هه‌زار دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٣٠٠٠٠٠٠) سێ ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت ، یان هه‌ردوو سزاکه‌.
برگه‌ی سێ یەم……
ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆى مردنی که‌سێک له‌ئه‌نجامی لێخورینى ئۆتۆمۆبێل (هەرئۆتۆمۆبێلێک)بە پشت گوێ خستن یان گوێ نەدانە رێنماییەکان وه لەژێر کارى سەرخۆشى یان بێهۆشى دابن وەیان لەکاتى ڕووداوەکەدا شوفێره‌که‌ هەڵبێت(ڕابکات)بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى تایبەتمەند بەڕووداوەکە ئاگاداربکاتەوە ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن‌ (سجن) له‌ (٧)حه‌وت ساڵ که‌متر نه‌بێت و له‌ (١٠)ده‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (٣٠٠٠٠٠٠)سێ ملیۆن دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
برگه‌ی چواره‌م…
ئەگەردواى ئەوەى کەڕووداوەکە ڕوویدا هەروەک لەبڕگە (٣)هەمان ماددەدا هاتووە ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆى مردنی که‌سێك زیاتر(لە دووکەس بەرەو سەرەوە) وەیان مردنى کەسێك وگەیاندنى ئازار یان نەخۆشى گەورە یان دووچارکردن بە دەردوو بەڵاو نەخۆشى جەستەیى تا پلەى پەککەوتن بەکەسێک زیاتر ‌ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن ‌(سجن) له ‌(١٠)ده‌ سال که‌متر نه‌بێت و له‌ (٢٠)بیست‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له ‌(٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٧٠٠٠٠٠٠)حەوت ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.

لەگەڵ بونی یاساو سزایەکی لە چەشنەشدا هێشتا بەبەردەوامی بە هۆی کەمتەرخەمی شۆفێرانەوە و پابەند نە بوونیان بە یاساکانی هاتووچۆوە خراپی ڕێگاوبانەکانەوە ڕۆژانە مەرگی ئازیزانمان دەبینین،لەگەڵ ئەوەشدا داواکاران بە مافی کەسی  واتە کەس وکاری تاوان لەسەر کراو‌‌   لە بەر تانەو لۆمەی خەڵکی یان لەبەر خاتری گیان لەدەستدانی ئازیزەکەیان و بۆ ئەوەی ڕووحی شاد بێت،وەک خێروو سەدەقەیەک بۆ مردووەکەیان لەکەسی تاوانبار خۆش دەبن،لەم حاڵەتەیشداهیچ شتێک نامێنێتەوە بۆ(ردع الغیر) واتە لەم حاڵەتەدا ئەوەی لە هێزی یاساکە کەم دەکاتەوە ئەو لێخۆشبونەیە کە کەس وکاری تاوان لەسەر کراوە بە  شێوە یەکی تر یاساکە پێشێل دەکەنەوە.!

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

گرانیی بەنزین وەک بیانووی خۆپیشاندانەکانی ئێران

هەردی مەهدی

دەمێکە خەڵک ناڕازییە و تەنها لە ساڵێکدا، هەزار خۆپیشاندانێک و گردبوونەوەی ناڕەزایی چین و توێژەکان، لە خاوەن پارەکانی بانکەکان، خوێندکاران، مامۆستایان و کرێکاران ڕویانداوە(بەدانپیانانی ڕەحمان فەزڵی وەزیری ناوخۆ) بەڵام ڕوماڵی میدیای ئێران و بێسەرکردەیی ناڕەزایەتییەکان خامۆشی کردوونەتەوە. دۆخی ئابووریی ئەوە هەر باس ناکرێت و چوونەدەرەوەی پارەی ئێران بۆ سوریا، لوبنان و یەمەنیش با بوەستێت.
بەڵام یەکێک لە کێشە هەرە قوڵەکانی ئێران ، کە قەیرانێکە و لە 2009ەوە درێژەی هەیە، ئەوەیە هەڵبژاردن و هەڵبژێردراوەکانی ناو پرۆسەکە و زمامدارانی ئومور، ناتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگدەران بن(بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوشێوەی عێراق و گومان لە هەڵبژاردنی و تەوزیعی کورسییەکان)، لەبەر دوو هۆی سەرەکی:
1. شورای نیگەهبان (ئەنجومەنی پاراستنی دەستور) مافی ئەوەی هەیە هەموو کاندیدەکان پاڵفتە بکات، بۆیە چەند هەڵبژاردنی دوایی ڕێژەی کاندیدی ڕەتکراوەی سەرۆکایەتی و شارەوانی و پەرلەمان چەند بەرامبەری ڕێگەپێدراوان بوون. بەمەش دەستی یەکی کاندیدی خەڵک ڕەتکرانەوە و ناچار خەڵک لەنێوان خراپ و خراپتردا هەڵیان دەبژارد. خودی ڕۆحانی ئیسڵاحی نەبوو، بەڵام لە بێکەسیدا خاتەمی کردییە کاندیدی خۆی.
2. لە دوای 2009ەوە دەوڵەت و نیزام بە خەستی خەریکی لادان و کۆتکردن و دەسگیرکردنی نەیارە ناوخۆییەکانێتی، شۆڕش لەم ساڵانەدا زۆر سەرقاڵی خواردنی کوڕەکانی خۆی بوو.
3. جیا لەمانەش خودی دەستور شیعەمیحوەری دوانزە ئیمامییە و ویلایەتی فەقیهیش لەسەروو ئەوەوە، هەر کاندیدێک دەبێت وەلای بۆ ئەو بنەمایە هەبێت نەک تەنها شیعەبێت ئەبێت ئینقلابیی و ئیسلامییش بێت. ئەمە ئۆتۆماتیک کاندیدە غەیرە لایەنگرەکانی ئەم بۆچوونە ڕەتکدەکاتەوە و مافی بەشدارییان پێنادات.
4. ئیتر با جیاکارییە نەتەوەیی و زمانیی و ئاینیی و ئاینزاییەکانی دیکەش بووەستێت.
ئەمانە و فشارە دەرەکییەکان شەرعییەت و نوێنەرایەتی لاوازکردووە و هیچ دەزگایەک ناتوانێ بە هەڵبژاردنەوە شانازی بکات، چونکە لە بنچینەدا کاندید و بەرپرسانی ئێستای حکومەت و پەرلەمان نوێنەری نوخبەی حاکم و خامەنەیین نەک نوێنەری پلەیەکی خەڵک.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئەمریکا- تورکیا 

بورهان محەمەد فەرەج

پەیوەندی نێون ئەمر یکا و تورکیا پەیوەندیەکی نوێ نیە ،بەڵکو تاڕادەیەک مێژینەیە لەناوچەکەدا ،لە دوای روخانی دەوڵەتی عوسامانیەوە کەمالیستەکان ھێدی ھێدی تێکەڵ بە کەڵتورو سیاسەتی رۆژئاوا بوون پەیوەندی و بەرژەوەندیاکانیان لە مەڕ ئابووری ،سەربازی….. تاد. تێکەڵ بەوان کرد.

ئەمریکاش گرنگیەکی زۆری بەتورکیا داوە بەتایبەت لەڕوی ئابووری و سەربازیەوە لەدەرچەی ھاوپەیمانی ناتۆ وە بەرانبەر بەو وڵاتانەی لە ھاوپەیمانی وارشۆ بوون لە بلۆکی یەکێتی سۆڤیەتدا .

رۆڵی تورکیا وەک ھاوپەیمانێکی بەھێزی ئەمریکا ھەژماردەکرا دژ بە شورەوی ،بەتابەت لەدوای رۆخانی رژێمی شاھنشاھی لەئێران کە ئەو کات شا بە پاسەوانێکی بەھێزی کەنداو ھەژماردەکرا ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا رۆڵی گەورەی بینی لەناوچەکەدا.

ھەرچەندە تورکیاو ئێران وەک دوو دەوڵەتی دژ بەیەک مێژوویەکی کۆنیان ھەیە لەشەڕی چاڵدێرانەوە تاێیستا ئەو برینانە خۆش نەبونەتەوە ، ھەر دوو دەوڵەت خۆیان بە وارسی سەفەوی و عوسمانی دەزانن. بەڵام ئەمریکا ھەریەکەیانی بەشێوازێک بەکار دەھێنا لەکاتی پێویستدا، بەتایبەت ھاتنەسەر دەسەڵاتی« Akp »بۆسەر کورسی حوکم بەردەوام خۆی وەک دەمڕاستی دەوڵەتانی ئیسلامی ھەژمار دەکرد.

ھەرچەندە زۆرێک لەو دەوڵەتانە بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتە عەربیەکان ئەو نەزعەی ئۆردۆگانیان پێ قبوڵ نەبوو، بەڵام تورکیا ھەندێکی بە لاساری و زۆرە ملێ جێبەجێ دەکرد،وەک چۆن ئێرانیش خۆی بەنوێنەری شیعە گەرای ناوچەکە زانیوەو پەلی خۆی ھاویشتووە بەھەمان شێوەی تورکیا دەستی وەرداوەتە رەنگڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە،بەڵام ئێران و تورکیا ھەردووکیان وەک دیفاکتۆ کاریگەریان لەسەر روداوەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەبوو و ھەیە بەئێستاشەوە.

بەڵام تورکیا لەھاوکێشەکاندا بەرانبەر بە ئەمریکا متمانەی بەخۆی ھەبووە، بەتایبەت لەڕووی جیوپۆلۆتیک و بەھێزیی سوپاگەورەکەیەوە ،کە دووەم سوپایە لەریزی ھاوپەیمانی ناتۆدا،ھەمیشە ئەو دوو فاکتەری کردۆتە فشارو داردەستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکادالەمفاوەزاتەکاندا.

بەردەوام ئەوروپا و ئەمریکا رەخنەو سەرنجیان لە دەوڵەتی تورکیا ھەبووە بەتایبەت لە دۆسیەی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریەکانی ،ئەم فاکتەش پێشمەرجی ئەوروپا بووە بۆ وررگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا .ھەرچەندە ھەندێک ھۆکاریتریش ھەن لەپشتپەردەوە بەتایبەت پەیوەندی بەقوڵا رەھەندی ئیسلام و ئیسلامگەراوە ھەیە، کارێکی سانانیە دەوڵەتێکی ئیسلامی بچێتە نێو ئەوروپاوە.
جگە لە چەندین نیگەرانی تری ئەمریکا و رۆژ ئاوا لەتورکیا ھەن وەک :

١- نیگەرانیەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر تورکیا ھەر لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکرد.بەتایبەت ئەوکات بواری سوپای ئەمریکاو ھاوپەیمانانی نەدا قائیدەی ئەنجەرلیک بەکار بێنن و لە خاکی تورکیاوە بێزەکانیان بچنە نێو خاکی عێراقەوە.

٢- نیگەرانی ئەوروپاو ئەمریکا لەسەر دۆسییەی کوردو مافی مرۆڤ ھۆکارێکیتر بوو.

٣- جیاوازی دیدو بۆچونیان لەسەر مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ سوریا بەگشتی( رژێمی ئەسەد،رۆژئاوا،داعش )

٤- نیگەران بوو لە دەستێوەردانی تورکیا بۆ ناوچەی قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی جێبەجێکردنی پیلانی بیرۆکەی داود ئۆگلۆ وەک ئەوەی لەکتێبی ( العمق الستراتیجی) ەکەیدا ھاتووە بەتایبەت سەرتاتکێی ئۆردۆگان لە رووداوەکانی بەھاری عەربیدا بۆ میسر و لیبیا….تاد.

٥- ئەمریکا نیگەران بوو لە قوڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا لەبواری ئابووری و تەکنەلۆژیای سەربازی دا.

٦- داکۆکیکردنی ئۆردۆگان لە سیاسەتی ئێران بەرانبەر عەرەبستانی سعودیە بەتایبەت لە سەر ھێرشەکەی ئێران بۆسەر کێڵگە نەوتیەکانی ئارمکۆ.

ئێستاش نەک تەنھا کورد بەڵکو عەرەب بەگشتی میسر ،سعودیە…..تاد ناڕازین لە سیاسەتی تورکیا، ئەوەبوو کۆمکاری عەرەبی لەدوا کۆ بوونەوەی خۆیدا ئیدانەی سەرکێشێکەی تورکیان کرد بۆ سەر رۆژئاواو سوریا.
ئێستاش زۆربەی ھەرە زۆری وڵاتان و گەلانی دونیا دژ بەسیاسەتی تورکیان و رۆژانە خۆپیشاندان دژ بەتورکیا دەکرێت، بەڵام ئێستا کێشەکانی ئێران لە ئەولەوێتی ئەجیندەی کارەکانی ئەمریکایە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆیە نایەوێت لەم ھەلومەرجە ھەستیارەدا لەگەڵ دوو دەوڵەتی گەورەی چەقی کێشەکان لەیەککاتدا قەیران درووست بکات بەتایبەت ئێستا لەسەر دۆسێیەی عێراق و لوبنان کاردەکات دژ بەئێران،
سەرنجام بەرژەوەندی بریاری مانەوەو گەشەپێدانی پەیوەندیەکانن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان