ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەرپرسێكی یەكێتی: ئەمریكا و ئێران لەسەر مانەوەی عەبدولمەهدی هاوڕان

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دۆخی عیراق گەیشتۆتە ئاستێك، كە هێما و قودسیەتی دەوڵەت پارێزراو نیە، دەشڵێت: “ئەمریكا و ئێران لەهەموو شتێكدا ناكۆكن، بەڵام لەمانەوەی سەرۆك وەزیرانی ئێستا هاوڕان، ئایا خۆپیشاندەران بەرگەی ئەو دوو زلهێزە دەگرن”.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دۆخی ئێستای عیراق زۆر ئاڵۆزە تا گەیشتۆتە ئەوەی هێما و قودسیەتی دەوڵەت پارێزراو نیە و دەستوور و بڕیارەكانی پەڕلەمان پارێزراو نین، شەقامی عیراقی ڕقێكی ئەستوری لە بەرامبەر سەركردایەتی سیاسی عیراق دروستبووە، كە پێم وا نیە بەم زووانە كۆتایی بێت.

وتیشی، “لە ئەلفەوە تا یائی ئەمریكا و ئێران دژی یەكترن، كەچی لەسەر پرسی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی هاوڕا و تەبان، كە ئەمانە دوو زلهێزی گەورەن، كاریگەری زۆریا لەن زەوی و ئاسمانی عیراق هەیە، بۆیە من دەپرسم ئایا جەماوەر و خۆپیشاندەران تا سەر لە بەرامبەر ئەو دوو هێزە دەتوانن بەردەوام بن”.

ڕاشیگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان كوتلە و سەركردە سیاسیەكانی عیراق لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك ئایا دەگەنە ئەنجام لەمەڕ كاركردن بۆ بەردەوام بوون یان دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران.

سەعدی پیرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێموایە ئەوەی لە عیراق هەیە درێژە دەكێشێت و درزێكی گەورە لەنێوان شیعەكان دروست دەبێت، چونكە ناكۆكی ئەمجارە لەنێوان كورد و شیعە یان سوننە نیە، بەڵكو لەنێوان خۆیاندایە وەك شیعەكانی عیراق شیعەی موالی و كەمتر موالی.

کوردستان

دوو كچە بێسەروشوێن بووەكەی كەلار دۆزرانەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، ئەو دوو كچە منداڵەی لە شارەدێی ڕزگاری بێسەروشوێن بوون، لە سلێمانی لە ناو چاڤیلاد دۆزرانەوە.

عەلی جەمال قدوری لێپرسراوی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی بێسەروشوێن بوونی دوو منداڵی دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچكەی كەلار، منداڵەكان لە ناو شاری یاری چاڤیلاند لە سلێمانی دۆزرانەوە.

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕوونیشیكردەوە، منداڵەكان لای هێزە ئەمنییەكانی سلێمانین و كەسوكارەكانیشیان ئاگادار كراونەتەوە.

عەلی جەمال قدوری ئەوەشی خستەڕوو، منداڵەكان بەمەبەستی ڕۆیشتن بۆ خوێندنگە لە ماڵ دەرچوون و تا ئێستا نادیارە چۆن گەیشتوونەتە چاڤیلاند، وتیشی، پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوەی ورد كردووە دەربارەی ڕووداوەكە و لە ڕێگەی كامێرای چاودێرییەوە زانیاری كۆكراوەتەوە و دواتر دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بڵاودەكەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر ناوەڕۆكی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 41 لە 11/12/2019 بڵاوكردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت،”بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست ئەوانەی بە هەڵە تەفسیری ئەو بڕیارە دەكەن ئاماژەیان نەداوە بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۱٠۹۷۳ لە ڕۆژی ۱۱_۱۲_۲٠۱۹ كە ئەمڕۆ لە لایەن بەڕێز وەزیری هەرێم بۆكاروباری پەرلەمان تەسلیمی پەرلەمان كراوە و ئەو بڕیارە و پڕۆژەكەیان بە هاوپێچی نووسراوەكە بۆ نێردراوە تا بڕیاری لەسەر بدرێت وتەشریع بكرێت”.

 

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ڕونكردنەوەیەك لەسەر ناوەڕۆكی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٤۱ لە ۱۱ـ۱۲ـ۲٠۱۹

1. مەبەست لە بڕگەی دووەمی بڕیارەكە ڕاسپاردنی بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمانە بۆ ناردنی پڕۆژە قانونەكە بۆ پەرلەمانی كوردستان، و ڕاسپاردنی بەڕێزان وەزیر ولایەنە پەیوەندیدارەكانە بۆ ئامادەكاریی كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان لەدوای خوێندنەوەی یاساكە لە لایەن پەرلەمانەوە.

2. لە بڕگەی یەكەمی بڕیارەكەشدا هاتووە كە ئەوە پڕۆژە یاسایە، و تەنها وەك پڕۆژە پەسەندكراوە پشت بەست بە ماددەی هەشتەمی یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۳ ساڵی ۱۹۹۲.

3. بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست ئەوانەی بە هەڵە تەفسیری ئەو بڕیارە دەكەن ئاماژەیان نەداوە بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۱٠۹۷۳ لە ڕۆژی ۱۱_۱۲_۲٠۱۹ كە ئەمڕۆ لە لایەن بەڕێز وەزیری هەرێم بۆكاروباری پەرلەمان تەسلیمی پەرلەمان كراوە و ئەو بڕیارە و پڕۆژەكەیان بە هاوپێچی نووسراوەكە بۆ نێردراوە تا بڕیاری لەسەر بدرێت وتەشریع بكرێت.

4. لە ماددەی ۱۹ی پڕۆژە یاساكەشدا هاتووە كە ئەو یاسایە لە دوای تەشریعكردنی لە لایەن پەرلەمانەوە و تێپەڕبوونی ماوەی دیاریكراو بەسەر بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بۆ دیوانی چاودێری و دەستەی دەستپاكی: گەندەڵی مەهێڵن

خەڵك – بەشی هەواڵ

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەبەوەدەكات، شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بە هەموو شێوەیەك دژی هەموو جۆرە گەندەڵی و فەسادێكە لە كۆمەڵگادا.

لە ڕاگەیەنراوكەدا داواشدەكات، “دیوانی چاودێری و دەستەی دەستپاكی بێ خاترانە و چاوپۆشی كردن بەكاری پێویست هەڵبستن و گەندەڵی نەهێڵن”.

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

(ؤتَعَاؤنُوا عَلَي الْبِرِّ ؤالتَّقْؤي ؤلَا تَعَاؤنُوا عَلَي الْإِثْمِ ؤالْعُدْؤانِ) صدق الله العظيم

لە پرسی چاكسازی و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا وێڕای پشتگیری تەواومان بۆ هەنگاوە پراكتیكیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەڵمەتی دژی گەندەڵیدا، بە پێویستی دەزانین كە بە سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان رابگەیەنین، كە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بە هەموو شێوەیەك دژی هەموو جۆرە گەندەڵی و فەسادێكە لە كۆمەڵگادا، لەو پێناوەشدا غەشكردن و فێڵكردن و ساختەكاری و ماڵسپیكردنەوەو چەواشەكردن و بەرتیلدان و موچەی بندیوارو خانەنشینی نایاسایی و دزی و داگیركاری لە موڵكی گشتی و سیمكردنی مەرعاو موڵكی دەوڵەت و ئیستیغلال (خراپ بەكارهێنان)ی پلەو پایەو پۆست و وەزیفەی قەدەغەو حەرام كردووە.

لەو پێناوە داوا لە دیوانی چاودێری و دەستەی دەستپاكی دەكەین بێ خاترانەو چاوپۆشی كردن لەهیچ كەس و لایەنێك بەكاری پێویست هەڵبستن و گەندەڵی نەهێڵن، ئەركی حكومەتیشە رێكاری یاسایی بگرێتە بەرو لەهەمان كاتیش ئەركە لە داهات و پرۆژەو خەرجی و وەبەرهێنان و گرێبەستەكان شەفافتر بێت.

ئەو هەنگاوە ئامانجێكی نیشتمانی و ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی گرنگە، بۆیە پشتگیری تەواوی هەنگاوە چاكسازیەكان دەبین و، داواش لە پەرلەمانی كوردستان و دەزگا مەعنی و ئیداریەكان و لایەنە سیاسیەكان و تەواوی هاووڵاتیان دەكەین هاوكارو پشتیوان بن.

خوا هاوكاری دڵسۆزانە..

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان

هەولێر- هەرێمی كوردستان

14 ربیعی دووەم 1441كۆچی

12- 12- 2019 زاینی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان