ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

پەڕلەمانتارێكی عیراقی بۆ (خەڵك) باس لە داواكاری خۆپیشاندەران دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراقی سەر بە هاوپەیمانی نەسر پێیوایە، داواكاری خۆپیشاندەران زۆر لە ڕووخاندنی حكومەت گەورەترە، تا ڕەوشەكەش بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بەرزتردەبنەوە.

نەدا شاكر جەودەت، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر لە پەڕلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “هەر كێشەیەك لە سەرەتاوە چارەسەر نەكرا، ناتوانین دوایی چارەسەری ڕیشەیی بۆ بدۆزینەوە، هەر بەمشێوەیە بوو، كە خۆپیشاندەران داواكارییەكانیان زیاد كرد و گەیشتە ئەو ئاستەی داوای ڕووخانی تەواوەتی سیستمی سیاسی وڵات بكەن”.

نەدا شاكر جەودەت دەڵێت: “خەڵك مافی خۆیەتی خۆپیشاندان دەكات و ئێمەش لە هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكەین، گەلی عیراق و لاوانی وڵات دەپرسن، چیمان لەم حكومەت و لایەنە سیاسییەكان دەستكەوتووە، بۆیە ڕووخاندنی بە پێویست دەزانن، كە ئەمەش پڕۆسەیەكی هەروا ئاسان نییە”.

سەبارەت بە چارەسەری گونجاویش بۆ ئەم ڕەوشەی ئێستای عیراق، پەڕلەمانتارەكەی هاوپەیمانی نەسر پێیوایە، “چارەسەری بنەڕەتی دروستكردنی دەستەیەكی نوێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دانانی سیستمێكی نوێی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی ڕیشەییە لە حكومەتدا، چونكە حكومەتی ئێستا هیچ متمانەیەكی نییە و پەسەندكراون نییە، پێویستە وەزارەتەكان لەلایەن كەسانی نیشتمانپەروەر و پیشەوەرەوە بەڕێوەببرێن، كە بتوانن وڵات لەم كەوتنەی ئێستای هەڵبستێننەوە”.

نەدا جەودەت دەڵێت: “گەر ئێمە لەسەر ئەم شێوازە پشكدارییەی ئێستا بمێنینەوە و كەسەكان لەلایەن حزبەكان و كۆمپانیاكانەوە دابنرێن، ناتوانین گۆڕانكاری لەم واقعە ڕەخساوەی ئێستادا بكەین، پێویستە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی بێخەوش بكرێت و نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەلی عیراق بەشداری تێدا بكەن”.

عێراق

نوجێفی ڕێككەوتنێك لەگەڵ عەلاوی و عەبادی ئاشكرادەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە نەخشە ڕێگایەی بۆ دۆخی عیراق و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت پێشكەش كردووە و دەشڵێت: “لەگەڵ عەلاوی و عەبادی ڕێككەوتوون”.

ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدانی عیراقی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جوان لوندیز، باڵیۆزی ئوستڕالیا لە عیراق كۆبۆتەوە و گفتوگۆیان كردووە بەسارەت بە دۆخی سیاسی وڵات و ئەو بزووتنەوە جەماوەریەی شەقامەكانی گرتۆتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەكەی، نوجێفی نەخشەڕێگایەكی خستۆتەڕوو بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی، كە بەشداری لە هەڵبژاردن نەكات و دانانی یاسایەك بۆ هەڵبژاردنەكان، كە داخوازی دادپەروەری بهێنێتەدی و كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ بە بەشداری نەتەوە یەكگرتووەكان پێكبهێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئاشتیانە و بڕواپێكراو.

ڕاشیگەیاندووە، كە هەر بەپێی نەخشەڕێگاكە پەڕلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بۆ دیاری كردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەل.

نوجێفی وتوشیەتی، “لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی مینبەری عیراقی ڕێككەوتووە سەبارەت بە هەماهەنگی و هاوكاری بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیران و لەكارخستنی ئەوەش وەك چالاكی ئۆپۆزسیۆنی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو لایەنانەی هەمان بۆچوونیان هەیە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

وەزیری بەرگرى: سوپا و حەشد و پێشمەرگە پابەندی فەرمانەكانن

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزارەتی بەرگری عیراق ڕایدەگەیەنێت، سوپا بەهیچ شێوەیەك گازی فرمێسكڕیژی بە ئاڕاستەی خۆپیشاندەران نەهاویشتووە، لایەنی سێیەم دەستیان لە تەقاندنی ئەو بۆمبانە هەیە، دەشڵێت: “سوپا و حەشد و پێشمەرگە و دژەتیرۆر پابەندی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانن”.

وەزارەتی بەرگری عیراق بڵاویكردەوە، كە نەجاح ئەلشمەری، وەزیری بەرگری لەمیانەی وتارێكی بۆ هێزە سەربازییەكان ڕایگەیاندووە، هیچ كام لە هێزەكانی سوپا و حەشد و دژە تیرۆر و پێشمەرگە بۆمبی فرمێسكڕێژیان بەمەبەستی كوشتنی خۆپیشاندەران نەهاویشتووە.

ڕاشیگەیاندووە، لایەنی سێهەم، كە چەند كەسێكن و چەكیان پێیە بۆمبی فرمێسكڕێژ و گوللە ئاڕاستەی هێزە ئەمنیەكان و خۆپیشاندەران دەكەن بەمەبەستی نانەوەی فیتنە لەنێوان ڕۆڵەكانی گەلی عیراقدا.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هەموو هێزەكانی وەزارەتی پەرگری عیراق بە پۆلیس و دژەتیرۆر و حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە پابەندی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقن، كە نكۆڵی لەوە دەكات نابێت توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێت، هەر بەو هۆیەشەوە بەسەدان لە هێزەكانمان بریندار و بەدەیانی دیكە شەهید بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

“پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران هەیە”

خەڵك – بەشی هەواڵ
بانكی ڕافیدەین لە عیراق ڕایدەگەیەنێت، پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران لەبەردەستدایە و لە لقەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە بەردەوامن لە دابەشكردنی مووچە.

دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی بەغدا و هەندێك لە پارێزگاكانی عیراق كێشە بۆ بانكەكان دروست بووە لە پێدانی مووچەی مانگانەی خانەنشینان و فەرمانبەران، بانكی ڕافیدەین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی بانكی ڕافیدەین ئاماژەی بەوەكردووە، لقەكانی ڕافیدەین لەتەواوی شارەكانی عیراق بەردەوامە لە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا و ڕەتیكردەوە هیچ كێشەیەكیان هەبێت لە پارە و دابەشكردن.

ڕاشیگەیاندووە، بانك پارەی پێویستی بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و توێژەكانی دیكە لەبەردەستدایە و بڕە پارەیەكی زۆریش بۆ لقی بانكەكان تەرخانكراوە.

بانكی ڕافیدەین داوای لە فەرمانبەران و خانەنشینان كردووە، سەردانی لقەكانیان بكەن و هەركاتێك بیانەوێ دەتوانن مووچەكانیان وەربگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان