ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سەعدی پیرە: یەكێتی و پارتی لە مافی خۆیان خۆشنابن

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا دەكات هەموو لایەنەكانی كوردستان دابنیشن و هاودەنگییەك دروست بكەن لەمەڕ ئەو ڕووداو و پێشهاتەی لە عیراق ڕوودەدەن، دەشڵێت: “نە حزبەكەی لە مافی خۆی خۆش دەبێت و نەپارتیش، بۆیە دەبێت لە ژوورێكی داخراودا قسە لەسەر ڕێككەوتنی نێوانیان بكەن، نەك لە میدیاكانەوە”.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە دەبێت وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت، قسەكردن كار و كاردانەوە دروست دەكات.

وتیشی، “نە یەكێتی لە مافی خۆی خۆشدەبێت و نەپارتیش، بۆیە باشترە لە ژوورێكی داخراودا قسە لەسەر ڕێككەوتنی نێوانیان بكەن نەك لە میدیاكانەوە قسەی لەسەر بكرێت”.

ڕاشیگەیاند، پێویستە لەئێستادا لانەكانی هەرێم دانیشتن و هاودەنگیەك لەسەر ئەو پێشهات و ڕووداوانە دروست بكەن، كە لە عیراق هاتوونەتە پێشەوە و ڕۆژانە ڕوو دەدەن.

ماوەی چەند ڕۆژێكی یەكێتی پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی پارتی دەكات سەبارەت بە جێبەجێ‌ نەكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوانیان و لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی ئەو حزبە ڕایگەیاند، كە چەندین كەس كراوە بە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران لەكاتێكدا لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران تێیدا نییە و هەمووشیان سەر بە پارتی-ن و ئەوەش بارگرانی دەخاتە سەر شانی حكومەت.

وتیشی، “چەندین كادرمان دەستگیر كراوە و نوێنەرایەتی حكومەتیش لە بەغدا بە پارتی كراوە”.

لای خۆشیەوە، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، كە یەكێتی خۆی ئامادەی كۆبوونەوە لەسەر پرسەكان نابێت و كاندیدەكانی پێشكەش ناكات بۆ پۆستەكان.

کوردستان

هۆكاری دواكەوتنی مووچە ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، هۆكاری تەكنیكی بووەتە هۆی دواخستنی مووچە.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، بەدواداچوونم بۆ پرسی دواكەوتنی مووچەی هەرێمی كوردستان كردووە و وەك ئەوەی پێمگەیشتووە، ئەو مووچەیە ئیتڵاق بووە و هۆكاری دواكەوتنی تەكنیكی بووە.

وتیشی”هەندێك بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و لەوانەیە ئەوان دوایانخستبێت و هۆكارەكەی تەكنیكی بووە”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت و زۆر پێویستە وەزیری دارایی بۆ كورد بێت و كورد خۆی دەستنیشانی بكات، بۆ ئەوەی سبەی ڕۆژ هەر ناكۆكییەك هەبوو، مووچەی هەرێم نەبڕن، بۆیە دەبێت لەناو كارنامەی حكومەتدا بەڵێنێك هەبێت لەو بارەیەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پۆلیسی هەولێر گرووپێكی ماتۆرسواری دەستگیركرد

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوابەدوای ڕەخنەگرتنی خەڵك لە گرووپێك كە بەماتۆر سكیل لەسەر ڕێگای شارەدێی كەسنەزان بە نمایشكردن و كێبڕكێ و تیژڕۆیی، خەڵكی ناوچەكەیان بێزار كردبوو دەستگیركران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، ‌گرووپێك پێكهاتبوون لە (14) ماتۆڕسكیل كە هیچ كام لە شۆفێرەكانی خاوەنی موڵەت و ساڵیانەی ماتۆڕسكیل نەبوون، لەڕێگای نێوان شەقامی (۱۲۰)مەتری و فلۆریاستی شەوانە بە نمایشكردن و كێبڕكێ و تیژڕۆیی، خەڵكی ناوچەكەیان بێزاركردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕوونیشیدەكاتەوە، دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەم حاڵەتە توانییان هەر (۱٤) ماتۆڕسكیل و خاوەنەكانیان دەستگیر بكەن، ئێستا پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێكخرا و ماتۆڕسكیلەكانیشان دەستیان بەسەر داگیرا و شۆفێرەكانیش ڕادەستی دادگا كراون.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنایە
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر داوایەك لە توێژەران دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

یوسف چاوشین بەڕێوەبەری چاودێری و گەشپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لە ئاگادارینامەیەكدا بە پێویستی دەزانێت توێژەرانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لەگەڵ قائیمقامەكان و لیژنە پزیشكییەكان لە پەیوەندیدا بن بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەشڵێت، بەشداری كردن یان بەشداری نەكردنیان لەم پڕۆسەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەبەرچاو دەگیرێت.

دەقی ئاگادارینامەكە:

ئاگادارییەك بۆ توێژەرانی كۆمەڵایەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان

دوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەركێك بەرامبەر هاونیشتمانیان، وەزارەتەكانی پەیوەندیداری راسپارد بە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ رێگە گرتن یان خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە لە هەرێمی كوردستان.

خۆشبەختانە بۆ ئەم مەبەستە هەر یەك لە وەزارەتەكانی ناوخۆ لە توندو تۆڵكردنی سنوورەكان و وەزارەتی تەندروستی لە دابین كردنی شوێن و ئامادە كردنی ئامێر و كەرەستەی پێویست توانیویانە رۆڵی خۆیان بە باشی بگێڕن.

دیارە بۆ زیاتر خزمەت كردنی پرۆسەكە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە رووی دەروونی و لە رووی كۆمەڵایەتی دەتوانێت كار لە سەر ئەم بابەتە بكات.

بۆیە پێویستە توێژەرانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لەگەڵ قایمقامەكان و لێژنە پزیشكییەكان لە پەیوەندیدا بن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە پیرۆزە و بەشداری كردن یان بەشداری نەكردنیان لەم پرۆسەیە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەبەرچاو دەگیردرێت.

یوسف چاوشین

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان