ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

هۆشداری لە گەیشتنی ئاگرەكەی بەغدا بۆ هەرێم دەدرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، فریای خۆتان بكەون بەرلەوەی ئاگرەكە بگات.

عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، گومانی تێدا نییە ئەوەی ئێستا لە عیراق ڕوودەدات، جگە لە كاریگەری وڵاتانی ئیقلیمی و هەندێ وڵاتی زلهێزی نێودەوڵەتی، تەقینەوەی توڕەیی خەڵكە لەو دەسەڵاتەی لە دوای ٢٠٠٣وە دەستی بەسەر عیراقدا گرتووە و دەرئەنجامەكەی تاڵانكردنی سامانی گشتی لەلایەن حزبەكان و بێكاری و برسێتی و هەژاری و دواكەوتوویی و كاولبوونی وڵاتەكەیە .

دەشڵێت”سیستمی سیاسی دوای ٢٠٠٣ دۆخێكی لە عیراق خوڵقاندووە، سەرەڕای ئەو هەموو سامان و پارە و داهاتەی لە وڵاتێكی دەوڵەمەندی وەك عێراقدا هەیە، كەچی خەڵكی عێراق هەژار و سەرزەمینی وڵات وێرانە و ژێرخانی ئابوری وڵات داتەپیوە و لەولاشەوە كەمینەیەكی دەسەڵاتدار كە هەریەكەیان ئەجێندای وڵاتێك لە عیراق جێبەجێدەكەن، لەوپەڕی ڕەفاهیەت و دەوڵەمەندیدان”.

ئاشكراشیدەكات، بەردەوامیی ئەو دۆخەی لە عیراقدا هەیە، ئەمڕۆ یان سبەی كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئێمە بەشێكین لەو وڵاتە و هەردۆخێك لەوێ دروست ببێت، ئێرەشی لێ بەدەر نابێ .

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا ناوبراو جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو هۆكارانەی وایكردووە توڕەیی خەڵك بگاتە لوتكە و بتەقێتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش هەیە، عیراق و هەرێمی كوردستان لە گەندەڵیی و قۆرخكاریی و بێكاری و هەژارییدا هاوبەشن، جا با هەندێ كەس بڵێن ئەوە نیە لە هەرێمی كوردستان مۆڵی گەورە و باڵەخانەی بەرز هەن؟جا خەڵك چی لەو مۆڵ و باڵەخانانە بكات، بەشێكی زۆری ئەوانەش دیسان بەرهەمی ئەو گەندەڵیی و قۆرخكارییەیە كە كەمینەیەكی دەسەڵاتدار بە قوت و داهات و سامان و موقەدەراتی ئەم میللەتەوە دەیكەن!

وتیشی”ئاڕاستەی شەقامی عیراقی و بڕیاری سیاسیی لە بەغدا ڕەنگە چیتر بە بەرژەوەندی هەرێم نەبێت و ببێتەهۆی بڕینی ئەو بەشە بودجەیەی كە تا ئێستا لەبەرامبەر هیچدا، بەغدا وەك موچەی فەرمانبەران ناردویەتی، خۆ ئەگەر ئەمە ڕوویدا دیار نیە خەڵك كاردانەوەی چی دەبێت و چارەنوسی قەوارەی سیاسیی هەرێم وەك خۆی دەمێنێَتەوە یان نا؟
بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران ژیرانە و قوڵتر بیر لەم دۆخە بكەنەوە، ناكرێ و ناگونجێ تۆ هەموو داهاتی هەرێمت لەبەردەست بێ و بڵێی بەشی موچە ناكات و چاوەڕێش بكەی بەغدا پارە و بودجەت بۆ بنێرێت، ئەگەر تا ئێستا ئەمەتان بۆ چووبێتەسەر، دڵنیابن چیتر ناچێتەسەر!

ڕوونیشیدەكاتەوە، تەنها ڕێگا لەبەردەماندا چاكسازیی جددی و گۆڕانكاری ڕیشەییە لە سیستمی سیاسیی و كارگێڕیی و داراییدا، بەدەرلەمە و خۆدزینەوە لێی، بارودۆخێك ڕوودەدات ڕەنگە بە بیری كەسماندا نەهاتبێ، چونكە هەتاسەر دروشمی كوردایەتی و قەوارەی هەرێم و ئابوری سەربەخۆ خەڵك تێر ناكات و جگە لە كەمینەیەك، گەدە و گیرفانی كەسی پڕ نەكردووە!!

کوردستان

پاسپۆرتی سلێمانی: بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ نووسینگەی پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان لە سلێمانی بكرێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ نووسینگەی پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە سلێمانی بكرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 18/11/2019 بەمەبەستی بەدواداچوون و دیاریكردنی بینایەك بۆ كردنەوەی نووسینگەی پشتڕاستكرنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە پارێزگای سلێمانی شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق سەردانی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانییان كرد.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، دوای چەندین گفتوگۆ و كۆبوونەوە بە ھەوڵ و هەماهەنگی ھەر یەك لە د.بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و د. ھەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی، توانرا حكومەتی عیراق شاندێك بنێریت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەدواداچوون و دیاریكردنی بینایەك بۆ كردنەوەی نووسینگەی پشتڕاستكرنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە پارێزگای سلێمانی تا بتوانن پێش ھاتنی ساڵی نوێ ئەم نووسینگەیە دەست بەكاربێت و بكرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەوەشیخستووەتەڕوو، بەكردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە سلێمانی كارئاسانی زۆرتر بۆ هاووڵاتیان دەكرێت و چیتر پێویست ناكات ھاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی ئەو ھاووڵاتیانەی كە لە ھەندەرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ پشتڕاستكردنەوە ( تصدیق)كردنی بەڵگەنامەكانیان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عیراق بكەن لە بەغدا و لە سلێمانی كاروبارەكانیان جێبەجێ دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم دەیەوێت چاكسازی لە دۆخی كارەبادا بكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایەكن بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە چاكسازی لە دۆخی كارەبادا بكەن لە هەرێمی كوردستان.

د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند،”بە هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان وكۆمەكی دارایی ڕێكخراوی USAID و لەژێر سەرپەرشتی ڕێكخراوی UNDP گرێبەستی لەگەڵ كراوە بۆ یارمەتیدانی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند چاكسازییەك و نووسینی یاسایەكی نویێ كارەبا.

وەزیری پلاندانان ڕاشیگەیاندووە،”بڕیارداوە پەلە بكرێت لە ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای كارەبا بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەرێم.. ئەنجامی تاقیكردنەوەی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی ڕادەگەیەنرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی تاقیكردنەوەی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدان و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی ڕادەگەیەنێت.

د.محەمەد حسێن سەرۆكی ليژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەكانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخستنەوەی كار و چالاكییەكانی سەنتەرەكانی زمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: سبەینێ سێشەممە 19/1/2019، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی لە سەنتەرەكانی زمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدان و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی لەلایەن سەنتەرەكانەوە ڕادەگەیەنرێت، كە لەڕێكەوتی (9 تا 14)ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەی بەشداربووان بۆ سەرجەم ئاستەكان بەڕێوەچو بوو.

سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەكانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخستنەوەی كار و چالاكییەكانی سەنتەرەكانی زمان جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، كە كاندیدان و خوازیاران دەتوانن سەردانی سەنتەرەكان یان وێب سایتی سەنتەرەكانی زمان و وێب سایتی زانكۆكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەكانیان.

هەروەك وتیشی، لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكان بۆ ماوەی 48 كاتژمێر كاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەڵپگرتن لە ئەنجامەكانیان تا كۆتایی دەوامی فەڕمی ڕۆژی پێنج شەممە 21/11/2019.

د.محەمەد حسێن ئەوەشیخستەڕوو: لە داهاتوویەكی نزیكدا خولی نوێی ئاستەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی بەسیستمێكی تازە لەسەرجەم سەنتەرەكانی زمانی زانكۆكان دەستپێدەكاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان