ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

خەڵك؛ دەقی یاسای نوێی خانەنشینی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژەی هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵی پەسەند كرد و ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت بۆ پەسەند كردنی.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، كە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای خانەنشینی پەسەند كردووە و ڕەوانەی پەڕلەمانی كردووە بۆ پەسەند كردنی.

لای خۆشیەوە، ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە تا ئێستا دەقی هەموارەكە نەگەیشتۆتە دەستیان تاوەكو لە پەڕلەمان خوێندنەوەی بۆ بكرێت و هێشتا لای حكومەتە.

بەپێی پڕۆژەكە، كە دراوە بە (خەڵك) تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە كەمكراوەتەوە بۆ 60 ساڵ بە چاوپۆشی كردن لە ماوەی خزمەتەكەی، بەڵام ئەوە مامۆستایانی زانكۆ و پزیشكان و فڕۆكەوانەكان و دادوەران و ڕاوێژكارەكانی ئەنجوومەنی دەوڵەت ناگرێتەوە.

هەر بەپێی پڕۆژە یاساكە، هەر كەسێك 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی بگاتە 45 ساڵ دەتوانێت داوای خانەنشینی بكات، كە پێستر (50 ساڵ) دیاریكرابوو.

ئەوەش هاتووە، “هەر فەرمانبەرێك خزمەتی 25 ساڵی هەبێت پاداشتی كۆتایی خزمەت وەردەگرێت بە بڕی كۆی مووچە و دەرماڵەی دواین مووچەی بۆ 12 مانگ”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كە كەم كردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ دوای ساڵێك لە دەرچوونی یاساكە جێبەجێ‌ دەكرێت.

ئابوری

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات، كە لەكاتی سەرپێچی كردن بۆ سەر بۆریەكانی ئاو ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە بۆریە سەرەكییەكانی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان لە هێڵی دوكان- سلێمانی ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی سلێمانی و دەورووبەری و چەمچەماڵ و شۆڕش و بازیان و تەكیە و پیرەمەگروون دابین دەكەن.

ڕاشیگەیاند، كە بۆیە هاووڵاتیان و خاوەن زەوییەكانی نزیك لەو بۆریانە ئاگادار دەكەینەوە، كە هەر جۆرێك نزیكبوونەوە یان سەرپێچی كردن و شكاندنی ئەو بۆریانە دژی بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی و پێچەوانەی یاسایە و كەسەكە ڕووبەڕووی یاسا و دادگا دەكەینەوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “لەبەر بەرژەوەندی گشتی، لەكاتی شكاوی یان زیادەڕەوی بۆ سەر بۆریەكان ئاگادارمان بكەنەوە” .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

خشتەی هەفتەیەكی مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیەنرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی هەفتەیەكە دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەران دەستی پێكردووە و سەرچاوەیەكیش دەڵێت: “ئەم هەفتەیە زۆربەی وەزارەتەكان مووچە وەردەگرن”.

سەرچاوەیەك لە گەنجینەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، كە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە و لەگەڵ گەیشتنی پارەی بەغدا لەم هەفتەیەدا زۆرینەی فەرمانبەران مووچە وەردەگرن.

ڕاشیگەیاند، ڕۆژی یەك شەممە 17/ 11/ 2019 مووچەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان خەرج ەدەكرێت.

وتیشی، “ڕۆژی دوو شەممە مووچەی ئەنجوومەنی دادوەری و ڕۆژی سێ شەممە مووچەی وەزارەتی داد خەرج دەكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆژی چوار شەممە مووچەی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، سامانە سروشتیەكان) دابەش دەكرێت لەگەڵ (ھێزەكانی زێرەڤانی، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای گشتی ئاسایش، هێزی بەرگری فریاكەوتن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی ھەرێم، پۆلیسی نەوت و گاز).

ئاشكراشی كرد، ڕۆژی پێنج شەممە مووچەی وەزارەتەكانی (شارەوانی‌ و گەشتوگوزار، كشتوكاڵ، كارەبا، پلاندانان، گواستنەوه و گەیاندن) لەگەڵ (دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەستپاكی، دەستەی ژینگه، دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارە هەرێم، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای گشتی كاروباری مین)

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

مەرجی نوێ‌ بۆ هاوردەكردنی چەند جۆرێكی ئۆتۆمبێل دیاریكرا

خەڵك – بەشی هەواڵ‎
كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی نوێوە كۆمپانیاكانی بازرگانی هاوردەكردنی شەحن بۆ هێنانی چەند جۆرێك ئۆتۆمبێل پێویستە بڕوانامەی (COC)یان هەبێت.

كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، بە نووسراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگـ، بەڕێوبەرایەتی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان ژمارە 21578 لە ڕۆژی 7-11-2019 چەند مەرجێكی نوێ بۆ هاوردەكردنی چەند جۆرێك لە ئۆتۆمبێل دیاریكراوە، پێویستە بڕوانامەی (COC)یان هەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیارەكە گشت كۆمپانیا و بازرگان و دەرهێنەرانی گومرگ دەگرێتەوە، كە بازرگانی هاوردەكردنی شەحن دەكەن سەبارەت بە هێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێلی (پاص ۲٠ نەفەری بەرەوسەرەوە) و ئۆتۆمبێلی (بارهەڵگر ۳ تەن بەرەوسەرەوە) بۆ ناو هەرێمی كوردستان.

جەختیشی كردۆتەوە، كە بڕیارەكە لە 1-1-2020 جێبەجێ‌ دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان