ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

گرانبەهاترین لێپرسراوی کاروباری یاریزانان کێن و دەستکەوتی ساڵانەیان چەندە؟

خەڵک سپۆرت

لەبواری تۆپی پێدا کاراکتەرێکی نوێ لە پاڵ یاریزاناندا کاریگەری لەسەر بۆند و بۆنە وەرزشییەکان دروست کردووە، هەندێجار لەڕووی داراییەوە زیاتر لە یاریزانان بەدەست دەهێنن، ئەو کاراکتەرەش لێپرسراوی فەرمی کاروباری یاریزانەکانن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “مارکا”ی ئیسپانی، لێپرسراوی کاروباری یاریزانان لەئێستادا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن لە جێگۆڕکێی ئەستێرە وەرزشیەکان و نەک هەر ئەوە، بەڵکو نەخشەی وەرزشیان بەدەستیانەوە گرتووە و کاردانەوەیان لەسەر بۆنە وەرزشیەکانیش هەبووە، لە ڕووی داراییەوە گەیشتونەتە ئاستی باڵا و هەندێکیان هێندە دەوڵەمەند بوون کە لەئاستی گرانبەهاترینی یاریزانەکاندا خۆیان گرتۆتەوە.

لێپرسراوەکان بەفەرمی و لەبەردەم دادگا و یاسای وڵاتان خۆیان وەک نوێنەری یاریزانان دەناسێنن، لێپرسراوێک لەتوانایدایە سەرپەرشتی کاروباری زیاتر لە یاریزانێک بکات، هاوشێوەی بریکارنامە واژوو بەناوی یاریزانانەوە دەکەن لەسەر، بۆند، ڕێکەوتنی یاسایی، پڕۆسەی باج و باجدان، ڕێکەوتنی نهێنی و چەندین بابەتی تر، هەموو ئەمانە لەپێناو ئەوەی یاریزانان تەنها و تەنها تەرکیز لەسەر بوارەکەی خۆیان بکەن و چیتر خۆیان بە کاروباری ئیداریی و داراییەوە سەرقاڵ نەکەن.

ئەم ناودارانەی خوارەوەش گرانبەهاترین و چالاکترین لێپرسراوی کاروباری یاریزانانن لە بوارە جیاوازەکانی وەرزشدا و بڕی ئەو داهاتەشیان دیاری کراوە کە لە یەک وەرزدا بەدەستیان هێناوە:

١٠. تۆد فرانس: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانە لە بواری فوتباڵی ئەمریکی لەنمونەی ئارۆن دۆناڵد، لە ساڵێکدا بڕی ٤٤.٨ ملیۆن دۆلاری بەدەست هێناوە.

٩. تۆم کۆندۆن: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانە لە بواری فوتباڵی ئەمریکی لەنمونەی مات ڕاین، لە ساڵێکدا بڕی ٤٦.٦ ملیۆن دۆلاری بەدەست هێناوە.

٨. جۆیل وڵف: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانە لە بواری بەیسبوڵ لەنمونەی جیانکارلۆ ستانتۆن، لە ساڵێکدا بڕی ٥٠.٨ ملیۆن دۆلاری بەدەست هێناوە

٧. سام و سیز لیڤینسۆن: لێپرسراوی کاروباری یاریزانان لەبواری بەیسبوڵ لەنمونەی جۆن لیستەر، ساڵانە بڕی ٥١ ملیۆن دۆلار بەدەست دەهێنن.

٦. کەیسی کلۆس: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانە لەبواری بەیسبوڵ لەنمونەی زاک گرینکی، ساڵانە بڕی ٦٣ ملیۆن دۆلار بەدەست دەهێنێت.

٥. مینۆ ڕایۆلا: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانی بواری تۆپی پێیە لەنمونەی پۆل پۆگبا و بە “ڕێوی گواستنەوەکان” ناوی دەرکردووە، ساڵانە بڕی ٧٠.٣ ملیۆن دۆلار پاشەکەوت دەکات.

٤. جیف شوارتز: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانە لەبواری باسکە لەنمونەی کیڤن لۆڤ، ساڵانە بڕی ٧٢.٥ ملیۆن دۆلار بەدەست دەهێنێت.

٣. خۆرخی مێندێز: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانە لە بواری تۆپی پێ لەنمونەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ناودارترینە لە بوارەکەدا، ساڵانە بڕی ١١٨ ملیۆن دۆلار بەدەست دەهێنێت.

٢. سکۆت بۆراس: لێپرسراوی کاروباری یاریزانانە لە بواری بەیسبوڵ لەنمونەی کریس داڤیز، ساڵانە بڕی ١١٨.٨ ملیۆن دۆلار بەدەست دەهێنێت.

١. جۆناسان بارنێت: ناودارترین و گرانبەهاترین لێپرسراوی کاروباری یاریزانانی بواری تۆپی پێیە لەنمونەی گاریس بەیل و ساول نیگوێز، ساڵانە بڕی ١٢٨ ملیۆن دۆلار بەدەست دەهێنێت، لەبەرئەوەیە بە یەکەمین کەسایەتی نێو بوارەکە هەژمار دەکرێت.

ڕاپۆرت و شیکاری

(بە ژمارە) ئەو (١٠) وەرزشکارەی لە ساڵی ٢٠١٩دا زۆرترین داهاتیان هەبووە

خەڵک سپۆرت

گۆڤاری “فۆربس”ی ئەمریکی تایبەت بە داتا و ئامارە داراییەکان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی سەروەت و سامانی وەرزشکاران لەگشت جیهان بڵاوکردۆتەوە، تیایدا دەردەکەوێت یاریزانانی بواری تۆپی پێ لە لوتکەدان.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی “فۆربس”، لە ساڵی ٢٠١٩دا (٢٥) یاریزان توانیویانە ڕێژەی داهاتی ساڵانەیان بەرز بکەنەوە کە زۆرینەیان یاریزانی بواری باسکە و تۆپی پێی ئەمریکین و لە خولی یانە پیشەگەرەکانی ئەمریکا یاریی دەکەن، لەهەمان ڕیزبەندیدا یاریزانانی بواری تۆپی پێ لە نمونەی لیۆ مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و نایمار دا سیلڤا توانیویانە نوێنەرایەتی یاریزانانی بواری تۆپی پێ بکەن و لوتکەشیان بگرن.

لەڕیزبەندی (١٠) خاوەن زۆرترین داهاتەکاندا، تاکە نوێنەری بواری تێنسی سەرزەوی ڕۆجێ فێدرەری ئەفسانەی سویسری بووە سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا دەکەوێتە خانەی سێیەمی ڕیزبەندی یاریزانانی بوارەکەی.

ڕیزبەندی (١٠) خاوەن زۆرترین داهات لە ساڵی ٢٠١٩دا بەم شێوەیە بووە:

١٠. کیڤن دۆرانت (باسکە – برۆکلین نێتس): ٥٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار یورۆی لە ساڵی ٢٠١٩دا بەدەستهێناوە

٩. ستیفان کوری (باسکە – گۆڵدن ستەیت واریەرز): ٧١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار یورۆ

٨. لیبرۆن جەیمس (باسکە – لۆس ئەنجلس لەیکەرز): ٨٠ ملیۆن یورۆ

٧. ئارۆن ڕۆجەرز (تۆپی پێی ئەمریکی – گرین پای بیکەرز): ٨٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار یورۆ

٦. ڕاسڵ ویڵسن (تۆپی پێی ئەمریکی – سیاتل هۆکس): ٨٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار یورۆ

٥. ڕۆجێر فێدرەر (تێنسی سەرزەوی): ٨٤ ملیۆن یورۆ

٤. کانێلۆ سۆل ئالڤارێز (بۆکسێن – مەکسیک): ٨٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار یورۆ

٣. نایمار دا سیلڤا (تۆپی پێ – پاریس سانت جێرمان): ٩٤ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار یورۆ

٢. کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ (تۆپی پێ – یوڤانتۆس): ٩٨ ملیۆن یورۆ

١. لیۆنێل مێسی (تۆپی پێ – بەرشلۆنە): ١١٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار یورۆ

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

بەراوردی ژمارەیی نێوان نایمار و مباپێ، کامیان باشترن؟

خەڵک سپۆرت

کیلیان مباپێی فەرەنسی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمان، بەهێزەوە پێیەکانی لە یاریگای “پارک دو فرانس” جێگیر کردووە و داتا و ژمارەکان دەیکەنە باشترینی یانەکەی.

لە گواستنەوەکانی هاوینەی ٢٠١٧ نایمار دا سیلڤا لە یانەی بەرشلۆنە و کیلیان مباپێ لە یانەی مۆناکۆوە ڕوویان کردە یانەی پاریس سانت جێرمان، هەردوو ئەستێرەکە ئاستی ناوازەیان پێشکەش کرد و توانیان ڕابەری پێکهاتەکە بکەن بۆ چنینەوەی نازناوە ناوخۆییەکان، بەڵام لە بەدەستهێنانی نازناوە ئەوروپیەکاندا شکستیان هێنا، ئەمەش کەلێنی دەرونی بۆ دوو ئەستێرەکە دروست کرد و ئەگەر هەیە بەو هۆیەوە ڕوو لە یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە بکەن.

بەدەر لە ئەنجام و هەواڵەکان، مباپێ و نایمار ماوەی دوو وەرزە ململانێی ناوخۆیی لەنێوانیاندا دروست بووە و بەردەوام میدیا و هاندەران پرسیار دەکەن: کامیان ئەستێرەی یەکەمی پاریس سانت جێرمانن؟ لە کاتێکدا “نێی” بەهۆی پێکانەوە زۆرینەی ڕووبەڕوبونەوەکانی لەدەستداوە و لەم وەرزەدا لەکۆی پێنج ڕووبەڕوبونەوە تەنها چوار گۆڵی تۆمار کردووە، لەبەرامبەردا مباپێ لەکۆی ١١ یاریی نۆ گۆڵی تۆمار کردووە و چوار هەلی گۆڵێشی بۆ هاوڕێکانی ڕەخساندووە، واتا لە تۆماری ١٣ گۆڵدا بەشدار بووە.

ژمارەکان چیمان پێدەڵێن؟

بەپێی داتا و ژمارە بەدەستهاتووەکان، کیلیان مباپێ زیاتر لە نایمار بەشداری لە ڕووبەڕوبونەوەکانی پاریسدا کردووە، هەر لەبەرئەوەشە کە ڕیکۆردی باشتری تۆمار کردووە، بەشێوەیەکی گشتیش ژمارەکان بەم شێوەیە دابەش دەبن:

  • ژمارەکانی مباپێ لەو کاتەوە پەیوەندی بە پاریس سانت جێرمانەوە کردووە:

یاریی کردن: ٩٨ یاریی

گۆڵ: ٦٩

ڕەخساندنی هەلی گۆڵکردن: ٣٦

نێوەندی ڕێژەی گۆڵکردن لە یەک یارییدا: ٠.٧ی گۆڵێک لە یەک یارییدا

ڕێژەی ڕەخساندنی گۆڵ: ٠.٣٦ی گۆڵێک لە هەر یارییەکدا

ڕێژەی بەشداریکردن لە تۆماری گۆڵ (گۆڵ و دروستکردنی): ١.١ گۆڵ لە یەک یارییدا

  • ژمارەکانی نایمار لەو کاتەوە پەیوەندی بە پاریس سانت جێرمانەوە کردووە:

یاریی کردن: ٦٣

گۆڵ: ٥٥ گۆڵ

ڕەخساندنی هەلی گۆڵکردن: ٢٩ گۆڵ

نێوەندی ڕێژەی گۆڵکردن لە یەک یارییدا: ٠.٨٧ی گۆڵێک لە یەک یارییدا

ڕێژەی ڕەخساندنی گۆڵ: ٠.٤٣ی گۆڵێک لە یەک یارییدا

ڕێژەی بەشداریکردن لە تۆماری گۆڵ (گۆڵ و دروستکردن): ١.٣٣ گۆڵ لە هەر یارییەکدا

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

(٥) خاڵی گرنگ یاریدەدەربوون بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی ڕیاڵ مەدرید !

خەڵک سپۆرت

یانەی ڕیاڵ مەدرید لەکۆتا جەولەکانی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە ئاستێکی ناوازەوە گەڕاونەتەوە سەر ڕێڕەوی سەرکەوتنەکان، ئەو ئاستەش چەند هۆکارێکی لەپشتە.

لەسەرەتای وەرزەوە ڕەخنەکان لەهەموو لایەکەوە ئاڕاستەی زینەدین زێدانی فەرەنسی ڕاهێنەری یانەی شاهانە دەکران، تۆمەتبار دەکرا بە پشتگوێ خستنی هەندێک لە یاریزانان و شکستهێنانی لە هەڵبژاردنی پێکهاتەیەکی گونجاو، بەڵام هەمان ڕاهێنەر لە کۆتا جەولەکانی لالیگا و چامپیۆنز لیگ ئاستێکی ناوازەی پێشکەش کرد و تەواوی ڕەخنەکانی پوچەڵ کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “مارکا”، پێنج خاڵی گرنگ هۆکاربوون بۆ گەڕانەوەی ئاستی ڕیاڵ مەدرید و پێشکەشکردنی نمایشی ناوازە، خاڵەکانیش بریتین لە:

  • کرانەوەی هێرشبەران: لەکۆتا پێنج ڕووبەڕوبونەوەدا چوار بردنەوە و یەکسانبونێکیان تۆمار کردووە، هێرشبەرانی یانەکە پێیەکانیان کراونەتەوە و توانیویانە (١٦) گۆڵ تۆمار بکەن، (١٠) گۆڵیان لە سێ ڕووبەڕوبونەوەی کۆتاییدا ئاڕاستەی یانەکەی گۆڕیوە، بەپێچەوانەی سەرەتای وەرزەوە کە نەیاندەتوانی لە تۆپە ئاڕاستەکراوەکاندا سەرکەوتوو بن.
  • توندوتۆڵی بەرگریکاران: لەپێنج ڕووبەڕوبونەوەی کۆتاییدا لەڕووی بەرگریەوە ڕیاڵ ناوازە بووە و تاکە گۆڵێکیان لەسەر تۆمار نەکراوە، کۆرتوای گۆڵپارێز لە ڕیکۆردێکی مێژوویی کیلۆر ناڤاس نزیک دەبێتەوە (خاوێنی گۆڵ بۆ ٥٣٤ خولەک)، هەموو ئەمانەش هاوسەنگیان بە پێکهاتەکەی زێدان بەخشیوە.

  • گەڕانەوەی هازارد: ئیدین هازارد لە کۆتا ڕووبەڕوبونەوەکاندا ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە، بەتایبەت لەکۆتا یاریی بەرامبەر ئیبار یەکلاکەرەوە بووە لە ڕەخساندنی هەلەکانی گۆڵ و بڕینی هێڵەکانی بەرگری ڕکابەر.
  • بڕیارەکانی زێدان: ڕاهێنەرە فەرەنسیەکە لە بڕیاری بەکارخستنی لاوان و دۆزینەوەی بەهرەکاندا سەرکەوتوو بووە، ڤاڵڤێردی کردووە بە ئایکۆنی هێڵی ناوەند و ڕۆدریگۆی گەیاندۆتە ئاستێکی باڵا، لە زۆرینەی یارییەکانیشدا سودی لە توانا هونەریەکانیان وەرگرتووە.
  • گەڕاندنەوەی ئاستی جەنگاوەرە کۆنەکان: زێدان بە پێدانی حەوانەوە و پێچەوانە کردنەوەی فشارەکان بۆسەر خۆی، مەودای بۆ تۆنی کرۆس و لوکا مۆدریچ و کارڤاخال و ڕامۆس و ڤاران و بنزیمە پێکهێناوە تەرکیز لە ململانێکان بکەن و ئاستی پێشویان بگەڕێننەوە، یاریزانە ناوبراوەکانیش لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی توانا هونەریە ناوازەکەیان.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان