ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

تەمەنی خانەنشینی كەمدەكرێتەوە و فەرمانبەرانی هەرێم دەگرێتەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
حكومەتی عیراق تەمەنی خانەنشینبوونی فەرمانبەران كەم دەكاتەوە و بۆ ئەوەش هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵی دەكرێتەوە و بەرپرسێكی خانەنشینی كوردستانیش پشتیوانی بڕیارەكە دەكات و جەخت دەكاتەوە، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014 لەلایەن حكومەتەوە پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ئامادەكراوە و ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت بۆ پەسەند كردنی، كە تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە دەكاتە 60 ساڵ و هەر فەرمانبەرێك خزمەتی لە 25 ساڵ زیاتر بێت و تەمەنی لە 46 ساڵ كەمتر نەبێ، دەتوانێ داوای خانەنشینبوون بكات.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو لە عیراق، تەمەنی یاسایی خانەشینی 63 ساڵە، هەر فەرمانبەرێك تەمەنی بگاتە 63 ساڵ لەلایەن حكومەتەوە خانەنشین دەكرێت، هەروەها لەسەرو 50 ساڵیشەوە، فەرمانبەر ئەگەر خزمەتی 15 ساڵی هەبێت دەتوانێت داوای خانەنشینی بكات، واتا لە 63 ساڵیدا ناچارییە و لە سەروو تەمەنی 50 ساڵیش ئارەزوومەندانەیە، بەڵام جیاوازی لەو مووچەیە هەیە، كە وەریدەگرن”.

وتیشی، “پێشنیاری هەهواركردنی یاساكە بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشین بوون بۆ 60 ساڵ، لێكەوتەی ئابوری هەیە، بەو پێیەی بارگرانی لەسەر دەزگای خانەنشینی زیاد دەكات، تەمەنی خزمەتی هاووڵاتی بۆ حكومەت كەمدەكاتەوە، بەو پێیەی هاووڵاتی كاتێك لە تەمەنی 23 ساڵیدا دادەمەزرێت و لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین دەكرێت، ئەو كاتە 37 ساڵ خزمەت دەكات، ئەمەش وادەكات خانەنشین زیاد ببێت و لە هەمان كاتدا خزمەت كەمدەبێتەوە، بۆیە بارگرانی لەسەر حكومەت و دەزگای خانەنشینی زیاد دەكات”.

شیروان میرزا دەڵێت: “هەرچەندە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش سەرنجی لەسەر ئەم پێشنیارە هەیە، بەڵام گەر حكومەت بەرنامەی هەبێت لەجێی خانەنشینەكان كەسانی نوێ‌ دابمەزرێنێت، وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری لە وڵات، ئەوا پێدەچێت پێشنیاری هەمواری یاسای خانەنشینی لەلایەن پەڕلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت”.

لای خۆشیەوە، حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاندووە، پشتیوانی لە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەكەین و وتیشی، “كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینبوون لە 63 ساڵ بۆ 60 ساڵ دەرفەت دەبێت بۆ گەنجان، بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بە تایبەت كەوا دەرفەتی دامەزراندن كەمبۆتەوە، بۆیە خانەنشینكردن بە 60 ساڵی و بە مووچەیەكی شایستە كارێكی باشە و پشتیوانی لێ دەكەین”.

ئاماژەی بەوەشدا، لە كۆنەوە هەموو یاساكانی عیراق تەمەنی خانەنشینبوونیان بە 63 ساڵ دیاری كردووە.

جەختیشی كردەوە، هەر فەرمانبەرێك دەتوانێت بە خزمەتی 15 ساڵ خانەنشین بێت، بەو مەرجەی تەمەنی لە 50 ساڵ كەمتر نەبێت، وتیشی، “ئەگەر مەرجی تەمەن بكرێتە 46 ساڵ، ئەوا باشتر دەبێت”.

بەپێی زانیاریی وەزارەتی دارایی، لە كوردستاندا زیاتر لە 244 هەزار كەس مووچەی خانەنشینی سەربازی و شارستانی وەردەگرن، كەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە و زۆرترینی 6 ملیۆن دینارە.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی هەمواری یاسای خانەنشینی عێراق لە هەرێمی كوردستان، حازم ئیسماعیل گوتی: «ئەگەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوون، رێككەوتنێك بكرێت بە تایبەت لەسەر بودجەی 2020، ئەوا یاسای یەگرتووی خانەنشینی عێراق و ئەو هەموارەشی كە دەكرێت، بە دڵنیایی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە».

ئێستا ساڵانە نزیكەی 5 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی كوردستان خانەنشین دەبن. بە گوتەی بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینی، كاتێك تەمەنی خانەنشینی كەم دەكرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەوكات لەبری ئەوەی 5 هەزار كەس خانەنشین بكرێن، نزیكەی 20 هەزار كەس خانەنشین دەكرێن.

راپۆرت

كەرەنتینە، كێشە خێزانییەكانی لە جیهان بەرەو هەڵكشان بردووە


خەڵك – تەنیا هەورامی

 

كەرەنتینەكردنی خێزانەكان لە ماڵەكانیان كێشە ناوخۆییەكانی نێو خێزانەكانی زیاتر كردووە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕاوێژكاری ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان لە سەردەمی كەرەنتینە كە بۆ ڕاوێژكارەكانمان دەكرێت زۆر زیادی كردووە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە ئاماری كێشە و جیاوازییە خێزانییەكان لە زیادبووندایە.

ماڵپەڕی (ئەلعەرەبیە) بڵاویكرەوە، بەپێی زانیارییەكان بەشێك لە كێشەكانی خێزان لە سەردەمی كەرەنتینەدا، دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی پاكوخاوێنی بەتایبەت ئەوكاتانەی یەكێك لە ئەندامانی خێزان دەچێتە دەرەوە، بەشێوەیەك یەكێك لە هاوسەرەكان هەستیاری هەیە لە بەرانبەر دەستشتن و دەستلێدانی هەر شتێك لە ماڵەكەدا و گرنگی بە بابەتە تەندروستییەكان نادات.

بەشێك لە هاووڵاتیان پێیان وابوو، كەرەنتینە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی خۆشەویستی لەنێوان خێزانەكان بەهۆی ئەوەی زۆرترین كات پێكەوە دەمێننەوە، بەڵام پێیانوایە كە ئەوان هەڵە بوون و بەوشێوەیە دەرنەچووە.

ئەو هاووڵاتیانە پێشیان وابووە دوای تەواوبوونی كەرەنتینە ئاماری منداڵانی لەدایك بوو زیاتر دەبێت، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كێشەو جیابوونەوەكان زیاتر دەبن.

ئەمەش لەكاتێكدایە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەرەنتینەی گشتیان ڕاگەیاندووە و جگە لە دەزگا خزمەتگوزارییەكان سەرجەم فەرمانگەكان بە پڕۆسەی خوێندنەوە ڕاگیراون.

لەلایەكیتریشەوە ئاژانسی سپوتنیك بڵاویكردەوە، ڕۆژ شەممەی ڕابردوو پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاندووە كەسێك بە تۆمەتی كوشتن لە شاری كومبران دەستگیر كراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ژنێكی 67 ساڵ كە كارمەندی چێشتخانە بووە بە بێهۆشی لە ماڵەكەی دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام بەهۆی ئەو لێدانەی بەر سەری كەوتبوو گیانی لەدەستدا.

ئینتونی ویلیماسی تەمەن 69 ساڵ كە هاوسەری ئەو ژنەیە و زیاتر لە 45 ساڵە هاوسەری یەكترن، بە تۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی لە ڕۆژی پێنجەمی كەرەنتینەكردنیان دەستگیر كرا.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان، ئەم دوو هاوسەرە زۆر بەوەفا بوون لەبەرانبەر یەكتر و گومانیان هەیە لە ڕووداوێكی لەوشێوەیە، بەڵام هاووڵاتیان لەمكاتانەدا لە ترسێكی زۆردا كات دەبەنەسەر.

لای خۆشییەوە ژیان عەبدوڵڵا كۆمەڵناس بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی پیاوان كەمترین كات لە ماڵەكانیان دەمێننەوە و ئێستا بەهۆی كەرەنتینەوە بە بەردەوامی لە ماڵەكانیانن، كێشەكانی زیاتر كردووە.

وتیشی”پیاوان زیاتر ئالودەی دەرەوەن و ئێستاش كە ناتوانن بڕۆنە دەرەوە فشارێكی دەروونیان لا دروست بووە و لەوانەیە نەتوانن زاڵ بن بەسەر خۆیاندا و بیكەنە كێشە لە ماڵەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەرچەندە ناكۆكی و كێشەی زۆر ڕوومان تێدەكەن و بە تەلەفۆن زۆرێكیان چارەسەر دەكەین، بەڵام ئومێد دەكەین دوای كەرەنتینە كێشە خێزانییەكان چارەسەر ببن و دادگاكان نەبنە شوێنی چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكان.

ڕوونیشیكردەوە، دەبوو خێزانەكان ئەم كاتانەیان بە هەند وەربگرتایە و سەرقاڵی پەروەردەكردنی خۆیان و منداڵەكانیان بوونایە، نەك بەشێوەیەك سەرجەم وڵاتانی جیهان گیرۆدەی ئەم بابەتە بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا

چۆن لەماوەى کەرەنتینەدا ئۆتۆمبێلەکانمان بپارێزین


خەڵک – نزار جەزا

بەهۆی قەدەغەى هاتوچۆوە نزیکی ملیۆنێک و  ٧٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراون، ئەمەش لە هەندێک حاڵەتدا زیان بە پارچە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت، بۆئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی پاراستنی ئۆتۆمبێلەکان لەم جۆرە حاڵەتانەدا وەربگرن (خەڵک) گفتوگۆی لەگەڵ شارەزایەکی بواری ئۆتۆمبێل ئەنجامدا و زانیاری نوێ و ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکان دەخاتەڕوو.

 

  چۆن تایەی ئۆتۆمبێلەکانمان بپارێزین؟

مام فایەق بەڕێوەبەری سەنتەری خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێلی مان فلتەر بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، کاتێک ئۆتۆمبێل بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ نمونە ماوەى مانگێک لە شوێنیک ڕاگیرا، ئەو بەشەی لەسەر زەوییە تایەکانی دەقوپێت و سیمەکانى ناوی دەقدەگرێت، بەتایبەت ئەگەر هەوای کەمبێت، بۆیە پێویستە پێنج ڕۆژ جارێک شوێنی تایەکانی بگۆڕدرێت یان کەمێک ئۆتۆمبێلەکە بجوڵێنرێت، لەلایەکی دیکەوە چاودێری هەواکەی بکرێت، ئەگەر هەوای کەمکرد، پێویستە تاکو ٤٠ یان ٤٥ هەوای تێبکرێت.

 

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەریش لە حاڵەتێکدا ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر نەجوڵێنرا، پێویستە ئۆتۆمبیلەکە بەرزبکرێتەوە ئەگەر سێپا هەبوو با ئۆتۆمبێلەکە بکرێتە سەر سێپا، ئەگەریش سێپا نەبوو بخرێتە سەر بلۆک، بەڵام بلۆکەکە لەژێر تەبەڵەکان بێت، بەجۆرێک تایەکان وەک ئەوەبن کە لەسەر زەوییە، نەک ئۆتۆمبێلەکە زۆر بەرزبێت و تایەکان شۆڕ ببنەوە و لەبەرزی بن.

 

   ئەگەر پاتری ئۆتۆمبێلەکە خراپ بوو، پێویستە هەموو ڕۆژێک کاری پێبکرێت 

سەبارەت بە پاتری ئۆتۆمبێلەکان ناوبراو باسی لەئەوەکرد، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە مۆدێلی کۆن بێت، ئەوا ئاساییە سەری پاترییەکە لاببرێت بۆ ئەوەی پاترییەکەی نەمرێت، بەڵام هەندێک ئۆتۆمبێل هەیە مۆدێلی بەرزە و ئەگەر سەری پاترییەکەی لابەریت کێشەی بۆ دروستدەبێت، بۆیە پێویستە ئەم ئۆتۆمبێلانە بە شاحینەى تایبەت پاترییەکانیان بدرێت لەکارەبا، بۆئەوەی شەحن بکرێتەوە، بەڵام ئەم شاحینەیە کەمە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، سێ بۆ پێنج ڕۆژ جارێک نزیکی پێنج خولەکێک کار بە ئۆتۆمبێلەکە بکرێت یان کەمێک بجوڵێنرێت، ئەگەریش پاترییەکەی خراپبوو، واباشە هەموو ڕۆژێک کاری پێبکرێت.

 

ناوبراو لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکە و ڕووی دەرەوەی ئۆتۆمبیلەکە ئەوەی خستەڕوو، وا باشە ئۆتۆمبێل لەبەر خۆر ڕانەگیرێت و بکرێتە گەراجێکەوە، دواتر ئەگەر لەمانگ زیاتر ئۆتۆمبێل ڕاگیرا وا باشە بشۆردرێت و قاتێک پۆڵنیش بکرێت پاشان چادرێکی بەسەردا بدرێت، هەروەها فڵچەى جامەکان لێبکرێتەوە، بۆئەوەی ستۆک نەبێت.

    پێویستە دەبەیەک بە خەڵوزەوە بکرێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە

لەبارەى ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە ئاماژەى بەئەوەدا، نابێت دەبەی ئاو و شوشەى عەتر و چەرخ و خواردەمەنی و خۆڵ و پیسی لەناو سنووق و کابینەى شوێن دانیشتنەکان هەبێت، ئەگەریش بکرێت مادەی ئەسپەنیک یان خەڵووز بکرێتە ناو دەبەیەکی کونکراوەوە (بەنموونە دەبەی ئاو کون بکرێت)، دواتر دەبەکە بکرێتە سندوق و ناو کابینەى کوشنەکان، بۆئەوەی شێ و بۆنی ناخۆش لەناو ئۆتۆمبێلەکە دروستنەبێت.

    دەبێت هاندبرێک دابدرێتەوە

مام فایەق وتیشی:”وا باشترە هاندبرێک بەرزنەکرێتەوە، نەوەک بۆ دواتر جام ببێت و کێشەی بۆ دروستبکات، بۆیە وا باشترە بەرد یان تاکۆز بخرێتە بەر تایەکان”.

 

مام فایەق لەبارەى بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەوە دەڵێت:” ئەگەریش ئۆتۆمبێل بۆ زیاتر لەمانگێک ڕاگیرا و کاری پێنەکرا، واباشترە ڕۆنەکەی بگۆڕدرێت. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەى ڕۆنی کوالیتی بەرزیان تێدایە، ئەگەر سەروو پێنج هەزار کیلۆمەتر زیاتر ڕۆشتبوون وا باشە ڕۆنیان بگۆڕدرێت، چونکە تەمەنی ڕۆن شەش مانگ بۆ ساڵێکە، ئەگەریش کوالیتی نزم بوو وا باشە لە کیلۆمەتری کەمتردا بگۆڕدرێت”.

    نابێت تەنکی بەنزین بەتاڵ بێت

ئەو شارەزایەی بواری ئۆتۆمبێل لەبارەى تەنکی بەنزینەوە ئەوەی خستەڕوو، وا باشە تەنکی بەنزین فوول بێت، چونکە تەنکی بەنزین بەتاڵ یان نیوە بێت، ئەگەری ژەنگهێنانی تەنکییەکە هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەو بەشەی تەنکییکە کە بەتاڵە ئۆکسجینی تیایە و شێ دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ژەنگ یان بەنزینەکە تێکدەدات.

 

باسی لەئەوەشکرد، شوتەى هەوا بە شتێک داپۆشرێت باشترە، بۆئەوەی لەمشک و جرج و ئاژەڵەکان پارێزراو بێت، چونکە ئەگەر ئاژەڵێک بچێتە ناویەوە شوتەکە ورد دەکات، کاتێکیش بێئاگایانە کار بەئۆتۆمبێلەکە دەکرێت، ئەو وردەیە دەچێتەوە ناو بستۆنەکان و زیانی دەبێت.

 

بەپێی دوایین ئامار لەهەرێمی کوردستان نزیکی ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لەکوردستان هەیە بەبێ ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ، کە لەبەرواری ١٤د مانگی ڕابردووەوە قەدەغەى هاتووچۆ بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ڕاگەیەندراوە و بەشێکی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانە ڕاگیراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

“بەشەخۆراكی سێ‌ مانگی هاووڵاتیان ئامادەیە”


خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری بازرگانی حكومەتی عیراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، كە بەشەخۆراكی 3 مانگ ئامادەیە و بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سلێمانی و بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێن: “دابەشكردنی بەشەخۆراك و ئارد دەستی پێكردۆتەوە”.

محەمەد هاشم عانی، وەزیری بازرگانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقیە (واع)ی فەرمی ڕایگەیاند، كە بابەتەكانی ناو كۆبۆنی خۆراك دابین كراون و لەئێستادا بەشەخۆراكی 3 مانگی هاووڵاتیان ئامادەیە.

ڕاشیگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتیان داوایان كردبوو، كە بەشەخۆراك دابین بكرێت، بۆیە دڵنیایی دەدەین لەوەی، كە كێشەی خۆراك نیە و دەست بە دابەشكردنی دەكەنەوە.

لای خۆشیەوە، شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سبەینێ دوو شەممە 30-3-2020 دەستدەكرێت بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی یەك-ی هاووڵاتیان لە بنكەكانی یەك و دوو و سێی و چوارەوە.

ڕاشیگەیاند، كە ڕۆژانی دواتریش بەردەوام دەبن لە دابەشكردنی بەشەخۆراك و بڕی پێویستی خۆراك لە بەغداوە هاتووە.

شەوكەت محەمەد داواش لە بریكارەكانی خۆراك دەكات، “پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و بە شێوەیەكی تەندروست پێشوازی لە هاووڵاتیان بكەن”.

هاوكات، نەسرین محەمەد عەلی خان، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەوەی پشووە، دەوامی ئاسایی خۆمان دەكەین بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشە ئاردیان بەدەست بگات و دابەشكردنی بەشە ئارد بەسەر بریكارەكان بەردەوامی هەیە و ناو شاری سلێمانی كەمێك ماوە و دەرەوەی شاریش نزیكەی 800 تەن ماوە پێیان بگات.

وتیشی، “هەمووی نا، بەڵام هەندێك لە بریكارەكان قەدەغەی هاتووچۆیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی ئارد نەدەنە هاووڵاتیان بەو هیوایەی لەداهاتوو ئارد گران ببێت و بە نرخی گران بیفرۆشنەوە”.

ڕاشیگەیاند، هەموو بریكارەكان ئەو هاووڵاتیانەی لایانە هەمووی لە سنوری گەڕەكەكانی خۆیاندان هیچ ڕێگرییەك نیە لەوەی ئاردەكەیان وەربگرن، بۆیە ئەگەر مەرجەكانی تەندروستی جێبەجێ بكەن وەك دەست كێش و دەمامك دەتوانن كاربكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بریارەكان دەتوان لای خۆیانە هەموو خێزانەكان بەشەكانیان بۆ جیا بكەنەوە، كە هەر خێزانێك بەپێی ژمارەیان بڕی ئاردیان بۆ جیا بكاتەوە و ئاگاداریان بكاتەوە تاوەكو بڕۆن ئاردەكەیان وەربگرن.

ئاشكراشیكرد، هیچ كێشەیەك لە كەمی ئارد بوونی نیە، گەنمی تەواومان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بدرێتە ئاشەكان بۆ ئەوەی ئاردی مانگی ئازاریش دەست بە دابەشكردن بكەن، لە دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی بۆ دەردەچێت.

نەسرین محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بۆیە ئاردی مانگی ئازار دابەشناكرێت، چونكە زۆربەی بریكارەكان ئاردی مانگی شوباتیان دابەشنەكردووە، بەشە ئاردی مانگی ئازاریش وەربگرن لە كوێ دایبنێن.

لە هەمان كاتدا، كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراكی هەولێر لەنووسراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بریكارەكانی ژمارە (201 – 202 – 203) ئاگادار دەكەینەوە، لە كاتی پەیوەندیكردن پێیانەوە ئامادەبن بۆ كردنەوەی دوكانەكانیان.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دابەش دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بریكارەكان ئاگادار دەكەینەوە، دوكانەكیان بكەنەوە.

ماوەی مانگێكە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و پشووی فەرمانگەكانەوە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان ڕاگیراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان